پاش مردنی قەزافی شۆڕش و دژە شۆڕش لە لیبیا!

نوسینی ئالان ودز، وەرگێرانی هاوپشتی – کامەران ئەحمەد  –  ٢١ ی ئۆکتۆبەری٢٠١١

خوێنەری بەڕێز، ئەم بابەتەی بەردەستت لێکدانەوەی بیرمەندی مارکسیستی ئالان ودزە  لە ساڵی ٢٠١١ وەرگێڕدراوە سەبارەت بە بارودۆخ و کێشمەکێشەکانی ناو لیبیا، ئێمە بە باشمان زانی بۆ تێگەیشتنی پێشینەی بارودۆخی لیبیا و ئەو هێزو باڵانەی کە تیایدا لە کێبڕکێ و ناکۆکی مێژوویدان جارێکی تر ئەم بابەتە بهێنینەوە بەردەستی ئێوەی ئازیز

دەستگیرکردن و دواتر کوشتنی کۆلۆنێڵ قەزافی لەلایەن میدیاکانەوە بە پانتایی ڕووماڵکراو و هاوشان لەگەڵ کوشتنەکەیدا ئەنجومەنی کاتی باس لە دامەزراندنی حکومەتێکی ئینتقالی ئەکات، ئەم ئەنجومەنە لە لایەن ئیمپریالیستەکانەوە بە فەرمی ناسرا و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی‌یەکانیان ئەکات. لەگەڵ ئەمەشدا خەڵکی ئاسایی لیبیا متمانەیان بەم ئەنجومەنە و پاڵپشتە ئیمپریالیستی‌یەکانی نی‌یە.

قەزافی دەستگیرا کراو بێ هیچ دادگاییکردنێک کوژرا. بەڵام وەک ڕۆژی ڕوون دیارە کە بۆچی بە دەستگیرکراوی نەهێڵرایەوە تا دادگایی بکرێت. بێشک ئەگەر دادگایی بکرایە ئەوا ڕوو لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی چەشنی بلێر، سارکۆزی و بەرلسکۆنی هەڵئەماڵرا. ئەمە بەتەواوی ئەو هۆکارە نیشان ئەدات کە بۆچی بە زوویی بەدوای کوشتنی‌یەوەی بوون. پاش بەستنی چەندین ڕێکەوتن و گرێبەستی ژێر بەژێر و ئاشکرا لەگەڵ قەزافی تەنانەت ڕادەستکردنی چەندین چالاکوانی سیاسی بە ڕژێمەکەی قەزافی کە دواتر ڕووبەرووی ئەشکەنجە بوونەوە ئێستا بۆگەنیی دووڕوویی‌ ئەم هێزانە بە هەموو لایەکدا بڵاوبۆتەوە.

کوشتنی قەزافی و دواتر هەرەسهێنانی ڕژێمەکەی ئەگەرچی خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەیە لە کۆی گشتی بارودۆخەکە بەڵام تەنها کۆتایی چاپتەرێکە (بەشێکە) . سەرئەنجام ڕژێمەکە کۆتایی هات و ئێستا خەبات بۆ دیاریکردنی ئایندەی لیبیا ڕوو لە پێشە. لەم کێشمەکیش و خەباتەدا هەردووهێزی شۆڕشگێڕ و هێزی ناشۆشگێڕ ئامادەن بۆ دیاریکردنی ئەم ئایندەیە و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. ئالێرەدایە لێکدانەوەکانی ئالان ودز دەربارەی ڕەوشەکە بڵاوئەکەینەوە.

ناڕۆشنی‌ و تێکەڵکردنەکان لە بەرەی چەپدا

تێکەڵکردن و ناڕۆشنی گەورە هەبوو دەربارەی ڕووداوەکان لە لیبیا. لە لایەک ژمارەیەک خۆیان ڕادەستی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزم کرد و کار گەیشتە ئەوەی کە پاڵپشتی هێرش و پەلاماری سەربازی ناتۆ بکەن. ئەم تێڕوانینە هەر لە سەرەتاوە ساکار و دواکەتووانە بوو. ڕێگەدان بە خۆ بۆ چوونە ژێرباری پروپاگەندەکانی میدیای بۆرژوازی دەربارەی گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بە خەڵکی لیبیا بێئەندازە گەمژانە بوو.

ئامانجی سەرەکی لە هێرش و پەلاماری ناتۆ بۆ سەرلیبیا هەر لە بنەڕەتەوە بۆ کۆمەکی مرۆیی و پاراستنی خەڵک نەبوو. جێ‌ی گاڵتەجاڕییە باوەڕ بە کەسانێک بکەین کە لە سەرەتاوە چەندین رێکەوتنی نهێنی‌یان لەگەڵ ڕژێمی قەزافیدا بەستبوو و چالاکوانانی سیاسی‌یان ڕادەستی ئەکردەوە ئێستا بانگەوازی کۆمەکی مرۆیی بکەن، ئەمانە گەر ڕاست ئەکەن بۆچی تا ئێستا ئەم بایەخپێدان و خەمخۆری‌یەیان ڕوو بە خەڵکی بەحرەین دەرنەبڕیوە.

ئازادبوونی خەڵکی لیبیا خەمی خەڵکی لیبیا خۆیەتی. ئیمپریالسیتەکان ناتوانن و نایانەوێ بەڵێن و پەیمانی ئەم ئازادبوونە بدەنبە خەڵک، ئەمانە ئەو هێزانەن کە بە درێژایی دەیان ساڵ پشتگیری هەموو دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکانی وڵاتانی باکوری ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە. داخوازی سەرەکی و بنچینەیی ئێمە هەر ئەوەیە و بۆ ئەوەیە کە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکی لە لیبیا کۆتایی پێبهێنرێت. ڕێگە بە خەڵکی لیبیا بدەن کە کێشەو گرفتەکانی خۆی بەدەستی خۆیان و بەوشێوەیەی کە خۆیان پێیان گونجاوە چارەسەر بکەن و چارەنوسیان دیاری بکەن.

هەرچەندە چەند لایەنی تری چەپ لەمانە باشتر نەبوون و زۆر زیادەڕۆییان کرد و لە ژێر ڕەنگاڵەی “دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم” و “کۆمەک بە پێشکەوتووخوازی” و ” سۆشیالیزم” لایەنگری ڕژێمەکەی قەزافی‌یان کرد، هەموو ئەمانە چەند درۆیەک بوون. ئەوە ڕاستە کە ڕژێمی لیبیا ( لەهەمان کاتدا ڕژێمەکەی سوریاش) کاراکتەری جیاوازیان لە چاو ڕژێمەکانی وەک تونس و میسردا هەیە بەڵام ئەمانە هیچ لە سروشتی چەوسێنەرانەی ئەم  ڕژێمانە ناگۆڕن و نایانکاتە ڕژێمێکی ئامادە دژ بە ئیمپریالیزم.

بۆ ڕۆشنیایی خستنە سەر پرۆسە واقیعەکانی ئەم ڕووداوانە ئەوە تەنها بەس نی‌یە کە نیشانەی کۆ یان لێدەرکردن بخەینە پێش ئەم دوو لێکدانەوە نادروستە. ئەبێت سەرجەم دیمەنەکان لەبەرچاو بگرین نەک تاکلایانە ڕووداوەکان چاولێ بکەین.

نابێت واقیعەتەکان بەڕەنگی گوڵ بنەخشێنین، مەترسیدارترین هەڵە لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە ئەوەیە کە توخمە چالاک و بەتواناکانی هاوکێشەکە لەبەرچاو نەگرین یان کەم ڕەنگیان بکەینەوە. بۆ ئەنجامدانی لێکدانەوەیەکی دروست و بەربڵاو ئەبێت هەموو توخمەکان لەبەرچاو بگرین ئا لێرەوەیە کە گرفت و ناکۆکیەکان ڕوون ئەبنەوە. کێشەی بنەڕەتی – بە هەمان شێوەی میسر – نەبوونی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕە.

مێژوو پڕیەتی لە نمونەی ئەو شۆڕشانەی کە شکستیان هێناوە، تێکشکاون یان لە لایەن چینەکانی ترەوە ڕفێنراو و دزراون. لیبیا لەم رێچکەیە بەدەر نی‌یە. لە راستیدا تەنها راپەڕینی شۆشگێڕانەی خەڵک بە مانای سەرکەوتنی کۆتایی نی‌یە. ئەم سەرنجە گشتی‌یە بە هەمان شێوەی میسر و تونس بەسەر لیبیاشدا ئەچەسپێت.

لە ئیسپانیا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣١-١٩٣٧ هەموو مەرجە بابەتیەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالستی ئامادەبوون ، ترۆتسکی ئەوەی ڕونکردۆتەوە کە چینی کرێکار لە ئیسپانیا نەک تەنها توانای ئەنجامدانی شۆڕشێک بەڵام دەیان شۆڕشیان هەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شۆڕشی ئیسپانیا لە لایەن توخمەکانی چینی بۆرژوازی‌یەوە دزرا و دواتر شکستی هێنا و لە دەرئەنجامی ئەم شکستەدا بە درێژایی چوار دەیە خەڵکی لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستانەی ئیسپانیادا گوزەرانی کرد. بێگومان بارودۆخەکان زۆرجیاوازترن لە ساڵەکانی ١٩٣٠ یەوە چینی کرێکار خاوەنی چەندین رێکخراوی کرێکاریی بەهێزبوو بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شۆڕشی ئیسپانیا لە لایەن چینی بۆرژوازی‌یەوە دەستی بەسەرداگیرا و شکستی پێهێنرا. هەمان لێکدانەوە دروستە بۆ شۆڕشی ١٩١٧ ی ڕوسیا ، بائەوە لە یاد نەکەین بە بێ بوونی پارتی بەڵشەفیک (Bolshevik ) لە ژێر ڕابەرایەتی لینین و ترۆتسکیدا هەمان چارەنوس ڕووبەرووی شۆڕشی ڕوسیا ئەبۆوە.

ناسینەرەوەکانی ( تایبەتمەندی‌یەکانی ) ڕژێمی قەزافی

ڕژێمی قەزافی تایبەتمەندی خۆی هەبوو. لە سەرەتادا بەهۆی بانگەوازەکانی دژ بە ئیمپریالیزم جەماوەری زۆری هەبوو ڕژێم (لەژێر ناوی سۆشیالیزمدا) دەستی کرد بە خۆماڵیکردنی بەشێکی زۆری ئابوری لیبیا. بەهۆی بوونی ڕێژەی زۆری یەدەکی نەوت لە لیبیا و کەمی دانیشتوانەکەی توانی لەسەرەتاوە ژیانێکی تاڕاددەیەک باش لە بواری تەندروستی ، پەروەردە و خوێندن بۆ زۆربەی دانیشتوان دەستەبەر بکات. ئەمە بووە هۆکاری دابینکردنی سەقامگیری بۆ ئەم رژێمە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر. هەر ئەمەشە ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە بۆچی ئەم ڕژێمە لە سەرەتای ڕاپەڕینەکانی خەڵکەوە بە گژیدا توانی بۆ ماوەی چەندین مانگ بەرگە بگرێت و بمێنێتەوە .

لەگەڵ ئەمەشدا ڕژێمی قەزافی ڕژێمێک بوو کە هەموو توانای دەسەلاتی لە کەسایەتیەکدا چڕکردبۆوە. بەهەموو شێوەیەک رێگری لە بەرەوپێشچوونی دامەزراوە سیاسی‌یەکان ئەگرت، هیچ پارتێکی دەسەڵاتدار نەبوو ( پارتە سیاسی‌یەکان قەدەغەکرابوون) ، چەند بیرۆکراتێکی بچوک هەبوون ، سوپا بەشبەش و لاواز بوو. قەزافی دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگای چەندین ڕێکەوتنی نهێنی و ئاڵۆز لەگەڵ سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان و تۆڕێک لە پەیوەندی‌نهێنی‌یەوە مسۆگەر کردبوو.

بە درێژایی بیست ساڵی ڕابروو – بە تایبەت دەیەی کۆتایی – قەزافی بە ڕادەیەک گەیشت کە توانای خۆی لە کۆنتۆڵکردنی ئابوریدا بە تەواوی لەدەستدا و بە دەرئەنجامێک گەیشت بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ هیزە ئیمپریالیستی‌یەکان، کردنەوەی بازاڕەکان بە ڕوویانداو پشتگیریکرنی خۆی بۆ ئابوری “بازاڕی ئازاد” وسیاسەتی لیبرالیزمی نوێ ڕاگەیاند. چەند گۆرانکاریەکی لە بواری ئابوریدا ئەنجامدا لەوانەش هەوڵدان بۆ بە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیی، کەمکردنەوەی کۆمەکی پشتگیریی کۆمەلایەتی، بە تایبەکردنی هەندێک لە کەرتەکان. لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوەزیاد لە سەد کەمپانیای دەوڵەت بە کەرتی تایبەت فرۆشران کە لە نێویاندا پاڵاوتگەی نەوت، کەرتی گەشتوگوزار و زەویوزار تێدابوو کە ٢٩% ی لەژێر خاوەندارێتی کۆمپانیابیانی‌یەکاندا بوون.

