خۆکوژیی لە سایەی سیستمی سەرمایەداری!

کامەران ئەحمەد

لە هەڵەبجە قوربانییەکی چەکی کیمیایی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا! لە هەولێر پێشمەرگەیەک دەستی چووە گیانی خۆی! ئامارەکانی خۆکوژیی ژنان تا دێن ڕوولەسەرن! و بەم شێوەیە هەواڵەکان درێژەیان هەیە! ڕۆژ نییە گوێبیستی چیرۆکی پڕ لە ناسۆری و تراژیدیای خەڵکانێک نەبین کە خەرمانێک لە کەڵەکەی خەم وئازاری گۆشەگیرییان لە پشتەوەیە، و مردن وەک دواین بژاردە لە بەردەمی خۆیاندا ئەبینن و دەستی بۆ ئەبەن. ئەو هۆکار و فاکتەرە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوری و فەرهەنگییانەی کۆمەڵگای ئێستا کامانەن کە مرۆڤ ناچار بە هەڵبژاردنی ڕێگای مەرگ ئەکەن؟

بە پێ‌ی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٩ی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵانە ٨٠٠ هەزار مرۆڤ خۆکوژی ئەنجام ئەدەن( واتە هەر ٤٠ سانیە جارێک خۆکوژییەک ڕووئەدات)، نزیک بە ٣٠٠ملیۆن مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهان دووچاری کێشەی دەروونین. تەنها لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٠٢٠ تا مانگی ئاب و نوسینی ئەم بابەتە زیاد لە٦٣٠ هەزار کەس خۆیان کوشتووە. نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەکان لە سایەی سەرمایەداریدا ساڵانە ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن. بارودۆخی هەمەلایەنەی ئەم سیستمە چینایەتییە هۆکار و کاریگەری ڕاستەوخۆی خوڵقاندنی بارودۆخێکن بۆ سەرهەڵدانی گۆشەگیری مرۆڤ و نەخۆشییە دەروونی و عەقڵیەکان.[١]

لە کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداریدا و پرۆسەی بەرهەمهێناندا مرۆڤ وەک هۆکارێکی بەرهەمهێان چاوی لێئەکرێ و لە ناوەرۆک و کرۆکە مرۆڤایەتییەکەی خۆی بەتاڵ کراوەتەوە، نامۆبوون هۆکاری بایۆلۆژی و شێوانی جینەکان، و لە دواین لێکدانەوەشدا بارودۆخی دەروونی تاک تاکی مرۆڤەکان وەک هۆکار لێکئەدرێنەوە بەڵام ئەوی لێرەدا وونە هۆکارە شاراوەکانی تێکچوونە جینییەکان و ئەو بارودۆخ و ڕێکخستنە ئابوری وکۆمەڵایەتی و سیاسیەی کۆمەڵگای سەرمایەدارین، کە بەشدارن و بوونەتە شێواندنی جینەکان وبارودۆخی دەروونی مرۆڤەکان. ئەوەی وونە سەرچاوەی پاڵنەرە دەرونییەکانی مرۆڤن بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان.

لە هەموو تراژیدیاکاندا قوربانییەکان کەسانیکن کە بەدەرئەنجامی دابڕانی کۆمەڵایەتی، گۆشەگیریی، و نامۆبوون لە خود و کۆمەڵگا و بێهیوایی لە دەستگیرۆیی کۆمەڵایەتی کەسانی دەوروبەر و دامەزراوەیی دەوڵەتیی ئەگەن. هەربۆیە بە پێی ئامارەکان (ئەگەر ڕووکەشانەش بێت)٧٩% یان لە چینی هەژارن. بیرمان نەچێت کە وەزیفەی دامەزراوەی دەوڵەتیی لە سیستمی چینایەتی سەرمایەداریدا تەنها بۆ مسۆگەرکردنی سەرمایەو بەگەڕخستن و پاراستنیەتی نەک خزمەتکردن بە مرۆڤ و دەستەبەرکردنی پیداویستییەکانی.

