سەرمایەداری بەرپرسە لە کارەساتی تەندروستی!

بەشی دووەم

ڕەوتی نێونەتەوەیی کۆمۆنیست، وەرگیرانی کامەران ئەحمەد

ئایا ئەمە نابەرپرسیارێتی چەند کەسێکە یان کورتهێنانی سیستمێکە لە کاتی لێکهەڵوەشان؟

لە کۆنگرەی نێو نەتەوەیی٢٣ دا چارەسەرێکمان دەربارەی بارودۆخی جیهان پەسەندکرد کاتێک کە گەڕاینەوە سەری و دڵنیابووینەوە لەو تێڕوانین و پیشنیازانەی کە ئاماژەمان پێکردبوون، پەسەندکراوەکانی مەی ١٩٩٠ دەربارەی زنجیرەیەک لە ناسێنەرەوەکانی چوونەپێشەوەی کۆمەڵگا دەرئەنجامی پێنانە ناوەوەی سەرمایەداری بۆ دواین قۆناغەکانی خۆی، لە ڕاپۆرتی پەسەندکراوی کۆنگرەی٢٢دا ئاماژەمان بە خراپتربوونی زیاتری بارودۆخەکە کردووە:

  • چوونەسەری برسیەتی لە جیهانی سێ.
  • گۆڕانی جیهانی سێ بە چەند گەڕەکی قەرەباڵغی نیشتەجێ‌ی ملیۆنان کەس و ژیانکردنیان لە چوارچیوەیەکی بەرتەسک و مەمرەومەژیدا.
  • سەرهەڵدان و چوونەسەری هەمان دیاردە لە شارەگەورەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا
  • زیادبوونی ڕووداوە سروشتیە ڕوخێنەرو کارەساتبارەکان و کارکردەکانی لەسەر کۆمەڵگا و ئابوری
  • تێکدانی ژینگەی سروشتی ژیان تا ئەندازەی ڕاددەیەکی زۆر مەترسیدار.

 

ئەوەی ئەمڕۆ سەرنجی ئەدەین ئەم دیاردانە بوونە فاکتەری یەکلاکەرەوە لە چوونەپێشەوەی کۆمەلگای سەرمایەداری و هەر لەم سۆنگەیەوە ئەتوانین بڕوانینە دەرکەوتنی چەندین دیاردەو ڕووداوی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی بەربڵاودا. بە سەرنجدان لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا ئەتوانین سەرنج لە دوو فاکتەر بدەین کە لە فازی هەلوەشاندنەوەی سەرمایەداریدا ڕۆڵیان هەیە:

بە پلەی یەکەم لە چوارچێوەی جیۆگرافیدا چین تەنها وڵاتی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکان نییە لە سەرهەڵدانی سارسی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ ەوە. هاوشان لەگەڵ ئەم فاکتەرە ناڕاستەوخۆیەدا گرنگە کە لە خاڵە ناسێنەرەوەکانی سەرمایەداریی چین لە قۆناغی هەڵوەشاندندوەی سەرمایەداریی جیهانی و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئێستا بکۆڵینەوە و لێیان تێبگەین. تەنها لە ماوەی چەند ساڵێکدا چین بووە  دووەمین گەورەترین هێزی جیهانیی بە مانای گەورەکەی خۆیەوە لە بواری بازرگانی جیهانی و ئابوری جیهانیدا: سەرەتا سوودی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا لە کاتی گۆڕینی ڕێچکەی خۆی ( لە ساڵی ١٩٧٢) وەرگرت، دواتر بە دوای لەناوچوونی بلۆکە ئیمپریالیستییەکانی ساڵی١٩٨٩ ، سوودی لە سیاسەتی جیهانگیری وەرگرت. هەر بەم هۆیەوەیە کە چین هەموو ناڕەحەتی و لەکەکانی دواین قۆناغی سەرمایەداریی بەرگەئەگرێت، چونکە بنکەداکوتراوی ئەوپەڕیی چەوساندنەوەی هێزەکانی بەرهەمهێنان(پرۆلیتاریایە) لەمرۆدا،و لەسەر پێشکەوتنی هەڵوەشاوەی ئابوری جەنگ و بەرنامەی نەتەوەیی، ئاوێتەبوونی سەربازیی- مەدەنی هاوشان لەگەڵ چوونە پێشەوەی تێکشکانە کارەساتبارەکانی ژینگە بنکەی خۆی قایم و تۆکمە کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی نەتەوەیی لە سەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی پۆلیسانەی جەماوەری بێشوماری ملکەچکردووی یەک نیشتمان و یەک حزبی دەسەڵاتدار دامەزراوە. لە ڕاستیدا چین تەشەنەکردنێکی مەزنانەی شێرپەنجەی ڕەهای سەربازیی سیستمی سەرمەیادارییە بەشێوەیەکی گشتی. بەرهەمهێنانی سەربازی بە ئەندازەیەکی مەزن و خێرایییەکی بێوێنەوە ئەچێتە پێش، تەنها بودجەی سەربازی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە رێژەی شەش ئەوەندە زیادیان کردووە و لە ساڵی ٢٠١٠ پلەی دووەمی لەسەر ئاستی جیهان هەیە.

