وەڵامدانەوەی ڕاسیزم بە ئەنتی ڕاسیزم ناکرێت بەڵکو بە خەباتی چینایەتی نێونەتەوەییە !

ڕەوتی نێونەتەوەیی  کۆمۆنیست، وەرگێرانی کامەران ئەحمەد   ٢١-٦-٢٠٢٠

کوشتنی دەستئەنقەستانەی جۆرج فلۆید بە خوێن ساردییەوە لە لایەن پۆلیسێک بووە سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ئەمریکاو سەرتاسەری جیهان. هەموو کەس ئەو ڕاستییە ئەزانێت کە دواین کوشتن تەنها ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک تاوان کە لە لایەن پۆلیسەوە ئەنجام دراون و تیایاندا ڕەشپێستەکان و کۆچکردووان بوونەتە قوربانی. نەک تەنها لە ئەمریکا، بەڵکو لە لایەن بەریتانیا و فەڕەنساو  “وڵاتە دیموکراتییەکان “ی تریشەوە ئەنجام دراون. لە ئەمریکا لە مانگی مارسدا پۆلیس هەستا بە کوشتنی بیرۆنا تایلەر(Breonna Taylor ) لە ماڵەکەی خۆی، لە فەڕەنساش ئادەم تراورێ (Adama Traoré) لە سااڵی ٢٠١٦  لە کاتی بەرهەڵستکردن بەرامبەر دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسەوە کوژرا. لە بەریتانیا دارین کومبەرباچ (Darren Cumberbatch) لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن پۆلیسەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللــه ، ئەمانە تەنها مشتێک لە خەروارێکن.

لە کاردانەوەی ناڕەزایەتییەکاندا کە سەرەتا لە ئەمریکا سەری هەڵدا، پۆلیس بە هاوکاری یان بێ هاوکاریکردنی سوپا، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی کە هێزێکی سەربازی تیرۆریستە هەڵماڵی. سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەیەزایەتییەکان، دەستگیرکردنی ١٠ هەزار خۆپیشاندەر تەنها لە ئەمریکا،ئەوەی خستەروو کە پۆلیس لە ئەمریکاش هاوشێوەی وڵاتە دیموکراتییەکانی تر و بەهەمان شێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی چین و ڕوسیا مامەڵە ئەکات.

توڕەیی لە هەموو ئەمانە ڕاستییەکە، سپی پێست و ڕەشپێست، ئەمریکای لاتین و ئاسیاییەکان هاوبەشن تیایدا، بە تایبەت توێژی گەنجان. بەڵام ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا ژیان ئەکەین کە چینی دەسەڵاتداری بۆژوازی یان چینی سەرمایەداران لە باری مادیی و ئاییۆلۆژییەوە تیایدا باڵادەستن. توڕەییەکە لە خودی خۆیدا، لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت، کافی نییە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی سیستمێک کە بنەمای توندوتیژییەکانی پۆلیس پێکئەهێنێت، یان خۆی لە فێڵ و تەڵەکەبازییەکانی بۆرژوازی لابدات کە بە واقعی سەرکەتوو بووە لە ڕاکێشانی ناڕەزایەتییەکان و قەتیسکردنەوەی لە چوارچێوەی بۆرژوازییانەی خۆیدا.

کارە پڕ لە توندوتیژییەکان و ڕێپێوانە ئاشتییەکان بۆ دادپەروەریی :هەردووکیان دوو ڕێگای کۆتا داخراون

لەسەرەتای سەرهەڵدانی یەکەمین توڕەییەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان فۆرمێکی توندوتیژانەیان لەخۆگرتبوو، ژمارەیەک لە سوپەرمارکێتەکان تاڵان کران، ژمارەیەک بینای ڕەمزیی سوتێنران. بەدڵنیاییەوە کارکردە ئیسفزازیەکانی پۆلیس لە سەرەتا ڕۆڵی خۆیان گێرا لە کاردانەوە توندوتیژییەکانی ڕۆژانی یەکەمی ناڕەزایەتییەکان. ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بیانووی توندوتیژییەکانیان بە ئاماژەدان بە قسەیەکی مارتن لوثەر Martin Luther King بەستەوە کە کاری توندوتیژی دەنگی ئەوانەیە کە دەنگیان نابیسترێت و ئەمە ڕاستە : ئەمانە دەربڕینی بێتوانایی و بێهوایی بوون.  ئەمانە بە مانای ڕاستی وشەکە بە هیچ جێگایەکمان ناگەیەنن جگە لەبوار ڕەخساندن بۆ بەکارهێنانی سەرکوتکردن و توندوتیژی زیاتر لە لایەن دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە کە هەمیشە بەرەنگاری هەموو کاروکردەوەیەکی ناڕێکخراو و توندوتیژی سەرشەقامەکان ئەبێتەوە.