داماڵین لە سروشتی مرۆڤبوون

پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هۆکارە بۆ داماڵینی مرۆڤ لە سروشتی مرۆڤایەتی خۆی، نامۆ بوون لە خود و هاوچینەکانی. لە ئابوری بازاڕدا مرۆڤ بەهای خۆی وەک مرۆڤ لەدەست ئەدات و وەک ئامرازێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنان کە لە بنەڕەتدا سروشتێکی چەوسێنەرانەی هەیە مانا وەرئەگرێت. مرۆڤ وەک خودی مرۆڤ و پێداویستییەکانی چاوی لێناکرێت بەڵکو چەندە لە پرۆسەکەدا سوودو قازانج بە سەرمایەو بەگەڕخستن و لە کەڵەکەبوونیدا دەبینێت، لەوە بترازێت هیچ بەهایەکی تری نییە، هەربۆیە سەرمایەداری بەرپرسە لەو کێشە دەروونی و عەقڵییانەی کە دەرگیری مرۆڤەکان ئەبنەوە، کەمکردنەوە و بنبڕکردنی تەنها لە کۆمەڵگایەکی ناچینایەتی، یەکسان و خاڵی لە چەوساندنەوە و سەرکوتگەریی دێتەدی.

لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی کوردستاندا توندبوونەوەی هەلومەرجی کارکردن و ئابوری بازاڕ گەیشتووەتە ترۆپک. مرۆڤ وەک ئامێرێکی بەرهەمهێنان چاوی لێئەکرێ کە بەردەوام لە فرۆشتی هێزی کاردایە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.  سەعاتکاری زۆر، بە کەمترین موچەو هەقدەست، نائەمنی کار و شوێنی کار، نەبوونی یان کەمی هۆکارەکانی خۆپارێزیی لە شوێنی کارکردن. سەرباری بێبەریبوون لە سەرەتاییترین مافە بنەڕەتییەکانی وەک بوونی کارەبا و ئاوی بەردەوام و خزمەتگوزاری چاودێریی تەندروستی، هەموو ئەمانە لە بارودۆخێکدان کە هاوکاتە لەگەڵ نائەمنی سیاسی و دڵنیانەبوون لە ئایندەی کارو سەرچاوەی داهات .

مرۆڤی ئەم وڵاتە هەر لەسەرەتاکانی ژیانی منداڵییەوە هەستکردن بە نەبوونی، کەمدەرامەتی و هەژاری بەربینیان ئەگرێت و ئەخرێتە بەردەم کارو دەستو پەنجە نەرمکردن لەگەڵ یاساکانی بازاڕ، بازاڕیک کە هیچ خۆشەوستیی و ڕێزێک بۆ بەهاو کەرامەتی مرۆڤ پێنییە جگە لە کێبڕکێ، جگە لەوەی کە کرێکار نەک هەر نامۆیە بە خودی مرۆڤبوونی خۆی بەڵکو لە بەرامبەر ئەو کاڵایەش کە بەرهەمی دەستی خۆیەتی و مەحروم ئەکرێت لێی. لێرەدا چیتر کارکردن ناکاتە چێژبەخشین و پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕوحیەکانی مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی کە بەردەوام دێوەزمەی بێکاریی هەڕەشەیەکە و بەشێک لە هیوا و ئومیدەکانی کرێکار لە داخوازی باشترو پڕکردنەوەی پێداویستی تر لە مەنگەنە ئەدات.

هەروەها داڕمانی سیستمی چاودێری تەندروستی کە بە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پەردەی لەسەر لادرا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکو مانگی ئاب، نزیک بە چوار ملیۆن و نیو منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان، زیاد لە ٩٨٤ هەزار کەس بە نەخۆشی ئایدز، نزیک بە پێنج ملیۆن کەس بە شێرپەنجە، زیاد لە  ٥٧٤ هەزار کەس بە مەلاریا  لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە. جگە لە قوربانییەکانی ئالوودە بە مەوادی بێهۆشکەر کە ژمارەیەکی بەرچاوی گەنجان لە ترسی ڕووبەڕووبوونەی واقیع و  ڕاکردن و خۆڕزگارکردن لە بارودۆخ، پەنایان بۆ بردووە.(بڕوانە ئەم بەستەرە، ژمارەکان بە چرکە ئەگۆڕێن)

نایەکسانیی و خۆکوژیی

لە وڵاتە هەژارنشینەکانی وەک ئاسیا، ئەفریکا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات ڕێژەکان زیاترن[٢]. لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ساماریتانس” مردن لە نایەکسانیدا” هاتووە کە ناجێگیری جێگا‌ ‌و ڕێگای ئابوری، هەژاری و نەبوونی هۆکاری مەترسی چوونەسەری دیاردەی خۆکوژین، خۆکوژییش یەکێک لە گرنگترین پرسە نایەکسانییەکانی کۆمەڵگایە”.