ئەم گۆڕانکاری‌یانە وەرچەرخان بوون بەرەو ئابوری بازاڕی ئازاد کە بوونە هۆکاری دابەزینی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک و دەوڵەندبوونی کەمینەکی کەم ( کە زۆربەیان لە خانەوادەی قەزافی خۆی بوون) لە لیبیا. ئەمانە یەکەمین هۆکاری سەرەکی سەهەڵدان و ڕاپەڕینی خەڵک بوون لە لیبیا. لە دواین دەورەی کۆتایی دەسەڵاتی قەزافیدا ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئاسایی بەرەو هەڵدێر وئالۆزی زیاتر ڕوویئەنا. بەهۆی چەسپاندنی سیاسەتەکانی لیبرالیزمی نوێوە هەژاری بێئەندازە ڕووی لە سەرکرد. لە ساڵی ١٩٩٩ ەوە بە تەوای لیبیا ڕووی لە ئابووری بازاڕی ئازاد و سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ‌ کرد بەڵام ئەمانە تەنها دەستکەوت و قازانج بوون بۆ کەمینەیەکی کەم کە زۆربەیان لە خێزانی قەزافی بوون لەگەڵ کەمینەیەکی هۆزەکان و ژمارەیەک لە هێزەئەمنی‌یەکانی دەستوپێوەندی.

ئەمانە لە ڕوویەکیشەوە جیاوازی و دابەشبوونەکانی نێو چینی بۆرژوازیش ڕوون ئەکەنەوە. ژمارەیەکی کەم لە جەنەڕاڵە کۆنەکان، وەزیرو بازرگان و خاونکارەکان دژ بە قەزافی برا! ڕاپەڕین و هەر زوو لە کەشتی‌یە نوقومبووەکەوە فڕێدران. ئەمانەش هەر لە هەوڵی دزینی خەبات و تیکۆشانی خەڵکدا بوون کە لە ڕیزەکانی خوارەوە هەڵقوڵابوون.

ئایا لە لیبیا شۆڕش هەبوو ؟

بزووتنەوەی لیبیا بەشێک بوو لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕی‌یە گشتی‌یەی کە جیهانی عەرەبی گرتەوە پاش ڕاپەڕینەکانی خەڵک لە تونس و میسر. سەرەتا بە ڕاپەڕینی جەماوەری‌یەوە لە بنغازی‌یەوە دەستی پێکرد، لەسەرەتاوە ئەمە ڕاپەرینێکی خۆبەخۆیی‌یانەی خەڵک بوو دژ بە دەسەڵاتدارێتی قەزافی و هەوڵی ئەدا کە دەسەڵاتەکەی کۆتایی پێبهێنێت. ئەم بزووتنەوەیە سروشتێکی پێشکەتووخوازانەی هەبوو و ناکرێت ئەوە ئینکار بکەین کە لە ئیمکاناتێکی شۆڕشگێرانەش بەهرەمەند بوو.

مۆتۆڕی سەرەکی ڕاپەڕینەکان جەماوەری شۆڕشگێڕی خەڵک بوون: خەڵکانی هەژار و زەحمەتکێش، کرێکاران، و ووردەبۆرژوازی ، ژمارەیەکی بەرچاو لە چینی مامناوەند ( دکتۆر و پارێزەران ، …هتد ) بەڕووی قەزافی ڕاپەڕین. گەورەترین خاڵی لاواز لێرەدا ئەبوو کە چینی کرێکار ڕێکخراو نەبوو- کەمتر ڕێکخراوتر لەوەی کە لە تونس و میسر بینیمان- کە لە کەرتی نەوتدا چڕبوونەتەوە و ئەمیش بە دەوری خۆی زیاتر پشت بەستووە بە کرێکاری غەیرە لیبی هەربۆیەش پرۆلیتاریا نەیتوانی مۆرکی خۆی بەسەر بزووتنەوەکەوە بنێت.

بەهەمان شێوەی تونس ومیسر لە لیبیاش بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک ڕابەرایەتیەکی یەکگرتوو و پتەوی نەبوو. جگە لەوەی بەهۆی چەند فاکتەرێکی تری نێوخۆیی و ناوچەیی‌ و عەشیرەتیی‌یەوە بارودۆخەکە لە لیبیا ئاڵۆزی زیاتری هەبوو ئەمە جگە لەو دەورە لاوەکی و حاشیەیی‌یەی کە چینی کرێکار هەیبوو بارودۆخەکە بەو شیوەیە گۆڕا کە ئێستا لەبەرچاومانە.

لەباری مێژوویی‌یەوە لیبیا لە سێ پارێزگا (ولایەت) پێکهاتبوو. تریپۆلیتانا لە باکوری ڕۆژئاوا، بەرقە لە ڕۆژهەلات، فەزان لە باشووری ڕۆژئاوا. ئەم هەرێمانە بە زۆر لە ژێردەسەڵاتی ئیمپریالیزمی ئیتالیا یەکیان گرت کە لەساڵی ١٩٣٤ ەوە لیبیای دابەشکرد بەسەر یەک هەرێم و چوار پارێزگادا کە ئەوانەش بریتین لە تریپۆلی(طرابلس)، میسراتە،بنغازی، بەیزا و بیابانی لیبیا. قەزافی بۆ سەقامگیرکردنی دەسەلاتی خۆی لە لیبیا پەنای بردە بەر هاندانی عەرەبەکان دژی بەربەر، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کرد بە گژبەیەکدا، عەشیرەتەکانی کرد بە دوژمی یەکتر. دوژمنایەتی‌یە نێوخۆیی‌یەکان و هاوپەیمانی هۆزو عەشیرەتەکان لەگەڵ یەکتر ئەوەندەی تر بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردبوو و لە لێواری جەنگی نێوخۆیدا قەراری گرتبوو.

سروشتی چوونەپێشەوەی ڕووداوەکان بەشێوەیەکن کە بوار بۆ هیچ بۆشایی‌یەک (vacuum) ناهێڵێتەوە. لە نەبوونی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕدا توخمەکانی بۆرژوازی دێنە پێشەوە و هەل ئەقۆزنەوە. ئەنجومەنی کاتیی نیشتمانی‌یان دامەزراند. ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە خۆیان لەخۆیانەوە لەو شوێنە دامەزراند و هیچ کات لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێردراون وبەوهۆیەوە بەرپرسیاریش نین لەبەرامبەر کەسدا. بەزۆر خۆیان هێنایە پێشەوەی ڕووداوەکان و جەماوەری شۆڕشگێڕ ( بە تایبەت گەنجان )یان  وەلانا کە هەموو شەڕەکان لە سەرەتادا ئەوان کردیان.

سەرهەڵدانی بنغازی

بەهەمان شێوەی میسر یەکەمین ناڕەزایەتی لە رێگایفەیسبوکەوە ڕێکخرا ڕۆژی ١٧ ی فێبریوەری دەستنیشان کرا بۆ دەستپێکردنیخۆپیشاندانەکان. بۆ ڕیگەگرتن لە چوونە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان ڕژێمی قەزافی لە ڕۆژی١٥ی فێبریوەری پارێزەر (فەتحی تەربیل) یان دەستگیر کرد کە ئەو پارێزەرە یە نوێنەرایەتی خانەوادەی ئەو زیندانی‌یە قوربانیانە ئەکات کە ١٢٠٠ زیندانی بوون لە (زیندانی ئەبو سەلیم) و بە فەرمانی قەزافی لە ساڵی ١٩٩٦ دا قەتلوعام کران.

دەستگیرکردنی فەتحی بووە جێگای ناڕەزایەتی خانەوادەی ئەو زیندانی‌یانە وهاواریان کرد “بنغازی لە خەو ڕاپەڕە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی ئەکەیت ” خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی‌یان دەربڕی. بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەلاتی لیبیا بە خۆپیشاندانەکانەوە پەیوەستبوون لەوانە ، ئەلمەرج، بەیزا، دەرنە، شەحات، توبروک وئەجدابیا.

قەزافی وەلامی ئەم خۆپیشاندانانەی بە ناردنی سوپا و هێز دژ بە خەڵک وەڵامدایەوە، کە لە نێویاندا بەکرێگیراوەکان بوون ، ئەو سوپا تایبەتەی کە لەلایەن کوڕەکانی‌یەوە ڕابەرایەتی ئەکران. چەکی قورس دژ بە خەڵکی بێچەک بەکارهێنرا. ژمارەیەکی زۆر خەلک کوژرا، شەڕ بەردەوام بوو تا خەڵک توانی‌یان چەند مۆڵگەیەکی سەربازی لە بنغازی دەستبەسەر بکەن و بارودۆخەکە ڕووی لە شەڕێکی ناوخۆ کرد.

ڕاپەڕینی پاڵەوانانەی بنغازی ئەکرێت بچوێنین بە هەمان راپەڕنی کرێکارانی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٦ دا ئەو کاتانەی کە کرێکارانی بەرشەلۆنە پەلاماری سوپایفاشیزمیان ئەدا لە کاتێکدا هیچ چەکێکیان پێنەبوو. خەڵکی بێچەک ناچار بوون کە خۆیانبە دار و بەرد و شوشەی پڕکراو لە بەنزین ( مۆلۆتۆف) پەلاماری مۆڵگەکانی سوپابدەن، یەکێک لە خۆپیشاندەران ئۆتۆمبیلەکەی پڕ کرد بوتڵە غاز و پەلاماری مۆڵگەیەکیدا کە بووە هۆی ڕووخانی دوو دیوار دەروبەری.

پەلامارەکان بۆ سەر مۆڵگەکانی سوپا چەند رۆژێکی خایاند تا سەرئەنجام توانرا کۆنترۆڵ بکرێن . لە ژێر فشاری خەڵکی شۆڕشگێڕدا لەو ناوچانەدا سوپا تێکشکا، بەتالیۆنی بنغازی لە ژێر ڕابەرایەتی جەنەڕاڵ عەبدولفەتاحیونس پەیوەست بوو بە ڕاپەڕینەوە کە بووە هۆی شکستی مۆڵگەکان. کاتێک کە خەڵک چوونە باڵەخانەکانەوە ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی ئەو سەربازانە ئەبینران کە گوللە بارانکرابوون چونکە ئامادە نەبوون مل بە فەرمانی ڕژێمەکەی قەزافی بدەن و تەقە لەخۆپیشاندەران بکەن.

سەرئەنجام راپەڕین ئەوەی کە لە ڕۆژهەلاتەوە دەستی پێکردبوو ڕووی کردە شارەکانی ڕۆژئاوا.  خۆپیشاندان لە زاویە، میسراتە و چەند ناوچەیەکی پایتەختدا هەڵگیرسا. وەڵامدانەوەی قەزافی زۆر بێبەزەیی‌یانەو دڕندانە بوو بەکرێگیراوەکانی پڕچەک کرد تا لە بەرامبەر هەر هاتنە مەیدانێکی خەڵکدا توند وەڵام بدەنەوە، فڕۆکە و کەشتی جەنگی بەکارهێنا تا ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵات سەرکوت بکات. ژمارەیەک فڕۆکەوان فەرمانەکەیان بەجێ نەهێناو داوای پەنابەرێتی سیاسی‌یان کرد لەماڵتا و میسر.

دڕندەترین شێوانەکانی سەرکوتکردن بەکارهێنران بۆ ڕێگاگرتن لە بزووتنەوەی خەڵک لە تەرابولس، کە لەسەرەتای ڕاپەڕینەکاندا خۆپیشاندانی تێدا ڕوویدا. ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەستگیر کران، ئەشکەنجە دران ، کوژران و بێسەروشوێنکران. هەر چەشنە کۆبوونەیەکی جەماوەری قەدەغەکرا لەسەر شەقامەکان، هەموو جێیەک پڕکرا لە هێزی ئەمنی و سوپا. هێڵەکانی تەلەفۆن چاودێری ئەکران. ڕژێمی چەوسێنەر توانی بۆ ماوەیەک هاتنە مەیدانی بزووتنەوەکە لە تەرابولس خامۆش بکات تاوەکو ئەوکاتەی لە ئۆگستدا بە هێزێکی ترەوە سەری هەڵدایەوە.

