قەتەر لانکەی کۆیلایەتی کرێکارانی کۆچبەر !

کامەران ئەحمەد

بڕیار وایە ساڵی ٢٠٢٢ یارییە جیهانییەکانی تۆپی پێ FIFA 2022 لە وڵاتی قەتەر ببەسترێت، ئەم بۆنەیە یەکەمین دەرفەتی یاریکردنی جیهانی تۆپی پێ‌یە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قەتەر کە ژمارەی هاوڵاتییەکانی نزیک بە ٣ ملیۆنن، ٩٩%ی هێزی کار تیایدا کرێکارانی کۆچکردووی وڵاتە هەژارنشینەکانی هیندوستان، بەنگلادش، ئیسیوپیا، فلپین، …هتد ن.

تاکو ئێستا بڕی تێچوی سەرمایەگوزاری گەیشتووەتە ٢٠٠ بلیۆن دۆلار. دروستکردنی هەشت ستادیۆنی مەزن کە لانی کەم ٤٠ هەزار هاندەر لە خۆئەگرێت، لەگەڵ دەیان و سەدان پرۆژەی سەرمایەگوزاری شوێنەکانی پشوودان، ئوتێل، ڕێستۆرانت، کافتریا و…هتد زنجیرەیەک لە پرۆژەی بەرهەمهێنانن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو بۆنە جیهانییە و سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی یاریکردن.

یاری تۆپی پێ و موڵکدارێتی تایبەتی

یارییەکانی تۆپی پێ لە سایەی سەرمایەداریدا چیتر لەوە دەرچوون کە چێژ بە مرۆڤ ببەخشن. کۆمپانای بەگەڕخستنی پارەو چنینەوەی ملیارەها دۆلارن، و خاوەنی یانەکان مێگا ملیاردێرەکانی جیهانن کە سەرمایەگوزارییان لە چێژبەخشینی مرۆڤ بە بینی یارییەکان و هاندەرانی یانەکان کردووە و بەهۆیەوە ملیۆنان دۆلاریان وەک قازانج لەسەر سامانی کەڵەکەبوویان هەڵچنیوە.

قەتەر ماوەی چەندین ساڵە سەرمایەگوزاری لە بواری تۆپی پێ ئەکات، خاوەنی یانەکانی پاریس  سێنت جێرمەن Paris Saint-Germain و هەروەها سپانسۆری Bayern Munich و یانەی Roma ئەکات ، جگە لەوەی پرۆژەی دامەزراوی هاوبەشی لەگەڵ ڕیاڵ‌مەدرید Real Madrid هەیە، تەنها لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٣ بڕی ٦٥ ملیار دۆلاری لە یانە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپا سەرمایەگوزار کردووە. بە پێ‌ی پرۆفیسرۆ Simon Chadwick لە زانکۆی کۆنڤێنتری Coventry بە هەمان شێوازی ئەمریکا کە سەرمایەگوزاری ئەکات لە پیشەسازیدا قەتەر بۆ پەیداکردنی ناوبانگ سەرمایەگوازی ئەکات لە یاری تۆپی پێ و وەک پیشەسازییەک لێ‌ی ئەڕوانێت. جگە لەوەی بەهۆی پیشەسازی نەوت و گازەوە بە گرێبەستی ملیارەها دۆلارەوە سەرمایەگوزاری ئەکات لە جیهانی تۆپی پێدا.

لە کۆی بیست یانەی بەریتانیا پانزە یانەیان موڵکی مەڵتی ملیۆنێرەکانە. ئەو کاتانەی کە مانشستەر ستی دوای سکانداڵی گەندەڵی سەرۆوکوەزیرانی تایلاند و بلکۆککردنی زیاد لە ٨٠٠ ملیۆن پاوەند لە هەژمارەکەی، بە سەخترین قەیرانی مادیی‌دا تێئەپەڕی بەهۆی گرێبەستی لەگەڵ سەرۆکی گەندەڵ، بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە مادیی‌یە لە گرێبەستێکی تایبەتدا بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات یانەکە بووە موڵکی ئەو وڵاتە. ئیڤەرتۆن Everton بە هەمان ڕێچکە کە دەرگیری قەیرانی ماددی بووەوە لە ٥٠%ی پشکەکەی لە لایەن گەورە سەرمایەداری ئێرانی‌یەوە فەرهاد موشیری Farhad Moshiri هەڵگیرایەوە. لە ساڵی ٢٠١١ ەوە بە بڕی ٨٠ ملیۆن دۆلار یانەی پاریس  سێنت جێرمەن PSG بووە موڵکی  کۆمپانیای قەتەر بۆ سەرمایەگوزاری وەرزش. کە تا ئێستا بە گرێبەستەکانی پەخشکردن و ڕیکلام و بەرهەمەکانی خۆیان سەرباری ئەوەی کە لە دەیان یاریدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەم پیشەسازی‌یە ئەچەرخێت.

