تاهیر صالح شریف: لەگەڵ هەموو ئەو ڕۆژڕەشی و نەهامەتیانەشدا، خاڵێک کە نابێت فەرامۆشی بکەین هیوای خەڵکی هەموو عێراقە بە دەربازبوون لە دێوەزمەی هەژاری، جەنگ و بێکاری!


چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لەسەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟
تاهیر ساڵح شەریف: بە پێی دواین پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا تا لە ٤٠٪ بەرز دەبێتەوە. هەڵبەت نە جەنابی وەزیر و نە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر عێراق پێمان ناڵێن کە ئەو ڕێژەیە لە هەژاری لە عێراقدا، هەژاری ڕەهایە یان هەژاری نیسبییە؟. بێگومان بە پێی ستانداردە ئابورییەکان جیاوازییەک لە نێوان هەردوو پێوەرەکەدا هەیە، بەڵام بە بەکاربردنی هەردوو پێوەرەکە بۆ ناسینی ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا، ئێمە دەگەینە یەک ئەنجام؛ واتە بوونی هێڵی هەژاری لە وڵاتێکی ٤٠ ملیۆن کەسیدا کە هەم لانکەی شارستانیەتی جیهانی بووە و هەم سروشت هەموو شتێکی بۆ ژیان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توخمی مرۆڤ پێبەخشیوە!.
بوونی تەقریبەن نیوەی دانیشتوانی عراق لە ژێر، یان لەسەرهێڵی هەژاریدا، بەکردەوە بە واتای داڕمانی هەمەلایەنەی سەرخان و ژێرخانی وڵات و کۆمەڵگەیەکە کە ئاسۆیەکی ڕوون و کورت خایەنی بۆ هەستانەوە و بنیاتنانەوە لەبەردەمدا نییە بەم حاڵەی ئێستایەوە!. عێراق، یان وڵاتی ڕافیدەین، لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە، وڵاتێکی هەر زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بە درێژایی مێژوو دانیشتووانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاری، لەناو قەیرانەکان و لە ژێر سایەی جەنگ و کاولکاریدا ژیاون. کێشەی مێژوویی عێراق، کێشەی”دابەشکردنی سەروەت و سامانی” کۆمەڵایەتی و ” بەڕێوەبردنی سیاسیی” بووە و هەیە. بە درێژایی هەزاران ساڵە سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەند لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە لەلایەن دەسەڵاتە ملهوڕ و چەتە ناوخۆیی، یان هێزە بێگانە و دەرەکییەکانەوە تاڵان، تەخشان و پەخشان دەکرێت و بە هەدەردەدرێت.

کێشەی مێژوویی عێراق، کێشەی “دابەشکردنی سەروەت و سامانی” کۆمەڵایەتی و ” بەڕێوەبردنی سیاسیی” بووە و هەیە.


ڕەنگە جۆرێک لەهەڵە تێگەیشتن بە دەستەوە بدات گەر بڵێین دەوڵەمەندبوونی سروشتی ئەم وڵاتە، یەکێکە لە هۆکارەکانی هەژار بوونی خەڵکەکەی. دیسان ڕەنگە ئەم جۆرە تێڕوانین و لێکدانەوە ڕووکەشییانە لەگەڵ ئەقڵی سەلیمدا ناکۆک بن، بەڵام حەقیقەتی ئێستا و ڕابردووی وڵاتی عێراق لە ئاستە گشتییەکەیدا هەمان شتە. عێراقییەکانی سەدەی نۆزدەهەم تا سەدەی بیست و یەکەم، قوربانییەکانی بەپیتی و دەوڵەمەند بوونی وڵاتەکەیانن، کە هەمیشە وەک نێچیرێکی قەڵەو لە بۆسە و داوی دەوڵەتانی ئیستعماری و کۆمپانیا چەتەکانی ئیمپریالیزمی هاوچەرخدا بووە. نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە، بازاڕێکی باشی ساخکردنەوەی کاڵاکان، تا ڕادەیەکیش هێزی کاری هەرزان و زەوییە کشتوکاڵییە بە پیتەکانی ئەم وڵاتە، هۆکارەکانی داگیرکارییەکان، سەپاندنی سیاسەتە دڕندە کۆڵۆنیالییەکان، کودەتا سەربازییەکان، هێنانە سەر کاری دیکتاتۆرەکان، سەرهەڵدانی سکتاریزم، جەنگە دینی و قەومییەکان و هەژاری بەرفراوانی دوێنێ و ئەمڕۆی عێراقن.