ئەم پێشکەوتنە بەرچاوەی چین کە لە زۆربەی کاتەکاندا وەک نمونەیەک بۆ هێزی بەردەوامیی سەرمایەداریی باسی لێوە ئەکرێت لە ڕاستیدا یەکێک لە دەرکەوتنەکانی لێژبوونەوەیەتی. لە پشت داگیرکردنە تەکنەلۆژیەکانی لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی دەستپێشکەرییەکانی رێگای ئاوریشمی نوێ نابێت بارودۆخی ئەوپەڕی چەوساندنەوەی پرۆلیتاریا( لە سەعاتکاری زۆر، بارودۆخی قورسو گران، کرێ‌ی داماوانە ‘یەکجار کەم’، ..هتد ) لەبیربکەین، لە کاتێکدا کە ملیۆنان لە خەڵکی هەژار و کرێکار لە بارودۆخی لێواری مەمرەومەژی بوارەکانی نیشتەجێبوون،خۆراک، و ڕۆشنبیریی و …ژیان ئەکەن کە زۆر دواکەوتووانە ماونەتەوە و تا دێت یەکجار شەکەت و ماندووتر ئەبن و دەرئەکەون. هەر بەم هۆکارانەیە کە خەرجییەکانی بواری تەندروستی بەرتەسککراونەتەوە و  بە رێژەی ٢،٣% کەمیان کردووە. نمونەیەکی تر بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکانەیە کە بە نزمترین ئاستی پاکو خاوێنی و تەنانەت لەوپەڕی ئاستی فەرامۆشکراویدا بەرهەمدێن وەک بەکارهێنانی گۆشتی ئاژەڵە دڕندەکان لە بازارە ڕەشەکانی چیندا. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا مەترسیدارترین پەتا لە مێژووی ئەنفلەوەنزای بەرازی ئەفریکایی لە چین بڵاوبووەوە. کە بە ناچاری ئەبوایە ٣٠% ئاژەڵەکان لەناوببرێن و بەم هۆیەوە نرخی گۆشتی بەراز بە ڕێژەی ٧٠% زیادی کرد.

