ساڵێکی نوێ‌ی خۆش- بۆ هەندێک! بەشی دووەم

ئالان ودز، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

دواین هەڵوێستی دۆناڵد ترامپ

بۆ دەستخستنی تێڕامانێکی عەقڵانی لەسەر کارکردنی مێشکی ئاڵۆزاویی ترامپ، ئەرکێکە کە مێشکێکی یەکجار گەورەتری ئەوێت لە چاو نووسەری ئەم چەند دێڕانەی ئێستا. لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواویی ئەستەم نییە گەر مەزەندەو لێکدانەوەیەکی ئاگاهانە دەربارەی هاندانەکانی لە پرسی ئێستادا بکەین.

کۆنگرێس هەر لە هاوینی ڕابردووەوە دەربارەی پاکێجی نوێی هاندان لە پەیوەند بە کۆرۆنا ڤایرۆسەوە گەیشتووەتە ڕێگایەکی داخراو. بڕیاربوو پاکێچەکە هاوکاری نزیکەی ١٢ ملیۆن کرێکاری ئەمریکی بکات کە ڕووبەڕووی کشانەوەی دەرماڵەکانی هاوکاری بوون لە ٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٠.

هەریەکە لە کۆماریی‌یەکان و دیموکراتەکان لە نێو چەند پرسی تریشدا پێکەوە سازان کە هاوکارییەکانی بێکاری تاکو کۆتایی مارس درێژ بکەنەوە، بەڵام لە حەپەسان و واق وڕمانی هەمووندا سەرۆک ڕەدی کردەوە کە واژۆی خۆی لێبدات لە سەر ئەو بنەمایەی کە بڕی ئەم هاوکاری‌یە یەکجار کەم وڕەزیلانەیە( کە بە ئاشکرا ئەمە دروستە) و گوایە ئەو لە پاڵ ئەمریکی‌یە هەژارەکاندایە لەبەرامبەر مشتی داخراوی کۆنگرێسدا( کە ئەمەش بە تەواویی نادروستە).

ڕاستی ئەوەیە کە ئەو بڕە داماوەی(زۆر کەمەی) کە دیاریکرا دەرئەنجامی تاکتیکە درێژخایەنەکانی کۆمارییەکان بوو –یانی حزبەکەی ترامپ خۆی- ئەگەر سەرۆک پێچەوانەی ئەمەبوو ئەکرا زۆر پێشتر تێڕوانینەکانی خۆی ڕوون بکردایەتەوە، و بەمەش کات و دەردەسەرییەکی زۆری بگەڕاندایەتەوە، بەڵام ئەمەی نەکرد.

ئەو بڕە داماوەی(زۆر کەمەی) کە دیاریکرا دەرئەنجامی تاکتیکە درێژخایەنەکانی کۆمارییەکان بوو –یانی حزبەکەی ترامپ خۆی

لە ڕاستیدا، پشتگیری لە پێشنیارە ئەسڵیەکە کربوو و تا دواین  سات بێدەنگی  لێکرد کاتێک کە فاتوورەکە خرایە سەر مێزەکەی، تەنها چەند هەفتەیەکی کەم پێش دەرکردنی فەرمانی چٶڵکردنی  نوسینگەکەی لە کۆشک. ئیتر زۆر ڕوونە کە ئەم دوو پرسە لێکجیانەبوون.

لێرەدا دوو شت زۆر ڕوونن. یەکەم ئەوەیە کە ترامپ زۆر پەیوەستە بە پلەو پایەوە وەک سەرۆکی گەورەترین هێزی جیهان، و هیچ پەلەی نییە لە کۆکردنەوەی جانتاکەیدا. بەڵکو بە پێچەوانەوە تا دواین سات هەوڵی خۆلکان و ئاڵان بە دەسەڵاتەوە ئەدات هاوشێوەی ئەو بێئومێدی‌یەی کە پیاوێکی نوقمبوو دەست بۆ پووشێک ئەبات. بەڵام بەدبەختانە لە دواین هەفتەکانی دوای هەڵبژاردنەوە جێوڕێ‌ی بەرەو لاوازبوونی زیاتر چووە. لە جوڵانێکی بێئومێدانەی پاسەوانی دواوەدا، کە دواین وەستانی کەستەر Custer(١)مان بیر ئەهێنێتەوە ، دۆناڵد ترامپ دواین سەرکێشی کرد و بۆ ڕووتێکردنی سوپاکەی بەرەو ئاڵاکە فووی بە بوقەکەدا کرد.