لە ئاستێکی تایبەت و کۆنکرێتیشدا، بارودۆخێکی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کڵتوری دواکەوتووانە و تراژیدیایەک کە ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، دەرئەنجامی دوو فاکتەرە؛ جەنگی ٨ ساڵەی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ئێران و سەپاندنی سیاسەتە شەڕانگێزییە نیولیبرالییەکانی هەر دوو بوشی باوک کوڕ بەسەر ئەم وڵاتەدا. بە پێی پێداویستییەکانی سەرمایەی ئیمپریالیستی ئەمریکای دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و تێکچونی سیستەمی جیهانی سەردەمی جەنگی سارد، دەبووایە وڵاتانی گرنگ لە ڕووی جیۆپۆلتیک و جیۆئیکۆنۆمییەوە بخرێنە ژێر چەکوشی “سیستەمی نوێی جیهانی” لە بوشی باوکەوە تا بوشی کوڕ بتوانێت ڕۆڵی پۆلیسی و تاک لایەنەی ئەمریکای سەرکەوتوو لە جەنگی ساردا، لەسەر ئاستی ناوچەیی و لە ئاستی دنیادا جێبەجی بکات!. لەهەنگاوی یەکەمداعێراق لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یگۆسڵاڤیای پێشوویش لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و باڵکاندا و دوا لەوانیش ئەفغانستان لە ئاسیای ناوەندیدا، دەبوو هەموویان بکرێنە قۆچی قوربانی سیاسەتە شەڕانگێزی و میلیتارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پۆست جەنگی سارد.
بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە ڕابردووی ڕووداوەکانی عێراق لە ٣ دەیەی ڕابردوودا، دەبینین کە لە جەنگی یەکەمی کەنداودا، سوپای ڕژێمی بەعسیان نابوتکرد، ژێرخانی ئابوریی عێراقیان وێرانکرد، دەیان هەزار مرۆڤیان قەتڵ و عامکرد، توندترین سزای برسیکردنیان لە مێژووی هاوچەرخدا بەسەر دانیشتوانی عێراقدا سەپاند. بەمانەشەوە نەوەستان، بوشی کوڕ لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕژێمی بەعسی بە تۆپزی سەربازی ڕوخاند. عێراقی داگیرکرد، ئاڵتون و دۆلاری بانک و خەزێنەکانی دەوڵەتی بەعسیان بە تاڵانبرد، شوێنەوارو میراتە مێژووییەکانی عێراقییەکانیان وێرانکرد، مۆزەخانەکانیان تاڵانکرد، کە بەهای دەیان و سەدان میلیار دۆلاریان هەبوو. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئیمریالیزمی ئەمریکا، بە هاوکاری ئێران، کۆمەڵێک بەکرێگیراو، نۆکەر و چەتەی پەیڕەوخۆیان لە کوردستان و عێراقدا هێنایە سەر حوکم، کە پیشە و کاری ئەوانە لە ١٧ بۆ ٢٩ ساڵی ڕابردوودا تەنها بریتی بووە لە تاڵانکردنی زیاتری داهات و سامانی کۆمەڵایەتی عێراقییەکان و پاسەوانیکردن لەو بۆرییە نەوتانەی کە بەشی شێر لە داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی شەخسی دەسەڵاتدارە چەتە پۆست سەدامییەکانەوە. لەپاڵ ئەمانەشدا، وێرانکردنی بواری پڕ سوودی کشتوکاڵی، وێرانکردنی پیشەسازییەکان، بەنداوەکان، ڕێگاو بانەکان و نەخۆشخانە گشتییەکان، ئەمە سەرەڕای کردنی عێراق بە لانە و مەیدانی جەنگ و تیرۆریزمی شیعە، سوننە و کورد…. بە گشتی، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، کۆمەڵگەی عێراق، زیاتر بووە بە کۆمەڵگەیەکی نا ئاسایی، نا مەدەنی و بە کەلاوەکراوە. لە کۆمەلگەیەکی لەو جۆرەدا، هەرگیز ژیان ناتوانێت ڕەوتێکی ئاسایی هەبێت. نەبوونی ڕەوتی ئاسایی ژیانیش بە کردەوە یەکسان دەبێت بە هەژاری موتڵەق و هەژاری توندوتیژ.