ساڵێکی تر لە دڕندەیی سەرمایەداری و خەباتی نەپساوەی چینی کرێکار

کامەران ئەحمەد

ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی و کوێرەوەریی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا، کوشتنی نزیک بە دوو ملیۆمن مرۆڤ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وداڕمانی کەرتی تەندروستی و نەبوونی کەلوپەلی خۆپارێزیی، پەکخستنی کەرتەکانی پیشەسازی وبەرهەمهێنان، لەدەستدانی هەزاران کارو بێکارکردنی ملیۆنەها، کەمکردنەوەی کرێ‌ی کار و چوونە سەری ئاستی هەژاری وبرسیەتی لە ڕادەبەردەر، لە هەمان کاتدا شکستی ئابوری و مایەپوچی سیاسی سەرجەم ڕەوت و باڵەکانی بۆرژوازی، و خستنەڕووی دڕندەیی سەرمایەداریی لە سەرتاسەری جیهان بوونە حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر. هەر لە دەماودەمی سەرەتای ساڵدا مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی کەوتە بەردەم بازاڕی بێڕەحمانەی سەرمایەداری و ڕێگاچارە شکستخواردووەکانی و نوقمکردنی کۆمەڵگا لە قەیرانی ئابوری و سیاسی. هێشتا شەپۆلەکانی کوشندەیی ئەم ڤایرۆسە کۆتاییان نەهاتووە، لە کۆتایی ساڵدا مەترسییەکانی سەرهەڵدانی پەتایەکی تر چارەنووسی مرۆڤایەتی خستووەتەوە بەردەم نادیاربوونی ئایندە و هەڕەشەی لەناوچوون.

هیچ گومانی تێدا نییە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا قوڵبوونەوەی ناکۆکی  چینایەتی، و دەرخستن و گەورەبوونی قڵشتی چینایەتی نێوان هەژاران و چەوساوەکان لە لایەک و خاوەنکارگاو بانکەکان لە لایەکی ترەوە لە هەر کاتێکی تر لە بەرچاوی هەمووان ڕوون بووەوە. لەهەمان ئەو کاتانەی برسیەتی و هەژاری ڕووی لە زۆرینەی زۆری کۆمەڵگا ئەکرد و ژمارەیەکی بەرینی کرێکار ڕەوانەی ماڵەوە ئەکران و بێکارئەکران، کرێکارانی کۆچکردوو لەهەر کات زیاتر کەوتنە بەر هێڕش و پەلاماری دەزگا سەرکوتگەرییەکانی پۆلیس و بە زۆرەملێ ڕەوانەی وڵاتەکانیان کرانەوە، ژمارەیەکی بەرینی خەڵک لە ژێر بڕوبیانووی وەستانی کارو هەڕەشەی قەیرانی سیاسی و ئابوری لە لایەن حکومەتەکان و سەرمایەدارانەوە مووچەکانیان زەوتکران و دزران، بەڵام کەمینەیەکی بێکار، خاوەن سەرمایە و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان سەرمایەکانیان هێندەی تر کەڵەکەی کرد، لە ڕاپۆرتی ئۆکسفام لە ژێرسەردێڕی ٣٢ لە گەورەترین کۆمپانیا مەزنەکانی جیهان ڕێژەی قازانجەکانیان بە بڕی ١٠٩ ملیار دۆلار لە هەڵکشاندا بووە لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەمەش لە کاتێکدایە پەتاکە نزیک بە نیو ملیار خەڵک ڕووەو هەژاری پاڵپێوە ناوە،  ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە پەیتا پەیتا هەوڵی کەمکردنەوەی کرێ و مووچەیان ئەدا، سەرمایەکانیان بە بڕی ملیارەها دۆلار قازانجیان کرد،لەگەڵ بەرفرانبوونەوەی قڵشتی چینایەتی هەژاران و دەوڵەمەندان، زیادبوونی سەرمایەی کەڵەکەبووی خاوەن کۆمپانیاو بانکەکان، شکستی مۆدێلی ئابوری و سیاسەتی حوکمڕانی سەرمایەداران لەهەر جێیەک زیاتر بۆ جەماوەرێکی بەرینتر لە کرێکار و زەحمەتکێش ڕوون بووەوە.