ئەوەی بووە نیگەرانکردنی لە ڕاددەبەری ترامپ ئەوەبوو تەنها ژمارەیەکی کەم لە سیناتۆرە کۆمارییەکان بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە چوون. تەنانەت لایەنگرە زۆر دڵسۆزەکانی لە هیرارشی( هەرەمی پلەوپایەی) پارتە کۆمارییەکەیدا، کە هاوسەنگی هێز هەڵئەسەنگێنن، بە دەرئەنجامێکی لۆژیکی باش گەیشتن کە خۆلادان لە مەترسیی زۆر باشترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی.

بۆ خۆشکردنی زیاتری ئاگرەکە(٢)، چەند هاندەرێکی ساختەکار ( کە ژمارەیان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ئەبن) تۆمارێکی دەنگییان بڵاوکردەوە کە سەرۆک سوکایەتی بە وەزیری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا براد ڕافسپێرگەر Brad Raffensperger  ئەکات لە “دۆزینەوەی” ١١٧٨٠ بۆ هەڵگەڕانەوەی سەرکەوتنی جۆ بایدن لەو ویلایەتە. پێئەچێت ئەمە فاکتەرێک بێت لە بڕیاردانی سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان. بەجێیانهێشت هەروەک چۆن جرجەکان کەشتی‌یە نقومبووەکە هەڵدێن.

ئەم جۆرە لە کارکردی ترسنۆکانەی نادڵسۆزی، وەڕسکردنێکی بێئەندازە قوڵی پیاوێکە کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەم جۆرە لە سەرپێچیکردنە ڕانەهاتووە. وێناکردنی ئەوە کە ئەم خیانەتکردنە گەورەیە بێ سزا نابێت جێ‌ی بیرکردنەوە نییە. بەم شێوەیە، کاتێک هەندێک خەریکی پێچانەوەی خەڵاتەکانی کریستمەس بوون، دۆناڵدەکەی ئێمە خەریکی ئامادەکردنی سورپرایزێکی کریستمەس بوو بۆ هاوڕێ کۆن و لایەنگرانەکانی- خەڵاتێک کە هەروا بە سادەیی و خێرایی بیر نەچێتەوە.

تەنانەت ئەگەر ئەمە بە مانای ئەوەش بێت کە ملیۆنان هەژاری ئەمریکی دووچاری برسیەتی ئەبن، ئەو لە مێژوودا تۆمار ئەکرێت کە سەرۆکێک بووە و ویستویەتی پارەی زیاتر بدات بە هەژاران. ئەمە گومانی تیدا نییە کە درۆ بوو، لەبەر ئەوەی ئەم سەرۆکە بە تەواویی هونەری درۆکردنی بردووەتە ئاستێکی باڵاتر.

کاتێک هەندێک خەریکی پێچانەوەی خەڵاتەکانی کریستمەس بوون، دۆناڵدەکەی ئێمە خەریکی ئامادەکردنی سورپرایزێکی کریستمەس بوو بۆ هاوڕێ کۆن و لایەنگرانەکانی- خەڵاتێک کە هەروا بە سادەیی و خێرایی بیر نەچێتەوە.

بەڵام شتی سەرەکی ئەوە نییە کە چی دروستە، بەڵکو ئەوەیە کە خەڵک بە چی باوەڕ ئەکەن کە دروستە. و ئەو شتەی خەڵک باوەڕی پێئەهێنێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا زۆر سوودی ئەبێت، کاتێک دۆناڵد ترامپ، بە پێچەوانەی (ژەنەراڵ کەستەر)*ەوە ئەیەوێت جارێکی تر لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا سوار بێتەوە.