ڕژێم خۆی ئامادە ئەکرد بۆبەرپەچدانەوەی هێزی بەرگری خەڵک لە ڕۆژهەلات. ڕووبارێک لە خوێن نێوان حکومەت وخەڵکی جیا ئەکردەوە. قەزافی لە چەندین شوێندا ئەوەی ڕاگەیاند کە دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت بۆ تێکشکانی شۆڕشەکە و لە خوێن هەڵکێشانی بنغازی. لە دەرئەنجامی کردەوەکانی رژێمدا هەر بەخێرایی ڕاپەڕینی جەماوەی خەڵک ڕووی لە شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیانە کرد.

ڕۆڵی ناتۆ

ئەنجومەنی کاتیی بانگەوازی ناتۆی کرد تا دەست لە کاروبارەکان وەربدات. بە درێژایی ئەو هەموو جوڵانەوە شۆڕشگێڕی‌یەی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای گرتبۆوە،ئیمپریالیستەکان بێتوانا بوون لە دەستێوەردان تێیدا. بەڵام ئێستا بۆیان ڕوون بووەتەوە کە هەلێکیان بۆ هاتۆتە پێش تا دەست لە کاروبارەکان وەربدەن و ڕۆڵێک بگێڕن. ئەمریکی، و فەڕەنسی و بەریتانی‌یەکان گرێبەستێکیان لەگەڵ ئەنجومەنی کاتیی کرد کە پێکهاتەیەکە لە توخمە جیاوازەکانی چینی بۆرژوازی و وەزیرە کۆنەکانی ڕژێمی قەزافی کە ئەمە بە تەواویی ناوەرۆک و سروشتی دواکەوتوانەی ئەم ئەنجومەنەمان بۆ دەرئەخات.

بەڵام ئەوە نادروستە کە زیادەڕۆیی لە ڕۆڵی ئەنجومەنی کاتیی بکەین یان بڵێن کۆنترۆڵی تەواوەتی‌یان بەهەموو بەسەر بارودۆخەکەدا هەبوو. ئەنجومەنی کاتیی هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر سوپاو یاخیبووەکاندا نەبوو کە بە گومان و دوژمنایەتی‌یەوە ئەیڕوانینە ڕۆڵ و بوونیان. ئەمە بەتەواویی لەو ڕووداوەدا دەرکەوت کە لە ژمارەیەک سەربازی بەریتانیا لە مانگی مارسدا دەستگیرکران لە لایەن یاخیبووەکانەوە کە مەبەستیان بوون بێنە بنغازی تا لەگەڵ ئەنجومەنی کاتیدا کۆببنەوە و پەیمان ببەستن. ئەمە شەرمەزاریەکی گەورەی بۆ حکومەتی لەندەن دروستکرد کە نەیاندەتوانی چۆن ئەوە ڕوون بکەنەوە کە هێزەکانیان چوونەتە ناو لیبیاوە.

ئەوەی کە هەڵوێستی چەکدارە یاخیبووەکانی گۆڕی ئەو هێرشە بەربڵاوەی قەزافی بوو کە بە نیازبوو بیکاتە سەربنغازی. پێشتر سەیفولئیسلام کوڕی قەزافی ڕایگەیاندبوو کە ” لیبیا نە تونسە و نەمیسر، ئەمە ئەبێتە شەڕێکی ناوخۆ ” خوێنی زۆر ئەڕژێت لەسەر شەقامەکان، ئەمە جگە لەوەی کە قسە بڵاوکراوەکانی قەزافی کە هەمیشە هەڕەشەی ئەکرد کە هەموو یاخیبووەکان لەناو ئەبات ‘ ماڵ بە ماڵ ، گەڕەک بە گەڕەک ” .

ترس لە ڕوودانی کوشتارگایەک کە قەزافی لە قسەکانیدا دووپاتی ئەکردنەوە بارودۆخێکی خوڵقاند کە داوای دەستێوەردانی دەرەکی لە ناو جەماوەری خەلک و تەنانەت ئەو هێزانەشی کە پێشتر دژایەتی‌یان ئەکرد جەماوەری تر ببێتەوە و لایەنگری زۆرتری بۆ پەیدابوو. هاتوهاواری گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی هەلی ڕەخساند بۆ ئیمپریالیزم تا دەستێوەردانی خۆی لە لیبیا بباتە پێش. سیاسەتمەداران لە فەڕەنسا و بەریتانیا سووربوون لەسەر دەستێوەردان لە لیبیا، ئەم دەستێوەردانە بە لەبەرچاگرتنی چەند فاکتەری کاتیش بڕیاری لەسەردرا: وەک دابەزینی جەماوەری سارکۆزی و هاوپەیمانی Lib-Con لە بەریتانیا. جارێکی تر ئەو ڕێکخراوەی کە بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراوە پەردەی لە ڕووی ئیمپریالستانەی خۆی هەڵماڵی وپشتگیری خۆی بۆ دەستێوەردانی مرۆیی دەربڕی. بەڵام لە بنەڕەتدا هۆکارەکە سروشتێکی ئابوری و ستراتیژی‌یانەی هەبوو. ئەوەی جێ‌ی ئاماژەیە پارێزگاریکردن لە ژیانی هاوڵاتیانی لیبی لەم نێوەدا هیچ ڕۆڵێکی نەبوو.

فەڕەنسا بە تایبەتی ئەجێندا وبەرژەوەندی خۆی هەیە. فەڕەنسا بە دوای بەدەستهێنانەوەی ئەم متمانایەیە کە لە جیهانی عەرەبدا لە دەستی داوە بە تایبەت دوای پشتگیریکردنی لە دیکتاتۆری ڕووخاوی تونس بن عەلی . فەڕەنسا هەمیشە ئەفریکا (بەتایبەت باکوری ئەفریکا) و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر هەژمونی دەسەڵاتی خۆیدا هەژمار ئەکات . ئەوە بە ڕێکەوت نی‌یە کەهێزەکانی سوپای فەرەنسا لە پشت ئەو کۆدەتا سەربازی‌یەوە بن کە لە کەناری عاج ڕوویدا و سەرۆکەکەیان بە یەکێکی بەکرێگیراوی ڕۆژئاوایی (فەڕەنسی) گۆڕی .

تۆنی بلێر پێشتر پەیوەندی گەرموگوڕی لەگەڵ قەزافی دروستکرد. ئێستاش کامیرۆن فەرمانی بەچەکی ئاسمانی شاهانە RAF کردووە تا بۆمبارانی بکات. لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی ئیمپریالیزمی بەریتانیادا ڕووی نەداوە. بەریتانیا چاوی لەسەر سامانی نەوتی لیبیایە. بە قەزافی‌یەوە بێت یان بێ ئەو، شەڕ هەروەکو کلاوسیوتز (Clausewitz ) ڕوونی کردووەتەوە تەنها درێژەدانی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر!

ناتۆ و شەڕی ناوخۆ

بە پێچەوانەی فەڕەنساو بەریتانیاوە ئەمریکی‌یەکان بەئاگاهی و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشەکەدا ئەکرد. پاش ئەوەی کە پەنجەیان زۆر بەخراپی لە ئەفغانستان و عێراق سووتا ترسی ئەوەیان هەبوو لە پەلاماردانی ئاسمانی لیبیاوە بچنە شەڕێکی ترەوە کە کۆتایی‌یەکەی دیار نەبێت، پێشتر هیچ ئامادەی بەشداریکردن نەبوون و دواتر لە ژێر فشاری بەریتانیا و فەڕەنسا هاتنە شەڕەکەوە بەومەرجەی کە ناتۆ سەرکردایەتی شەڕەکە بکات نەک ئەمریکا.

ژمارەیەک لە جەنەڕاڵە ئەمریکی‌یەکان گومانی بێئەندازەی خۆیان دەربارەی هێرشی ئاسمانی دەربڕی. لەوەتێگەیشتبوون کە ئەستەمە تەنها بە هێزی ئاسمانی بتوانن لە جەنگدا سەربکەون. لەئەفغانستان پشتبەستووبوون بە هاوپەیمانی باکور و لە کۆسۆڤۆش پشتیان بە سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ بەست (KLA) بۆ ئەوەی بتوانن لە وشکانیدا (سەر زەوی) شەڕ بکەن. لە لیبیا هەرچەندە ئەوەی کە هێرش و پەلاماری فڕۆکە جەنگی‌یەکانی ناتۆ ڕۆڵی گرنگیان گێڕا لە تێکشکانی تواناکانی سوپای قەزافی بەڵام بۆ ئەوەی سەر بکەون ئەبێت لەسەر زەوی شەڕبکەن. بەڵام بۆیان دەرکەوت کە ئەمە هەروا کارێکی ئاسان نابێت بۆیان کە پێشبینی‌یان کردبوو.

لە جەنگی سڤیڵدا (نێوخۆیی‌)دا سیاسەت رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە یەکلاکردنەوەی مەسەلەکان لەچاو ئەو ڕۆڵەی کە لە جەنگێکی ئاساییدا ئەتوانێت بیگێڕێت. بە بێ بوونی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە ئەستەمە کە متمانەی جەماوەی ناڕازی لە بەرەیبەرامبەردا بەدەستبهێنیت. خاڵێکی تری لاواز ئەو دووبەرەکی و نایەکگرتوویە بوو کە لەنێو ڕیزەکانی یاخیبووەکاندا ئەبینرا. ژمارەیەک لە کۆنە فەرماندارەکانی سوپا گومانی ( دروستتر بڵێن کە وا بوو) ئەوەیان لێئەکرا کە ڕێکەوتن لەگەڵ قەزافی برا ئەنجامبدەن! ئەگەر جەنگ بە شێوە ئاسایی‌یەکەی خۆی بچوایەتە پێش ئەوا لە قازانجی هێزەکانیقەزافی بوو کە بەهرەمەندتر بوون لە سوپای مەشقپێکراو پڕ چەکتر.

بەم هۆکارانە وا چاوەڕوان ئەکرا جەنگی نێوخۆیی درێژە بکێشێ و کاراکتەرێکی(سروشتێکی) یەکجارخوێناوی‌یانە بەخۆوە بگرێت. هێزی یاخیبووەکان مەشقپێنەکراون و لەڕووی سەربازی‌یەوە هیچ توانایی‌یان نی‌یە. جەنەڕاڵەکانی ناتۆ بە ئاشکرا بێزاری وتوڕەیی خۆیان لەبەرامبەر هێزەدا دەرئەبڕی. لە چاوپێکەوتنێکی ئیکۆنۆمیستدا یەکێک لە جەنەڕاڵەکان بەبێزاری‌یەوە وتی” ئەمانە بە ڕاستی هیچ ئامادەی جەنگ نین و بە دروستیش ناشیانەوێت،ئەوەی کە روو ئەدات تەنها خۆ دەرخستنی خۆیانە”

هەرچەندە ئەوەی کە هێزی ئاسمانی کلیلەڕۆڵ لە تێکشکاندنی چەکە قورسەکانی سەر زەوی ئەگێڕێت بەڵام لە زانستی سەربازیدا زۆر ڕوونە کە ئەستەمە تەنها بە هێرشی ئاسمانی جەنگەکە بتوانرێت ببرێتەوە. هەر ئەم تاقیکردنەوەیەی دوایی کە لە لیبیا خۆشی ڕوویدا ڕاستی ئەم بۆچوونە ئەسەلمێنێت. هێرشی هێزە ئاسمانی‌یەکانی ناتۆ ڕۆڵی گێڕا لە ڕاگرتن یپێشرەویی هێرشەکانی قەزافی بەوەش کۆمەکی بە یاخیبووەکان کرد کە دژە هێرشەکانیان بۆسەر سوپای قەزافی دەست پێبکەن. هێرشە ئاسمانی‌یەکان تەنها بەس نەبوون بۆ سەرکەوتن لەجەنگەکەدا، پاش چەندین مانگ لە هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی قەزافی واپێدەچوو کە شەڕی سەر زەوی بە ڕێگایەکی داخراو گەیشتووە.

گومان و دوودڵی زیاتر لە لەندەن و پاریس سەریهەڵداو مەترسی خۆیان لە درێژەکێشانی جەنگ نەک تەنها بۆ چەندین مانگ بەڵکو بۆ چەندین ساڵدەربڕی. ئەم هێرشە بۆ سەر لیبیا زۆر لەوە زیاتری تێئەچێت کە پێشبینی‌یان ئەکرد. لەسەرەتای ئۆکتۆبەردا بەریتانیا نزیک بە £1.75 ملیاری خەرجی شەڕ کردووە و لانی کەمیشئەمریکا بڕی 1. 1 ملیار دۆلاری ی تێپەڕاندووە. لەو باردۆخە قەیراناوی‌یەی ئێستاداکە باس لە سەندنەوەی دەستکەوتەکانی خەڵک و هێرش بۆ سەر بیمە کۆمەلایەتی وتەندروستی‌یەکان ئەکرێت زۆر ئەستەمە باس لە دابینکردنی بودجە و خەرجی زیاتر بکرێتبۆ جەنگ لە لیبیا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ولیەم هاگیو (William Hague ) ئەمەی نەشاردەوە و چەند لێدوانێکی ڕەشبینانەی خۆی لە ئامادەکردنی ڕای گشتی خەڵک بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە لیبیا دەربڕی.