لە عێراقدا لە درێژەی دزین و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتیەکانی کۆمەڵگا، چاوچنۆکی و پەلاماردانی خەڵک، و لە ژێر زەبری سەرکوتگەری هێزەکانی بۆرژوازی دزینی بە ئاشکرای مووچە و پارووی خەڵک، گەندەڵی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن بووەتە سیمایەکی ناسێنەرەوەی چینی بۆرژوازی لەم وڵاتە. هەژاری لە هەندێک شارو ناوچەدا ڕێژەی ٥٠%ی تێپەڕاندووە،و بێکاریش بەربینی ٤٠%ی دانیشتوان و بە تایبەت گەنجانی گرتووە. لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کۆی پەنجا هەزار دەرچووی کۆلیژو پەیماناگاکان تەنها دەرفەتی کار بۆ دوو هەزار دەرچوو ڕەخساو دابینکرا. لە سایەی حاکمیەتی نوێنەرانی بۆرژوازیی جیهانیی پێشێلکردنی ئازادی ومافە مەدەنییەکان،  ڕفاندن و تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی بووەتە سیمایەکی تۆقێنەرانەی ئەم سیستمە کە ئاستی ئاسایشبوونی ژیانی لە خراپترین باردۆخدا ڕاگرتووە.

سەرمایەداری بەهۆی قەیرانی ئابوری و پەککەوتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و بێتوانایی لە وەڵامدانەوەی خێرا لە چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی پەتاکە، بووەتە هۆکاری ڕاگرتنی پرۆسەی پەرەوەردەو خوێندن. لە جیاتی دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی خۆپارێزی و ئاسانکاری بۆ ژیانکردنەوەی کۆمەڵگا تەواوی ناوەندەکانی خوێندن داخران. جارێکی ئەو ڕاستییە دووپاتبووە کە زانست لە سایەی سەرمایەداریدا تەنها لە چوارچێوەی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا مانای هەیە. لە بێدەربەستی نوێنەران و حکومەتەکانی بۆرژوازیدا ژیانی هاوڵاتیان لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکی تەندروستی شایستەدا، و کەمکردنەوەی بیمەی ، و فەرامۆشکردنی کەرتەکە بە تەواویی خراوەتە بەردەم کێبڕکێ‌ی بازاڕ وکۆمپانیاکانی تەندروستی و دڵنیایی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی بودجەی تەرخانکراو بۆ چەک و خۆپڕچەککردن لە سەرجەم ولاتاندا بێئەندازە لەمپەڕی وڵاتانی ئیمپریالیستی یەوە بگرە تا ئەوپەڕی وڵاتانی هەژارنشین لە هەڵکشاندا بووە.

کازمی وەک نوێنەری بۆرژوازیی عێراق و دەربازکردنی سەرمایە لەو قەیران و بنبەستەی تێ‌ی کەتووە بە هەڵگرتنی ئاڵای لەناوبردنی گەندەڵی، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی و جیهانیدا کردەوە، هەر لەسەرەتاوە لە جیاتی چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی سیاسی و ئیداری کە بانگەشەی بۆ ئەکات، لە جیاتی هەڵوەشاندنەوەی هەزاران چەکداری بندیوار و گروپی میلیشیایی کە بە زەبری هێز لمۆزی خۆیان لە سەرچاوەکانی نەوتی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەستیان و دەروازە سنوورییەکان گیرکردووە، لە جیاتی چارەسەری بنەڕەتییانە بۆ هەژاری و بێکاری ملیۆنی خەڵک پەلاماری بەهای دراوی عێراقی دا و جارێکی تر وەک هاوپیشەو هاوپێشێنەکانی بەیتو بالۆرەو درۆ و دەلەسەی دەستنەبردن بۆ مووچەو نانی خەڵک بۆ هەموو گەلانی عێراق ڕوون بووەوە. لە جەرگەی بارودوۆخێکی وادا گرانبوون و چوونەسەری نرخی کاڵاو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان زۆرینەی کۆمەڵگای هەر لەسەرەتای ساڵی نوێوە لە لێواری مەرگدا ڕاگرتووە. هەڵبژاردنی پێشوەخەت هیچ ئالوگۆڕێک لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکی عێراق و کوردستاندا پێکناهێنێت جگە لە شەرعیەتدان بە چەند ئەحزابی بۆرژوازی و مشەخۆر. تەنها هاتنە مەیدانی سەربەخۆی کرێکارانە لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان، و جیاکردنەوەی ڕیزی چینایەتی خۆیانە کە ئەتوانێت سنوور و کۆتاییەک بۆ نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا و چاوچنۆکییەکانی چینی بۆرژوازی دابنێت. وەڵامی کرێکارانی سۆسیالیست هەر لە ئێستاوە ڕەتکردنەوەی هەڵبژادنی بۆرژوازی و جیاکردنەوەی ڕیزی خۆیانە لە باڵ و ڕەوتەکانی بۆرژوازی، دانان و پلان و بەرنامەڕێژی بەکۆمەڵ و یەکسانیخوازانەیە بۆ کۆتاییهێنان بە خاوەندارێتی تایبەتی.

