کامەران ئەحمەد: هەژاری بەشێکی دانەبڕاوە لە کارکردی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لەسەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەت(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟

کامەران ئەحمەد: جێگای سەرسورمان نییە لە وڵاتێکدا کە چینی کرێکار بە ئازاری ناهۆشیاری چینایەتی، پەرتەوازەیی و پەرشوبڵاوی،و نایەکگرتوویی بناڵێنێت، بە واتایەکی تر لە غیابی ڕێکخراوەیی و سیاسی چینی کرێکاردا و کاروژیانکردن بۆ چەندین دەیە لە ژێر سیستم و سیاسەتی سەرکوتگەرانە و مافیانەی دەستە و تاقمە بۆرژواییە تایفەگەری و دینییەکاندا ژمارە و ئامارەکان بارتەقای ئەمانەش بە ئازارترو کوشندانەتر ڕوو لە هەڵکشان بکەن. بەداخەوە هەر چەند ساڵ جارێک سەرباری گۆڕینی ڕووکەشیانەی حکومەتەکانی توێژە جیاوازەکانی بۆرژوازی لێدوان و ئاماری مەترسیدارانەو تۆقێنەرمان بەرگوێ ئەکەون. سەرەتای ئایاری ٢٠١٨ ەش سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی رایگەیاند کە ڕێژەی بێکاری لە نێوان گەنجانی عێراقدا گەیشتووتە ٤٠% و ژنانیش زۆرترین قوربانیانی پێکئەهێنن. لە کۆتایی هەمان ساڵدا ئەندامێکی کۆمسیۆنی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بە بەراورد لەگەڵ ١٥ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بێکاری ٧٠  بەرابەر زیادی کردووە. هەڵبەت ناکرێت بارودۆخی قەیراناویی عێراق بە جیا لە بارودۆخی جیهانیی سەرمایەداری چاو لێبکەین و قەیرانەکان ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر سەراپاگیرترن، بەڵام بە بۆچوونی من چەند گرفتی مزمنی سەرمایەداریی عێراقیی بارودۆخەکەی هێندەی تر بارگرانتر وئاڵۆزتر کردووە.

داڕمانی ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عێراق بۆ ناو بەرداشی هەژاریی هۆکارە بۆ چوونە ڕێژەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەرئێستا لە ١٠٠ هەزار قوربانی نزیک بووەتەوە، ڕێژەی مردووانیش زیاد لە سێ هەزار قوربانی تێپەراندووە،و حکومەت هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ چارەسەری پەتاکەو دۆخی چاودێری تەندروستی گشتی پێ نییە. بێگومان ئەمە  پێچەوانەی بانگەشەیەکە کە بۆرژوازی لەسەر ئاستی کۆمەڵگا تەرویجی ئەکات کە گوایە ڤایرۆسی کورۆنا هۆکاری هەڵکشانی ڕێژەی هەژارییە، ئەمە لە کاتێکدا کە داماویی و داڕمانی سیستمی تەندروستی ئەم وڵاتەیە کە سەرچاوەو ژینگەی لەباریان بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە ڕەخساندووە.

ناکرێت بارودۆخی قەیراناویی عێراق بە جیا لە بارودۆخی جیهانیی سەرمایەداری چاو لێبکەین و قەیرانەکان ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر سەراپاگیرترن

پاش داگیرکردنی خوێناوییانەی عێراق لە لایەن ئەمریکا و لێکەوتە وێرانکاری و مەترسیدارەکانی ساڵانی دواتری بوار بۆ چەند دەستەوتاقمی بۆرژوازیی ناکۆک لە بەرژەوەندی و پشتگیریکراو لە لایەن دەوڵەتە ناوچەیی و زلهێزە جیهانییەکانەوە کراوەیە تا لمۆزی خۆیان لە چەورایی سامانی ئەم وڵاتە گیر بکەن. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەر بە کوشتنی زیاد لە یەک ملیۆن عێراقی و ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆنی تر بۆ ولاتانی دەوروبەر و هەڵکەندنی زیاتر لە دوو ملیۆن لە ناوخۆی عێراق  تاساڵی ٢٠٠٧ وازیان نەهێنا، بەڵکو دوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیشیان ئەم وڵاتەیان نوقمی ناکۆکیی و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و دینی و تایفە جیاوازەکان کردەوە. جێ‌ێ داخە لەسەر هەمان ڕێچکەو کارکردی ڕژێمە خوێناوییەکەی بەعس  هەژاری، برسیەتی، بێکاری، ژینگەی وێرانبوو ، ژیانی هەڵکێشراو لە شەڕە خوێناوییە دینی و تایفەییەکان، و بوونی چەندین دەستەوتاقمی مافیایی و تیرۆریستی دژ بەیەک بوونەتە سیما ناسێنەرەوەکانی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان.

