جوڵانەوەی دیسەمبەر لە کوردستان و قۆناغێکی خەباتکارانەی نوێ!

زیاد لە هەفتەیەک تێپەڕی بە سەر هەڵگیرسانی شەپۆلێکی تازە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوردستان کە لەدژی هەلومەرجی خراپی ژیان و دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتکردن و ئەو سیاسەتە ئابوریانەی کە خۆی ئەبینییەوە لە بەتایبەتیکردنی ئابوری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ.

بروسکەی هەڵگیرسانی ئەم ناڕەزایەتیانە لە سەرەتای ئەم مانگی دیسەمبەرەوە لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، وە بەخێرایی پەرەیسەند وەک تریشقە بڵاوبووەوە بۆ زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی، هەڵەبجە و کفری و کەلار و دەربەندیخان و ڕانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ و دوکان…و تێکڕا بوونە شانۆی ئەم دەرگیرییە چینایەتییە توند و تیژانە.

شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی دێسەمبەر لەکاتێکدا پەرەی سەندووە کە سێبەر و تاریکی نەبوونی و هەژاری و برسێتی و بێکاریی باڵیکێشاوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، و سی ساڵی تەمەنی دەسەڵاتدارێتی ئەم ڕژێمە هیچ شتێک نەبووە جگە لە برسیکردن و هەژارکردن و جەنگ و نەمانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکان، ئەمە لە لایەک و لەلایەکی ترەوە زیادبوونی دەوڵەمەندی سەرسوڕهێنەری چینە دەوڵەمەندەکان و تاقمێک لە سەرکردەی پارت و میلیشیاکانیان و پەرەسەندنی گەندەڵی .

بنەمای ماددیی و کۆمەڵایەتی ئەم جوڵانەوەیە هەمان ئەو بنەمایانەبوون کە ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر لە شارەکانی ناوەراست و خواروی عێراق پشتیان پێبەستبوو، کە بریتی بوولە ڕەتکردنەوەی جەماوەری کرێکاران و گەنجان و بێکاران و ماف خوراوان و فەرمانبەران و کاسبکاران و بەگشتی گشت توێژە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەردوو ڕەگەزی ژنان و پیاوان بۆ بۆدابینکردنی سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانیان، بۆیەشە ناتونین تیبگەین لە ڕوئیاو ئاسۆ و ململاملانێکانی ئەم ناڕەزایەتیەنە بە دابڕاوی لە تێگەیشتنی بابەتیانەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و میکانیزمەکانی.

ناڕازیبوون و توڕەیی جەماوەری کوردستان بەرامبەر دەسەڵتدارێتی فەرمانڕەوا و هەژموونی پارتە قەومی و دینییەکان و نەبوونی ئاسایش و سەلامەتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی گەشتووەتە بەرزترین لوتکە و ئیتر زۆر قورس و ئەستەمە ژیانکردن لە سایەی ئەم دەسەڵتدارییەتیە و ڕژێمە کۆمەڵیەتییەکەیدا.

ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە بە سەرکوت و داپڵۆسین بەرەو ڕوی جەماوەری ڕاپەڕیو بووەوە، و نەک هەر چەک و گوولەی پلاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژ و خنکێنەر و سۆندەی ئاوی بەکار هێنا بۆ کپکردنەوە و کوژاندنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەڵکوو بە گولەی ئاگریینیش ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بووەوە و دەستی پیس و بۆگەنی سور بوو بە خوێنی لاوانی بێبەش و هەژار، هەموو ئەمانەش پاش ئەوە دێ کە هەرچی هەیە لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و داهات و خێروبێری کوردستان و هێزی کار دزیویەتی و تاڵانی کردووە.

تایبەتمەندێتی و سیمای سەرەکی ئەم جوڵانەوەیەی دیسەمبەر بە پشتبەستن بەگشت ئەزموون و تەجروبەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەوڵیداوە داببڕێت و بنەڕەتییانە جیاببێتەوە لە هەژمونی پارتە قەومی و دینی و لیبرالەکان و پەردەهەڵماڵێت لەسەر ناوەرۆکیان و دوژمنکاریی تەواوەتییان بۆ سەر خواستەکانی جەماوەر، و لەهەمانکاتیشدا ئەم جوڵانەوەیە ئەوەی لەلا ڕوونە کە ئەم پارت و ڕەوتانە چەندە دوژمنکارن بۆسەر ئیدەکانی جەماوەر و ئازادییەکانیان و ژیانێکی دابینکراو و فەراهەم، هەر بۆیەش  فرسەتی نەدا بە هێزە سیاسییە قەومی و دینی و لیبرالەکان و ئەوانی تریش تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان ببن و گورزێکی کاریگەریشی دا لە فرتوفێڵ و موئامەرەکانیان.

خەباتی ناڕەزایەتی لە کوردستان لەگەڵ جوڵانەوەی دیسەمبەردا پێی ناوەتە قۆناغێکی خەباتکارانەی نوێوە لە هەناوی خۆشیدا دژواریی و درگیریی نوێی هەڵگرتووە.  ئەم دژوارییانەی ئێستا کە خۆی ئەبینێتەوە لە پاراستنی سەربەخۆیی جوڵانەوەکە بەرامبەر گشت هێزە قەومی و لیبرال و مائیعەکان، و لە بەرامبەر هەندێکی تریش لەو هێزانەی کە هەوڵئەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوی خەباتکارانە و چینایەتی و لە کاتێکدا نەیانتوانی دەخاڵەتبکەن لەدەرەوەی خودی جوڵانەوەکە و دەستبگرن بەسەریدا و دەستەمۆی بکەن  هەوڵئەدەن لەناو جوڵانەوەکەدا جوڵانەوەکە لەبار بەرن، هەروەک چۆن کلێتە شینەکان لە گۆڕەپانی تەحریر ئەنجامیاندا. پاراستنی سەربەخۆیی جوڵانەوەکە تەنها لەڕێێ جەختکردنەوە لەسەر ناوەرۆک و جەوهەرە چینایەتییەکەی و خواستە عادیلانەکانی جەماوەر و لاوان و گەنجانی بێبەش بەدیدێت، کە ئەویش گۆڕینی ژیانکردن و کۆتاییهێنانە بە هەژاری و نەداری و برسییەتی.

دژوارییەکی تر خۆی ئەبینێتەوە لە چۆنییەتی دۆزینەوەی میکانیزم و شکڵی خەباتکارانەو ڕێکخراوەیی گونجاو بۆ گەشەسەندنی جوڵانەوەکە و پێشڕەوایەتیکردن ڕووە و ئامانجی کۆتایی. ئەو شکڵانەی کە خۆدی جوڵانەوەکە هێناویەتە بوون و لە ناواخنی خۆیدا و لە پێناو گەشەی خۆیشیدا گونجاوترین شکڵ و شێوەی ڕێکخراوبوون دێنییەتە بوون کە خاباتکارانی نێو جوڵانەوەکە ئەیکەن بە ئامرازی خەباتکارانەی بەهێز و توانا نەک هەربۆ بەرەنگاریی، بەڵکو بۆ چونەپێشەوە و هێرشی چینایەتی.

١٠/١٢/٢٠٢٠

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*