فەڕەنسا لە هەموویان زیاتر پەشۆکاوتر بوو. فڕۆکە جەنگی‌یەکانی فەڕەنسا بەرپرس بوو لە یەک لەسەر سێ‌ی هێرشە ئاسمانی‌یەکانی ناتۆ کە ئەکرانە سەر هێزەکانی قەزافی. ڕۆژنامەی لامۆند(Le Monde ) سەرزەنشتی خۆی بە مانشێتی گەورە ڕاگەیاند” ئیتر لەمەودوا فەڕەنسا ئەو سوپایەی نی‌یە کە بتوانێت ئامانجە سیاسی‌یەکانی بەدی بهێنێت” لە ڕۆژی ١١ی مەی دا ئەدمیراڵ ئێدواردغولارد(Edouard Guillard ) ڕاستی‌یەکی سەرنجڕاکێسی دانپێدانا ” ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای فەڕەنسا لاواز و تێکشکاون، نابێت خۆمان لەم ڕاستی‌یە لابدەین و ئینکاری بکەین، ئێمە لە باردۆخێکی زۆر سەختداین”.

تورکیاش کە یەکێک لە ئەندامەکانی ناتۆیە خۆی لە بارودخێکی سەختدا ئەبینی‌یەوە. پاش ئەوەی کە چەندین پەیوەندی گەرموگوڕی لەگەڵ ڕژێمەکەی قەزافی دامەزراند و لە بەرامبەریدا چەند دەستکەوتی چەوری بۆ کەمپانیاتورکی‌یەکان مسۆگەرکرد سەرەتا هەوڵی دا کە ڕێگا لە مەیلی بەریتانی و فەرەنسی‌یەکان بگرێت بۆ دەستێوەردان و چوونە ناوەوەی لیبیا بەڵام هەر کە زانی بارودۆخەکە لە دژی قەزافی‌یە ئەردۆگان خێرا دەستی کرد بە گۆڕینی هەڵوێستەکانی تا بتوانێت لە داهاتوودا دەورگێڕانی تورکیا لە پاش نەمانی حەتمی قەزافی مسۆگەر بکات.

کەمپینی دیاریکراوی بۆمبارانی لیبیا هەر زوو سنورداریی توانا سەبازی‌یەکانی ناتۆی خستە روو، دابەشبوون لە ڕیزەکانیدا سەریهەڵدا. ئەڵمانیا هیچ پەیوەندی بە کێشەی لیبیاوە نی‌یە یان ئیتالیا بەشداریەکی کەمی شەڕەکانی کرد، بەریتانیا و فەڕەنسا بە تاڵی‌یەوە باسیان لەوە کرد کەهاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ بە ئەندازەی پێویست بەشداری ناکەن و لەم نێوەشدا بە نمونە پەنجەیان بۆ ئەڵمانیا و ئیتالیا ڕاکێشا.

داڕووخانی تریپۆلی

دواین جار چارەنووسی کێشەکە بە داڕووخانی تریپۆلی (طرابلس) لە مانگی ئۆگستدا یەکلایی بووەوە. ئایا داڕووخانی تریپۆلی بەهۆی بۆمبارانی هێزەکانی ناتۆوە بوو؟ ئەو ڕاستی‌یەی کە داڕووخانی تریپۆلی هێزەکانی ناتۆی سەرسوڕمانکرد ئاماژەیە بە نادروستی ئەم قسەیە. تا ئەو کاتەش سەرکردەکان سەرگەرمی ئامادەکردنیڕای گشتی بوون بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە لیبیا و قسە لە سەر ڕێگاداخراوەکان ئەکرا. کاتێک ئەمە ڕوویدا هەموو لایەک توشی سەرسوڕمان بوون بە ئیمپریالستەکان و ئەنجومەنی کاتی و تەنانەت یاخیبووەکانیشەوە. ڕۆژنامەنوسی ئێرلەندی پاتریک کۆکبێرن لەراپۆرتێکیدا بۆ کاونتەرپونچ (Counterpunch ) باس لەمە ئەکات: ” تەنانەت هێزە کۆماندۆکانی یاخیبووەکانیش بەم ڕووداوە سەریان سوڕما. تەنانەت لە ناوچەیەکی وەکئەبو سەلیم کە پڕن لە لایەنگرانی قەزافی شەڕی کەم خایەن ڕوویدا. خالید کە فەرمانبەرە لە بانکێکی ناوخۆیی و چەکێکی پێ‌یە ئەڵێت: ” وامان هەست کرد کە زۆر بەهێزن، بەڵام شەڕەکان تەنها چەند کاتژمێرێکیان خایاند و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە دواین ساتەکاندا لایەنگری خۆیان گۆڕی” – کاونتەرپونچ ، ٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ .

هەمان ڕاپۆرت بەردەوامە: ” ئێستا زۆربەی زۆری خەڵکەکە باس لەوە ئەکەن کە بە ئاشکرا یان بە نهێنی لەگەڵ یاخیبوەکاندا بوون. ئەم قسانە پێدەچیت بە درێژایی مێژوو لە هەموو ئەو شارانەدا وترا بێت کە گەمارۆ دراون. بەڵام هەموو ڕووداوەکان ئاماژە بەوە ئەکەن کە هەمان ئەو کاتانەی لە مانگی ئۆگستدا کە یاخیبووەکان چوونە شاری زاویە (Zawiyah)  ئیتر ڕێگای تریپۆلی بە نەپارێزراویی وکراوەیی مایەوە. لەو ساتانەوە ورەی هێزەکانی قەزافی بە تەواوی هەرەسی هێنا.

کۆنە سەربازێک باس لەوە ئەکات کە چۆن تانک(tank )ەکەی لە زاویە بەجێهێشت پاش ئەوەی کەفەرمانی پێکرا کە لە بەرامبەر هێزی یاخیبووەکان لە چیای نافوسە پاشەکشە بکات،ڕاپەڕین لە زاویە سەری هەڵداوە و هێزەکانی ناتۆش بێهوودە هێڵە بەرگری‌یەکانی سوپایقەزافی بۆمباران ئەکەن، ئیتر لە کاتانەدا بڕیار ئەدات کە یاری‌یەکە کۆتایی هاتووە وهیج شتێک نەماوەتەوە بۆ ئەوەی لە ناو تانکەکەیدا بمێنێتەوە و بسوتێ بۆیە جلەسەربازی‌یەکانی خۆی دائەکەنێ و ڕائەکات.

لەناو تریپۆلیدا لایەنگرانی ڕژێم بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە هیچ هۆکارێک نی‌یە بۆ ئەوەی لە پێناو ئامانجێکی دۆڕاوداخۆیان بەکوشت بدەن.

عصام ئیسلامێکی ئسوڵی‌یە و خاوەنی ترێلەیەکە، بەرپرسە لە ناوچەی بازاڕی هەینی – سوق الجمعە – (Souq al-Jumaa) ڕایگەیاند کە سەرەتا ژمارەیەکی کەم چەکیان پێبوو بەڵام دواتر ماڵ بە ماڵی لایەنگرانی قەزافی گەڕاوە و داوای چەکی لێکردوون و پێ‌ی ڕاگەیاندوون کەلە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە. کەس لاری لەمە نەبووە. خالید لە ئەبوسەلیم پێ‌ی وایە کە خاڵی گۆڕان لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکە ئەو کاتە بوو کە قەزافی شکستی هێنا لە دەستبەسەرداگرتنی میسراتە لە سەرەتای هاوین و ناتۆ بۆمبارانەکانی چڕتر کردەوە. دوای ئەمە هێزەکانی قەزافی پاشەکشەیان کردو دواتر ڕوون بۆوە کە کێ براوەی کۆتایی‌یە.

دواین جار ڕژێمی قەزافی وەک ماڵێک لە کارد داڕووخا. هێڵە بەرگری‌یەکانی تریپۆلی هەرەسیان هێنا و سەربازەکان بۆیان ڕوون بووەوە کە هیچ هۆکارێک نی‌یە تا لە پێناو دۆزێکی شکستخواردوودا بکوژرێن.

هێزەبەشداربووەکان کامانە بوون ؟

ڕاپەڕینی چەکدارانە ڕۆڵێکی بنەڕەتیگێڕا لە هەرەسهێنانی هێزە بەرگری‌یەکانی سوپا و لایەنگرانی قەزافی لە شارەکاندا. ئەمە لە چەندین سەرچاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە لەنێویاندا وتارێکی نیکۆلاس فێلهامەبە ناوی “لیبیا : چۆن ئەنجامیان دا”. لەم وتارەدا پێناسێکی دروستی ئەو باردۆخە ئەکات پاش ئەوەی کە هێزە یاخیبووەکان چوونە ناوی شاری تریپۆلی‌یەوە. ” پاش ئەوەی کە گەیشتمە سوق الجمعە لە ڕۆژهەڵاتی تریپۆلی کە نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس تێیدانیشتەجێ‌یە، پاش سێ ڕۆژ لە هاتنە ناوەوەی هێزە چەکدارەکانی یاخیبووەکان لە ٢١ی ئۆگستدا هەستم کرد کە لە شوێنێکدا لە ژێر ستەمی قەزافی ڕزگای بووە. بەپێچەوانەی شەقام و گەڕەکە داخرەاوەکانی تری شار گەڕەکەکان لە پشت سەنگەرەکانی سەرشەقامەکانەوە وەک پورە هەنگ وابوون ، منداڵان تا شەو درەنگانێک خەریکی یاریکردنبوون، ژنان خەریکی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بوون، مزگەوتەکان سەرگەرمی وتاری ئاینی وخۆئامادەکردن بوون بۆ جەژنی ڕەمەزان کە خوا گەورەیە و گەورەتریشە لە کۆلۆنێل (…) . سوق الجمعە یەکەمین ناوچە بوو لە تریپۆلی کە پشتگیری لە شۆڕشی قەزافی کرد لە ساڵی١٩٦٩دا و یەکەمین بوون لە بە گژداچونەوەی ئەوەی ٣٩ ساڵ لەوەپێش(…). ژمارەیەکی زۆری خەڵک پاش ڕۆژووشکانی ٢٠ی ئۆگست لە گەڕەکەکان چوون بە دەم بانگەوازی مزگەوتەکانەوە، بەڵام  ڕێکخستن و بەرینایی سەرهەڵدانی سوق الجمعە بێوێنە بوو. لەماوەی تەنها چەند خولەکێکدا تەواوی گەڕەکەکان و شەقامەکان پڕبوون بەمەتەرێز (سەنگەر) بە سەلاجەی کۆن، ئۆتۆمیلی سوتاو، چەند پاشماوەی تری سەربازی کە سوتابوون. سەنگەرەکان پڕ بوون لە چەکدارەکان. ژمارەیەک لە ئۆتۆمیلەکان بە سەرخەڵکدا ئەگەڕان، جۆرێک قومبەلە کە پێ‌یان ئەوت (جێلاتین) و مۆلۆتۆڤ (Molotov) یان بەسەر خەڵکەکەدا دابەش ئەکرد، دواتر ئەو چەکانەیان هێنایە دەر کە لە ماوەی شەشمانگی ڕابردوودا کڕیبوویان بە سێ هەزار دینار بۆ هەر پارچەیەک، و هەروەها بەپشتبەستن بە لیستێک کە پێشتر ئامادەیان کردبوو بەسەر ئەو ماڵ و کەسانەدا ئەگەڕان کە لایەنگری قەزافی و جاسوس بوون چەکیان ئەکردن و دواتر دەریان ئەکردن “.

