عەزیز شەریف : ڕێگەچارەی ڕزگاربوونی ئینسانەکان لەئاستی جیهان پێکەوە گرێدراوە و لە گرەوی شۆڕشی سۆسیالیستیدایە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لەسەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەت(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟

عەزیز شەریف : بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە دەمەوێت بڵێم دەستان خۆش بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە گفتوگۆ کراوانە لەگەڵ کۆمەڵێک لە سۆسیالیست و کۆمونیستەکان بەهیوام لە ئایندەشدا لەم جۆرەکارانە بەردەوام بن . ئێستاش دێمە سەر وەڵامی پرسیارەکانتان . ئەمە یەکەمین جار نیە وەزیرێک لە وەزیرەکان لەئاستی محەلی و جیهانیدا، یان ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەیەک نیە کە دان بە بوونی هەژاری و هەڵکشانی لەڕادەبەدەری هەژاریدا بنێن !    بە درێژایی چل پەنجا ساڵی ڕابردوو ئێمە شاهیدی ئەم جۆرە دانپیانان و ڕاپۆرتانە بووین ! بۆچی ؟ چونکە ئەم سیستەمە جگە لەهەژاری هیچی تری بۆ ئینسان پێنیە و هەر ڕۆژەی وەک بەڕەی فەقیر لەلایەکەوە کونی تێدەبێت. کەواتە جەنابی وەزیر شتێکی تازەی پێ نەوتوین بەڵکو ئەوە واقیعی حاڵی کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی تاڵنچیەکانی سەروەت سامانی خەڵکە و هەتا ڕۆژێک کۆمەڵگای ئینسانی لەژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و چینە چەوسێنەر و تاڵانچیەکاندا بێت گوێ بیست و خوێنەری ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانە دەبین.

ئەم سیستەمە جگە لەهەژاری هیچی تری بۆ ئینسان پێنیە و هەر ڕۆژەی وەک بەڕەی فەقیر لەلایەکەوە کونی تێدەبێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەمین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی کازمی تازە سەرۆک وەزیرانیش پەیامێکی باشتر لەوەی وەزیر کارەکەی پێنیە بۆ خەڵکی عێراق ! ئەو (کازمی) ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی گرنگی بە کەرتی تایبەت دەدات، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت هەرچی زیاتر شان خاڵی کردنەوەی حکومەتەکەی لە خزمەتگوزاری گشتی و فرۆشتنیان بەکەرتی تایبەتی و ئەگەر چاوێک لە خزمەتگوزاریەکانی حکومەتی عێراق و کوردستان بکەین لەم شەپۆلی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بە ڕۆشنی ئەوە بۆ خەڵک ڕوون دەبێتەوە کە کەمترین خزمەت گوزارییان بەخەڵکی تووشبوو بەپەتای کۆرۆنا پێشکەشکردوە هەتا ئەوەی گەیشتە نەدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی و مانگرتنی کارمەندانی تەندروستی لێکەوتەوە، یان بەهۆی نەبوونی کارمەندی پێویست و پێداویستی تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵک بەناچاری بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی ڕوو لەنەخۆشخانە ئەهلیەکان بکات و هەرچی زیاتر گیرفانی خەڵک بە فرۆشتنی چارەسەرە پزیشکیەکان و دەرمانەکانیان بەتاڵ بکەنەوە .

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟

عەزیز شەریف : بەرزبوونەوەی ڕادەی هەژاری لە عێراق و لە دنیا پەیوەندی بە سیستەمی سەرمایەداریەوە هەیە نەک پەتای کۆرۆنا. پەتای کۆرۆنا نزیکەی هەشت مانگێکە بڵاو بۆتەوە و بۆتە پەتایەکی جیهانی و هەموو دەتوانین بۆ مێژووی بەر لەپەتای کۆرۆنا بگەڕێینەوە و بزانین ڕێژەی هەژاری لە ئاستی دنیادا تا بە عێراق دەگات لە کوێدا بووە؟ لەسەرتاسەری دنیا 3,4 ملیارد ئینسان لەهەژاریدا دەژین، ئەمە پێش دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا بو.  هەر بۆنمونە لە ئەڵمانیا 5,54 ملیۆن ئینسان لە هەژاریدا دەژین، ئەمیش هەر دیسانەوە بەر لەدەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا بوو. دیارە ئەڵمانیا نەوتی نیە تا ڕادەی هەژاری پەیوەندی بە نرخی نەوتەوە هەبووبێت، ئەمە لەکاتێکدا وەزیرەکەی لەمەڕ خۆمان باسی لە نرخی نەوت و پەتای کۆرۆناکردوە!

بەرزبوونەوەی ڕادەی هەژاری لە عێراق و لە دنیا پەیوەندی بە سیستەمی سەرمایەداریەوە هەیە نەک پەتای کۆرۆنا.

هەژاری سەرچاوەکەی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە و دەکرێت بە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاش کۆتای بە هەژاری بهێنرێت. ئیتر نە نرخی نەوت و نەپەتای کۆرۆنا ناتوانێت دیاردەی هەژاری و نەهێشتنی هەژاری کۆتایی پێبێنێت .

