پشتیوانی له ناڕەزایەتیەکان و شۆڕشی کرێکاران و ستەملێکراوانی کوردستانی عێراق


سالانێکە کرێکاران و هەژارانی عێراق لە شارەکانی ئەو وەڵاتە بۆ نمونە لە بەغدا و بەسرە و سلێمانیە…. بۆ گەیشتن بە داخوازیە چینایەتیەکانیان دەستیان داوەتە شۆڕشێکی ماندو نەناسانە، کە لەم شۆڕشانەدا زۆرێک لە مرۆڤەکان گیانیان لە دەستداوە، یان بە شێوازی فەرمی هەمو دیکتاتۆرەکانی جیهان ئەشکەنجە کراون، ئازار دراون و گیراون و زیندان یان تیرۆر کراون. ئەم جارەیش شایەتی دەورێکی نوێ لە نارزایەتی و شۆڕشی کرێکاران و چەوساوەکان لە هەرێمی کوردستانین، سەرەتای ئەم نارزایەتیانە لە شاری سلێمانی بوو کە بەخێرایی بۆ هەمو شارەکانیتریش پەرەی سەندووە. شۆڕشێ چینایەتی ئەم دوواییە کە بە ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە بێکاری و هەژاری و نەدانی موچە و چەوسانەوە لە لایەن دەسەڵات و دەوڵەمەندان پێک هاتووە، بە شێوازێکی ئارام لە سلێمانیە لە نێو شەقامەکان دەستپێکرا، بەڵام لە لایەن دەسەڵات و چەوسێنەرانی هەرێمی کوردستانی دژە مرۆڤ، تەحەمۆڵ نەکرا و خەڵکی هەژار و بێ چەکیان دایە بەر دستڕێژی گوولە و غازی فرمێسک ڕێژ و دژ بە خەڵک توند وتێژی فراوانیان خوڵقاند. لەم توندو تێژیانەی شارەکانی سلێمانی، چەمچەماڵ و کەلار….زۆرێک لەخەڵکی هەژار کەوتنە بەر هێرش و بریندارکران و گیران و چەند کەسێکیش بە دەستڕێژی هێزەکانی دەسەڵات گیانیان لە دەست داوە. سەرمایەدارانی دەسەڵاتدار ویستیان بەم شێوازە خەڵکی هەژار و ڕەش و ڕوت و توڕە، بتۆقێنن و بەرهەڵێستی شۆڕشەکانیان ببنەوە. بەڵام خەڵکی شۆڕشگێر وەڵامی ئەو کردوەیان بە ئاگردانی بنکەکان و دائیرەی حزبە دز و درۆزنەکان دایەوە، بەم جۆرە شێوازێکی نوێیان هێناوەتە کایەوە. ئەم نارەزایەتیانەی خەڵکی هەژار ماڤی ڕەوای هەمو مرۆڤێکی چەوساوەیە، بە تایبەت لە وەڵاتێکی دەوڵەمەند وەک عێراق، وەڵاتێک کە بە دەستی سەرمایەداران و بە کەڵک وەرگرتن لە درۆ و تەوەژمی خورافی داگیر کراوە کە زیادتر لە دەورانی پێشو و دیکتاتۆرەکانی جاران خەڵک دەچەوسێنێتەوە . ئەمە راستیکی حاشا هەڵنەگرە کە کوشتن و سەرکوتی کرێکاران و لێقەوماوان و بەش مەینەتانی عێراق و هەرێمی کوردستان، قین و توڕەیی جەماوەرو و هەمو مرۆڤیک، دژ بە دیکتاتۆری و بکوژەکان دادەگرسێنێ. ساڵانێکە شێوازی کردەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداران و چەوسێنەرانی ئەم ناوچانە بووتە سەرکوتی بێ بەزیانەی کرێکاران و خەڵکی چەوساوەو و هەژار، شێوازێک کە بێ وەستان دژ بە کرێکاران و چەوساوەکانی ئێران، سوریە، یەمەن، عەرەبستان، میسر، تورکیە، ئەفغانستان… ئەنجامدەدرێ . وا دیارە کرێکاران و تێکوشەران و ستەملێکراوان دەبێت بە تاوانی دەوەڵەمەندی وەڵاتەکانیان، و بونی سەرچاوە فراوانە سروشتییەکانی ژێر زەوی، بە توندی سزا بدرێن و دەسەڵاتدارانی سەرمایەدار لە خوشگوزارنیدا ژیانیان تێپەڕ ببێت. ئەم بارودۆخە ئێمە ڕادەچڵەکێنێ، هەتا کاتێک کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهان بە تایبەت لەم ناوچانە یەکگرتوو نەبن، هەر بەم شێوازە تاڵان دەکرێن و هەر ڕۆژە راستی ژیانیان وەک جەهەندەم ئەزمون دەکەنەوە. ئەرکی هەمو کرێکاران و هەژاران و مافخوراوانە پاڵپشتی شۆڕشەکانیان بن و لە ئەزمونەکانی یەکتر کەڵک وەرگرن. بەم هۆیەوە پاڵپشتی و پشتیوانی لە شۆڕشی کڕێکارانی عێراق و ئەم دووایەی چەوساوەکانی شارەکانی کوردستان دەکەین. ڕق و بێزاری قوڵی خۆمان لە سەرکوتگەرانی خەڵک ڕادەگەینین و داخوازیمان ژیانێکی مرۆڤانەیە بۆ هاوڕیانی چەوساوە و هاو چینەکانمان. بێ شک رزگاری ئێمە تەنیا بە هێزی جەماوەری و ئیرادەی چیانیەتیمان مسۆگە ئەبێت. بە هەر پێوەرێک یەکگرتوو بین و شوراکان و دەسەڵاتی خۆمان پێک بێهنین زوتر بە رزگاری و ئازادی دەگەیین. بژی یەکیەتی کرێکاران و هەژاران دژ بە سەرکوت و چەوسێنەرانی سەرمایەدار لە تەواوی جیهان و بە تایبەت لەم ناوچانە.
بژی یەکێتی و پاڵپشتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دژ بە چەوسێنەرانی دیکتاتۆری هەرێمی کوردستان
کۆمیتەی یەکگرتوو بۆ یارمەتی، پێکهێنانی رێکخراوە کرێکاریەکان ٨/١٢/٢٠٢٠

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*