بەڵام ئەو ئەڵتەرناتیڤەی کە لە لایەن رێکخراوە فەرمییە چالاکەکانەوە وەک Black Lives Matter  هێنرایە پێشەوە – لە فۆرمی ڕێپێوانی هێمنانە کە داخوازی دادپەروەری و یەکسانین تەنها ڕێگایەکی کۆتا داخراوە و تەنانەت لە هەندێكی ڕووەوە خیانەتکارانەیە لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ بواری بۆ هێزە سیاسیەکانی سەرمایە بۆ بەشداریکردن و هەڵسوڕان تیایدا کردەوە. بۆ نمونە بروانە نمونەی بانگەوازکردنەکان بۆ خەرجییەکانی پۆلیس و ناوەندە کۆمەلایەتییەکان، بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی خەرجییەکانی پۆلیس. لە لایەکەوە لە جەرگەی ئەم کۆمەڵگا چینایەتییەوە خۆی لە خۆیدا ناواقیعیانەیە: ئەمە هاوشانی ئەوەیە کە داوا لە سەرمایەداری بکەیت خۆبەخشانە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەبێتە بڵاوکردنەوەی وەهمی ئیمکانیەتی چاکسازیی لە دەوڵەتی ئێستای چینایەتیدا بە قازانجی چەوسێنەران و چەوساوەکان لەهەمانکاتدا.  لە کاتێکدا کە خۆی وەزیفەی بنەڕەتی ئەم ناوەندی سەرکوتکردنە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی چەوساوەکان بۆ چەوسێنەران.

 ئەوەی کە چینی دەسەڵاتدار دڵخۆشە بەم داخوازییە ڕادیکاڵانە لەو ڕاستییەوە دەرئەکەوێت کە هەر لە سەرەتای ڕۆژەکانی یەکەمی ناڕەزایەتییەکاندا، میدیا و ناوەندە سیاسییە سەرمایەدارییەکان – نەک تەنها لە لایەن چەپەکانەوە- بە ئاشکرا لە پارێزگاریکردنێکی ئاگرینانەدا و دژ بە کوشتنی جۆرج فلۆید بە پشتیگیرییەکی حەماسییانەوە لە ناڕەزایەتییەکان هاتنە سەر ئەژنۆکانی خۆیان. نمونەی سیاسییە دیارەکانی دیموکراتەکان بە ڕوونی دیارە و هەر بە خێراییش لە لایەن هاوشانەکانیانەوە لە ئاستی جیهان و لە نێویشیاندا نوێنەرە وریاکانی پۆلیس پشتگیری لێکرا. ئا ئەمەیە گێڕانەوەی توڕەیی بەهانەپێدراو لە لایەن بۆرژوازییەوە.

ئێمە هیچ وەهمێکمان نییە: دینامیکی ئەم بزووتنەوەیە ناتوانرێت بکرێت بە چەکێک بە دەست هەژاران و چەوساوەکانەوە لەبەر ئەوەی بە واقعی بوونەتە ئامرازێک بە دەستی چینی دەسەڵاتدارانەوە. ئەم بزاوتن و جوڵانەی ئێستا هەنگاوی یەکەم بەرەو خەباتی چینایەتی پێکناهێنن، بەڵکو بەکارئەهێنرێن بۆ ڕێگاگرتن لە پێشکەوتن و پێگەیشتنیدا.

دژە ڕاسیزم ئەڵتەرناتیڤێکی هەڵەیە لەبەرامبەر ڕاسیزم

سیستمی سەرمایەداری بە بێ بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ژێردەستەکردنی وڵاتان و خەڵکانی دانیشتووی ئاسیا و ئەفریکا و ئەمریکا نەیئەتوانی ببێت بەو سیستمە جیهانییەی ئێستا. هەربۆیە ڕاسیزم لە جینەکانیدایە. هەرلەسەرەتاوە بەکارهێنانی جیاوازییە نەژادی و ڕەگەزییەکان بڕەوی پێدرا بۆ هاندانی چەوساوەکان دژ بە یەک و ڕێگریکردن لە یەکگرتووییان دژ بە دوژمنە ڕاستەقینەکەیان – ئەو کەمینەیەی کە ئەیانچەوسێنێتەوە. زۆر سوودی لە ئایدیۆلۆژیەتی دژە ڕاسیزمی وەرگرت: بیرۆکەی ئەوەی کە ئەتوانیت دژایەتی ڕاسیزم بکەیت لە ڕێگای یەکگرتووییەوە، نەک لەسەر بنەمای چینایەتی، بەڵکو بەدەوری ئەم یان ئەو کۆمەڵەی چەوساوە. یەکگرتووی لەسەر بنەمای نەژاد یان کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی تەنها ئامرازێکی دابەشکردنی چینەکانە کە ئەم سیستمە لەسەر بنەمای دامەزراوە، هەر لەبەرئەمەیە کە کۆمەڵەی ڕەشپێست بوونی نییە، لەبەر ئەوەی بە هەمان شێوە سەرمایەدارانی ڕەشپێست و کرێکارانی ڕەشپێستیش هەن و پێکەوە هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان نییە. تەنها بە نمونە بڕوانە قەسابیکردنی کرێکارە ڕەشپێستە مانگرتووەکانی ماریکانا Marikana  کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن ڕژێمی پۆست- ئاپارتاید(دوای ئاپارتاید)ی لە باشووری ئەفریکاوە ئەنجامدرا.