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، ماوەیە پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە شانۆگەرییەکیان پێشکەشکرد سەبارەت بە هەلیکار لە ڕێگەی دەستەی وەربەرهێنانی کوردستانەوە ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە ئەگەر ئەنجام بدرێت، هەلیکار دابین ئەکات؟ یا خۆشخەیاڵیی بڵاو ئەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاگایی گەنجانی بێکار؟

عەزیز شەریف : هەلی کار ئەو سیناریۆ ساختە و گاڵتە جاڕانەیە کە لەهەموو شوێنێکی دنیا بۆرژوازی بەدەستیەوە گرتویەتی، با بڕۆن چاوێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دنیا بکەن، لەهەر شوێنێک هەڵبژاردن لەبەردەمی حزبەکانی بۆرژوازی بێت یەکەمین ڕیکلامی هەڵبژاردن ڕەخساندنی هەلیکارە بۆ خەڵک، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر لەمەیدانێکدا ڕەخساندنی هەلیکار بوونی هەبێت و واقعی بێت ئەوا لەدەستدانی کار لە بوارێکی تردا چەند قاتی هەلیکاری ڕەخساوە. لە کوردستان و عێراقیش تاکە سەچاوەی سەرەکی دەخل و داهاتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بەدەرەجەی سەرکی فرۆشتنی نەوت بووە، ئەمە لەکاتێکدا هەم کوردستان و هەم عێراقیش بەهۆی بوونی زەوی و زاری کشتوکاڵی زۆر و بوونی ئاوەوە دەکرا لە بواری کشتوکاڵدا زۆرترین هەلیکار هەبوایە بەڵام بەپێچەوانەوە لە 20-30 ساڵی ڕابردوودا ئەوەشی هەبووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهۆی سیستەمی نوێی جیهانی (سیاسەتی نیولیبرالیزم ) و صندوقی نەختینەی دەولی و بانکی دەولیەوە لەناویان بردوە. ڕەخساندنی کار بۆ هەمووان و لەناوبردنی هەژاری تەنها بەلەناوبردنی ئەم سیستەمە دەکرێت و ئیمکانی هەیە هەلی کار بەم سیستەمە ناڕەخسێت .

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : ڕیگا چارەی ڕزگاربون لەم بارودۆخە نالەبارەی کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟

عەزیز شەریف : وەڵامی ئەم پرسیارە لەگرەوی شۆڕشی سۆسیالیستی جیهانیدایە! ئەویش بەمەی چەندێک چینی کرێکار و سۆسیالیستەکان لە ئاستی محەلی و جیهانیدا لە حزبی چینایەتی خۆیاندا خۆیان ڕێکخراو و یەکگرتوو کردوە؟ ئەم شۆڕشە بەو هەلومەرجەوە گرێی خواردوە کە چینی کرێکار و سۆسیالیستەکانی دنیا چەندە ئامادەکارییان بۆ ئەم شۆڕشە کردوە؟ چەندە بەرچاویان لەڕوی سیاسی و چینایەتیەوە ڕۆشنە؟ چەندە خەباتی ئەنتەرناسیونالیستانە دەبەنە پێشەوە؟ هەرکەس بەشوێن ڕزگاربوونەوە بێت لەدەستی ئەم سیستەمە ئەوا پێویست دەکات ئەنتەرناسیۆنالیستانە و جیهانی بیر لەشۆڕش بکاتەوە چونکە دنیا بەجۆرێک جیهانی بۆتەوە ئیمکانی ئەوەی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە بتوانێت تەنها فکر لەخۆی و تاقە وڵاتی خۆی بکاتەوە. کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکانی دنیا ئیتر بەتەنها هی یەک نەتەوە و یەک وڵات نیە بەڵکو فرە نەتەوە و فرە خاوەنە، ئەگەر تەنها یەک نمونەی بچوک لەسەر عێراق بێنینەوە چەند کۆمپانیایەک نەوت لەخاکی عێراق دەردەکەن بەڵام بەبۆری نەوت گواستنەوەیەکدا دەڕوات کە خاوەنەکەی عێراقی نیە ، بەڵکو کۆمپانیایەکی ڕوسییە! هێزی کارێک لەم کۆپانیانەدا بەگەڕ خراون کە تەنها عێراقیەکان نین و لەنەتەوە و شوێنی جیاجیای جیهانەوە هاتوون لێرە کاردەکەن. کۆمپانیا جیهانیەکانی تریش هەروەهان. ئێستا ئیتر ئێمە لە جیهانێکدا دەژین لەمسەر بۆ ئەوسەری پێکەوە گرێدراوە، هەربۆیە ڕێگەچارەی ڕزگاربوونی ئینسانەکانیش لەئاستی جیهانیدا پێکەوە گرێدراون. تا ئەو ساتەش بڵێسەی شۆڕشی سۆسیالیستی جیهانی هەڵنەگیرساوە شەڕ و ماڵوێرانی وهەژاری و بێکاریش وەکو بەش و نسیبی زۆربەی ئینسانەکان دەمێنێتەوە .

هەرکەس بەشوێن ڕزگاربوونەوە بێت لەدەستی ئەم سیستەمە ئەوا پێویست دەکات ئەنتەرناسیۆنالیستانە و جیهانی بیر لەشۆڕش بکاتەوە

هەربۆیە بەبڕوای من ڕێگە چارەی ڕزگاربوونی ئینسان شۆڕشی سۆسیالیستیە. مارکس ووتەنی یان سۆسیالیزم یان بەربەریزم !

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

سامان کەریم: کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی دەستبەجێ نان و ئاو نادات لە ئێستادا، بەڵام دیسان نزیکترین ڕێگای دەربازبوونە لەم هەلومەرجەی ئێستا!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...