مرۆڤ ئەتوانێت تەنها وێنای ئەو هەستە خۆشی‌یە پڕ لە قین و تانەئامێزە بکات لەگەڵیدا کاتێک سەرۆک بە کتوپڕی دەستی خۆی لەسەر دۆکیومێنتە هێرشبەرەکە گلدایەوە.، ئەمە هاوشێوەی هەڵدانی نارنجۆکێکە بۆ ڕیزی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا.

” فەرموون هاوڕێکانم، کریستمەستان پیرۆز و ساڵێکی نوێ‌ی خۆشی”!

دۆناڵد ترامپ ڕازی بوو بە زانینی ئەوە، تەنانەت ئەگەر بە زۆریش ناچار بە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بکرێت، بە دەنگدانەوەیەکی گەورە نەک بە بۆڵەبۆڵ ئەمەی کرد. ئەم جوڵەیە ترس و حەپەسانێکی لە نێو کۆنگرێسدا خوڵقاند. بەڵام ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە لە داهاتوودا دێت هیچ نییە.

زۆرانبازیی‌یەکە

دیموکراسیەتی بۆرژوازیی ڕووەکێکی شکەندەیە، تەنها ئەتوانێت لە خاکێکی تێربوودا گەشونما بکات. لە باری مێژوویی‌یەوە ئیمتیازێکی تایبەت بە پێشکەوتووترین و گەشەکردووترین وڵاتی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە، کە چینی سەرمایەدار ئەوەندە سامانی زێدە بەهای بە ئەندازەی کافی لە کۆمەڵگا بەرهەمهێناوە لە توانایدا بێت ئیمتیازاتێک بدات بە چینی کرێکار و بەوهۆیەشەوە کولکردنی لێوارە تیژەکانی خەباتی چینایەتی و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی ناکۆکی کراوەی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان.

بۆ ماوەیەکی زۆر – زیاد لە ١٠٠ ساڵ بۆ وڵاتانێکی وەک ئەمریکا و بەریتانیا- چینی دەسەڵاتدار لە دروستکردنی پلەیەک لە هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکەتوو بووە ، نەک بە بەکارهێنانی هێزی ڕاستەوخۆ بەڵکو زیاتر بە جۆرێک لە ڕێککەوتنی مێرخاسانە(جەنتڵمان)، سازشکردنی نێوان چینە ناکۆکەکان.

 لە پرسی بەریتانیادا، لە ڕێگای هەردوو پارتی کۆنسێرڤەتیڤەکان و پارتی کرێکارانەوە پێ‌ی گەیشتوون کە لە دەسەڵاتدا بە شێوەی یەک دوای یەک (متناوب)حکومەتیان کردووە، بێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەسەڵاتی سەرمایە. جۆرە ڕێکخستنێکی هاوشێوەی لەم چەشنە لە ئەمریکاش لە بەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا هەبووە.

لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە سازشکردنە ڕووپۆشێک بووە کە خزمەتی بە شاردنەوەی دابەشبوونە بنەڕەتییەکانی نێو کۆمەڵگا، و ڕێگری لە سەرکێشی جدی بەو بارودۆخە کردووە.  بە پێ‌ی وشەکانی گەورە نوسەری ئەمریکی گۆر ڤیداڵ Gore Vidal : ” کۆمارەکەمان تەنها یەک پارتی هەیە – پارتی موڵکدارێتی- بە دوو باڵی ڕاستڕەوەوە.” بەڵام  قەیرانی سەرمایەداریی هەموو شتێکی گۆڕیوە. دابەشبوونی توند و  گەشەکردووی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان بە ئاراستەی  شکاندنی ئەم کۆدەنگییە کۆنە چووە.