هەروەها هاتووە کە “لە مەترسییەکانی خۆکوژیی لە ماوەکانی سستی و داکشانی ئابوری، بەتایبەت لەو داکشانانەی کە ڕێژەیەکی بەرفراوان لە بێکاری ئەخەنەوە ڕێژەکان ڕوولەسەرتر ئەکەن، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی قەیرانی ئابوریش تا ماوەیەک بەردەوام ئەبن بە تایبەت بۆ کەسانێک کە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیاندا ڕوونادات”.[٣]  بە پێی توێژینەوەیەکی زانکۆی زوریخ ساڵانە ٤٥ هەزار مرۆڤ تەنها بەهۆی بێکارییەوە خۆکوژییان ئەنجام داوە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠ تاکو ٢٠١١.

سەرباری ناجێگیری سیاسی و ئابوری لە سایەی بۆرژوازیی کورد کەلێنی چینایەتی لە کوردستاندا چەند بەرابەر زیادیان کردووە، تەماشا بکەین نایەکسانی لە داهات و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی جەماوەرێکی بەرینی لە خەڵک بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردو بە چ کارەساتێک گەیاندووە، سەرەڕای فەزای شەڕ و ئاڵۆزی و گرانی لە ڕاددەبەدەر، و بارودۆخی داڕوخاوی  بەتاڵ لە خزمەتگوزارییەکان، و نەبوونی و هەژاریی، و بێکاری خنکێنەر، بارتەقای ئەمانەش بۆرژواکان کۆمەڵگایان پڕکردووە لە یاسای دواکوتووانە و دژە ژن و پەمپدانی فەرهەنگی پیاوسالاری، لە سایەی بارودۆخێکی وادایە کە بە هەزاران گەنجی بێهیوا و پەراوێزخراو لە ژیانکردن، ڕێگا پڕ لە مەترسییەکانی پەنابەری و کۆچیان گرتەبەر، ئەم بارودۆخە لەگەڵ شەکەتی و ماندووبوونی دەروونی مرۆڤەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دانا لە چوونەسەری نەخۆشیە دەروونی و درێژماوەکان ( شێرپەنجە، دڵ، جەڵتە)، و ئالوودەبوونی کلاسیکانە لە (بەکارهێنانی ئەلکهول و مەوادی بێهۆشکەر) و ئالوودەبوونی مۆدێرنانەی مرۆڤەکان (ئالوودەبوون بە پۆرنۆگرافی، یارییە کۆمپیوتەرییەکان، و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، و خۆ ئازاردانیش لەم ساڵانەی دواییدا. لە توێژینەوەیەکی ناوەندێکی ئەکادیمی بەرازیلدا دەرکەوتووە کە نایەکسانی جێگاو ڕێگای داهاتی مرۆڤەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە چوونەسەری ڕێژەی خۆکوژیی.[٤]

بێهیوایی و ڕزگاربوون

کەنارخستن و بەشداری پێنەکردنی کرێکاران لە پلاندانان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بێبەهابوونی مرۆڤ و تێڕوانین لێ‌ی وەک کاڵاو  هۆکاری بەرهەمهێنان، نامۆبوون بە خود، هاوچین و دەورەبەر، دابەشکردن لەسەر بنەمای نەتەوە، دین، ڕەگەز، ئیتنیک مرۆڤەکانی بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە و لێکدابڕان لە یەکتر بردووە. ئەم ناکۆکییە لەگەڵ بوون و سروشتی مرۆڤ و ئەم بێهیواییە لە سیستمی ئێستا کە بێتوانایە لە وەلامدانەوەی پێداویستییە ماددیی و مەعنەوەییەکان و لەبنەڕەتدا خوازیاری نییە، لە جیاتی خۆئازاردان و بێهیوا بوون بە ژیان و دەوروبەر، ئەبێت بگۆڕدرێت بە یاخیبوونێک لە سیستمی چەوسێنەرو سەرکوتگەرانەی ئێستا.

بێهیوایی و گۆشەگیری و لەدوا وێستگەشدا خۆکوژیی بە هیچ دەرئەنجامێک ناگات جگە لە مانەوەی یاساو ڕێسا دڕندەکانی سیتسمی چینایەتی ئێستا وبەجێهێشتنی ئازار و مەینەتی بۆ کۆمەڵگا. قوربانییەکانی خۆکوژیی لە جیاتی دەستبردن بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان وەک ڕێگایەکی دەربازبوون لە نەهامەتییەکان، ئەتوانن دەست بەرن بۆ بەخشینەوەی هیوا بە دامەزراندنی جیهانێکی تر کە ڕێزو بەهای مرۆڤ تیایدا باڵادەستە نەک قازانج و سەرمایە، ئەویش لە ڕێڕەوی لێکنزیکبوونەوە، کۆبوونەوە، یەکگرتووبوون و تێکۆشانی جەماوەری پرۆلیتاریدا،چەوساوەکان هەست بە بوون و جێ‌و ڕێ‌ی شایستەی خۆیان ئەکەن و بوارێک بۆ خۆئازاردان و خۆکوژیی نامێنێتەوە.

دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ئەو ڕێکخراوانەی کە گونجاون ئەرکێكی دەستبەجێ و گرنگن، نەک تەنها ناوەندێکن بۆ بەدەستهێان و زامنکردنی دەستکەوت و مافەکان بەڵکو ناوەندێکی هاوکاری و توندوتۆڵکردنەوەی یەکگرتوویی وپەیوەندی چینایەتی کرێکارانە، و لەم ناوەندانەدا کرێکاران نامۆبوون و بێهواییان لە سیستمی ئێستا ئەکەنە کانگای هیواو چالاکیی بۆ هێنانەدی ژیانێکی تەواو جیاواز.

ڕێگای دەربازبوون

” سەرمایەداری ترسێکە بێکۆتایی”! ،و ڕۆژ بەڕٶژ ژیان و گیانی هەزارانمان لێ زەوت ئەکات. تا دێت ژینگە وژیانی کۆمەڵگا نوقمی زەلکاوی پشێوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دواکەتووانە و دژە مرۆڤ ئەکات، ژیانی ئێمە لە سایەی ئەم سیستمە قازانجپەرستەدا جگە لە بوون بە پارچەو یەدەکی ئامێرێک کە خزمەت بە بەرهەمهێنان و کەڵەکەی سەرمایە ئەکات هیچ تر نییە، هەربۆیە هیچ ڕێگاچارەیەکی ڕزگاربوونمان جگە لە سۆسیالیزم، هەڵوەشاندنەوەی کارێ گرتە و لەناوبردنی خاوەندارێتی تایبەتی لە بەردەمدا نییە، سۆشیالیزم مەرجی ئازادیبوونی مرۆڤ و بەشداری کاریگەریانە لە سەرجەم کایەکانی ژیان بێ جیاوازی و کلیلی پێشکەوتن و داهێنانی مرۆڤایەتییە.

ئەو سەروەت و سامانەی کە بەرهەمی دەستوپەنجەی چینی کرێکارە هەرئێستا بەشی هەمووان ئەکات و لە ژێر پلان و نەخشە و بەڕێوەبەریی دیموکراتیانەی کرێکاراندا ئەکرێت چیتر بوارێک بۆ ناجێگیری سیاسی و ئابوری، برسیەتی و هەژاری و نەبوونی و بەو پێیەش نەخۆشییە دەروونییەکان و دەیان گرفتی تر نەهێڵێتەوە، هەموو ئەو سەروەت و سامان و تەکنەلۆژیایانەی کە ڕەنجی دەستی کرێکارن ئەکرێت لە تەواوی بوارەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردەو خوێندن، نیشتەجێبوون، و بڕەودان بە تواناکانی مرۆڤ بخرێنە گەڕ تا بەشداری چالاکانەو ڕاستەوخۆیانەی کرێکاران و گەنجان لە پلاندانان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا مسۆگەر بکەن. مرۆڤ لە کەشوهەوای هاوکاری و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان نەک ڕکابەریی و کێبڕکێی بازاڕ بەرهەم ئەهێنێت و هەر بەم ئاقارەدایە ئەکرێت ناوەندەکانی هاوکاری و دەستگیرۆیی دەروونی هەموو ئەو مرۆڤانە دابمەزرێن کە لە بارودۆخێکی تایبەتدا و لەبەر هەر هۆکارێک بێت پێویستییان بە هاوکاری و بەدەنگەوە هاتن هەیە.

[١]https://www.vice.com/nl/article/5g78pa/er-sterven-jaarlijks-45000-mensen-aan-werkloosheid-281

[٢]  https://www.nieuwsblad.be/cnt/dmf20190909_04599502

[٣]  https://www.samaritans.org/about-samaritans/research-policy/inequality-suicide/

[٤]  https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC4416030/

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

كێبڕكێی نێوان كۆمپانیا و دەوڵەتان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كۆڤید-19 د. دەشنێ نەریمان

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید-19ە‌وه‌ كێبڕكێیه‌كی زۆر له‌ نێوان كۆمپانیاكانی ده‌رمان و ڤاكسین سه‌ریهه‌ڵدا. ...