هەمان راپۆرت بەردەوامە و ئەڵێت : ئەنجومەنی کاتیی نیشتمانی کە شەرعیەتی لە دەرەوەی لیبیاوە وەرگرت لە یەکەمین ڕۆژەکانی ئازادبووندا بۆیان ئەستەم بوو کە تەنانەت لەناو پایتەختەکەی خۆشیان جێ ئیعتبار بن و دەسەلاتیان ببێت. بە پێچەوانەی ڕژێمی عێراقەوە کە بەهێز لەناوچوو بەڵام ڕژێمەکەی لیبیا بە دەستی خەڵکی لیبیا خۆیان ئازاد بوون، دەسەڵاتدارەکانی داهاتووی لیبیا لیبی‌یەکان خۆیانن. سەرباری ئەوەی کە هێزەکانی ناتۆ کۆمەکی هێرشی ئاسمانی‌یان کرد بەڵام ئەوە خەڵکی لیبیا خۆیان بوون کە لەسەر زەوی خۆیان ڕزگار کرد(تەئکیدکردنەوەی منە -ئالان ودز)

لە ٢٠ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ بڵاوکراوەی ( کرێکاری سۆسیالیست ) نامەیەکی سەرنجڕاکێش بڵاو ئەکاتەوە کە باس لە داڕووخانی تریپۆلی و هەموو هێزە چەکدارە جیاوازەکان ئەکات لە بەرەی یاخیبووەکاندا. ناونیشانی بابەتەکەجێ‌ی سەرنجە” شۆڕشێک لە ڕیشەوە جەماوەریی” نامەکە لە لایەن کەسێکەوە لە تریپۆلی‌یەوە نوسراوە بەرپەرچدانەوەیەک بوو بۆ وتارێکی” کرێکاری سۆسیالیست” خۆیانبە ناوی ” لە لیبیادا کێ بە ڕاستی سەرکەوت؟” کە پێ‌ی وایە هێزەکانی ناتۆ لە شۆڕشەکەدا سەرکەتوو بوون نەک خەڵکی لیبیا. نوسەر بەمجۆرە وەڵامیان ئەداتەوە ” لێرەوە لە تریپۆلی، پێم وایە کە ئەم دەرئەنجامە پەلەیی پێوە دیارە و چەند خاڵێک هەنکە پێویستە ئاگادار بن لێ‌ی:

ئەم شۆرشە لە ڕیشەوە جەماوەریی بوو ، تریپۆلی لەلایەن هێزە دەرەکی‌یەکانەوە ئازاد نەکرا. بەڵکو سەرهەڵدانێک لە ناوەوە لە ٢٠ ی ئۆگست لە چەند ناوچەیەکی شار ڕوویدا. لە نیوەڕۆی دواییدا واتە ٢١ ی ئۆگست بە تەواوی لە چەند ناوچەیەکی شار هێزە ئەمنی‌ و دەزگاکانیان بە تەوای تێکشکێنرابوون و لە چەند ناوچەیەکی تریشدا هێزەکانی خەڵک لە چوونە پێشەوەدا بوون. لە ئێوارەی ٢١ ی ئۆگستدا ئینجا هێزی چەکداری یاخیبووەکانی تر لە دەرەوەی شار هاتنە ناوەوە پەلاماری ئەو باڵەخانەو شوێنانەیان دا کە هێشتا ڕزگار نەکرابوون”.

“” هێزی یەکلاکەرەوە لەشۆڕش لە هەر وەرچەرخانێکیدا بەشداری بەرینی جەماوەری ناڕازی بوو هەر لە یەکەمینسەرهەڵدانەکانەوە لە بنغازی و زنتانەوە بگرە تاوەکو ئەمانەی دوایی کە لە تریپۆلی ودەروبەری ڕوویان دا”.

“ئەمڕۆ شەقامەکانی تریپۆلی لە لایەن خەڵکانی ئاسایی‌یەوەچاودێری ئەکرێن. لە گەڕەکەکان لیژنەکانی خەڵک کە لە چەکدارانی گەڕەکەکان خۆیانپێکدێن پارێزگاری لە ناوچەکانیان ئەکەن، خاڵی پشکنین دائەنێن و پارێزگاری لەئاسایشی گەڕەکەکانیان ئەکەن. لە نەبوونی دەزگای پۆلیسدا( کە تازەکی خەریکیگەڕانەوەن) لیژنە ناوچەیی‌یەکان بە واقعی بوونەتە دەسەڵاتدارانی سەر شەقام و نێوگەڕەکەکان”.

“هەروەکو هاوڕێیەکی لیبیم پێ‌ی وتم، هەموو شتەکان ژێرەو ژووربوونەتەوە”. دانیشتوانی ئاسایی دەستیان گرتووە بەسەر مەڵبەند و باڵەخانە ئەمنی وحکومی‌یەکانی چینی دەسەڵاتدار، لە مەڵبەندە ئەمنی‌یەکانەوە بگرە تا باڵەخانەکانیقەزافی، ئەتوانیت لە ناو ڤێلاکانی قەزافی و باڵەخانەکانی ئیستخبارات بگەڕێت ودوانیوەڕوانێک بەسەر بەریت. خەڵکانی ئاسایی دەستیان گرتووە بەسەر ڤێلاکانی قەزافی و زیندانەکان و کردوویانن بە مۆزەخانە. ئەو مەلەوانگەیەی ماڵەکەی عائیشە (کچەکەی قەزافی) کە بە پارەی خەڵک بینا کرابوو ئێستا کراوەیە و بووە بە مەلەوانگەیەکی گشتی بۆ هەمووان. لە چەند ناوچەیەکدا خەڵک دەستیان گرتووە بەسەر چەند ئوتێل وچێشتخانەیەکدا کە هی دەست وپێوەندە ئەمنی و ئیستخباراتی‌یەکانی قەزافی بوون و ئێستا خۆیان سەرپەرشتی ئەکەن”.

“هەمان هەستکردن بە هێزی خۆ و باوەڕبەخۆبوون کە میسریداپۆشی ئێستا لێرە بوونی هەیە”

ئەم قسانە لە لایەن کەسێکەوە یاداشت کراوە کەڕووداوەکان لە تریپۆلی‌یەوە وەک خۆی ئەگێڕێتەوە جێ‌ی بایەخە. باس لە هێزو توخمێکیگرنگی هاوکێشەکە ئەکات. ڕاستی ئەوەیە کە هێزی بزوێنەرەی سەرەکی سەرهەڵدانەکان دژیقەزافی هێزی جەماوەر بوو. لە تێڕوانینی مارکسەوە ئەمە گرنگترین لە بەرچاوگرتنە لەڕووداوەکاندا ، بەڵام بەمانای لێکدانەوەی سروشتی تەواوەتی چینایەتیی سەرهەڵدانەکاننی‌‌یە، یان ئەو ڕێگایانەی کە ئێستا ڕووداوەکان پێیدا تێدەپەڕن.

نوسەرەکە لە درێژەی باسەکەیدا باس لە پێکهاتە چەکداری‌یەکانی ناو لیبیا بەم شێوەیە ئەکات :

  • ڕابەرە شۆڕشگێڕەکان لە تریپۆلی کە لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕابەرایەتی بزووتنەوەکەیان ئەکرد لە فێبریوەری، بە بێ هیچ پەیوەندی‌یەک لەگەڵ ناتۆ.
  • ئەو شۆشگێرە لیبی‌یانەی کە لە دەرەوەی وڵات بوون لە میسر و تونس و شوێنەکانی تر و گەڕاونەتەوە.
  • ڕەوتە ئیسلامی‌یەکان کە لە لایەن جەندسەرکردەیەکی بەناوبانگەوە رابەرایەتی ئەکرێن
  • ئەنجومەنی کاتی نیشتمانی کە بنکەکەی لە بنغازی‌یە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێئەکرێت بە تایبەتی باڵەجێبەجێکەرەکەی (Executive Committee ) .
  • هێزی سوپای تریپۆلی کە بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، یەکێکیان لە ژێر ڕابەرایەتی ئیسلامی (عبدالحكيم بلحاج) دایە وباڵەکەی تریشیان لە لایەن ئەفسەر و جەنەراڵە کۆنەکانی ڕژێمی قەزافی‌یەوەیە ، لەڕۆژهەلاتەوە جەماوەریان هەیە و لە لایەن قەتەرەوە پشتگیری ئەکرێن
  • هەروەها نزیک بە ٤٠ یەکەی چەکداریی یاخیبووەکان کە لە سەرتاسەری لیبیادا هەن.

لەم ڕاپۆرتەوە بارودۆخی ئاڵۆزی ناو لیبیامان بۆ ڕوون ئەبێتەوە. کە چەندین توخمی ناکۆک و دژ بە یەکی تێدایە. بەلەبەرچاوگرتنی چەندینوتار و ڕاپۆرت کە پێشتر دراون و هەن ئەنجومەنی کاتیی تاوەکو ئێستاش بارودۆخەکەیلەژێر کۆنترۆڵدا نی‌یە، چەند لیژنەیەکی چەکداریی و میلیشیایی هەن کە دەستیان گرتووەبەسەر ناوچە جیاوازەکاندا.

داڵەکان ئەسوڕێنەوە

لە کاتێکدا کە دواین دێڕەکانی ئەم بابەتە ئەنوسم دواین قەڵاکانی ڕژێمی قەزافی هەرەسیان هێناوە. قەزافی خۆی دەستگیرا کراو کوژرا. هێرشە بەردەوامەکانی قەزافی بە جەنگی درێژخایەن چەند قسەیەکی سواو و بێناوەرۆک بوون هەرچەندە ئەوەی کە لایەنگران و دەستوپێوەندەکانی لە داهاتوودا بە دەستگرتن بە چەند ڕێبازی تیرۆریستی و شەڕی لێرەولەوێ هەوڵ ئەدەن کە ناجێگیری بۆ ڕژێمی داهاتووی لیبیا پێکبهێنن.

تەنانەت پێش کوژرانەکەشی ئیمپریالسیەتەکان لە جووڵەدا بوون. ئەمریکا خێراو بەفەرمی دەستی کرد بەکردنەوەی باڵوێزخانەکەی خۆی. باڵوێز لەو هەلە بازرگانی‌یەی بۆیان هاتۆتە پێش سەرگەرمی هەوڵەکانی خۆیەتی بۆ کۆمەک و دابینکردنی گرێبەست بۆ کەمپانیا ئەمریکی‌یەکان و (کلنتۆن)یش سەردانی وڵاتی کرد کە بێگومان ئەمیش لە هەوڵی دابینکردنی گرێبەستی قازانجبەخشە بۆ کەمپانیا ئەمریکی‌یەکان.

پێدەچێت دەسەڵاتدارە نوێکانی لیبیا زۆر سوورتر بن لە خۆخستنە باوەشی ئیمپریالیستەکانەوە. لە دواین کۆنفرانسی هەفتەی ڕابردوودا مستەفا عبدلجلیل سەرۆکی ئەنجومەنی کاتیی (هەڵنەبژێردراو)– کە خۆی خۆی بە سەرۆکی یاخیبووە کۆنەکان ئەناسێنێت- ڕایگەیاند “کە حکومەتی نوێ بە پلەی یەکەم لایەنگرە ئەوروپی‌یەکانی خۆی لە دەستڕاگەیشتن بە بازرگانیکردن لە لیبیا لەبەرچاو ئەگرێت”. ڕایگەیاند کە هیچ ڕێکەوتنێکی پێشوەخت لەگەڵ هاوکارە ڕۆژئاوایی‌یەکان نەکراوە، “بەلام وەک خەڵکێکی موسڵمانی دڵسۆز هەوڵە کۆمەکەکانی ڕۆژئاوایی‌یەکانمان لا سەنگینە و لە چوارچێوەیەکی ڕووندا ئەمان بە پلەی یەکەم لەبەرچاو ئەگرین”.

حکومەتی کاتیش ڕایگەیاند کە “ڕێز لە هەموو ئەو گرێبەست و ڕێکەوتنانە ئەکات کە لە سەردەمی قەزافیدا واژۆ کراون بەو مەرجەی کە مەشروع بن، و ڕایگەیاند کە هەر گرێبەستێک لە گەندەڵی دارایی‌یەوە ئاڵا بێت چاو پیاخشاندنەوەی یاسایی بۆ ئەکرێت” . ڕایگەیاند “کە گەندەڵی لە هەموو ئەو بوارانەی گرێبەستە بازرگانیەکانی داوە کە قەزافی دەستی بۆ بردوون، بیرۆکراسی لە ناخیدا ژیاوە لەبەر ئەوەی تەنها بەو شێوەیە توانیویەتی بژێت، هەمیشە خانەوادەکەی لە لوتکەی گرێبەستەکاندا بوون و لە هەر گرێبەستێکدا دەستکەوتێکی مسۆگەری بۆ ئەوان تێدا بووە”.

بەڵام لەگەڵ وتنی هەموو ئەمانەدا بە ویژدانێکی زۆر ساردەوە خۆی لەو ڕاستی‌یە دزی‌یەوە کە ژمارەیەکی زۆری ئەندامەکانی ئەنجومەنی کاتیی لە ڕژێمەکەی قەزافی‌یەوە هاتوون و خۆیان بەشێکی سەرەکی ئەو گەندەڵکاری‌یانە بوون. عبدلجلیل تا ئەم دوایی‌یانەش خۆی ئەمینداری لیژنەی گەل بوو لەسەردەمی قەزافی بەڵام هەر زوو کە زانی ڕەشەباکە ڕووی لە کوێ‌یە خۆی لە کەشتی‌یە نوقومبووەکە دەرباز کرد و خۆی وەک یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕش ناساند. لە قسەکانی بەردەوام ئەبیت و ئەڵێت” سەرکردە نوێکانی لیبیا پابەندبوونی خۆیان بە پێوانە نێونەتەوەیی‌یەکانەوە شەفافیەت دووپات ئەکەنەوە کە پێم وایە ئەمە شتێکی زۆر باشە”.

