ئازاری مەرگی سەرمایەداری و ئەو ئەرکانەی بەرەو ڕوومان ئەبنەوە

ڕۆب سویڵ – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد ، ١٥ی مەی ٢٠٢٠

پێمان ناوەتە قۆناغێکی شلۆق و جیاواز لە باری جۆرایەتی لە قەیرانی سەرمایەداری. ئابوری جیهان لە باری کەوتنێکی ڕەهادایە، بە ئەندازەیەک کە هەرگیز پێشتر تەجروبەمان نەکردووە. 

بانکی ئینگلاند وای پێشبینی کردووە کە بەریتانیا لە ماوەی ٣٠٠ ساڵی ڕابردووی خۆیدا دەرگیری قوڵترین داڕمان ئەبێتەوە- لە ڕاستیدا. لە سەهۆڵبەندانی گەورەوە [1]. لە ساڵی ١٧٠٩ ەوە – بە پاشەکشەی ڕێژەی بەرهەمهێنان بە بڕی نزیک لە ٣٠% تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ساڵی ١٩٢٩ و داڕمانی ئابوری مەزن[2]. بە بەروارد لەگەڵیدا ئەکاتە ئاهەنگێڕانێکی چا خواردنەوە.

ئەمە لە ڕاستیدا بە هەموو پێوانەیەک ڕاچڵەکێنەرانەیە. قەیرانەکە تەنها لە بەریتانیا نییە، بەڵکو هەموو وڵاتانی گۆی زەوی بە پانتایی و قوڵییەک کە وێنەی نەبووە کایگەر ئەبن پێ‌ی.

ئەمە قەیرانی سەرمایەدارییە. بە پەلەپیتکەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تەقێنرا. پێش پەتاکە ئابوری جیهان ڕووی لە داکشان ئەکرد، هەموو خاڵە جێناکۆکەکانی پێشوو بنەماکانی هەرەسهێنانێکی نوێیان سازو ئامادە ئەکرد. پەتاکە بە سادەیی وەک پەلەپیتکەیەک خزمەتی کرد و قەیرانەکەی ئێستای دژوارتر کرد، پرۆسەکەی خێراتر کرد و لە هەمان کاتدا هەموو خاڵە ناکۆک و دژبەیەکە بناغەییەکانی سەرمایەداری هێنایە سەر ڕووی کۆمەڵگا.

ئەم داڕمانە زۆر قوڵترە لە داڕمانەکانی ساڵانی ١٩٢٩-١٩٣٣. وا پێئەچێت ببێتە داڕمانی ئابورییەکی گەورەی نوێ. بەڵگەهێنەرەوەکانی سەرمایەداری لە هەوڵی ئەوەدان ڕووپۆشێکی ڕازاوە بەسەر قەیرانەکەدا بدەن. بۆ نمونە ستراتیژناسەکانی بانکی ئینگلاند پێیان وایە کە شێوازێکی چارەسەرییانەی (V) ئەبێت، کە دوای داڕمانی قوڵ ئابوری بە خێرایی ئەژێتەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی هیواخوازانەی ئەوانە لە جیاتی تێڕوانینێکی ڕاستەقینە کە لە پێشمانە.

نوشوستی و داکەوتن
ئەکرێت زۆر بە ئاسانی ڕووەو جەنگە بازرگانییەکان هەنگاو بنێین. کە هەر ئێستا هێڵە سەرەکییەکانی لە هێرشەکانی ترامپ بۆ سەر چین و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەوروپا دەرکەوتوون. هەر وڵاتێکی سەرمایەداریی لە هەوڵی ئەوەدا ئەبێت کە گرفت و دژوارییەکانی بخاتە ئەستۆی ڕکابەرەکانی و لە دواینجاردا بۆ سەر شانی چینی کرێکار.

سەردەمی جیهانگیریی بووە سەرهەڵدانی سەردەمی نوشوستییەکان. کەلێنکردنی نایەکسانی، و چڕکردنەوەی کێبڕکێکان. ئەمانە وێنەکانی ئازاری مەرگی سەرمایەدارین. بۆرژوازیی پێشڕەوایەتی کۆمەڵگا ڕووەو مایەپووچی تەواوەتیی ئەکات

ئەم قەیرانە ئەبێتە زیادکردنی بێبەشی و ئازارچەشتنی جەماوەرێکی بەرینی خەڵک لە هەموو وڵاتان. هەرئێستا لە ئەمریکا بێکاری دووچاری ٣٣ ملیۆن کرێکار بووە و لە داهاتووشدا زیاتر ڕوو لە هەڵکشان ئەکات

بێکاریی بەلێشاو کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتەکان دائەنێت کاتێک ئابورییان ڕوو لە دابەزین ئەکات. ئەمە کاتیی و کورتماوە نابێت، بەڵکو ئەبێتە بێکارییەکی پێکهاتەییانە. هێزەکانی بەرهەمهێنان لەهەر جێیەک ڕوو لە داکشان ئەکەن کاتێک کارگە دوای کارگە دائەخرێت و بەرهەمهێنان هەرەس دێنێت.