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕۆژڕەشی و نەهامەتیانەشدا، خاڵێک کە نابێت فەرامۆشی بکەین هیوای خەڵکی هەموو عێراقە بە دەربازبوون لە دێوەزمەی هەژاری، جەنگ و بێکاری. ئەم هیوایە مەیلێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. بوونی مەیلێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گەورەی لەو جۆرە لە عێراقدا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و بەو دۆخە بێسەرەوبەرەیە کە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی ئەو وڵاتە ئازار دەدات، سەرئەنجام لەگەڵ هەمان واقعدا دووچاری بەریەکەوتنی سیاسیی بووە؛ خۆپیشاندانەکانی مەیدانی تەحریر کە لە ئۆکتۆبەی ساڵی ٢٠١٩دا دەستیانپێکردووە و سەرەڕای تیرۆر، سەرکوت و تۆقاندنەکانی چەتە دەسەڵاتدارەکانی بە کرێگیراوی ئێران و سەرەڕای پەتای کرۆنا و سەرەڕای دەبڵ ستاندارییەکان و چەواشەکارییەکانی ئەمریکا لە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام ئەو شێوەیە لە خەباتی ڕادیکاڵانەی بزووتنەوەی عەدالەتخوازی بەردەوامە و بەردەوامبوونی ئەویش، درەنگ یان زوو بە واتای کۆتایی هێنانە بە ڕەوشی هەژاری و بێکاری، یان لانی کەم سوککردنی قورساییەکانی ئەو و ڕۆژڕەشیەکانیترە لەسەر شانی ماندووی خەڵکی عێراق.

لە ئاستێکی تایبەت و کۆنکرێتیشدا، بارودۆخێکی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کڵتوری دواکەوتووانە و تراژیدیایەک کە ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، دەرئەنجامی دوو فاکتەرە؛ جەنگی ٨ ساڵەی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ئێران و سەپاندنی سیاسەتە شەڕانگێزییە نیولیبرالییەکانی هەر دوو بوشی باوک کوڕ بەسەر ئەم وڵاتەدا.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟
تاهیر ساڵح شەریف: لە هەمان ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری دەگێڕنەوە بۆ بوونی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت. گومانی تێدا نییە کە پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت گشت ئابوریی دنیای خستوەتە ژێر پەلاماری وێرانکەری خۆیەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پێش لە پەتای کرۆناش هەم لە سەر ئاستی جیهانی و هەم لەسەر ئاستی عێراقدا، ئابوریی سەرمایەداری نەخۆش و لە ڕکوددا بوو، ڕکودێک کە لە درێژەی خۆیدا دەگۆڕا بۆ قەیرانێکی هەمەگیری جیهانی لەجۆری قەیرانی ئابوریی ساڵی ٢٠٠٨. بۆیە بێ هیچ دوودڵی و بیر لێکردنەوەیەک دەڵێم کۆرۆنا تەنها ئەو پرۆسەیەی خێراتر کرد و ئابوریی جیهانی سەرمایەداری و ئابوریی عێراقی بەرەو داڕمانی زووتر و زیاترلەحاڵەتی نۆرماڵی خۆی پاڵ پێوەنا. کرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا دەکرێت بیانویەک بێت بە دەست سەرانی چەتەکانی