کوشتنی جۆرج فلۆید پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراوی بۆرژوازی نەبوو. بەڵام بواری ئەوەی بۆ چینی دەسەڵاتدار ڕەخساند کە هەموو ناڕەزایەتییەکان بەرەو پرسی نەژاد ئاراستە بکات ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرمایەداری بە تەواوەتی دەرگیری مایەپووچی بووەتەوە.

لە ڕووبەڕووبوونەوەی شکسهێنانی سەرمایەداریدا خەباتی چینایەتییە تەنها ئەڵتەرناتیڤە

کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە بارودۆخێکی قوڵی شکستدایە. کوشت و کوشتاری بەربەریانە کە هەر ئێستا لە ئەفریکا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەربڵاوە، شەڕی بەردەوامی باندەکان لە ئەمریکای لاتین، هەموویان چەند رووداوێکن کە ملیۆنان خەڵکیان ناچار بە هەڵاتن و کۆچکردن کردووە، تەنها سیمایەکی ڕوونی ئەم داکەوتن و شکستەن. هەرئێستاش پەتای کۆڤید-نۆزدە کە بەرهەمێکی تێکدانی ژینگەی هەسارەکەمانە لە لایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە . لە هەمان کاتدا سیستمی سەرمایەداری دەرگیری قەیرانێکی ئابوری کوشندە و چارەسەرنەبوو بووەتەوە. لە دوای شکستی ئابوری ٢٠٠٨ سەرمایەداری لە سەر ئاستی جیهان ستراتیژیەتێکی دڕندایەنان بڕەوپێدا کە چەوساوەکانیان ناچار بە باجدانی قەیرانەکان کرد. تێکدانی سیستمی چاودێری تەندروستی یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ڤایرۆسەکە بەم ڕاددەیە لە ئێستادا کارەستبارو کوشندەیە. هەروەها قەدەغەی تەواوەتی لەسەر ئاستی جیهان سیستمەکەی  ئەوەندەی تر ڕووەو قەیرانێکی ئابوری قوڵتر پاڵپێوە ناوە کە بە دڵنیاییەوە ئەتوانین بە قەیرانە ئابوریەکانی ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو بەراوردی بکەین.

ئەم قوڵبوونەوە نوێیەی قەیرانی ئابوری بە دڵناییەوە ئەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی هەژاری، برسیەتی و ئاوارەیی لە ئاستێکی بەربڵاوتر، لانی کەم لە ئەمریکا کە لانی کەمیی هاوپشتی و بیمەی کۆمەڵایەتی لە کاتی بێکاری و نەخۆشیدا پێشکەش ئەکات. بە دڵناییەوە نەبوونی و پەژارەیی ماددی سەرچاوەی توڕەیییەکانی خەڵکە بەڵام تەواوی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لە باری مێژووییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەسەرچووە تەنها هێزێک هەیە کە لە بەرامبەریدا بوەستێ ویەکگرتوو بێت و ئاسۆی کۆمەڵگایەکی نوێتر لە جێگایدا بخاتە ڕوو: هێزی نێونەتەوەیی چینی کرێکارە.