شتێک کە زۆر دڵنیابین لێ‌ی ئەوەیە کە ئەم قەیرانە مەودایەکی کورتی نابێت. بەڵکو یەکجار قوڵ و کاریگەر ئەبن بە هەموو لێکەوتەکانییەوە بە درێژایی ساڵانێک و چەندین دەیەی داهاتوو.

چەکوش لێدان
هیچ کەسێکی زیندوو بارودۆخێکی لەم چەشنەی تەجروبە نەکردووە. ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ بە بەراورد لەگەڵیدا هیچ نین. ئەم ڕووداوانە تاسانێکی(شۆک) گەورە کە کاریگەریی بۆ سەر ملیۆنان خەڵک ئەبێت دروست ئەکات. هەر جۆرە لە ئاسایشێکیان هەبێت لە شەوو ڕۆژێکدا وون ئەبێت. 

ئەم چەکوش لێدانە ئاڵۆگۆڕێکی گەورە لە هۆشیاری جەماوەێکی بەرینی خەڵک دروست ئەکات کە پاش چەندین ساڵ لە دەستپێوەگرتن هەرئێستا دووچاری لێکەوتە ڕاستەقینەکانی قەیرانێکی تری سەرمایەداری بوونەتەوە.

ملیۆنان خەڵک کە پێیان وابوو هیچ بایەخ و ئارەزوویەکی سیاسییان نییە، زۆر سیاسی و ڕادیکاڵ ئەبنەوە. هەندێک توێژ دەرئەنجامەکانی شۆڕشگێڕیی هەڵئەهێنجن. لە کاتێکدا بەشە جیاوازەکان چەند دەرئەنجامی جیاواز لە چەند کاتی جیاواز هەڵئەهێنجن، بەڵام تێکڕای ڕەوتەکە بەهەمان ئاراستەدا ئەبێت.

گەورەترین مەترسی بۆ سۆسیالیستەکان لەوەدایە کە لە بارودۆخەکە دوابکەون و پێیان وابێت کە ڕوو لە ئاساییبوونەوە ئەکات. پێویستە لەوە تێبگەین کە ئێمە بە تەواوی پێمان ناوەتە سەردەمێکی تەواو جیاوازەوە.

ئێمە بە درێژایی زیاد لە پەنجا ساڵە خۆمان بۆ بارودۆخێکی لەم چەشنە ئامادە کردووە، بۆ دواین جار گەیشتین، بەو کاتانەی کە سەرمایەداریی سروشتی دڕندانەی خۆی بۆ ملیۆنان خەڵک ئاشکرا ئەکات.
بارودۆخی بابەتییانە کە لە پێگەیشتندایە ئەکرێت بە کاراکتەرەکانی بارودۆخی پێش شۆڕش وێنا بکرێت. قەیرانی ئێستا لە سەر هەموو ئاستەکان ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەمەن.

ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە شۆڕش لە کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕووئەدات. ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕەی کە تێیکەوتووین بە چەندین هەڵچوون و داچوون، و تەنانەت بە چەند ساتی نائومێدی و کاردانەوەی دواکەوتووانەدا تێئەپەڕێت. هێڵێکی ڕاستەو ڕاست نییە، لە کاتێکدا کە جەماوەری بەلێشاوی خەڵک لە تاقیکردنەوەکانی خۆیانەوە فێر ئەبن.

ماوەی دوای جەنگ، کاتێک کە سەرمایەداری توانی سەرکەوێت، لانی کەم بە شێوەیەکی نیواونیو، بەسەر خاڵە دژ بەیەک و ناکۆکەکانیدا – بە تایبەت ڕێگرییەکانی سنوری دەوڵەتی نەتەوەو خاوەندارێتی تایبەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان- گەیشتووەتە کۆتاییەکی پڕ لە تەنگژە. سیستمی سەرمایەداری خۆی تەواو شەکەت وماندوو کردووە.

قەیرانی ئێستا گەڕانەوەی سروشتی ڕاستەقینەی سەرمایەداری نیشان ئەدات و هیچ شاز و ئاوارتە نییە. ئەمە نیشانەی ئاڵوگۆڕێکی بناغەییانەیە. پێویستە ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ لە کرێکارانی پێشکەتوو و گەنجان بکەین. 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەبێت ئەوە ڕوون بکەینەوە، هەرچەندە سەرمایەداری ڕووبەڕووی قەیرانێکی مێژووییانەیە . سەرمایەداری بە ویستی ئیرادەی خۆی هەرەس ناهێنێت. سیستمەکە ئەبێت هۆشمەندانە و چالاکانە بڕوخێنرێت.

چاکسازیی یان شۆڕش؟
ڕەخنەی ئێمە لە سەرکردە چەپەکانی ئێستا لە بزووتنەوەی کرێکاریدا ئەوەیە کە ئەوان لە ڕابردوودا ئەژین و بە دوای چاکسازی لە هەناوی سیستمی سەرمایەداریدا ئەگەڕێن . ئەمە ئەستەمە.