توخمی دووەم کە خێرایی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرمایەداریی ئەخاتە ڕوو دەرکەوتەکانی کەمترین ئاستی هاوکاری و پێکەو کارکردنی پایتەختە جیاوازەکانی جیهانە. ئەوە ڕاستە، هەروەک مارکس لێکیداوەتەوە، ئەوپەڕی ئاستی یەکێتی و پێکەوەیبوونی سەرمایەداریی کە هەوڵی بۆ ئەدات، تەنانەت بە ناڕەزاییشەوە، بریتییە لە دەوڵەتی نەتەوە و هەر بەم هۆکارەشە کە (سوپەر- ئیمپریالیزم) ئیمکانی نییە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە دابەشبوونی جیهان بە سەر چەند بلۆکی ئیمپریالیستیدا چەند داڕشتەو پێکهاتەیەکی هاوبەش و هاوئاهەنگیان نییە، لە یونسکۆوە بگرە تا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی کە لە هەوڵی ئەوەدان لانی کەمیی خاڵە هاوبەشەکانی بەرژەوەندی پایتەختە جیاوازەکان لەبەرچاوبگرن بەڵام ئەم ئاراستەیە لە لانی کەمی هاوئاهەنگیی سەرمایەداریی لەگەڵ هەر چوونەپێشەوەیەکی قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەدایدا ڕوو لە پاشەکشە ئەکات. هەروەک لە کۆنگرەی نەتەوەیی ٢٣ دا ئەمەمان ڕوون کردووەتەوە:” قوڵبوونەوەی قەیرانەکان( تەنانەت پێداویستییەکانی کێبڕکێکانی ئیمپریالیستەکان) میکانیزم و دامەزراوە جیاوازەکان ئەخاتە سەنگی مەحەکەوە”.

بۆ نمونە لە ڕۆڵی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا ئەتوانین ئەمە بە دروستی ببینین. هاوئاهەنگیی نێونەتەوەیی لە پەیوەند بە پەتای سارسی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ و خێرایی دۆزینەوەی چەند تاقیگەیەک لە سەرتاسەری جیهان  کەمتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی هاوشێوەی کۆڤید نۆزدە لەو کاتانەدا ڕوون ئەکاتەوە. بەڵام گومان لەم ڕۆڵە و وەڵامدانەوەی ناهاوئاهەنگی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای A (H1N1) لە ساڵی ٢٠٠٩ کە چاندنی ترس لە دامەزراوەکە بەکارهێنرا بۆ ساغبوونەوە و فرۆشتتنی چڕیی دژە ڤایرۆسی تامی فلوو (Tamiflu) کە لە ڕێگای تاقیگەوە بەرهەم هێنراو و بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ڕامسفێلد (Donald Rumsfeld) وەزیری بەرگری ئەمریکای تیایدا هەبوو. لەو کاتەوە پلەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئاستی ڕێکخراوێکی ناحکومی دابەزی کە چەند ڕاسپاردەی باوەڕپێکراو بڵاو ئەکاتەوە بەڵام بێتوانایە لە چەسپاندنی هێڵەسەرەکییەکانی ڕێنوێنییەکانی لە پایتەختە جیاوازەکانی جیهان. تەنانەت ئێستا بێتوانایە لە دیاریکردنی  پێوەرێكی هاوئاهەنگی ژمارەی توشبووەکان لە سەرتاسەری جیهان و ڕێگای بۆ هەر پایتەختێکی نیشتمانیی کردووەتەوە کە کاریگەرییەکانی پەتاکە بۆ چەند ماوە کە لە توانایاندا هەبێت لە وڵاتەکانیاندا بشارنەوە.

تەنها چین نەبوو کە هەوڵیدا نیشانە سەرەتاییەکانی پەتاکە لە جیهان بشارێتەوە، بەڵکو لە ئەمریکاش هەوڵ ئەدرێت ژمارە توشبووە ڕاستەقینەکانی پەتاکە بە ئامانجی پەردە هەڵنەدانەوە لەسەر سیستمی تەندروستی کە لەسەر بنچینەی متمانەدانی تایبەتیی داڕێژراوە بشاردرێنەوە کە نزیکەی ٣٠%ی هاوڵاتییە ئەمریکییەکان بەهرەمەند نین لێ‌ی. جیاوازی پێوەرەکانی چەسپاندنی دەستنیشانکردنی تێستەکان یاخود جیاوازی لە ڕێکارە پرۆتۆکۆلەکانی کارکردن لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە دڵنیایی کاریگەریی نەگەتیڤی لەسەر ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەسەر ئاستی جیهان هەیە. لەوەش خراپتر هەندێک لە پایتەختەکان چەند ڕێکاریی خۆدوورگرتن لە بواری ئامێرەکانی خۆپارێزیی و پاکوخاوێنی وهەناسەدانی دەستکرد پەیڕەو ئەکەن، هەروەک چۆن مێرکل لە ئەڵمانیا و ماکرۆن لە فەڕەنسا ئەنجامی ئەدەن.