ڕەهەندەکانی ئەم هەژارییە لە تەواوی بوارەکانی ژیان، کۆی گشت کەرتی چاودێری تەندروستی، نیشتەجیبوون  ئاستی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دەستڕاگەیشتن بە خواردنی گونجاو تەندروست ڕەنگ ئەدەنەوە. تەنها لە شارێکی وەک موسڵدا نزیک بە ٤٠% ی دانیشتوانەکەی بە دەست هەژارییەوە ئەناڵێنن.

هەژاری کارکردی سیستمی بازاڕو بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە و ڕەنگاوڕەنگی باڵ و حکومەتە جیاوازەکانی تەنها بەم پلە یان ئەو پلە جیاوازی لە ڕێژەکاندا ئەکات. پێکهاتەی ئەحزابی مافیایی ناوچە جیاوازەکانی عێراق کە نوقمی تاوانکاری و گەندەڵین پشت ئەستوور بە پشتگیرییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی دەوروبەر وەک بەرێوەبەرانی کاروبارەکانی ئەوان لەو ناوچانە دەستیان بەکار کردووە و هەڵئەسوڕێن. هەریەکەیان لە  شارێک و ناوچەیەکدا چەتەو بازرگانی بەسەر ژیان و گیانی خەڵکەوە ئەکەن. بەداخەوە ئەگەر دابەشبوون و پەرتەوازەیی چینی کرێکار و ناهۆشیاری بە بەرژەوەندەییە چینایەتییەکان نەبێت ئەوا  ئەستەمە لە وڵاتێکدا تەنها لە ماوەی چواردە ساڵدا باس لە دیارنەمان و بەهەواداچوونی ٤٥٠ ملیار دۆلار بکرێت، عێراق ساڵانێکە ئاستی پلەی یەکەمەکانی وڵاتانی گەندەڵی دنیا قەراری گرتووە و ئەگەر هێزو هاتنەمەیدانی یەکلاکەرەوەی چینی کرێکار بۆ سنوردانانی گەندەڵی و چاوچنۆکی نوێنەران و دەزگا جیاوازو جۆراوجۆرەکانی دەولەتی سەرمایەداری نەیەتە مەیدان ئەوا بۆ دەیان ساڵی تریش هەروا ئەمێنێتەوەو ئاکامەکانیشی جگە لە هەژاری و برسیەتی زیاتر بۆ جەماوەری زۆرینەی عێراق هیچی تر نییە.

بارودۆخی کۆمەڵگای عێراقی سەرباری هاتن و ڕۆیشتنی حکومەتە جیاوازەکان، بەرنامەو چارەسەری ڕووکەش، درۆ و بەڵێنی بریقەدار لە کاتی هەڵبژاردنەکان هەر لە یەک چوارچیوەدا ماوەتەوە  و هەر هەموویان بە یاساکانیانەوە لە ڕاستای خزمەت بە چینی بۆرژوازی و ڕاگرتنی پایەکانی سیستمی سەرمایەداری خراونەتە ڕوو و ئەنجام دراون. کارەساتی خێزانی عێراقی ئەوەیە کە هەر ئێستا لە مردندا ژیان ئەکەن. چۆن هەژاری نابێت و چۆن ڕێژەی هەژاری چۆن ناچێتە سەر لە کاتێکدا کە نوێنەرانی ئەنجومەن لەسەر ئاستی شارو سەرجەم وڵات نوێنەرانی کۆمپانیا و بەرژەوەندیە جیاوازەکانیان بن؟!

هەژاری هەر لە خودی خۆیدا بە مانای دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان ناگەیەنێت بەڵکو بە دیوێکی تریدا بە مانای دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی وەک چوونەسەری بێئەندازەی خۆکوژی، گەندەڵی، مەوادی بێهۆشکەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەقوربانیکردنی منداڵان لە بازاڕی کار، توندبوونەوەی هەلومەرج و چەوساندنەوەی هێزی کار،… دەیان گرفتی تر ئەکرێت لێک بدرێتەوە هەر بۆیە ئەم ئامارە هەر تەنها ژمارەیەک نییە و لە هەناویدا ئایندەیەکی تاریک و قورساییەکی گەورەو گرانی بۆ ژیانی ملیۆنەها خەڵک لەم وڵاتە هەڵگرتووە.