ناوازەیە کاتێک کە بە مارکسیەکان ئەڵێن یوتۆپیایی(خەیاڵیی). ئەوە خۆیانن کە یوتۆپیایین. بەدوای هەموو چارەسەرێکدا ئەگەڕێن جگە لە یەک چارەسەر نەبێت کە ئەویش کۆتاییهێنانە بە سیستمی سەرمایەداریی و پێشکەشکردنی پلانێکی بەجێ‌ی سۆسیالیستانەی بەرهەمهێنان. 

هیچ ڕێگایەکی ناوەند لەم قۆناغەدا نییە. پێویستە لەسەرمان ئەوەی کە ڕووئەدات چییە و ڕاستی بە چینی کرێکار بڵێین. بەڵام سەرکردەکانی پارتی کار و یەکێتییەکان هەوڵی هێمنکردنەوەی چینی کرێکار ئەدەن بۆ پشوودان. هیوای نادروست و ساختە بە ئایندە بڵاو ئەکەنەوە، لە کاتێکدا چینی کرێکار هەست بە کارەسات ئەکەن ئەوان خەریکی بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕین.

بێگومان، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە خەبات نەکەین بۆ چاکسازیی- ئابوری و شتی تر. بە پێچەوانەوە ئەمە گرنگە. بە بێ هەوڵ و تیکۆشان بۆ داواکارییەکانی ڕۆژانەی کرێکاران هیچ هەوڵ و تێکۆشان بۆ سۆسیالیسزم مەیسەر نابێت.

هەرچەندە، ئەم تێۆکشانە بۆ چاکسازیی ئەبێت وابەستە بکرێتەوە بە پێداویستی گۆڕینی کۆمەڵگا. هەموو چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕابردوودا لە رێگای خەباتی چینایەتی پەیگیرانەوە سەرکەتووانە بوون.

هەرچەندە لەسەر بنەمای سەرمایەداریی، ئەوەی کە خاوەنکارەکان بە دەستی ڕاست ڕێگای پێئەدەن هەوڵی گەڕاندنەوەیان بە دەستی چەپ ئەدەن. سەرمایەداران هیچ کات ئامادە نین شتێک بە کرێکاران بدەن تەنها ئەو کاتانە نەبێت کە هەست بە هەڕەشەی لە دەستدانی هەموو شتێک ئەکەن.

بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر ( ئینتقالی )
لە بارودۆخی ئێستادا، یەکێک لە گرنگترین دۆکیومێنتەکان بۆ ئەمڕۆ بریتییە لە ” بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر” کە لە لایەن ترۆتسکییەوە لە ساڵی ١٩٣٨ نوسراوە، کە ئەبێت بخوێنرێتەوە و لێ‌ی بکۆڵرێتەوە. کرۆکی بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکان کە ئەتوانێت وەک پردێک لە ئاستی هۆشیاری ئێستاوە بۆ پێداویستی شۆڕشی سۆسیالیستی خزمەت بکات.

ئەمە پشتبەستووە بە بۆچوونی بەلشەفیک، هەروەک لە بابەتێکی لینین بە ناوی ” کارەساتی چاوەڕوانکراو و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی” کە لە سێپتەمبەری ١٩١٧دا نوسراوە هێڵەسەرەکیەکانی ڕوونکراوەتەوە. هەروەها پشت بەستووە بە “تێزەکانی ئینتەرناسیۆنالی سێهەم لە ڕۆژە زێڕینەکانی خۆیدا” . بێگومان ئەمە وابەستەی کاری جەماوەریی بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەند وانەی گرنگی بۆ ڕۆژانی ئەمڕۆ تێدایە.

یەکەم، پێویستە لە سەر چینی کرێکار باجی قەیرانی سەرمایەداری نەدەن. هەربۆیە ئەوەی داواکراوە چەند وشەی گەموگوڕ نین بەڵکو بەرنامەیەکی خەباتکەرو شەڕکەرانەی گونجاوە بۆ بارودۆخی ڕاستەقینەی ڕزانی سەرمایەداریی. ڕاستی ئەوەیە کە تەنانەت سادەترین چاکسازییەکان لەگەڵ بوونی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ناگونجێت. 

بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر بەو ڕاستییە دەستپێئەکات کە قەیرانێکی مێژوویی لە ڕابەرایەتی چینی کرێکاردا هەیە. ئەم پرسە تا ئەمڕۆش بوونی هەیە. لە ساڵی ١٩٣٨دا چینی دەسەڵاتدار بە چاوداخراوی بەرەو قەیران هەڵئەخزا. ئەمە دووبارە هەمان ئەو بارودۆخەیە، بێ ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی دووچاری کارەسات ئەبینەوە.

لە مشتومڕەکانی “بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر” و چۆنیەتی چەسپاندنی لە ئەمریکا، ترۆتسکی ‌هێڵە سەرەکیەکانی ئەو بۆچوونانەی کە ئەبێت بگیرێتە بەر ڕوونکردۆتەوە.