ئەم ڕێکارانە پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئەخەنە پێش پێداویستییە هەنووکەیی و خێراکانی چەند وڵاتانی ترەوە.

 

چۆن کۆتایی بە وێرانکارییەکانی بواری چاودێریی تەندروستی بهێنین؟

پڕوپاگەندەیی میدیایی ڕۆژانە بە بەردەوامی بە هاتوهاوارەکانی خۆپاراستنی تاکەکەسەکان بۆمبارانمان ئەکەن و ڕێگەگرتن لە داڕمانی سیستمی تەندروستی، کە لە چەندین وڵاتدا نیشانەی پەککەوتەیی و ماندوویەتی زۆری پێوە دیارە( کەمی کرێکاری تەندروستی، کەمی مەوادو ئامێری پێویست، ..هتد)  یەکەمین شتێک کە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخێکی کارەستباری پێشبینیکراودا ئەکەین. نەک بەهۆی” نابەرپرسیارێتی لە لایەن هاونیشتمانیانەوە”، بەڵکو بەهۆی چەندین دەیە لە کەمکردنەوەی پێداویستی و خەرجیەکانی بواری چاودێری تەندروستی، کەمکردنەوەی کرێکارانی کارکردووی بواری تەندروستی، فەرامۆشکردن و تازەنەکردنەوەی ئامێرو ڕاگرتنی چاککردنەوەی خراپییەکانی نەخۆشخانەکان، و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی توێژینەوە پزیشکییەکان.  هەروەک ئەوەی ئێستا کە لە ئیسپانیادا ئەبینین، یەکێک لەو وڵاتانەی کە نزیکە لە شکست و داڕمانەوە. پلانەکانی دەستپێوەگرتنە یەک لە دواییەکانی دەوڵەت بوونە هۆکاری نەمانی زیاد لە ٨٠٠٠ قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەکان، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەو قەرەویلانەی کە هەر ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا هەن لە خوار ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپاوەن، بوونی چەندەها ئامێر کە لە بارودۆخێکی خراپ و پەرێشاندان( ٦٧% ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد تەمەنیان لە دەساڵ زیاترن)، ئەم بارودۆخەش بە هەمان شێوە لە فەڕەنسا و ئیتالیاش هەیە. لە بەریتانیا کە وەک  مۆدێلێک و نمونەی باشترین چاودێری تەندروستی وێنا ئەکرێت، بارودۆخی تەندروستی بە ڕادەیەکی زۆر و بە بەردەوامی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ڕووەو هەرەس ملی ناوە. ئەمە لەگەڵ بوونی زیاد لە ١٠٠ هەزار کاری پیشەی پڕنەکراوە لە بواری تەندروستی چاودێریی تەندروستی، هەموو ئەمانەش بێگومان لە پێش برێکستدا (Bexit)!

هەمان ئەو کرێکارانەن کە لە بواری چاودێریی تەندروستیدا لەگەڵ داڕمان و خراپبوونی سیستماتیکیی باری ژیان و کارکردنیان ژیانیان کردووە هەر ئێستا دووچاری فشارێکی زیاد لە ڕاددەتر بوونەتەوە بۆ پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی زیاتر( ژمارەیەکی زۆری نەخۆش و ژمارەیەکی زۆری پەتا)بەڵام بە کەمی ڕێژەی کرێکاری کارکردووەوە، هەرئێستا لەگەڵ هەرەسهێنانی سیستمی چاودێری تەندروستی بە هاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری فشارێکی زیاتر بوونەتەوە. ئەو خەڵکانەی کە داوای چەپلەلێدان بۆ ئازایەتی و لەخۆبووردەیی ئەو کرێکارانەی بواری خزمەتگوزاری گشتی ئەکەن، هەمان ئەو خەڵکانەن کە دووچاری ماندوویەتی زۆر و دەستهەڵگرتنیان لە ڕۆژانی پشووەکانیان لێئەکەن، کە ناچار بە گوێزانەوە لە شوێنکارێکەوە بۆ شوێنێکی تریان ئەکەن- لە ژێر پەتایەکدا کە ئاستی چوونەپێشەوەی هیچ ڕۆشن نییە –  بە بێ هیچ ئامێرێکی خۆپارێزیی گونجاو ( دەمامک، جلوبەرگی خۆپارێزیی،  ئامێری یەکجاربەکارهێنان) بێ ڕاهێنانی گونجاو.  ڕێگەدان بە کارکردنی کرێکاران لە بارودۆخێکی وادا ئەیانخاتە بەردەم کاریگەریی زیاتری پەتاکەوە هەروەک ئەوەی لە ئیتالیا بینیمان  کە لانی کەم ١٠%یان توشی ڤایرۆسەکە ئەبن.