سەرباری سەرمایەگوزاری لە پیشەسازیکردنی یاری، بە بۆچوونی پرۆفیسۆر Danyel Reiche ” ئامانج لە میواندارێتیکردنی یارییەکانی فیفا سیاسەتی دەرەوەیە: ناوبانگ، نیشاندانی نەرم و نیانی هێز، بازرگانیکردنی مارکە جیهانییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی‌”

هەلومەرجەکانی کارکردن

لە دیسەمبەری ٢٠١٠ پاش هەڵبژاردنی بۆ میوانیکردنی یاری تۆپی پێ‌ی جیهانیی لە ساڵی ٢٠٢٢ وڵاتی قەتەر دەستی کردووە بە پرۆژەکانی دروستکردنی شوێنەکانی خزمەتگوزاری بەو بۆنەیە. بە پێ‌ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی دەستپێکردنی پرۆژەکانی هەشت مەیدانی (ستەیدیەم)، و شوێنە گشتییەکانی خزمەتگوزاریی ساڵانە سەدان کرێکار لە نێوان تەمەنەکانی ٢٥-٣٠ ساڵی گیان لەدەست ئەدەن . لە راپۆرتی دەسەڵاتداراندا وەک مردنی ئاسایی لە کاتی خەوتندا تۆمار کراون. تەنها لە نێوان ساڵی ٢٠٠٩ تاکو ٢٠١٩ زیاد لە ١٤٠٠ کرێکاری نیپاڵی گیانیان لەدەستداوە. هەندێک لە شارەزایانی بیناسازیی و چاودێری هەلومەرجی کار پێیان وایە کە لانی کەم ئەبێتە گیانلەدەستدانی ٧٠٠٠ کرێکار پێش کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆژەکان لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١.

دەسەڵاتداران هیچ داتایەکی دروست سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان، هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران نادەن بە دەستەوە،کارکردن بە شەو ڕۆژ تا ڕاددەی١٠- ١٢ سەعات لە ڕۆژێکدا، تەنانەت لە گەرمترین ساتەکان، کەمترین کرێ و هەقدەست، هەڕەشەی دەرکردن، ناردنەوە، ناچارکردن بە کاری کۆیلایەتی و پێنەدانی هەقدەست لە ژێر هەڕەشەو تۆقاندنی هەڵوەشاندنەوەی کەفالەت کە سیستمێکی هەرە دواکەتووانەیە لە مەرجەکانی گرێبەستی کارکردن بۆ کرێکارانی بیانی و لە کوردستانیشدا کاری پێئەکرێت، دیارترین سیماکانی کاری کۆیلایەتین کە هەندێک بە هاوشێوەی بیناکردنی هەرەمەکانی میسرن لەو وڵاتەدا وێنای ئەکەن.

نزیک بە ٢ ملیۆن کرێکاری بەنگلادشی، نیپاڵی، هیندی، پاکسانی، لە کاری بیناسازی و بەشی خزمەتگوزاری مەیدانەکان، هوتێل، ڕێستۆرانت و کافتریاکان لە سەخترین هەلومەرجدا کارئەکەن. جگە لە چەند هەڵسوکەوتی کۆیلایەتیکردنی کرێکاران وەک دەستدرێژی بۆسەر کرێکارانی پاککەورەوەی ژن، سەعاتکاری زۆر هەندێک جار تا ڕاددەی ١٤ سەعات لە ڕۆژێکدا ، کارکردن لە ڕۆژانی پشوو، لێدان، ئیهانە و سوکایەتیپێکردن، تفلێکردن، و ناوهێنانیان بەسەگ. شوێنی حەوانەوەی کرێکاران هیچ شایستە نییە و لانی کەم ١٠-١٢ کرێکار لە ژوورێکدا پشوو ئەدەن.

ژمارەیەکی بەرچاو لەو کرێکارانە لە وڵاتەکانی خۆیان لە پێناو کارکردنیان لە قەتەر بڕی ٩٠٠-٢٠٠٠ دۆلاریان بە نوسینگەکانی بەدەستخستنی کار داوە تا مسۆگەری کارکردن و مانەوەیان لە قەتەر بکەن. تاکو ئێستا چەندین جار کرێکاران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر هەلومەرجی سەختی کارکردن و پێنەدانی هەقدەست ڕاپۆرتیان داوە.

سەرچاوەی زانیارییەکان:

https://www.hrw.org/ar/report/2020/08/24/376050

https://www.theguardian.com/global-development/2019/oct/07/sudden-deaths-of-hundreds-of-migrant-workers-in-qatar-not-investigated

https://www.change.org/p/boycott-qatar-s-2022-fifa-world-cup-of-slavery

https://www.theguardian.com/global-development/2019/oct/02/revealed-hundreds-of-migrant-workers-dying-of-heat-stress-in-qatar-each-year

https://www.amnesty.org/en/latest/news/2020/10/qatar-domestic-worker-abuse-and-exploitation-report

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*