“ئەرکەکان کامانەن؟ ئەرکی ستراتیژی یارمەتی و هاوکاری جەماوەر لەخۆئەگرێت، سازاندنی عەقلیەتی سیاسی و دەروونیانە لەگەڵ بارودۆخی بابەتیانە، سەرکەوتن بەسەر نەریتە زیانبەخشەکانی کرێکارانی ئەمریکی، سازاندنی لەگەڵ بارودۆخی بابەتیانەی قەیرانی کۆمەڵایەتی سەرجەم سیستمەکە”.

پێداویستی گۆڕینی کۆمەڵگا پێویستە بە ڕەگ‌و ڕیشەی داوکارییەکانی ئێستاوە گرێبدرێن. ئەگەر سەرمایەداران ڕەدیان کردەوە مووچەی کرێکاران بدەن و ڕێژەی قازانجەکانیان بشارنەوە، پێویستە داواکاری کردنەوەی دەفتەرەکانیان و پشکنینیان لە لایەن کرێکارانەوە بکەین. 

” بەڵێ، سەرمایەدارن لە دوو باردا [دەفتەرەکانیان(حساب ڕاگرتنەکانی کۆمپانیا- وەرگێر) ئەکەنەوە]: کاتێک کە بارودۆخی کارگەکە یەکجار خراپ بێت، یان ئەگەر لە توانایادان بێت کرێکاران هەڵبخەڵەتێنن. بەڵام ئەبێت پرسیارەکە لە تێڕوانیکی گشتی‌ترەوە بکەین. لە هەنگاوی یەکەمدا ملیۆنان کرێکاری بێکارت هەن و حکومەتیش بانگەشەی ئەوە ئەکات کە چیتر ناتوانێت مووچە بدات و سەرمایەدارەکانیش ڕایئەگەیەنین کە چیتر توانای هاوکاریکردنیان نییە- ئەمانەوێت دەستمان بە دەفتەری هەژمارڕاگرتنەکانی ئەم کۆمەڵگایە ڕابگات. پێویستە کۆنترۆڵی داهات لە لایەن کۆمیتەکانی کارگەوە ڕێکبخرێن.

“کرێکاران ئەڵێن: ئامارناسەکانی خۆمان ئەوێت، ئەوانەی کە خۆیان بۆ خزمەتی چینی کرێکار تەرخانکردووە. ئەگەر لقێکی پیشەسازییەکە سەلماندی بەڕاستی شکستی هێناوە، ئەوا ئەو کاتە ئێمە وەڵام ئەدەینەوە: پێشنیاری دەستبەسەرداگرتنی ئەکەین، لە تۆ باشتر بەڕێوەی ئەبەین. بۆچی هیچ قازانجێکت نییە؟ بەهۆی بارودۆخی بێسەروبەرانەی کۆمەڵگای سەرمایەدارییەوەیە. 

“ئێمە ئەڵێین: نهێنیەکانی بازرگانیی بریتین لە کۆمپلۆی(پیلانی) چەوسێنەران دژ بە چەوساوەکان، و بەرهەمهێنەران دژ بە زەحمەتکێشەکان. لە قۆناغی ئازادانەدا، کێبڕکێ‌ی ئازادانەدا، بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد کە پێویستییان بە نهێنییە لە پێناو بەرهەمهێنان. بەڵام ئێستا هیچ نهێنیەکیان لە نێوان خۆیاندا نییە بەڵکو تەنها لەگەڵ کۆمەڵگادا نەبێت.

ئەم داواکارییەی قۆناغی گواستنەوە هەنگاوێکە بۆ کۆنترۆڵی کرێکاران بەسەر بەرهەمهێنان وەک پلانێکی خۆئامادەسازیی لە بەڕێوەبردنی پیشەسازیی. هەموو شتێک ئەبێت لە لایەن کرێکارانەوە کۆنترۆڵ بکرێت، کرێکارانێک کە ئەبنە سەروەرانی کۆمەڵگای سبەی. 

” بانگەوازکردنی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات- لە لایەن کرێکارانی ئەمریکاوە بە نایاسایی و نایاب دێتەبەرچاو. بەڵام کاتێک وتت: سەرمایەداران ڕەدی ئەکەنەوە کە موچە بدەن بە بێکاران، و ڕێژەی قازانجی ڕاستەقینەی خۆیان لە دەوڵەت و کرێکاران ئەشارنەوە لە ڕێگای دەفتەرە ساختەکراوەکانیانەوە. ئەو کات کرێکاران لەو هاوکێشەیە تێئەگەن. 