و هەروەها بۆ ناچارکردنی کرێکاران لە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکان پەنا بۆ وەکیلە سەرکوتکەرەکەیان (یاسای بارودۆخی فریاگوزاری!) ئەبەن و هەڕەشەی هەموو جۆرە سزایەک بە گوێ‌ی ئەو کرێکارانەدا ئەدەن کە گوێڕایەڵیان نابن. ئەم سیاسەتەی دەسەلاتداران کەڵەکەی چەندبارەی پشێوی لە زۆربەی حاڵەتەکان ئەوەندەی تر خراپتر کردووە.

لە ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخێکی وادا کە کرێکارانی کارکردووی بواری تەندروستی ئەخاتە بەردەم ڕاستییەک کە سیستمی چاودێریی تەندروستی لە بارودۆخێکی کارەستباردایە. کرێکارانی ئەم بوارە ناچاربوون بە پەیڕەوکردنی چەند میسۆدێکی(ڕێگایەکی)نزیک لە ڕێگاکانی چاکردنی نەوە، چونکە هیچ ڕێگایەکی تریان لە بەرداستدا نییە جگە لەوەی کە ئەو ئامێرانەی کە بەردەستن بۆ کەسانێک بەکاربهێنن کە زۆرترین دەرفەتی ژیانکردنیان هەیە نەک بۆ هەمووان. هەروەک چۆن لە ئامۆژگارییەکانی دامەزراوەی ئیتالیای پزیشکانیی سڕکردن و فریاگوزاری خێرا بینیمان کاتێک ڕایانگەیاند کە” ئێمە لە بارودۆخی جەنگداین”، بەڵێ وایە، بەڕاستی جەنگە دژ بە پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی کە لە لۆژیکی سەرمایەدا پەیڕەوئەکرێ و کرێکارانی ئەم کەرتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی یاسا نامرۆڤایەتییەکانەوە توشی دڵەڕاوکێ‌ی زیاتر ئەکات. ئەم دڵەڕاوکێییە هەروەک زۆربەی کرێکاران باسی ئەکەن لەو ڕاستییەوە سەرچاوە ئەگرێت کە لە لایەک ناتوانن دژ بەم ڕێکارانە یاخی ببن، یان کاربکەن لە بارودۆخێکی وا ناشایستەو نامرۆڤانەدا، یان قوربانی بدەن بە بارودۆخی ژیانیان، چونکە ئەگەر ئەمە بکەن بۆ نمونە لە ڕێگای مانگرتنەوە ئەوا زیانێکی یەکجار گەورە لە خوشک و برا هاوچینەکانیان و باقی چەوساوەکانی تر ئەدەن. ناشتوانن تەنانەت کۆببنەوە، و یەکبگرن لەگەڵ هاوڕێکانی خۆیاندا و لە باری فیزیکییەوە هاوپشتی چینایەتی خۆیان بۆ یەکتری دەرببڕن، لەبەر ئەوەی ئەمە پرۆتۆکۆلی دابڕینی کۆمەڵایەتی پێشێل ئەکات کە پێداویستی کۆنترۆڵکردنی پەتاکە ئەیخوازێت.