چینی کرێکار بەرگریکاری بۆگەنبوونەکانی سیستمی سەرمایەداری نییە: ئەمڕۆ لە ژێر باری هەموو دابەشکردنە نەتەوەیی، نەژادی و ئاینییەکاندا ئەناڵێنێت و زیاتریش بە هۆی دڕندەیی هەڵوەشاندنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە توندتر ئەبنەوە کە بە ئاشکرا لە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆژییە پۆپۆلیستییەکاندا بەرجەستە ئەبنەوە. بەڵام ئەمە هیچ لەو واقیع و ڕاستییە ناگۆڕێت کە : هەموو کۆمەڵگا چەوساوەکان، بەهەموو ڕەنگەکانیانەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پارێزگاریکردن بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی بۆرژوازیی بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانیان، بۆسەر کەمکردنەوەی کرێ،  بێکاری، دەرکردن لە ماڵەکانیان، ئاستی گوزەران و دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکانیان و دژ بە توندوتیژییەکانی دەوڵەتی سەرمایەداریی. ئەم خەباتە تەنها بنەمای سەرکەوتنە بەسەر ئەو دابەشبوونانەی کە سوود و قازانج بە چەوسێنەرانمان ئەگەیەنن و بنەمای بەرگریکردنە دژ بە هێرشە نەژادپەرستییەکان و ئەو هێرش و پەلامارانەی بە شێوە جیاوازەکانیەوە بەرەو ڕووبەڕوومان ئەبنەوە. ئەگەر چینی کرێکار هەستێت بە ڕێکخستن و یەکگرتووی هێزەکەی ئەوا بە دڵناییەوە توانای ڕێکخستنی کۆمەڵگای لەسەر بنچینەیەکی نوێتر هەیە. شوورا کرێکارییەکان کە لەسەرتاسەری جیهان دوای شۆڕشی ڕوسیای ١٩١٧ پەیدابوون، هەروەها  کۆمیتەکانی بەڕێوەبەریی مانگرتنەکانی پۆڵۆنیا لە ساڵی  ١٩٨٠ ، پیشانمان ئەدەن کە خەباتی چینی کرێکار زەمینەی هێنانەکایەی دەسەڵاتی پرۆلیتاریای نوێ‌ی لەسەر کەلاوەی سیستمی سەرمایەداری  و دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرهەم بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی مرۆڤ هەیە.

ماوەی  چەند دەیەیە چینی کرێکار لە هەستکردن بەوەی چینێکە لە بەرامبەر سەرمایەداریدا قەراری گرتووە پاشەکشەی کردووە کە دەرئەنجامی هەموو ئەو هێرشە پڕ لە پڕوپاگەندە ئایدیۆلۆژیانە بوون کە کراوەتە سەریان ( وەک “مەرگی کۆمۆنیرم” کە بە دوای داڕمانی فۆرمی ستالینی سیستمی سەرمایەدارییدا هات) و ئەو ئاڵوگۆڕە ماددیە قوڵانە ( وەک هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە تەقلیدییەکانی کێبڕکێ‌ی چینایەتی لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکاندا ) . بەڵام هەر پێش بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە بە جیهاندا مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کەرتی گشتی لە فەڕەنسا ئەوەی پیشان داین کە چینی کرێکار نە مردووە و نە نێژراوە.  هاتنی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆکان لەسەرتاسەری جیهان ڕێگربوون لە ئیمکانیەتی بەرفراوانبوونی ئەم بزووتنەوەیە، تەنانەت لەو کاتانەشدا و لەسەرەتای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆکاندا کاردانەویەکی یەکجار توند لە هەندێک شوێن لە بەرامبەر مامەڵەکردنیان وەک مێگەل و تەنانەت ناچارکردنیان بە کارکردن بە بێ هیچ کەلوپەلێکی خۆپارێزیی بەڕێخرا، تەنها و تەنها لەبەر سوودو قازانجی زیاتری بۆرژوازیی. ئەم خەبات و کێشمەکێشە لە ئەمریکاش جێگای دیاربوو، ببووە تێکشکاندنی راستەقینەی ئەو دابەشبوونە نەژادیی و نەتەوەییانە. لە هەمان کاتدا ئەوەش ڕوون بووەوە کە ئەم سیستمە سەرتاپای لەسەر هێزی چینی کرێکار بەندە لە کاتێکدا کە زۆر بێبەزەییانە ئەچەوسێنرێتەوە.

پرسیاری بنەڕەتی بۆ پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی ئەوەیە: ئایا ئەم کەمینە کەمەی سەرمایەداری توانای ئەوەی هەیە کە زۆرینەی زۆری چەوساوەکان لەسەر بنەمای نەژاد، دین،  و نەتەوە دابەش بکات و هەروا بەرەو لەناوچوون لێژیان بکاتەوە. یان چینی کرێکار لە سەرتاسەری جیهان، درک بە جێ‌و ڕێ‌ی خۆی ئەکات ، ئەو چینەی بە زاراوەکانی مارکس “یان شۆڕشگێڕه یان هیچ نییە” .

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ئازاری مەرگی سەرمایەداری و ئەو ئەرکانەی بەرەو ڕوومان ئەبنەوە

ڕۆب سویڵ – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد ، ١٥ی مەی ٢٠٢٠پێمان ناوەتە قۆناغێکی شلۆق و جیاواز ...