” ئەگەر بە جوتیار بڵێین: بانکەکان گەمژەت ئەکەن و قازانجی یەکجار گەورەیان هەیە، و پێشنیاری ئەوەت بۆ بکەین کە هەڵسیت بە پێکهێنانی کۆمیتەکانی جوتیاران بۆ پشکنینی دەفتەری هەژمارەکانی بانکەکان، هەموو جوتیارێک لەمە تێئەگات. ئێمە ئەڵێین: پێویستە جوتیار تەنها متمانەی بەخۆی هەبێت. ڕێگای بدەن بۆ پێکهێنانی کۆمیتەکانی چاودێری بەسەر قەرزە کشتوکاڵییەکانەوە- ئەو کاتە لەمە تێئەگەن. ئەمە پێشمەرجی بارودۆخێکی هەڵچوون و توڕەیی لە نێوان جوتیارەکان ئەخوازێت. ناکرێت هەموو ڕۆژێک ئەمە پیادەبکرێت.
بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی لاپەڕە (لاپەڕە٨٥-٨٦)

قەیران لە نێوخۆی بەریتانیا و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش توندوتیژتر بوونەتەوە. کرێکاران لە ژێر لێدانی چەکوشی ڕووداوەکاندا دەرئەنجامی ڕیشەیی و ڕادیکاڵانە هەڵئەهێنجن. ئەوە ڕاستە کە هۆشیاری کرێکاران یەکجار کۆنەپارێزانەیە(conservative) ، بەڵام بەهۆی ڕووداوە گەورەکانەوە ئەکرێ و لە توانادایە بە شێویەکی بەرچاو بگۆڕدرێن.

ترۆتسکی نوسیویەتی:” هۆشیاری پرۆلیتاریا دواکەوتووانەیە. بەڵام هۆشیاری ماددەیەکی (substance) وەک کارگە، کانەکانی خەڵوز، یان هێڵەکانی گواستنەوە نییە، بەڵکو توانای جوڵەو بزاوتنی هەیە و لە ژێر لێدانی بارودۆخی بابەتیانەی قەیرانەکاندا ئەکرێت زۆر بە خێرایی بگۆڕدرێت.( هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٥٧)

هیچ کاتێک بارودۆخی بابەتیانە بۆ خەباتی چینایەتی شۆڕشگێڕانە بە ئەندازەی ئەمڕۆ پێنەگەیووە. هۆشیاری کە هەمیشە دواکەتووە، بە خێراییەکی بێوێنەوە هەوڵی پێڕاگەیشتنی بارودۆخەکە ئەدات. ئەمەیە وانەی دیالەکتیکانە، کاتێک چەندایەتی بۆ چۆنایەتی قەڵەمباز ئەدات.

چارەسەرە سۆسیالیستییەکان
یەکێک لە زۆرترین جەختکردنەوەکان بۆ چینی کرێکار لەم بارودۆخە تایبەتەی ئێستا بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. چەند کردەوەی خێراو ڕێگا چارەی پێداگر داواکراون بۆ پاراستنی خۆمان. ئەم هەنگاوانە ئەبێت بە دەوری خۆیان وابەستە بە بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بکرێتەوە کە توانای چوونەپێشەوە بە بزووتنەوەکە پێشکەش بکات. پێش هەر شتێک ئەبێت پێداگری بکەینەوە لە :


• هیچ متمانەو بڕوایەک بە حکومەتی کۆنەپارێزان و لایەنگرە خاوەنکارە گەورەکانیان نییە!

• پێویستە کرێکاران لە هیچ حکومەتێکی نیشتمانیدا بەشداری نەکەن. هیچ هاوپەیمانی و مامەڵەکردنێک لەگەڵ کۆنەپارێزان نابێت هەبێت!

خاوەنکار و نوێنەرە سیاسییە ترسنۆکەکانیان ئەوەیان نیشان داین کە هەمیشە قازانج ئەخەنە پێش ژیانی مرۆڤەکان. ئێمە خوازیاری گرتنەبەری چەند ڕێگاچارەسەری جدین بۆ پارێزگاریکردنی کرێکاران و خستنە پێشەوەی تەندروستی مرۆڤ پێش سامان.

• بۆ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی گشتی خاوەندار لە لایەن گشتەوە لە ژێر کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەرایەتی کرێکاراندا. هەڵوەشاندنەوەی هەموو سیستمی چاودێریی تایبەت. پێچەوانەکردنەوەی تایبەتکردنەکان و سەرچاوە دەرەکییەکان. خۆماڵیکردنی هەموو خزمەتگوزاریی تەندروستی بێ هیچ بژاردنێک (قەرەبووکردنەوەیەک) و پێکەوەبەستنیان بە سیستمی تەندروستی نیشتمانییەوە (NHS) . خۆماڵیکردنی هەموو کارگا دەرمانسازییەکان بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک.

• پێچەوانەکردنەوەی دەستپێوەگرتنەوەکان کە زیانیان بە خزمەتگوزاری گشتی گەیاندووە. دابینکردنی زیادکردنی بەلێشاو لە سەرچاوەکان بۆ کەرتی (NHS) بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی قەیرانەکە.

• دەستپێکردن بە بەرنامەی پشتگیریکراوی مادیی ڕاهێنانی پزیشک، پەرستار، دەرمانساز، و کارمەندانی تەندروستی. بە کرێ و کاتی شیاوەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوان لە تێکڕای بوارەکاندا. پێویستە بە خێرایی نەخۆشخانەی نوێ دروست بکرێن.