لە هەموو جێگایەک، لەژێر ڕووکەشی هێمنانەی ساختەدا، ناڕەزاییەکی بەجۆشهاتوو هەیە. خۆی لە هەڵچوون و سەرهەڵدانی دەورەیی لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا دژ بە سیستمی کۆن، دامەزراوەکانی، حزبە سیاسی‌یەکانی، سەرکردەکانی، و بەهاو مۆراڵەکانی سیستمەکە نمایش ئەکات. ئەوە ڕاستە ئەم توڕەیی‌یە لاوازیی لە دەربڕینی سیاسی‌یانەی ڕووندا هەیە، ئاڵۆزاوەو پێکەوەگرێدراو نییە، و لەوانەشە لە هەندێک کاتدا  خەسڵەت و ڕوانگەیەکی دواکەوتووانەی هەبێت.

ئەم لاوازییە لە ڕۆشبوون مەسەلەیەکی کتوپڕ نییە. ئەمە دەرئەنجامی لاوازی فاکتەری (سەبجەکتیڤ) نابابەتییانەیە. لە ڕاستیدا مارکسیزمە ڕەسەنەکان بۆ ماوەیەکی مێژوویی زۆرە پاشەکشەیان پێکراوە، و بواری کراوەیان بۆ هەموو جۆرە ڕیفۆرمیستە شڵەژاو، و چەپەڕیفۆرمیستەکان کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا هیچ ڕوانگەیەکی ڕۆشنیان نییە، و لە باری ئۆرگانیکی‌یەوە بێتوانان لە پێشکەشکردنی چارەسەر بەو کێشە گڕگرتووانەی کە دووچاوری جەماوەرێکی بەرینی کۆمەڵگا ئەبنەوە.

لە بێئومێدی‌یاندا بە دوای ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئەگەڕێن، جەماوەری بەرینی خەڵک بەدوای دەربڕین و دەرچەیەکدا ئەگەڕێن کە توڕەیی‌یەکانی خۆیان دژ بە نادادپەروەریی‌یەکانی ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یە کە ئیعتبارو ڕاستگۆیی خۆی لە دەستداوە نمایش بکەن. ئەم ناڕەزایەتی‌یانە لەوانەیە لەلایەن کەسانێکی دیماگۆجی ڕاستڕەوی بێ ویژدانەوە هاوشێوەی ترامپ بقۆزرێنەوە.

بەڵام لەم جۆرە لە جوڵان و بزاوتنی سەرلێشێواویی و تێکەڵبوونەدا زۆر گرنگە (بنەڕەتییانەیە) کە فێربین لە جیاکردنەوەی ئەوەی کە چی دواکەتووانەیە لەگەڵ ئەوەی کە ڕەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکی گرێنەدراو (پچڕپچڕ)ە دژ بە بارودۆخی ئێستا، و بە دڵنایی‌یەوە نەک بە هۆکاری فاکتەری کەمبایەخ و کارتێکردنی هەستیارانەوە(emotional impressionism) توڕهەڵبدرێن.

ئیمپرێشنستە (ئینتباعی‌یە)ڕووکەشی‌یەکان وەک پاوڵ ماسۆن Paul Mason لە بەریتانیا و خەڵکانێکی زۆر کە بە چەپی نێونەتەوەیی ئەناسرێن تەنها توخم (لایەن)ە دواکەوتووەکانی ترەمپیزم ئەبینن، کە گەمژانە لەگەڵ فاشیزمدا ئەیچوێنن، بە بێ پیشاندانی کەمترین تێگەیشتن لەوەی کە بە دروستی فاشیزم چی‌یە. ئەم سەرلێشواوی‌یە هیچ یارمەتی ئێمە ناکات لە تێگەیشتنی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم دیاردە گرنگە.