سارکۆزی کە خۆی هاودەمێکی گەرمی قەزافی بوو لە خۆپیشاندانێکی ئەم دوایی‌یانەی بنغازی هاوپشتی فەڕەنسای بۆ ڕژێمی نو‌ێی لیبیا ڕاگەیاند کە هاوشان لەگەڵیدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن ئامادە بوو و ئەمیش هەمان شتی ڕاگەیاندەوە.

دیپلۆماتێکی گەورەی لیبی لە لەندەن بە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی ڕایگەیاند کە” هاوکاری بەریتانیا لە ڕووخانی قەزافی هەرگیز لەبیر ناکرێت و بە دڵنیایی‌یەوە کەمپانیا بەریتانی‌یەکان ئەتوانن ڕۆڵێکی زۆر ببین لە ئاوەدانکردنەوەی لیبیا” هەروەها وتی” دڵنیاتان ئەکەمەوە کە بەریتانیا ئەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت، و هیوادارین کە پێکەوە کاربکەین بۆ بیناکردنەوەی لیبیای داهاتوو” ئەمەی لە کۆبوونەوەیەکدا باس کرد کە سەد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەریتانی تێیدا ئامادەبوون کە جگە لە ڕۆیتەرز نەبێت ڕێگا بە میدیاکانی تر نەدرا لە کۆبوونەوەکە بەشدار بن، ئەمەش زۆر ڕۆشنە کە بۆ؟، چونکە ئەم بەڕێزانە حەز ناکەن کە جیهان بزانێت کە چۆن بازرگانیکردن شوێن ئاڵای دیموکراسی ئەکەوێت!

سەرکردە ئەوروپایی‌یەکان دوودڵی خۆیان لە دەستڕاگەیشتنی ئیسلامی‌یە توندڕەوەکان یان ئەوانەی دژ بە ڕۆژئاوان بە کورسی دەسەڵات ڕاگەیاند. بەڵام ئیسلامی‌یەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ تەئکیدکردنەوەیان لە ” مۆدێرنێتی، دیموکراسیخوازی و پلورالیزمی- باوەڕ بە چەندایەتی-” ڕەوتەکانیان. ئەمانیش ئامادەن کە هەرشتێک لە لیبیا هەیە بەو کەسانەی کە پارەی زیاتر ئەدەن بفرۆشن.

لە کۆنفراسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ١٥٠ کەمپانیای ئەمریکی تێدا ئامادەبوون باڵوێز جین کرێتز (Gene A. Cretz ) ڕایگەیاند “هەموو ئەزانین کە نەوت خشڵی تاجی سامانە سروشتی‌یەکانە لە لیبیا، تەنانەت لە سەردەمی قەزافیشدا پاش ئەوەی کە لیبیا شەش ساڵ لەمەوبەر دەستی بە کرانەوە لە بەرامبەر ڕۆژئاوا کرد لە A ەوە تا Z ( مەبەست لەوەیە کە هەموو شتێکیان ئەکرد) هەوڵیان ئەدا کە ژێر خانی ئابووری و شتی تر چاک بکەن”. درێژە بە قسەکانی ئەدا و ئەڵێت :” ئەگەر بتوانن کە ئامادەیی کەمپانیا ئەمریکی‌یەکان بە بەرینایی‌یەکی زۆرە لێرە مسۆگەر بکەین، کە هەموو شتێک ئەکەین لەم پێناوەدا، ئەوا بێگومان ئەتوانین ژیان و بارودۆخ لە ئەمریکا چاک بکەین بەڕێزگرتن لە کارەکانی خۆمان”.

بەڕێز کریتز ئەڵیت” نەوت هەرگیز هۆکاری سەرەکی دەستێوەردانی ئەمریکا نەبووە لە لیبیا” بەڵام هەر قسەکانی پێشتری باس لە سووربوونی ئەمریکی‌یەکان ئەکات بۆ هەر ڕاوکردنێکی قازانجبەخشانە بە کەمپانیاکان. هەر سەرنج و قسەکانی خۆی دانپیانانێکی ئاشکرایە بە ئامانجی ئەمریکا و ولاتانی ئەوروپا بۆ دەستێوەردان لە لیبیا. ئەوان تەنها بایەخ بە سامانە نەوتی‌یەکانی لیبیا نادەن بەڵکو بە فرۆشیی ئەو ئامێرو مەوادو خزمەتگوزارییانەش کە کڕین و فرۆشتنی ئەو سامانە مسۆگەر ئەکەن. لە جەرگەی ئەم قەیران و لەپەلوپۆکەوتنەی بازاڕدا ئەمانە هەلێکن کە نابێت لە دەست بچن بۆ ساغکردنەوەیان لە بازاڕەکانی لیبیا!.

ئەم دەستێوەردانانەی ئیمپریالیزم ئەبێتە ئاکامی سەرهەڵدانی چەندین ناکۆکی تازە. یاخیبووەکان وەک شەڕە پشیلە بەربوونەتە گیانی یەک. عبد الفتاح يونس یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پێشووی سوپا لە بارودۆخێکی نەزانراودا لە مانگی حەت کوژرا. زۆرێک پەنجەی تاوانیان بۆ ئیسلامی‌یەکان راکێشا، بەڵام ئەمە هەر ساغ نەبۆوە. پاش شکستی قەزافی لە باب ئەلعەزیزیە لە کۆتایی مانگی ئۆگستدا یەکێک لە ئیسلامی‌یە توندڕەوەکان عبد الحكيم بلحاج کە بە (أبو عبدالله الصادق) ناسراوە هەوڵی کۆدەتای دا بۆ دەستگرتن بەسەر سەرکرادیەتی سەربازی تریپۆلیدا. ئەمە بووە هۆکاری ناکۆکی لەگەل ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی‌یەکانی تر کە ناکۆکن لەگەڵیدا بۆ نمونە (عبدالله ناكر) کە بە (CNN ) ی ڕاگەیاند: ” عبدالحکیم بلحاج کێ‌یە؟ و کێ‌ی دایمەزراندووە؟ ئێمە نایناسین. ئێمە سەرکردەین، ئێمە شۆشگێڕەکانین. ئێمە هەموو هەموو شتێک ئەزانین” . کێ بلحاجی دامەزرانددووە پرسیارێکی زۆر گرنگە بەڵام ئەکرێت هەمان پرسیار ئاراستەی عبدالله ناكر خۆی و هەموو هاوشانەکانی لە ئەنجومەنی کاتیی بکەینەوە. سەرۆکی ئەنجومەنەکە (عبدالجلیل) هەوڵی دا کە ڕێ لە تەشەنەکردنی ناکۆکی‌یەکان بگرێت، پاش ئەوەی کە چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردە جیاوازاەکان ئەنجامدا باوردوۆخەکە بە ڕاددەیەکی وا گەرم و شلۆق گەیشتبوو کە ناچار بوو ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرە جیاوازەکاندا کۆببێتەوە.

بلحاج تاوانبار ئەکرێت بەوەی دەستی لەگەڵ قەتەری‌یەکان تێکەڵ کردووەو ئیمکاناتی ماددی بۆ دابینکراوە تا چەک و تەقەمەنی بکرێت. قەتەریش وەک بەشێک لە ناتۆ هەوڵی دەستێوەردانی دا لە لیبیا. بەهەمان شێوەی بەریتانیایی، فەڕەنسی، ئەمریکی و ئیتالی‌یەکانەوە لە ریگای هاوکار و لایەنگران و بەکرێگیراوەکانی‌یەوە بە دوای دابینبکردنی بەرژەوەندیەکانیەوەیەتی. ئەم هەموو دەستێوەردانە دەرەکی‌یانە ئەبنە هۆکاری دابەشبوونی نێوان بەرەی یاخیبووەکان بەراددەیەک کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی لیبیاش ئەکات.

سەرباری ئەو خۆپیشاندانە دۆستانەیەی کە لە بنغازی ڕێکخرا، زۆربەی جەماوەری خەڵک لە لیبیا ڕقیان لە ئیمپریالیستەکانەو باوەڕیان پێیان نی‌یە. ئەوە ئەزانن کە شۆڕشی لیبیا هاوکاریی ڕۆژئاوایی‌یەکانی کۆکردەوە لەبەر ئەوەی وڵاتەکە لە نەوتدا دەوڵەمەندە. و بەریتانیایی، فەرەنسی و ئەمریکی‌یەکان تەنها بە دوای تاڵانکردنی سامانە سروشتی‌یەکانەوەن. بارودۆخەکە لە هەمان بارودۆخی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بەڵام بە جیاوازیەکی گرنگەوە کە سەربازەکانی ئەمریکا لێرە بوونیان نی‌یە.

لیبی‌یەکان باش ئەزانن کە بۆ دەیان ساڵ سەرکردەکان لە بەریتانیا و فەڕەنسا گەرمترین هاوڕێیەتی‌یان لەگەڵ قەزافیدا بەرقەرارکرد. باشیان لە بیرە کە ساڵی ٢٠٠٧ چۆن سارکۆزی قەزافی لەباوەشکرد و چوارساڵ تێنەپەڕی بێ هیچ دوودڵیەک دەستی کرد بە بۆمبارانکردنی. باش لەوە ئەزانن کاتێک کە تۆنی بلێر چووە تریپۆلی بۆ پاڕانەوە بوو تا گرێبەستی چەند کۆمپانیایەیکی نەوت مسۆگەر بکات.

باش ئەوە ئەزانن کە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دیموکراتیخواز ئەناسێن چۆن زیندانی‌‌یە سیاسی‌یەکانیان ڕادەستی تریپۆلی ئەکردەوە تا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕژێمی قەزافی‌یەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەشکەنجە بدرێن. خەڵک درەنگ یان زوو دەست بەسەر هەموو فایلەکانی وەزارەتی دەرەوە و نەوتدا ئەگرن و هەموو ئەو نهێنی‌یە ژێربەژێرانەی بلێر و سارکۆزی‌ و بەرلسکۆنی‌یان لەگەڵ قەزافی بۆ دەرئەکەوێت تەنها لە بارێکدا نەبێت مەگەر دەزگا ئەمنی و ئیستخباراتی‌یەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا زوو دەستیان بەو فایلانە ڕابگا و لەبەرچاو ونیان بکەن.

کێ سەرئەکەوێت؟

لە لێکدانەوەی هەر دیاردەیەکدا پێویستە بە ئاگاهانەوە جیاوازی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرین. پێشکەوتووخوازان لە کۆنەپەرستان جیا بکەینەوە. لە بارودۆخی لیبیادا ئەمە ئاسان نی‌یە. بزووتنەوەکە لە لیبیا چەندین توخمی جیاواز و دژبەیەکی تێدایە، هەم کۆنەپەستان و هەم توانا شۆڕشگێڕی‌یەکان. چەند هێزێک هەن کە لە ناکۆکیدان بۆ رابەرایەتیکردنی شۆڕشەکە. ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و ئەکرێت بە چەند ڕێگایەکی جیاوازدا تێبپەڕێت و هەروەکو لە بابەتێکی ترمدا لە مانگی هەشت ئاماژەم پێیدا.ئاکامی کۆتایی لەم بارودۆخە ئاڵۆزو دژ بەیەکەدا هێشتا نادیارە. لە لایەکەوە بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک و لە نێویشیاندا چینی کرێکار بەدوای داخوازی و بەرژەوەندی‌یەکانی خۆیەوەیەتی. لە لایەکی ترەوە توخمەکانی بۆرژوازی لەگەل ئیمپریالستەکاندا هەوڵ ئەدەن تا کۆنترۆڵی باردۆخەکە بکەن. مۆتۆڕی سەرەکی شۆرشەکە کە گەنجان و شەڕکەرە یاخیبووەکانن کە ئازا و ڕاستگۆن، بەڵام ئەمانە ناڕۆشن و ناڕێکخراون، و ئەکرێت لە لایەن ڕەوتە ئسوڵی‌ و دیماگۆجی‌یەکانەوە بە ئاسانی لەخشتە ببرێن. بەم دوایی‌یانە ڕەوتێک لە چینی کرێکار دەستی کردووە بە بزووتن و داخوازی‌یە چینایەتی‌یە سەربەخۆکانی خۆی ڕاگەیاندووە بەڵام بە ژمارە کەمن و لە ڕابەرایەتیەکی گونجاو بەهرەمەند نین.