• دەستگرتن بەسەر هەموو شوێنێکدا و بەکارهێنانیان وەک نەخۆشخانەی فریاگوزاری خێرا بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک تا بتوانن وەڵام بە پێدوایستییەکانی خەڵک بدەنەوە. لەکاتی پیویستدا دەستگرتن بەسەر هۆتێڵ و کۆشکەکان و کردنیان بە شوێنی چاودێری، نەخۆشخانەی سیل، و پەناگا بۆ بێخانەو لانەکان.

• نەخێر بۆ سفتەبازیی[3]! پێکهێنانی کۆمیتەکانی بەکاربەرانی هەڵبژێردراو بە شێوەیەکی دیوکراسییانە لە پێناو چێککردنی نرخەکان و سەپاندنی کۆنترۆڵکردنی نرخەکان. ئەگەر خاوەنکارەکان خۆگونجاندنیان ڕەدکردەوە ئەوا پێویستە سوپەرمارکێتەکان و دەرمانخانەکان خۆماڵی بکرێن و بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی کرێکارانەوە.

• هەموو شوێنکارە نابنەڕەتییەکان پێویستە ڕاستەوخۆ دابخرێن. پێویستە لە باقی شوێنکارەکانی تر کۆمیتەکان سەرکار دابمەزرێن لە پێناو کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی لە لایەن کرێکاران. ئەبێت ئەم هێزەیان هەبێت لە پێناو دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستی و سەلامەتییەکان، و دڵنیابوونەوە لە ژینگەی شوێنی کارێکی سەلامەت بە پەیڕەوکردنی دابڕانی کۆمەڵایەتی لە شوێنی کار و زامنکردنی کەلوپەلە خۆپارێزییە پێویستەکان بۆ هەمووان.

• ئەبێت ئەو کرێکارانەی کە ڕەوانەی ماڵەکانیان ئەکرێنەوە تا ئەو کاتەی کە پێویست بکات مووچەی تەواوەتییان بۆ دابین بکرێت. پێویستە دەوڵەت مووچەی هەموو بێکارەکان و ئەو خەڵکانەی کە بۆ خۆیان کارئەکەن دابین بکات.

• سەرچاوە داراییە داواکراوەکان بۆ ئەم ئامانجانە پێوستە لە ڕێگای زیادکردنی باج و بەڕێوەبردنی دەستپێوەگرتن دابین نەکرێن، بەڵکو لە ڕێگای خۆماڵیکردنی بانکەکان و خانە داراییەکانەوە بن. بە بەراورد لەگەڵ ” باجدانانی سەر سامان” ئێمە بانگەوازی دەستبەسەرداگرتنی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ئەکەین.

• لە جیاتی قەرزی نیشتمانیی، دارایی پێویست ئەبێت بە تەواوی لە قازانج و سوودی خاوەنکارەکانەوە دابین بکرێن. کۆمپانیا گەورەکان لەسەر یەدەکی نەختینەی کەڵەکەبووی ٧٠٠ بلیۆن پاوەندی دانیشتوون- ئەم قازانجە کەڵەکەبووانە لەڕێگای چەوساندنەوەی چینی کرێکارەوە پێکهاتوون. ئەبێت هەموو ئەم سامانانە بخرێنە خزمەتی گشتی خەڵکەوە.

• لەگەڵ بەردەوامی بێکاریی بەلێشاو بە دوای پەتاکەدا، پێویستە دەرفەتی کار بێ هیچ زیانگەیاندنێک بە مووچە هاوبەش بکرێتەوە، لە پێناو کەمکردنەوەی سەعاتکاری ڕۆژانە و دابینکردنی کار بۆ هەمووان.

• ژمارەیەکی بەرچاوی کارگوزارە بچووکەکان دووچاری مایەپووچی بوونەتەوە، لەگەڵ بەرەنگاری بانکەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەرزەکان. ژمارەیەکی زۆریان نەک تەنها لە لایەن بانکەکان بەڵکو لە لایەن کۆمپانیا گەورەکانیشەوە گوشراون. لە ڕێگای بە خۆماڵیکردنی بانکەکان ئەتوانین هاوکاری ئەم کۆمپانیا بچووکانە بکەین بە هێڵی ڕزگاربوونی قەرز بە ڕێژەی یەکجار کەم.


• ئەگەر خاوەنکارەکان ڕایانگەیاند چیتر توانای مووچەدانیان نییە، ئێمە ئەڵێین: دەفتەری هەژمارەکانتان بکەنەوە! با چینی کرێکارو بزووتنەوەکەی هەژمارەکانتان بپشکنن! ئەگەر کۆمپانیاکان مایەپووچیان ڕاگەیاند، نابێت لە ڕێگای ڕزگارکردنی پێدانی پارەوە کۆمەکیان بکەین، بەڵکو لە ژێر کۆنترۆڵی کرێکاراندا خۆماڵی بکرێن. 

• نا بۆ سیاسەتی دەستپێوەگرتن! پێویستە چینی کرێکار باجی قەیرانەکە نەدات!
ڕوون و ئاشکرایە بازاڕ شکستی هێناوە و سەرمایەداری لە قەیرانێکی قوڵدایە. ئاژاوەکانی سەرمایەداری ڕێگا لە پلاندانانی سەرچاوەکانی کۆمەڵگا لە نێوخۆی بەریتانیا و لەسەر ئاستی نێونەتەوەیش ئەگرێت.