هەژاری هەر لە خودی خۆیدا بە مانای دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان ناگەیەنێت بەڵکو بە دیوێکی تریدا بە مانای دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی وەک چوونەسەری بێئەندازەی خۆکوژی، گەندەڵی، مەوادی بێهۆشکەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟

کامەران ئەحمەد: هەژاری بەشێکی دانەبڕاوە لە کارکردی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، ئەم نایەکسانییە لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ژیان و بەرهەمەکانی دەستی چینی کرێکار بەردەوام لە بەرهەمهێنانی سوپایەکی یەدەکدایە بۆ درێژەدان بەم شێوازە لە بەرهەمهێنان و نەوە دوای نەوەش ئەگوێزرێتەوە.

کۆمەڵگایەکی داڕێژراو کە لەسەر بنەمای سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئەچەرخێت هەمیشە تیایدا هەژاریی بوونی هەیە. سیستمێک کە مرۆڤ ناچار بە کێبڕکێ بکات بۆ مانەوەو دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، هەمیشە توێژێک تا ڕاددەی نەبوونی ڕەها پاڵپێوە ئەنێت. ئەمە زامنی ئەو کێبڕکێییەی بازاڕی سەرمایەیە تا مرۆڤەکان بە ویستی خۆی بخاتە بەردەم بەرداش و چڵێسی کۆمپانیاکان و لە کۆیلایەتی بازاڕدا بیانهێڵێتەوە.

سەرباری ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییانەی کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەدەست هاتووون بەڵام هێشتا زۆربەی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهان دەرگیری هەژاری و برسێتییە. ئا لێرەدایە کە ناکۆکی ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنان و موڵکدارێتی تایبەتی لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان  هەست پێئەکەین کە نە ئەیەوێت و نە لە تواناشیدایە کۆتاییان پێ بهێنێت.

ئەمڕۆ سەرمایەداری جیهانیی توشی قەیرانی کوشندە بووەتەوە، بە ڕاددەیەک گەیشتووە هەروەک مارکس ئاماژەی پێئەدات تەنانەت ناتوانێت پارێزگاری لە مانەوەی کۆیلەکانیش لە چوارچێوەی کۆیلایەتی خۆشیاندا بکاتەوە. عێراق سەرباری بوونی یەدەکی نەوتی زۆر بەڵام ژیانکردن لە سایەی سیستمێکی بۆرژوازیی مافیاییدا چارەنوسی خەڵکەکەی بە ئاراستەیەکی کوشندانەتر لە چاو کیشوەری پڕ لە سامان و کیشوەری پڕاوپڕ لە هەژاریی ئەفریکاش ئەچێت.

پەتاکە خۆی دەرئەنجامە نەک هۆکار، هاوشان لەگەڵ بایەخ نەدان بە کەرتی تەندروستی و سپاردنی ژیان و گیانی مرۆڤەکان بە کەرتی تایبەت و قازانجپەرستی کۆمپانیاو کێبڕێکان، بوونی ژینگەی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی ڤایرۆسە کوشندەکان و  بوونی ژینگەی ناتەندروست بۆ ژیانی مرۆڤ و کەمخۆراکی، و هەژاریی بوونەتە هۆکاری دابەزینی بەرگری لەش و لەم ئاقارەشدا هۆکاری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی پەتاکەن نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان.

بارودۆخی عێراق  بە ئاراستەی کیشوەی پڕ لە سامان و لەهەمان کاتدا کیشوەری پڕ لە هەژاریی ئەفریکا ئەچێت

ئەگەر تەنها بەرواردێکی سەرپێیانەش لە نێوان هەردوو (ماوە)ی سەرهەڵدانی پەتاکەو دابەزینی نرخی نەوت بکەین لەگەڵ نزیک بە دوو دەیە لە حوکمی بۆرژوا مافیایی ئەمانە  ئەوا دۆر و ڕیاکاریی ئەم بەهانەیەمان بۆ دەرئەکەوێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، ماوەیە پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە شانۆگەرییەکیان پێشکەشکرد سەبارەت بە هەلی کار لە ڕێگەی دەستەی وەربەرهێنانی کوردستانەوە ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە ئەگەر ئەنجام بدرێت هەلی کار دابین ئەکات؟ یا خۆشخەیاڵیی بڵاو ئەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاگایی گەنجانی بێکار؟