ڕۆشنی نی‌یە کە کام لەم هێزانە لە داهاتوودا سەرکەتوو ئەبن . ئەنجومەنی کاتیی کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێئەکرێت تا ئێستاش لاوازە و جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە. بەم دوایی‌یانە چەند خۆپیشاندانێک بە دژیان لە شارەکان لە نێویشیاندا بنغازی ڕێکخرا. تاوەکو ناوەڕاستی مانگی سێپتەمبەریش لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە یاخیبوو و ڕەوتە سیاسی‌یەکان لە ڕکابەریدا بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵات. هیچ گارانتی ئەوە نی‌یە کە ئەنجومەنی کاتیی بتوانێت حکومەتێکی لەسەرپێوەستاو دابمەزرێنێت. لاوازی ئەنجومەنەکە لەوەدا دەرکەوت کە تەنانەت لە پاش ڕووخانی تریپۆلیش لە بنغازی مایەوە، ڕوونتر بڵێین ئەترسن بێنە پایتەختەوە کە لە لایەن هێزە میلیشیایی‌یەکانەوە دەستی بەسەرداگیرا.

نیکۆڵاس پێلهام لە پێشانگای پەرتوکی نیویۆرک (The New York Review of Books) ئەنوسێت:” هەموویان ئەیانویست بە یەکگرتووی خۆدەربخەن کاتێک کە نوێنەرێکی ئەنجومەن لە بنغازی‌یەوە کە وەزیری دارایی عەلی تەرحونی بوو گەیشتە تریپۆلی، بەڵام هەمان ئەو کاتەی کە خەریکی بەستنی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی بوون کاتێک کە ژمارەیەک لە یاخیبووەکان چوونە سەر کورسی‌یەکان یەکسەر ناکۆکی و کێشە لە نێوانیان سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوە. لەژێر سورەیای هۆڵی ئوتێلەکەدا تەرحونی کە لیستێکی دوورودرێژی ئامادەکردبوو بۆ سوپاسگوزاری ئەو لایەنانەی کە لە ناوخۆو دەرەوە کۆمەکیان کردبوو لە ڕووخانی قەزافی بەڵام ناوی تریپۆلی‌یەکانی بیر کرد. یەکیک لە ئەندامانی ئەنجومەنی تریپۆلی بێزاری خۆی دەربڕی و وتی” نایەوێت ئەو ڕۆڵە لەبەرچاو بگرێت کە سەرهەڵدان ئەنجامی دا لە تریپۆلی” و گەرایەوە دواوە لە کاتێکدا کە تەرحونی خەریکی قسەکردن بوو”. ئەو گومانەی پیشاندا کە تاوەکو ئێستاش ڕۆژهەلات هەوڵ ئەدات کە ڕکابەری ڕۆژئاوا بکات. ئەندامی ئەنجومەنەکە درێژەی بە قسەکانی دا” ئەگەر پێ‌ی وایە کە بەو خەڵکە کە شارەکانی خۆیان ئازاد کرد بڵێت کە چەکەکانتان دابنێن ئەوا بە پاکێتێکدا بۆی ئەنێرین”.

پاتریک کۆکبێرن ئەنوسێت:” ئەندامانی ئەنجومەنی کاتیی هێواشی‌یان نواند لە گەیشتنیان بە تریپۆلی و لەهەمان کاتدا هێواشی‌یان نواند لە بەدەستەوەگرتنی بارددۆخەکە کاتێک کە گەیشتن. عبدالرحمن ئەلکیب پێ‌ی وایە کە سیاسی‌یەکان سەرباری لێدوانیان لە پێشەکانیان سەبارەت بە سەرکەوتن بەڵام ناڕێکخراوبوون، چونکە وایان بیر نەدەکردەوە کە قەزافی وا بە خێرایی هەرەس بهێنێت، هێزەکانی بەو شێوەیەی کە پێشبینیمان ئەکرد بەهێز نەبوون”.

ناکۆکی هاتە ئاراوە لەسەر ئەوەی کێ دەست بەسەر پارەکانی لیبیادا بگرێت. خاوەن نفوزە ناوچەیی‌یەکان دەرکەوتن. کێشە لە لیبیا ئەوەیە کە زۆربەیان پێش ئەوەی پابەند بن بە وڵاتەکەیانەوە پابەندن بە خێزان، هۆز و عەشیرەت، دێهات و شارەکانیانەوە.

پاتریک لە نوسینەکەی بەردەوام ئەبێت:” ئەنجومەنی کاتیی لاوازو هەڵوەشاوە و بێتوانایە لە گرتنە دەستی دەسەڵات. بەپێچەوانەی ئەمانەوە لیژنە ناوچەیی‌یەکانی خەڵک کە پارێزگاری لە ئاسایشی شەقام و گەڕەکەکان ئەکەن زۆر بە تواناترن. هەرچەندە ئەوەی کە کەمی ئاو، سوتەمەنی، و خواردەمەنی لە دوکانەکاندا هەیە بەڵام ئەم لیژنانە بە درێژایی شەش مانگی ڕابردوو لە خەمی کۆکردنەوەی ئەوانەدا بووە و کردوویەتی تا بتوانێت بەر بە هەر قەیرانێکی مرۆیی بگرێت کە ڕووبدات. بەڵام ڕابەرایەتی سیاسی لاوازە و پێدەچێت کە میلیشیا ناوچەیی‌یەکان بە تەواویی دەست ببەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان، لەوانەیە دەسەڵاتداری تازەی لیبیا نەتوانێت بەرگەی زۆرێک لەو فشارانە بگرێت کە لەسەریەتی بەڵام لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی عێراق و ئەفغانستانەوە ناچاریش نەبێت”.

لە نەبوونی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕدا پێدەچێت کە بۆرژوازی‌یەکان بتوانن بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بن بەڵام هەروا بە ئاسانی بۆیان تێناپەرێت و دەرگیری کێشەی جدی ئەبنەوە. لە پلەی یەکەمدا ئەوانە ڕووبەڕووی خەڵکانێک ئەبنەوە کە چەکدارن، هەربۆیە یەکەمین هەنگاویان دەستبردنیانە بۆ چەککردنی خەڵک و لێسەندنەوەی چەکەکانیان بەڵام ئەمە هەر بە قسە ئاسانە. باڵوێزی ئەمریکا چەند فاکتەرێکی بەهەند وەرگرتووە کە لە نێویاندا چەککردنی خەڵک و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا سەربەخۆ زۆرەکانە.

ئیسماعیل سەلەبی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی لە بنغازی داوای کرد هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کاتیی کرد و ئەندامەکانی بە ” پاشماوەکانی ڕژێمی قەزافی” و ” دەستەیەک لە لیبراڵەکان کە هیچ ڕەگێکیان لە کۆمەڵگای لیبیادا نی‌یە” وەسف کرد.

زۆرێک لە شەڕکەرەکان ، وەک سەلەبی، پێیان وایە کە ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە ڕووخانی قەزافی، ژمارەیەکیان لەوە زیاتر ئەڵین و پێ‌یان وایە کە دەستبەسەرداگرنتی خێرای تریپۆلی ئەنجومەنی کاتی توشی سەرسامی کرد چونکە بەم هەنگاوەیان توانی‌یان نەخشەکەی ناتۆ (دابەشکردنی لیبیا بەسەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) شکست پێبێنن. پێیان وایە کە ستراتیژی ناتۆ ئەوە بوو کە پێشڕەوی سەربازی نەکات لە ڕۆژئاواو شارۆچکەی بەرقە بکات بە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ڕۆژهەلاتی ئازادبوو و ڕۆژئاوای ژێر دەسەلاتی قەزافی.

سومەیە غەنوشی لە گاردیان بابەتێکی سەرنجڕاکێسی لەمبارەیەوە نوسیوە، هەڵبەت ئەبێت ئەو ڕاستی‌یەش لەبەر چاو بگرین کە سومەیە کچی غەنوشی ڕابەری حزبی نەهزەی ئیسلامی‌یە لە تونس. ئەوەی کە نوسیویەتی زۆر سەرنجراکێشە دەربارەی ناکۆکیەکانی نێوان یاخیبووەکان و ئەنجومەنی کاتیی. ئەنوسێت:” ئەم ناکۆکی‌یە بە چەند شێوازێک لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە بەڕێوە چوو، لەهەر بارێکیاندا داینەمیکی ناخۆیی شۆڕشە جۆراوجۆرەکانە لە لایەن هێزە دەرەکی‌یەکانەوە کە لەسەر لۆژیکی دەستبەسەرداگرتن دامەزراون هەڕەشەیان لێئەکرێت. ئەوەی گرنگە لە باردۆخەکە ئەوەیە کە ئایا بەهاری عەرەبی ڕوو لە گۆڕانکاری‌یەکی حساببۆکراو، دیاریکراو، و چاودێریکراو ئەکات کە یاریزانە نوێکان جێ‌ی یاریزانە کۆنەکان ئەگرنەوە بە بێ ئەوەی هیچ گۆرانکاری‌یەک لە بنەمای یاریکردنەکەدا ڕووبدات و یان جەنگ بە وەکالەت لە ڕێگای ژمارەیەک لە هێزە ناوخۆیی‌یەکانەوە هەڵئەگیرسێت بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی کۆن بە رژێمێکی نوێ. ئەمە ئەوەیە کە هێزە دەرەکی‌یە جیاوازەکان ئەیانەوێت بیبینن”.

” قەزافی ڕۆیشت، بەڵام ئێستا لیبیا بووە بە مەیدانی چەند جەنگێکی تر، نەک تەنها ناکۆکی نێوان ناتۆ و یاخیبووەکان، بەڵکو لە لە نێوان هێزە دەرەکیەکان خۆشیان کە سەرمایەگوزاری‌یان لە جەنگەکەدا کرد. فەڕەنسی‌یەکان کە بڕیاریان داوە لە دەسەڵاتدارێتی سیاسی و ئابوری‌یان هەبێت، ئیتالی‌یەکان کە لیبیا وەک باخچەیەکی پشتەوەی ماڵەکانیان هەژمار ئەکەن، بەریتانی‌یەکان کە مەبەستیانە پارێزگاری لە گرێبەستەکانیان بکەن کە پێشتر لەگەڵ رژێمی قەزافی کردوویانە.، تورکەکان کە بە دوای زیندووکردنەوەی نفوزی خۆیانن لە ناوچە کۆنەکانی ژێر دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بێگومان دۆڕاوەکانیش چین و ڕوسیا دەرچوون”.

ڕۆڵی چینی کرێکار

شۆڕشی لیبیا درامایەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ڕووخانی قەزافی بەشی یەکەمێتی. پاشەڕۆژ لە ئەنجامی ناکۆکی هێزە زیندووەکانەوە دیاری ئەکرێت و ئەنجامی کۆتاییش هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە. چەند ئەگەرێک ئیمکانیان هەیە – هەم شۆڕشگێرانە و هەم دژ بە شۆڕشیش. گۆڕانکاری‌یەکانی داهاتوو هەم لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی نێوخۆی لیبیا و هەم لەسەر ئاستی نێو نەتەوەییش دیاریئەکرێن. لێرەدا خستنە ڕووی پرسیارەکە بە شێوەیەکی دروست گرنگە: ئایا ڕووخانی قەزافی سەرکەوتنێک بوو بۆ شۆڕش یان دژە‌شۆڕش؟ بێگومان بە لابردنی ڕێگرییەکی گەورە لەسەر ڕێگای خەباتی چینی کرێکار ئیمکاناتێکی نوێ هاتوونەتە پێش و لەگەڵیشیدا مەترسی نوێ‌ی دروست کردووە. لە ئەنجامی نەبوونی چینێکی کرێکاریی پتەو بوو کە ناکۆکی‌یەکان ڕوویان کردە شەڕێکی نێوخۆیی درێژخایەن. گەنجانی یاخی پەیوەست بوون بە گروپە جۆراوجۆرە شۆڕشگێرەکانەوە کە ئەمانەش زیاتر لە سەر بنەمای هۆز و تیرە یان دڵسۆزی بۆ کەس و ناوچەیەک دامەزرابوون. چەکدار بوون و لە لایەن چەند بزنسمانێکەوە چەک و ئۆتۆمبیلیان بۆ دابین ئەکرا. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێکخراوێکی کرێکاری سەربەخۆ بوونی نی‌یە، ئەمە سەرباری نەبوونی پارتێکی مارکسیستی شۆڕشگێری ڕاستەقینە، هەربۆیە ئاسۆی سیاسی‌ ئەم یاخیبوووانە تەنها لە چوارچێوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی سەرمایەداراندا قەتیس ماوەتەوە بە وشەیەکی تر لە چوارچێوەی جۆرێک لە جۆرەکانی دیموکراسی بۆرژوازی. ئەمانە هەموو نیشانەی پرسیار دائەنێن لەسەر ئایندەی بزووتنەوەکە.