• هەربۆیە ئێمە پشتگیریی لە خۆماڵیکردنی زیاد لە ١٠٠ گەورەترین کۆمپانیای مۆنۆپۆل، بانک، ناوەندی خزمەتگوزاریی،و موڵکی خاوەن زەوییە گەورەکان… هتد ئەکەین لە ژێر کۆنترۆڵی کرێکاران و بەڕێوەبەرایەتیاندا، بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک. لە سەر ئەو بنەمایەی کە ئابوری بەشێوەیەکی دیموکراتیانە پلانی بۆ دائەڕێژرێ و لە بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵگا بەگەڕئەخرێت نەک لە پێناو قازانجی کەمینەیەکی یەکجار کەمی کۆمەڵگا.

• فیدراسیۆنی سۆسیالیستی بەریتانیا ئەبێت بە ولایەتە سۆسیالیستییەکانی ئەوروپا وفیدراسیۆنی سۆسیالیستی جیهانەوە ببەسترێنەوە، لە پێناو ڕێکخستن وپلاندانانی سەرچاوەکان لە ئاستی نێونەتەوەیی بۆ قازانجی هەمووان. ئەمە کۆتایی بە بەربەریەتی سەرمایەداری دێنێت و ڕێگا بە مرۆڤایەتی ئەداتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە گرنگ و خێراکانی وەک پرسی ژینگە، پەتاکان، هەژاری و نەداری کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگاو هەسارەکەمان بوونەتەوە.

دامەزراندنی هێزە مارکسیەکان
ئاشکرایە، لە کاتی خستنەڕووی بەرنامەکانمان، پێویستە خۆمان لە باڵی چەپ جیابکەینەوە، کە ئەیانەوێ لە چوارچێوەیەی هەناوی سەمایەداری کە چ شتێک ئیمکانی هەیە خۆیان سنوردار بکەنەوە. زۆر بە سادەیی ئێمە نانە وردەکەمان ناوێت بەڵکو سەرجەم فڕنەکە. زۆر بە سادەیی نامانەوێت کە باج لەسەر دەوڵەمەندان دابنێین بەڵکو دەستبەسەرداگرتنی سامانەکانیان.

هەروەک ترۆتسکی ڕوونی کردووەتەوە “هەموو ئەو ڕێبازانە باشن کە هەوڵ ئەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری چینی کرێکار، بەرزکردنەوەی باوەڕو متمانەیی بە هێزەکانی خۆیان، و ئامادەسازییان بۆ خۆبەخشین لە ڕێگای خەبات” ، ” هەموو میسۆدە(ڕێباز)ە ڕێپێنەدراوکان ئەوانەن کە ترس و دڵەڕاوکێ و ملکەچی چەوساوەکان لە بەرامبەر چەوسێنەران ئەچێنن.”


لە کاتێکدا بە پشبەستویی بە داواکاریەکانمان کە خستوومانەتە ڕوو، ترۆتسکی ئەڵێت:
” ئەگەر سەرمایەداری بێتوانایە لە وەڵامدانەوە بەو داواکارییانە کە بە شێوەیەکی حەتمی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی کارەساتەکانی خۆیان خوڵقاندوویانە ، کەوایە ڕێگای بدەن با لەناوبچێت. “ئیمکان بوون” یان “ئیمکان نەبوون” لەم بارەدا پرسێکە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەکانەوە هەیە،و تەنها لە ڕێگای خەباتەوە وەڵام وەرئەگرێتەوە. لە ماناکانی ئەم خەباتەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنە پراکتیکییە خێراکانی، کرێکاران باشتر لە پێداویستی لەناوبردنی کۆیلایەتی سەرمایەداری تێئەگەن.” (بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر)

ئەو بارودۆخەی کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە لە هیچ بارودۆخێکی تر ناکات کە پێشتر تەجروبەمان کردبێت. چەندین جار ئەوەمان ڕوون کردووەتەوە، چینی کرێکار نەک لە کتێب بەڵکو لە ڕووداوەکانەوە فێر ئەبن. ئەم ڕووداوانە پرسیارگەلێکی زۆر ئەوروژێنن، ئەو کاتە چینی کرێکار، بە تایبەت گەنجان، بە چەند دەرئەنجامی ڕادیکاڵ و تەنانەت شۆڕشگێڕانەش ئەگەن.

هەروەک ترۆتسکی ڕوونیکردووەتەوە:” ئەم هەژاندنانە گرنگی یەکجار گەورەیان هەیە.” ڕزگاریان ئەکات لە ئایدیا کۆنەپارێزییەکان؛ ناچاریان ئەکات بۆ گەڕان بە دوای لێکدانەوەی ڕووداوەکان. دێدگاو ڕوانگە چییە. و لەگەڵ هەر هەژاندنێک توێژێک لە چینی کرێکار بەرەو ڕێگای شۆڕشگێڕیی پاڵپێوەئەنێت.”