ئەم تێڕوانینە بێمانەیە ڕاستەوخۆ ئەوان ڕووەو زەلکاوی سیاسەتی هاوکاریی چینەکان ئاراستە ئەکات. بە بردنە پێشەوەی تێڕوانینی هەڵەی “کەمتر شەڕانگێز” بانگەوازی کرێکاران و ڕێکخراوەکانیان ئەکەن کە لەگەڵ چینی دوژمن یەکبگرن، یانی لیبراڵە بۆرژوازییەکان، کە بانگەشەی ئەوە ئەکەن گوایە پارێزگاریی لە “دیموکراسی” ئەکەن.

لەوەش خراپتر، بە لێدانی بەردەوامی چەنگ(٣) دەربارەی گوایە مەترسی فاشیزم، چینی کرێکار لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێکهاتنێکی فاشیزمی ڕاستەقینە لە داهاتوودا بێچەک ئەکەن، هەروەک ئەبینین، ستراتیژە جدی‌یەکانی سەرمایە لە چاو چەپە نەزانە ساختەو کۆنە مارکسیەکانی وەک پاوڵ ماسۆن لەوەی کە چی ڕووئەدات زۆر باشتر تێئەگەن.

بەڵام بە گەڕانەوەمان بۆ ڕووداوەکانی واشنتۆن. لە بنەڕەتدا، ئەوەی دەستنیشانی ئەکەن ئەو ڕاستی‌یەیە جەمسەرگیریی لە کۆمەڵگا گەیشتوووتە خاڵی شلۆق کە دامەزراوە دیموکراسیەکانی بۆرژوازیی بۆ ڕووخاندن تاقی ئەکرێنەوە. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرە سیاسییەکانی لەهەر جێیەک ترسیان لێنیشتووە لەهەر ئاکارو ڕەفتارێکی ترامپ.

وەک ستراتیژێکی سیاسی، ترامپ هیچ ڕەچاوکردنێکی جدی تەحەمول ناکات. وەک کەسێکی ئەزمونگەرای نەزان، ئامانجی تەنها لە ژیاندا بریتی‌یە لە خود شکستی و دەستگرتن بە دەسەڵات و پلەو پایەوە. ئەمە بە دروستی ڕەچەتەیەکی زۆر سادەی کەسێکە کە هیچ پرنسیپێکی پێناسەکراوی لە هیچ جۆرێک نییە.و سەرباری ئەوەی بە شێوەیەکی تایبەت هیچ زیرەکیش نییە، لە لایەن خوڵقێنەرەکەیەوە دۆسێکی (جورعەیەکی) بێئەملاو ئەولای فێڵبازیی ئاژەڵێکی نزمی پێبەخشراوە.

ئەو هەرگیز ئاشتبوونەوەی لەگەڵ بیرۆکەی لە دەستدانی نوسینگە لە هیچ شتێکی ناپەسەندی وەک هەڵبژاردن نەکرد. ئەو پێشتر لە بیری خۆیدا ئەوەی دانابوو کە ئەنجامەکان ساختەکراون( چ ئەگەری لێکدانەوەیەکی تر لێرەدا ئەبێت هەبێت بۆ شکست؟) هەربۆیە کردەوە ئاکامەکانی دواتری بە تەواویی چاوەڕوانکراوبوون.

پاش ئەوەی لە لایەن سەرکردە کۆماری‌یەکانی هاوڕێ‌یەوە هەستی بە خیانەت کرد (کە زۆریان ڕقیان لێیەتی، بەڵام هەموویان لێ‌ی ئەترسن) ،وەرچەرخایەوە بۆ  خاڵە جێمتمانەکەی پشتگیریکردنی: بنکە جەماوەری‌یەکەی، کە سەرباری هەر شتێک، بە دڵسۆزییە نەلەقاویی‌یەکەی بۆ ئەو پیاوە ئەمێنێتەوە کە  ترامپ وەک دەنگ و تەنیا هیوای خۆیان لە بێهیوایی گەندەڵی و بێدەربەستی واشنتۆندا ئەبینن.

هەربۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نەبوو کە هەوڵی کۆکردنەوەو ڕێکخستنی ئەم بنکەی جەماوەرییەی دا ،هاوشێوەی دواین هەڵدانی ئومێدبڕاوانەی قورمارچییەک لە فڕێدانی زاردا.  ئەمە بە دڵنیایی‌یەوە کارێکی پڕ لە مەترسی بوو کە ئەنجامی بدات، بەڵام دۆناڵدەکەی ئێمە وەک هەموو قومارچییەکانی تر پێئەچێت شاگەشکە بێت لە کاتی جوڵە پڕمەترسییەکان بە تایبەت ئەو کاتانەی کە گرەوەکان لە ئاستێکی باڵاتردا بن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی تر لەمەوە لێشاودێنێ. ئەو پیاوەی بە کردەوەکانی، هەموو هێڵە شکەستەکانی نێو کۆمەڵگای ئەمریکی قوڵتر کردووەتەوە، و شتێکی خوڵقاندووە زۆر لە هاوشێوەی جەنگی نێوخۆیی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ئەچێت، ئێستا جەنگی بەسەر پارتەکەی خۆیدا ڕاگەیاندووە، کە هەڕەشەی دوولەتکردنی سەر تاخواری پارتی کۆمارییەکارییەکانە.

بە تەواوی قسەکردنە سەرشێتانەکانی ڕوونبوون لە هاندانی شەڕانگێزە پڕتووڕەکانی دەرەوەی کۆشکی سپی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و بەوپێ‌یەش(هیوای خواست)بۆ ڕێگەگرتن لە دڵنییدانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی جۆ بایدن. بەڵام جێ‌ی سەرنجدان بوو، کە ئامانجی سەرەکی ترامپ دیموکراتەکان نەبوو بەڵکو کۆمارییەکانی نێو کۆنگرێس بە تایبەت ، و بە تایبەتیش جێگری سەرۆک مایک پێنس Mike Pence کە هانیدا بۆ ڕێگەگرتن لە بەستنی کۆبوونەوەکە.

هەرچەندە لە دەماودەمی ئەمەدا، پێنس و سەرکردە سەرەکییەکانی تری کۆمارییەکان بڕیاریاندابوو کە ئیتر بەسە. لە ڕاستیدا، لە ترامپ جیابوونەوە،و ترامپیش لێیان جودا بووەوە، بەم کردەوانە برینی قوڵ زیانی بە پارتی کۆمارییەکان گەیاند کە هەروا بە سادەیی ساڕێژ نابێتەوە. لەتبوونێکی کراوەش لە ڕیزی کۆمارییەکاندا بە تەواوی دوور نییە.

ترامپ بەم کردەوانە برینی قوڵ زیانی بە پارتی کۆمارییەکان گەیاند کە هەروا بە سادەیی ساڕێژ نابێتەوە.

ئەستەمە پێشبینیکردنی ئەوەی گەر مستەر ترامپ هیچ کەتن و فێڵێکی تری لە هەگبەیدا پێش مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ هەبێت. هەر لە یەکەم کاردانەوەیدا، ئەوە ڕوونە بەهۆی ئەو هەموو هێرشانەوە کەلە هەموو لایەکەوە ئەکرێنە سەری هاوسەنگی خۆی لە دەستداوەو لە هەوڵی زاڵبووندایە بەسەر پاشەکشەپێکردنێکی خێرادا. ئەمە بنکەکەی بەرەو شڵەژان پاڵپێوە ئەنێت، بێ ڕازیکردنی دوژمنەکانی لە کۆنگرێس کە خوازیاری ڕاستەوخۆ لابردنین لە نوسینگەی کۆشکی سپی.