ساڵی ٢٠٢٠ و داڕمانە ئابوری و سیاسی و تەندروستییەکان لە سەرتاسەری جیهان خاڵێکی گەورەی وەرچەرخانە لە چوونە سەری قەیرانە کۆتایی نەهاتووەکانی سەرمایەداری و ڕٶشنبوونەوەی مۆدێلی دڕندەو چاوچنۆکانەی خاوەندارێتی تایبەتییە بۆ جەماوەرێکی بەرینتر لە خەڵک. ئەگەرچی ساڕێژبوونەکانی ئابوری سەرمایەداری لە بەدەستهێنانی پێکوتە بشچێتە پێش کورتماوە ئەبن. هەموو ئەم ئاڵوگۆڕانە و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە بیرکردنەوەی چینی کرێکار دائەنێن. چارەنوسی خۆیان بە ئابورییەکەوە نەبەستنەوە کە جگە لە هەژاری و برسیەتی و بێکاری و قەیران دوای قەیران هیچی تری پێ نییە.

ئەمڕۆ ئیتر بۆرژوازیی لەهەر جێیەک دڕندەیی خۆی لەگەڵ خەون و هیوای ئینسانەکان بۆ ژیانێکی پڕ لە شکۆو تەندروست دەرخستووە. خاڵی درەوشاوە لەم هەموو باردۆخە سەختانەی ساڵدا سەرباری هەر کەموکورتییەک هاتنە مەیدانی کرێکارانی هۆشیارو بە ئاگاهاتووی چینیەکە بوو لە سەرتاسەری جیهان لە بەرامبەر هێرشەکانی چینی بۆرژوازی و دڕندەی سیستمێک کە جگە لە قازانج و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە هیچی تر نابیبێت. مانگرتنەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئیتالیا، پیرۆ، ئیندۆنیسیا، کرێکارانی یۆنان و وەستانەوە لە بەرامبەر بەتایبەتکردنی چەند کەرتی خزمەتگوزاری، مانگرتنی زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن کرێکاری هیندی، ڕاپەڕینەکانی خەڵکی لوبنان، عێراق،وهاتنە مەیدانی جەسورانەی خەڵک و گەنجان لە کوردستان دژ بە مووچەی دزراوی کرێکاران و کارمەندان، و پەلکێشانی بزووتنەوەکە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی نەخشاندنی مێژوویەکی خەباتکارانە کە توانا و وزەی بزووتنەوەکە لە ساڵی نوێدا ڕێکخراوتر و ئاگاهانەتر گڕ پێئەدەن. بێزاری و تووڕەیی خەڵك لە سیستمی سەرمایەداری مەشخەڵێکی داگیرساوی ئومێد و هیوای مرۆڤەکانە بە دنیایەکی باشتر، ئێمە بەو ئومێدەوە ساڵی نوێمان دەستپێئەکەین و ڕێکخراوبوون و هۆشیارکردنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران و گەنجان بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان، کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی، و تێکۆشان بۆ یەکگرتووییی هەرچی زیاتری تواناکانی نێو بزووتنەوەی سۆسیالیستی ئەکەینە بەرنامەی کارو هەڵسوڕان.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*