ئەرکی ئێمە بەردەوامی پەیوەندگرتنە لەگەڵ توێژە پێشکەتووەکان و دواتریان، لە ڕێگایانەوە پەلکێشان بۆ توێژی بەرینتر. بەڵام بۆ ئێمە لە پێناو کاریگەریدانانی زیاتر، پێویستە کە هێزە مارکسیستیەکان دابمەزرێنین. لە بەرامبەر هەر یەکێکدا ئەتوانین فێریان بکەین و ڕایانبهێنین لەسەر ئەم ئایدیایانە. لە ئاستێکدا ئەبین لە بەدەستهێنانی سەدان و هەزارانیان لە کاتی سەرهەڵدانی ڕووداوەکان.

کلیلە پرسیار گرنگی زیندوویی تیۆری مارکسیزم ئەهێڵێتەوە. کە تەجروبەیەکی مێژوویی گشتگیری چینی کرێکارە. ئەمە ئەو بەردی بناغەیەیە کە ئەکرێت ڕەوتێکی مارکسیستی بەهێزی لەسەر بنیادبنرێت. هەروەک لینین ڕوونیکردووەتەوە :” بە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە ، هیچ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە نابێت”.

بەرنامەی قۆناغی ڕاگوزەر وەک هۆکارێک بۆ ئاراستەکردنی هێزە بچوکەکانی ترۆتسکیزم لە بارودۆخی جەنگدا بۆ ڕووهێنان بەرەو جەماوەری خەڵک پشتی پێبەستراوە. بۆ ئێمە ئەوەی گرنگە، میسۆدی(ڕێبازی) بەرنامەکەیە کە ڕێگا بە دیالۆگ لەگەڵ کرێکاران، و ڕێگا بە ڕەوتی مارکسیستی ئەدات بۆ گەیشتن بە توێژە نوێیەکان، و بەستنەوە داواکارییە ڕۆژانەییەکانی کرێکاران بە پێدوایستی شۆڕشی سۆسیالیستی.

سۆسیالیزم یان بەربەریزم
بەریتانیا هاوشیوەی زۆرێک لە وڵاتەکانی تر ڕووەو بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە ئەبێتەوە، بارودۆخێک کە تا ماوەیەک درێژەی ئەبێت. پێویستە مارکسیەکان خۆیان بۆ ئەو ئاستە لە ئەرکەکانیان کە مێژوو ئەیسەپینێت بەرز بکەنەوە.

چاکسازییە کاتییەکان ئیمکانیان هەیەو تەنانەت ناچارین، بەڵام هێڵەکە لەهەر جێگایەک ڕووەو نشوستی و هەژاریی مل ئەنێت.

لە ڕێگای بیرۆکە و ڕێبازە دروستەکان، تێهەڵکێشراو بە وزەو ورەو ئازایی، بەتایبەت ڕووەو گەنجان، لە چەند ساڵی داهاتوودا لە توانادا هەیە ڕەوتێکی مارکسیستی دابمەزرێت کە ببێتە فاکتەرێکی گرنگ لە بارودۆخەکەدا.

ئەگەر ڕێگا بە سەرمایەداری بدرێت بە هەمان ئاراستەی ئێستای خۆیدا تێبپەڕێت، ئەوا بە واتای قەیرانی زیاترو قورسایی بەرگە نەگیراو بۆ چینی کرێکار، تەنانەت ئەکرێت ببێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی شارستانێتی ئەوروپاش.

تەنها بژاردە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەبێتەوە لە نێوان سۆسیالیزم و بەربەریزمدایە.

ڕوونکردنەوەکان:
[1] سەهۆڵبەندانی گەورە یان زستانی گەورە مەبەست لە زستانی کۆتایی ساڵی ١٧٠٨ و سەرەتای ساڵی ١٧٠٩یە کاتێک زستانێکی سەخت و بەفراوی رووی لە ئەوروپا کرد. بە سەخترین و ساردترین زستان هەژمار ئەکرێت لە مێژووی ٥٠٠ ساڵی رابردووی ئەوروپادا.

[2] داڕمانی ئابوری مەزن یان بێبازاڕیی مەزن ، یەکێکە لە گەورەترین قەیرانی ئابووری سەدەی بیستەم، لە ساڵی ١٩٢٩ەوە دەستپێکرد تا سەرەتاکانی ١٩٤٠.

[3] سفتەبازیی: کڕین و فرۆشتن مەترسیدارەنەیە لە بۆرسە لەسەر بنەمای خەمڵاندن و هەڵبەزو دابەزی نرخەکان

سەرچاوە:
The death agony of capitalism and the tasks confronting us

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

سەرمایەداری بەرپرسە لە کارەساتی تەندروستی!

بەشی دووەم ڕەوتی نێونەتەوەیی کۆمۆنیست، وەرگیرانی کامەران ئەحمەد ئایا ئەمە نابەرپرسیارێتی چەند کەسێکە یان کورتهێنانی ...