ئایا لە داهاتوودا ئیمپریالسیتەکان سەرکەوتوو ئەبن لە سەپاندنی حوکمەکانیان و سەرشۆڕپێکردنی شۆڕش لە پێناوی بەرژەوەندی‌یەکانیان. ناکرێت پێشوەخت وەڵامی ئەم پرسیارە بە یەقینی بدەینەوە. چەند هێزێکی گەورە هەن کە پاڵ بە ڕووداوەکانەوە ئەنێن بەم ئاراستەیەدا. بەڵام هەر کارێک دژە کاردانەوەی یەکسانی هەیە. ئەوەی کە کەسانێک ئاڵاکانی فەڕەنسا، بەریتانیا ( و میسر و جەزائیر و قەتەر ) ئەشەکێننەوە بە مانای ئەوە نی‌یە کە خەڵکی لیبیا هەروا دەستەوەستان دائەنیشن تا سامانی نەوتەکەیان بە ئاسانی بەو کەسانەی کە پارەی زیاتر ئەدەن بفرۆشرێت. ویستی ئەم وڵاتانە لە بۆمبارانی ڕژێمی قەزافی شتێکە و گەڕانەوە بۆ ژێر داگیرکاریی لیبیا شتێکی ترە. گرنگە بزانین کە ئەنجومەنی کاتیی سەرباری هەڵوێستە لاوازەکەی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا بەم دوایی‌یانە دژی هاتنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە ئەمە خۆی بەهێزی ئەو فشارە کۆمەڵایەتی‌یەمان بۆ دەرئەخات کە لەسەر ئەنجومەنی کاتیی هەیە. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە جەماوەری خەڵک بە گومانەوە ئەڕواننە ئەنجومەنی کاتیی و ڕێگری خۆیان نیشان دا لە دەستێووەردانی ئیمپریالسیتەکان لە لیبیا.

ئەو کەسەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا لەسەرەوە کە شایەد حاڵێکی واقیعی ناو ڕووداوەکانی تریپۆلی بوو ئەنوسێت:” تا ئێستاش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵی سەرشۆڕپێکردنی شۆڕشدان بۆ بەرژەوەندی‌یەکانیان. ژمارەیەک لە یاخیبووەکان کە هیچ پێگەیەکی جەماوەری‌یان نی‌یە هەوڵیان دا کە دەست بە شۆڕشەکانی عەرەبدا بگرن، ئەمانە هیچ خۆشی‌یان بە یموکراسی ڕاستەقینە نایەت بەڵکو بە دیموکراسی‌یەکی دیاریکراو و کۆنترۆلکراو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی‌یە تایبەتیەکانی خۆیان”.

دەرئەنجام پێ‌ی وایە کە :” سەرباری ئەوەی شۆڕش سروشتێکی جەماوەری هەیە، بەڵام لاوازی پێکهاتەی سیاسی لە لیبیا بە مانای ئەوەیە کە ئەگەرەکانی هاتنە دەری ڕەوتێکی چەپ زۆر ئەستەمە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە ژێر سایەی قەزافیدا زۆر لەمە ئەستەمتر بوو، بۆیە سەرهەڵدانەکان بوارێک بۆ کۆمەڵگای لیبیا ئەکەنەوە لە دەرکەوتن و پێشکەوتنی ئەم ڕەوتەدا. لەوانەیە ئەمە لە کورت ماوەدا ڕوو نەدات – چونکە پێویستی بە دارشتنەوەی پێکهاتەی ئابووری، گەشەی چینی کرێکار … هتد چەند فاکتەری ترەوە هەیە – بەڵام بۆ یەکەمین جار هەلێک لە لیبیا ئەڕەخسێت بۆ ئەم پێشڕەوی‌یانە. هەربۆیە پێویستە کۆمەک بە شۆڕش بکەین، ئەمە سەرباری ئەوەی کە سەرکەوتن لە لیبیا هەناسەیەکی تری کردەوە بە بەری شۆڕشەکانی دنیای عەرەبدا بە تایبەت لە سوریا و یەمەن”.” هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین کە کێ ئایندەی شۆڕش دیاری ئەکات بەڵام لانی کەم هەموو ئەو ڕەوتانە ئەناسین کە ئەیانەوێت لە دیاریکردنی ئەو ئایندەیەدا ڕۆڵ بگێڕن”.

ئەم لێکدانەوەیە هاوسەنگە. ئەوە ڕاستە کە چینی کرێکار زۆر لاوازترە، با بڵێن لە چاو پرۆلیتاریای میسر. تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە مۆرکی خۆی بەسەر شۆڕشەوە دابنێت. چەپ بە شێوەیەکی گشتی لاوازە، فشاری توخمە جیاجیاکانی بۆرژوازی و ئیمپریالیزم ئەکرێت لیبیا بەرەو ئاراستەیەکی جیاوازتر بەرێت بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی قەزافی بواری هەلومەرجی تازەی کردۆتەوە لە چوونە پێشەوەی کێشمەکێش و ناکۆکی چینایەتی لە لیبیا.

 

ئەو تاقیکردنەوەیەی کە شۆڕشی لیبیا چۆن پێیدا تێپەڕی بە ڕابەرایەتی بۆرژوازی کە لە بنەڕەتدا بزووتنەوەکەی ڕفاند، یانی ئەو سەرکردانەی کە خۆیان بەشێک بوون لە ڕژێمی قەزافی و ئێستا بەرگی دیموکراسی‌یان پۆشیوە، ئەکرێت ببنە وانەیەکی پڕ بەها بۆ ئەو بزووتنەوانەی کە لە سوریا و یەمەن بەڕێوە ئەچن. وانەکە بەم شێوەیەیە :” ئەگەر بە کۆمەکی هێزە داگیرکەرەکان ڕژێم بڕوخێت ئەوا خەڵک ناچار ئەکرێت کە باجەکەی بدات، لە جیاتی ئەوەی کە گۆڕانکاریەکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگا ڕوو بدات کۆتاییەکەی تەنها ڕژێمێکە کە زۆربەیان لە پیاوانی ڕژێمی کۆن پێکهاتوون و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی کۆنە بەبەرگێکی تازەوە. هەروەها کێشە کۆمەلایەتی‌یەکان وەک خۆیان ئەمێننەوەو چارەسەر ناکرێن، بۆیە جەماوەری خەڵک ئەبێت دووبارە خۆیان بۆ شۆڕش ئامادە بکەنەوە تا ئەو داخوازی‌یانە بەدیبهێنن کە یەکەم جار بەرزیان کردبۆوە.

بارودۆخە ماددیەکان لە لیبیا لە درێژماوەدا یەکلاکەرەوەن. بارودۆخی گشتی جەماوەری خەلک خراپە و زۆر پەرێشانە. خزمەتگوزاری‌یەکانی کارەباو ئاو بڕاون، سەرباری کەمی سوتەمەنی. کرێکاران ناتوانن تا سەر بە قسەو گوفتاری دیموکراسی‌ بژین. پێداویستی ڕۆژانەیان هەیە و ئەبێت بایەخیان پێ بدرێ و وەڵام بدرێنەوە. بە دڵنایی‌یەوە کۆتایی ناکۆکی و شەڕەکان لە بەرەی یاخیبووەکاندا لەسەر ڕیزبەندی چینایەتی بەڕێوە ئەچێت.

کرێکاران هەر ئێستا ڕەخنەی جدی‌یان لە ئەنجومەنی کاتی هەیە و دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە مانەوەی هەمان بەڕێوەبەرە کۆنەکانی سەردەمی قەزافی لە پیشەسازی نەوت لە شوێنەکانی خۆیان. رۆژی ٢٧ ی سێپتەمبەر زیاد لە سەد کرێکاری کەمپانیای نەوتی لیبیا (NOC) ناڕەزایەتی‌یان دەربڕی لە دەرەوەی نوسینگەکەیان لە تریپۆلی دژ بە مانەوەی هەمان بەڕیوەبەرە کۆنەکانی ڕژێمی قەزافی.

هەیفا محمەد کە لەو کەمپانیایە کار ئەکات وتی :” ئەمە سەردەمێکی نوێ‌یە، شۆڕشێکی نوێ‌یە ، خوێنی زۆرمان لێڕژا تا بەم ڕۆژە گەیشتین بۆیە جاوەڕوانی ڕۆژێکی نوێین، پێمان وابوو کە ئەم گۆرانکاری‌یانە ڕوو ئەدەن بەڵام هەروەکو ئەبینین هەمان خەڵکە کۆنەکان لە شوێنەکانی خۆیاندان ، مەبەستم لە خەڵکە خراپەکانە، بەڕێوەبەرەکان”.

ئەمە تەنها ڕووداو نەبوو لە لیبیا ، ئیکۆنۆمیست لە ٩ ی ئەپڕڵدا باس لە ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت ئەکات لە بنغازی لە بەردەم نوسینگەی کەمپانیای نەوتی کەنداو (AGOCO) کە گەورەترین کەمپانیای نەوتە لە لیبیا و داخوازی گۆڕین بوون لە بەڕێوەبەرایەتی کەمپانیاکەدا . کەمپانیا ناچاربوو کە مل بە داخوازی کرێکاران بدەن کە ئەویش هێشتنەوەی نوێنەری هەڵبژێردراوی کرێکاران بوو لە لیژنەی کاروباری کرێکاراندا، کرێکاران لەم ناڕەزایەتیەدا سەرباری دژایەتیکردنیان لە لایەن ئەنجومەنی کاتی‌یەوە سەرکەوتوو بوون. یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی بە ئیکۆنۆمیستی راگەیاند :”دەسەلاتدارە ناوخۆیی‌یە تازەکان زۆر لە یاریزانە بیانی‌یەکان خێراتر هەڵسوکەوت ئەکەن بۆ دابەشکردنی وڵات”.

لەمانەدا گوێمان لە دەنگی ڕاستەقینەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ ئەبێت، ئەو دەنگەی کە دیکتاتۆری ڕووخاند و نایەوێت کە بە دیکتاتۆرێکی تر جێ‌ی بگیرێتەوە: دیکتاتۆریەتی یاساکانی سەرمایە و ئیمپریالیزم. ئەمانە ئاماژەن بە جووڵانی چینی کرێکار. ئەبێت هەموو ئەو شتانەی کە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بدەین بۆ کۆمەکرکردن و هاندانی هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەربەخۆی چینی کرێکار لە لیبیا.

بارودۆخەکان زۆر ئاڵۆزن و چەندین کێشمەكێش هەن بە ئاراستەی جیاوازدا. ئەبێت لەسەر هەمان ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بین کە مارکسیستەکان ئەبێت هەمیشە پشبەستووبن بە چینی کرێکار و توخمە هەرە شۆڕشگێرەکانی گەنجان هەرچەندە ئەگەر کە کەمینەیەکی کەمیش بن . ئێمە پشتوبەستووین بەو پێشکەتووخوازان و دژ بە هەر بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانە ئەجەنگین.

لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە ڕووخانی قەزافی یەکێکە لە زنجیرەکانی ئەو بومەلەرزانەی کە جیهانی عەرەبیان هەژاندووە. بن عەلی و موبارەک ڕۆشتن، ساڵحیش بە دەزوولەیەکەوە هەڵواسراوە و ئێستاش ئەوە قەزافی ڕۆشت. ئەمە چارەنوسی بەشار ئەسەد لە سوریا ئەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە. عەبدوڵا لە ئوردون لە ڕووبەروبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆندایە، خەڵکی بەحرەین لە بارێکی لاوازدان لەژێر چنگی ڕژێمێکی کەمینەی سونیدا کە لە لایەن سعودیەوە پشتگیری ئەکرێت. بەلام ئەم ڕژێمانە تا کەی بەردەوام ئەبن؟ جەماوەری سعودیە کە لەسەر سامانێکی سروشتی گەورەدان تاسەر لە ژێر سایەی ڕژێمێکی داچوو ،گەندەڵ و لاوازی پاشایەتیدا نامێننەوە. ڕووداوەکانی لیبیا بەشێکە لە شۆڕشێکی گەورەی عەرەب کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

لەندەن ٢١ ی ئۆکتۆبەر ٢٠١١

بیر

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ئازاری مەرگی سەرمایەداری و ئەو ئەرکانەی بەرەو ڕوومان ئەبنەوە

ڕۆب سویڵ – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد ، ١٥ی مەی ٢٠٢٠پێمان ناوەتە قۆناغێکی شلۆق و جیاواز ...