ئەوانە هاوڕێکانی ئێمەن لە کەرتی تەندروستی، ناتوانن بە کراوەیی ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام هاوچینەکانی تریان نابێت ئەوان بە تەنها بەجێبهێڵن. هەموو کرێکاران قوربانیانی ئەم سیستمەن و هەموو کرێکاران درەنگ یان زوو ناچارئەکرێن باجی پەتاکە بدەن. بەهۆی کەمکردنەوەکان و نەبوونی ئەولەویەت لە چاودێری تەندروستی( دواخستنی نەشتەرگەرییەکان، یان پشکنینیە پزیشکییەکان…هتد) یان هەڵوەشاندنەوەی هەزاران لە گرێبەستە کاتییەکان، یان بڕینی کرێ بەهۆی نەچوونەوە سەرکار..هتد. ملدان بە هەموو ئەمانە هەڵکردنی چرای سەوز ئەدات بە سەرمایەداران تا هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر چینی کرێکار لە کاتی خۆئامادەکردنیاندا توندتربکەنەوە.  هەربۆیە ئەبێت چەکی هاوپشتی چینایەتی زاخاو بە توڕەییمان لە دڵمانا هەمیشە دەمەزەرد بکەینەوە، هەروەک چۆن لەماوەی ڕابردوودا لە خەبات دژ بە چاکسازییەکانی یاساکانی خانەنشینی لە فەڕەنسا بینیمان.

تەقینەوەی خاڵە ناکۆک و دژ بەیەکەکانی سەرمایەداریی کە توانای ڕێگریکردنیان نییە لە جەرگەی  سیستمی چاودێری تەندروستییدا  نیشانەکانی بە ڕوونی دەرکەوتوون کە ئاماژەن بە پیربوون و تەنگژەیی سیستمی سەرمایەداریی.

هەروەک چۆن ڤایرۆسەکە کاریگەریی بەهێزی لە سەر جەستە بەتەمەنەکان هەیە و ئەبێتە نەخۆشی مەترسیدار، بە هەمان شێوەش سیستمی چاودێریی تەندروستی لاواز بووە بەهۆی کاریگەریی چەندین ساڵەی دەستپێوەگرتنەکان و لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنێک کە لە بنەڕەتدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سەرمایەداریی لە کاتی قەیران و لێژبوونەوەدا دامەزراوە نەک لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی خەڵک.  هەمان شت بەسەر ئابوری سەرمایەداریشدا ئەچەسپێت، کە بە شێوەیەکی دەستکردانە لە ڕێگای یاریکردنی بەردەوام بە  یاساکانی بەهای تایبەت و ڕاکردن لە قەرز پوکاوەترو فشەڵتریان ئەکات بە ئەندازەیەک کە هاتنی تەنها پەتایەک جارێکی تر تووشی داڕمانێکی توندی نوێی جیهانییان ئەکاتەوە.

بەڵام پرۆلیتاریا تەنها قوربانی سیستمی سەرمایەداریی نییە، و کارەساتە بۆ کۆی مرۆڤایەتی.  چینێکە کە خاوەنی ماتەوزە و توانایی مێژووییە لە ڕێگای تێکۆشانیەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە سیستمی سەرمایەداریی،  لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی هۆشیاری و هاوپشتی چینایەتی خۆیەوە. تەنها شۆڕشی کۆمۆنیستییە لە تواناییدایە پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتییەکان  کە ئێستا لەسەر بنەمای دابەشبوون و کێبڕکێ دامەزراوە بگۆڕێت بە پەیوەندییەک کە لەسەر بنەماکانی هاوپشتی دامەزراون. لە ڕێگای ڕێکخستنی کار، بەرهەمهێنان، و سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی نەک لەسەر بنەمای یاساکانی قازانجپەرستی کەمینەیەکی چەوسێنەر.

بڕوانە بەشی یەکەم

ڤالیریۆ

١٣ مەی ٢٠٢٠

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ئازاری مەرگی سەرمایەداری و ئەو ئەرکانەی بەرەو ڕوومان ئەبنەوە

ڕۆب سویڵ – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد ، ١٥ی مەی ٢٠٢٠پێمان ناوەتە قۆناغێکی شلۆق و جیاواز ...