شتێک لێرەدا زۆر ڕوونە. چینی دەسەڵاتدار بە دواین کارکردی سەرنجڕاکێشی(پاڵەوانیی) ترامپ هیچ کەیفخۆش نەبوون. هێزەکانی پۆلیس ( لەبەر هەر هۆیەک بێت ڕوون نییە) پێئەچوو ئامادەساز نەبوون. بەڵام ئەتوانین زۆر لەوە دڵنیابین کە لە یەکەم ڕۆژی ڕێ‌و ڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێدا هێزەکانی یاسا و سیستمەکە بۆ دووبارەنەبوونەوەی شڵەژانەکانی دوێنێ سازو ئامادە ئەبن، کە هەر یەکێک هەوڵی تێکدانی ئاهەنگەکە بدات ئەوا بە کەللەسەرێکی ورد و خاشبووەوە خەڵات ئەکرێت.

دۆناڵد ترامپ لە دواین جاردا درکی بەوە کردووە کە یاری‌یەکە کۆتایی هاتووە. پەیمان ئەدات کە بە هێمنی‌یەوە بڕوات. بەوپەڕی درکەوە ئەمە ئەکات کە ئەڵتەرناتیڤ ئەوەیە لە باڵەخانەکانەوە بە پاسەوانیی ئەو گەنجە جل شینانە بەرەو نزیکترین ئوتومبیلی پۆلیس بچێت.  هەمیشە بە گریمانەکردنی ئەوەی پێشتر بەهۆی دوورخستنەوەی نوێوە لانەبراوە.- ئەمجارەیان بە تاوانبارکردنێکی جدی تری وەک” هەڵگەڕانەوە” دژ بە کۆمار.

بەدڵنیایی‌یەوە ئەمە کۆتایی پرسەکە نابێت، بە پێچەوانەوە دراما ڕاستەقینەکە تەقریبەن تازە دەستی پێکردووە. پاش بردنەوەی دوو کورسی لە ئەنجومەنی پیران لە جۆرجیا، جۆ بایدن ئێستا تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵێکی ئامنی بەسەر کۆنگرێسدا هەیە. هیچ بیانوویەکی نابێت بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە لایەنگرەکانی چاوەڕوانین.

بەڵام قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری، کە بەهۆی قەرزی ئێجگار زۆرەوە دژواتربووە، بە مانای ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن زۆر بە خێرایی چاوەڕوانی ئەو ملیۆنان خەڵکەی کە بە “کەمتر شەڕانگێز” دەنگیان بۆ داوە هیوابڕ ئەکات. بوار بۆ دەورەیەکی نوێ و زریان ئاسا لە خەباتی چینایەتی ئەکاتەوە، کە کۆمەڵگای ئەمریکی سەرتاخوار ئەگۆڕێت،ڕێگایەک بۆ نەشونماکردنی شۆڕش ئەکاتەوە.

قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری، کە بەهۆی قەرزی ئێجگار زۆرەوە دژواتربووە، بە مانای ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن زۆر بە خێرایی چاوەڕوانی ئەو ملیۆنان خەڵکەی کە بە “کەمتر شەڕانگێز” دەنگیان بۆ داوە هیوابڕ ئەکات

درێژەی هەیە …

ڕوونکردنەوە 


١- کەستەر : مەبەست لە George Armstrong Custer ە کە ئەفسەرێکی سوپا بووە لە شەڕی نێوخۆی ئەمریکا، لە شەڕەکان ناوبانگی زۆری پەیدا کرد.  دواتر دواتر لە لایەن سوپای فیدراڵییەوە نێردرا بۆ جەنگی هیندیەکان بەڵام شکستی هێنا و لە شەڕێکدا کوژرا لە ١٨٧٦

٢- بۆ خۆشکردنی زیاتری ئاگرەکە : لەدەربڕینی ئینگلیزییەکە بەم شیوەیە هاتووە To add insult to injury مەبەست لە کارکردنە بە ڕێگایەکدا کە کاروبارەکان بەرەو خراپتر پاڵپێوە بنێت. بۆ کوردییەکە ئەوەم پێ باشتر بوو کە دایبنێم.

٣- چەنگ: (ئامێرێکی موزیکی‌یە)

بۆ بینی بەشی یەکەم بڕوانە

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*