عێراقەوە بۆ بوونی هەژاری، بەڵام وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشووتاندا ئاماژەم پێکرد جەنگ، داگیرکاری و لە دەسەڵاتدابوونی کۆمەڵێک چەتەی نۆکەری، ئێران، تورکیا و ئەمریکا بە درێژایی ٢٩ ساڵ لە کوردستان و ١٧ ساڵ لە عێراقدا، هۆکاری سەرەکی ئەو ڕێژەیەن لەهەژاری کە ئێستا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەگوزەرێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، ماوەیە پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە شانۆگەرییەکیان پێشکەشکرد سەبارەت بە هەلی کار لە ڕێگەی دەستەی وەربەرهێنانی کوردستانەوە ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە ئەگەر ئەنجام بدرێت هەلیکار دابین ئەکات؟ یا خۆشخەیاڵیی بڵاو ئەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاگایی گەنجانی بێکار؟
تاهیر ساڵح شەریف: جارێ پێش لەوەی قسە لە خوڵقاندنی هەلی کار بکرێت لە لایەن دەستەی وەبەرهێنەرەکەیانەوە، دەبێت حکومەت و ڕاگەیاندنەکانیان پێمان بڵێن ئەو دەستەی وەبەرهێنەرە کێن و لە چ کەسانێک پێکهاتوون، باکگراوندی ئابوریی، پلانە ئابورییەکانی ئێستا و ڕابردوویان چی بووە؟ ئەم دەستەی وەبەرهێنەر جنۆکە ئاسایە چییە و لە کێ پێکهاتوون، چ ڕۆڵێکیان لە ئابوریی کوردستاندا هەبووە یان هەیە؟…. بەش بەحاڵی خۆم هیچ زانیاریەکی تایبەتم لەسەریان نییە. ئەوەی کە ڕاگەیاندنەکان و دەسەڵات چی دەربارەی خۆیان و چارەسەری بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار دەڵێن، لە قسەی بۆش و چەواشەکارانە زیاتر نییە. تا ئێستاش لەسایەی ئەو گەڕە لاوژەیەدا کە پێی دەڵێن حکومەت، ئێمە نازانین ژمارەی ڕێک و پڕاوپڕی بێکاران لە کوردستان چەندەیە؟! حکومەتێک کە سەر ژمێرییەکی لە بوونی هێزی ئامادە بەکار پێنەکرێت و نەزانێت ژمارەی پڕاوپڕی بێکاران لە کۆمەڵگەگەدا چەندەیە، بە واتای ئەوەیە کە خودی بەناو حکومەتەکەش لە ڕیزی بێکارانێکدایە کە ئێمە ژمارە و داتاکانی ئەوان نازانین چەندەیە و ئەم حکومەتە دەکەوێتە خانەی چەندەمی ئەوانەوە!… بەهەرحاڵ، لە کوردستاندا بواری کار ڕەخساندن و خوڵقاندنی هەلی کار زۆر فراوانە و دەکرێت بازاڕی کار بە ئاڕاستەی بوژانەوەی درێژماوەی ئابوریی هەرێمدا ئامادەو ڕێکخراو بکرێت، بەڵام ئەم ستراتیژییە ئابورییە پێویستی بە دانایی و ئەقڵە ئابورییەکان هەیە و ئەو ئەقڵ و داناییەش لەکەلەی بەتاڵی ئەو بە ناو حکومەتەدا جێگایەکی نییە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەی ڕزگاربون لەم بارودۆخە نالەبارەی کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟
تاهیر ساڵح شەریف: پرسیارێکی ئاسان و وەڵامێکی دژوار!.. دژوارە لەو ڕووەوە کە سەرەڕای بەڵاکانی جەنگی داعش، هەژاری، بێکاری، گرانی و برسێتی و بە م دواییەش پەتای کۆرۆنا، خەڵکی عێراق و کوردستان هەتا هەنوکە هوشیاری پێویست و تەواوی نییە بۆ ئەوە کە بە کردەوە بێتە مەیدان و گشت بارودۆخەکە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە و شۆڕشگێڕانە بە سەر سەبەبکارانیدا هەڵبگێڕێتەوە . گومانم لەوە نییە کە ڕێگاچارەی هەر بارودۆخێکی قەیرانگرتووی ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی، چ لە عێراق و چ لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەم دنیایەدا بێت تەنها ڕاپەڕین و شۆڕشە، بەڵام شۆڕش و ڕاپەڕین لەسەردەمی ئێمەدا جادووی لێدەکرێت و لە ئەنجامدا خودی شۆڕش جادووگەرە سیاسییە نوێیەکان دەخاتە سەر تەختی شاهانە، هەروەک ئەوەی لە ئێرانی ١٩٧٩ و لە بەهاری عەرەبیدا بینیمان. ئەو فێڵ و جادووانەی کە لە شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە کراون، بوونەتە هۆی کوشتنی ئەقڵی شۆڕش لە مێشکی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەدا کە پێویستیان بە شۆڕشکردن و گۆڕینی ژیانیان هەیە. لە تێڕوانینی ئەو چینە کۆمەڵایەتییانەوە کە جەنگ، هەژاری، برسێتی و بێکاری بڕستی لێبڕیون، شۆڕش واتای بێ هیوایی و نائومێدیەکیترە. ئەمڕۆچەمکی شۆڕش نەک وەک هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە لە نەهامەتییەکانەوە بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانێکی باشتر، بەڵکو لە نەهامەتییەکەوە بۆ نەهامەتییەکیتر خۆی مانا کردووەتەوە. چەمکی بنیاتنەرانە، داهێنەرانە و نوێخوازانەی شۆڕش لە ڕۆژگاری ئێمەدا گۆڕاوە بۆ چەمکی ترس، تۆقاندن و وێرانکردن. ئەم وێرانکردنە زاتییە، ئەم هەڵهاتنەی مرۆڤی کرێکار و چەوساوە لە ئازادی و ڕزگارکردنی خۆی لە کۆیلایەتی مۆدێڕێن، پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە تا شۆڕش دووبارە وەک هێزی بنیاتنانەوەی ژیان لە مێشکی ئەودا بنیاتبنرێتەوە. تا ئەو کاتەی کە مرۆڤی کرێکار و چەوساوە بە قەناعەت، تێگەیشتن و دەرکی واقعی چەمکی شۆڕش دەگات، میکانیزمەکانی” گوشار”، واتە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، بە ناچاری جێگای ڕاپەڕین و شۆڕش دەگرنەوە، بەڵام تەنها وەک میکانیزمەکانی گوشار دەمێننەوە و لە باشترین حاڵەتدا مادەی بێهۆشکەرێکە کە بە نەخۆشەکە دەدرێت!.

گومانم لەوە نییە کە ڕێگاچارەی هەر بارودۆخێکی قەیرانگرتووی ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی، چ لە عێراق و چ لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەم دنیایەدا بێت تەنها ڕاپەڕین و شۆڕشە

لەگەڵ ئەمەشدا، بەردەوامبوونی خەباتێکی جەماوەری لە جۆری خۆپیشاندانە درێژ نەفەسەکانی مەیدانی تەحریر، یان وەک خۆپیشاندانە ڕادیکاڵ و حەماسییەکانی دژی ڕەگەزپەرستی[Black Lives Matter ] سەردەمی کرۆنا لە ئەمریکا و ڕۆژئاوادا، دەتوانن فاکتەرێکی کاریگەر بن لە دروستکردنی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری پۆزەتیڤانە لە کۆمەڵگەدا.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

سامان کەریم: کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی دەستبەجێ نان و ئاو نادات لە ئێستادا، بەڵام دیسان نزیکترین ڕێگای دەربازبوونە لەم هەلومەرجەی ئێستا!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...