کامەران ئەحمەد: لە ڕاستیدا بەڵێندان بە ئایندەی بەدیهاتنی خەونی تاک لۆژیکی بازاڕ و سیستمەکەیە. ئابوری پشت بەستوو بە کێبڕکێ بازاڕو کەڵەکەی سەرمایە و سەرمایەگوزاری هەمیشە خەونی جیاوازبوونی سبەی و باشتربوون لە ژیانی ئەمڕۆ بە گوێ‌ی خەڵک ئەدەن. سوپایەک لە خەڵکی بێکارو کەمدەرامەت لە عێراقدا هەن، ئەگەر ئەم چاوەڕوانی و ئومێدە هەر ماوە جارێک ترویج نەکرێت، ئایا ئەبێت چ پشێوییەک لە کۆمەڵگا و بازاڕیشدا ڕووبدات؟! ئەگەر زیاتریش ورد بینەوە هاتنە پێشەوەی دەرفەتی کارکردن وەک یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە مانای هەلومەرجی گونجاو شایستەو یەکسان ناگەیەنێت، لە بازاڕی ئازاددا قسەیەک لەسەر دادپەروەریی و هەلومەرجی کار بەدی ناکەیت بەڵکو پێداگری لەوەدایە کە چ شتێک تازەو نوێ‌یە لە بازاڕدا و چۆن و بە چ شێوازێک بتوانن خەونی چاوەڕوانی خەڵکی پێوە گرێ بدەن. ئەگەر یەکێک لە کۆڵەکەی کۆمەڵگاکانی پێش سەرمایەداریی دروستکردنی ئەفسانە و داستانەکانی ڕابردوو و گرێدانەوەی مرۆڤەکان بووە بە مێژووی ڕابردووەوە ئەوا لە کۆمەڵگای سەرمایەداری پشتبەستووە بە دروستکردنی ئەفسانەو داستان بە داهاتوو و ئایندەو داهێنانی نوێ، بێگومان بە هەموو ئەو دەهۆڵکوتانانەی کە سەبارەت بە باشتربوونی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا لە تەواوی میدیاکانەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە بۆی بەڕێ ئەخرێت.

دەرفەتی کارکردن وەک یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە مانای هەلومەرجی گونجاو شایستەو یەکسان ناگەیەنێت

لەگەڵ قەیرانی جیهانی سەرمایەدارییدا ژمارەیەک ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی جیهانیش لە پەلۆپۆ کەتوون، هەرئێستا لە ناوەندە ئاکادیمی و توێژینەوە جیهانییەکانی سەربەخۆشیان باس لە شکستی  سەرمایەو مۆدێلی بازاڕەکەیان ئەکەن و وتووێژیان بۆ خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی ئابوری و سیاسی لە هەمان چوارچێوەدا، دروستتر بڵێم بۆ ماکیاجکردنی سیستمی کۆمەڵایەتی ئێستا گەرموگوڕ کردووە، هەربۆیە پێم وانییە کە بۆرژوازی لە عێراقدا بتوانێت بەئاسانی دەرفەتی کاری نوێ بخوڵقێنێت، بەڵکو پێچەوانەکەی دروستترە، و هەر ئێستاش ئامارەکان ئەوەمان پێنیشان ئەدەن.

لە ڕاستیدا لە غیابی ڕێکخراوەیی چینی کرێکاری عێراقدا سەرمایەداری دەمێکە جەنگی خۆی بەرامبەر بە سادەترین مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتە ڕاگەیاندووە. ئەوە نائامادەیی چینی کرێکارە لە باری ڕێکخراوەیی و سیاسییەوە کە هەر ڕۆژە پەلامار ئەدرێت و هەرئێستا گەیشتووەتە ڕاددەی زەوتکردنی مافی ژیانیش.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕێگا چارەی ڕزگاربوون  لەم بارودۆخە نالەبارەی جەماوەری بەرینی خەڵک کە ساڵ لە دوای ساڵ توندتر ئەبێتەوە بە ڕای ئێوە چییە؟ ئایا هیچ هیوایەک هەیە کە  چاکسازی ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە بکرێت ؟

کامەران ئەحمەد: تەنها کۆتائومێدی ڕزگاری مرۆڤ لە کۆت و بەندی سەرمایەو بازاڕ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی خاڵی لە هەژاری، برسیەتی، بێکاری، قاتوقڕی ، و جەنگ و کوشتارە و ئەمەش وابەستەیە بە ئاستی هێزەکانی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنییەوە واتە بەشداریکردنی دیموکراتانەی چینی کرێکار لە پلاندانان و بەڕێوەبردنی  گشتگیرانەی کۆمەڵگا. بەڵام ئەمە پێویستی بە خۆڕێکخستنن، یەکگرتوویی، بەرنامەی شۆڕشگێڕانە، و ڕابەرایەتییەکی سیاسی ڕاوەستاو، بەرچاوڕۆشن هەیە، بەڵام تا بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پێشمەرجانەی شۆڕش ناکرێت دەستەوەستان بین و بیسپێرین بە داهاتوو، بەڵکو ئەبێت دەست ببرێت بۆ هەر هەنگاوێکی باشتربوونی ژیان و گوزەران یان هەلومەرجی کارکردن کە سوودمەندبن بن بۆ چینی کرێکار، ئەمانە سەنگەری ئەو شەڕە ڕۆژانانەن و یەکجارسوودمەندن لە ڕێڕەوی بردنە سەری ئاستی هۆشیاریی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار.

ئەم تێکۆشانە لە پێناو باشترکردنی ژیان و کاری چینی کرێکار بە ئاسۆی خەباتی ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی موڵکدارێتی تایبەتی زۆر جیاوازە لە هەلومەرجی چاکسازیی یان پێشنیازی چاکسازییەک‌ کە بۆرژوازیی خۆی ئەیکاتە باسی ڕۆژ یان ئەیچەسپێنێت. بە نمونە پاکێتی بەناو چاکسازییەکانی حکومەتی بۆرژوایی لە هەرێمی کوردستان ناچنە قاڵبی چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵک بەڵکو چەتتەیەکی ڕەها و پەلاماردانێکی دڕندایە بۆسەر سەرەتاییترین مافەکانی خەڵک و بە داخەوە هەر وەک وتم لە ناڕێخکراوەیی چینی کرێکاردا ئەچێتە پێش. بۆرژوازی تەنانەت ئەگەر چاکسازییەکیش ئەنجام بدات ئەوا وەک لینین ئەڵێت:” بە دەستێک پێمان ئەدات و بە دەستەکەی تریش لێمان ئەسێنێتەوە”.

ئەم بارودۆخە ئێمەی خستووەتە بەردەم دوو بژاردە یا ملدان و سەرشۆڕکردن بۆ هێرشە کۆتایی نەهاتووەکانی بۆرژوازیی لە چەتەکانی نەوت و کۆمپانیا تێرنەبووەکانیان کە بە نرخی ژیان و گیانی ملیۆنەها لە خەڵکی عێراق کۆتایی دێت یان خۆڕێکخستن و بەرنامەڕێژیی و پەروەردەی سۆسیالیستانە بۆ وەستانەوە، ڕووبەڕووبوونەوە و سنووردانانی کۆتایی،  و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا لە سەر پایەی سۆسیالیستیی.

بۆرژوازی ئەگەر چاکسازیش بکات ئەوا بە دەستێک پێمان ئەدات و بە دەستەکەی تریش لێمان ئەسێنێتەوە!

چاکسازیی لەهەر ئاستێکیشیدا بێت ناتوانێت ئاسۆ و ستراتیژی سۆسیالیستەکان لە هەڵتەکاندنی سیستمی ئێستای موڵکدارێتی تایبەتیی ڵێڵ بکات، ئەوە تەنها لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیدایە کە مرۆڤ شوێنی شایستەی خۆی وەرئەگرێتەوە، سامان و داهاتی وڵات ئەخرێتە خزمەت پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ. یاساو میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە شێوەیەک دائەڕێژرێن کە بوارێک  بۆ برسیەتی و هەژاری ناهێڵێتەوە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

سامان کەریم: کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی دەستبەجێ نان و ئاو نادات لە ئێستادا، بەڵام دیسان نزیکترین ڕێگای دەربازبوونە لەم هەلومەرجەی ئێستا!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...