کابینەی سێ‌ی مارک ڕووتە دەستی لە کارکێشایەوە: کۆتایی بەو سیستمە بهێنن کە پرسی سوودەکانی خوڵقاند!

دەستەی نوسەرانی ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- هۆڵەندا، وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد


کابینەی(حکومەتی) سێ‌ی مارک ڕووتە Mark Rutte-III بە کۆمەڵ بڕیاریاندا دەست لەکار بکێشنەوە، وەک دەربڕینی هەستکردن بە هەڵەی پرسی سوودەکان*. ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆتایی بەو سیستمە بهێنین کە زەمینەی دروستکردنی ئەم هەڵانەی خوڵقاند.


دوومانگ پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی مارس بە دەستەجەمعی بڕیاریاندا دان بە تاوانباربوونیان بۆ هەموو ئەو هەڵانەی کە کراون بنێن، تا فشاری بەرپرسیارێتی نیشان بدەن. بۆ ئەوان نیشاندانی ئەم بەرپرسیارێتی‌یە زۆر باش و گونجاوترە لە کاتی هەڵبژاردنەکان و دواتریشیدا ڕۆڵی زۆریان بۆ ئەگێڕێت.
پرسی سوودەکان ڕووی نامرۆڤانەی دەزگای سەرمایەداری و سیاسەتی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی مارک ڕووتە نیشان ئەدەن. ژیانی ٢٦ هەزار هۆڵەندی لە ڕێگای تاوانبارکردنی بەهەڵەی گەندەڵی‌و دەرماڵەی چاودێری منداڵانەوە وێران کران، ناچارکران دەیان هەزار یورۆ بە خەزێنەی باج بدەنەوە. پرسەکە بە قەرز، دەرکردن لە ماڵ، و هەژاریی کەناری گرت. ڕاوکردنێکی ڕاستەقینەی بەناو گەندەڵکارەکان هەبوو. ئەو خەڵکانەی کە بە هەڵگری دوو ناسنامەی نەتەوەیی‌ وەک گروپی مەترسیدار مۆر کرابوون، لە ڕوویەکدا بەرینایی ئاودانی دەزگاکانی دەوڵەت بە ڕاسیزممان پیشان ئەدەن. سەرباری ئەوەی ساڵانێکە حکومەت لە هەوڵی شاردنەوەشیدایە. هەموویان لە پێناو ئەوەدا کردیان تا حکومەت، خەرجی کاریگەر بێت و بتوانێت قەرزی دەوڵەت بە داراییکردنی سەرمایە بداتەوە.


لەهەمان کاتدا، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی مارک ڕووتە تەرخانکران بۆ کەمکردنەوەی فشاری باج لەسەر کۆمپانیا گەورەکان. لەکاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتگیری ملیارەهای یورۆی بە کۆمپانیا گەورەکانی وەک KLM و Booking.com پێشکەش کرد. هەموو ئەمانە پیشانمان ئەدەن کە بەرژوەندییەکانی مارک رووتەو حکومەتەکانی نوێنەرایەتی کێ ئەکەن. جگە لەمە وەهمی باڵادەستی یاسا وەک ئەداتێکی بێلایەنی پاراستنی هاوڵاتی ئاساییمان لە بەرامبەر حکومەت ئەخەنە ڕوو. دوای هەموو شتێک ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت بریاری ڕاوکردنی گەندەڵی پەسەند کرد. جێگری سەرۆکوەزیران پیت هاین دۆنەر Piet Hein Donner لە پێشنیازێکی یاساییدا بۆ بیمەی چاودێری منداڵان بەشداری کرد و لە دواییشدا هەربۆخۆشی بووە سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکار، ئەو لیژنەی کە گەیشتنە چەند دەرئەنجامی ناڕاست و تا ڕاددەیەک شانخاڵیکردنەوەی تاوانبارە ڕاستەقینەکان.


ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە هەنگاوێکی یەکەمی ڕووکەشانەیە ( سیمبوڵی‌یە) و هێشتا پرسەکە بە تەواوی دانەخراوە. بڕی قەرەبووکردنەوەی بەڵیندراو بە دایکان و باوکان، ٣٠هەزار یورۆ ،لە ژێر فشاردایە لەبەر ئەوەی دەزگای خزمەتگوزاری باج و کەرتی تایبەتی قەرزدەرەکان چاوەڕوانی بەدەستخستنەوەی پارەکانیانن. ئەم قەرزانە پێویستە لە باری یاسایی‌یەوە پوچەڵ بکرێنەوە. سەرباری ئەمە، دەستلەکارکێشانەوەکە نیوەی ڕێکارەکەیە، وەزیرە بەرپرسەکان بەردەوام ئەبن لە بەڕێکردنی کاروباری سیاسی خۆیان. مارک ڕووتە بە هەمان شێوە ئەبێتەوە بە سەرۆکی لیستی پارتی خەڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی VVD، هەروەها لۆدەوایک ئاشەر Lodewijk Asscher ماوەی چەند ڕۆژێکە بڕیاری داوە کە لە سەرۆکی لیستی پارتی کار PvdA بکشێتەوە.


ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر ئەم پرسە باس لە ئابڕووچوون ئەکات. پارتەکانی VVD، CDA، D66، PvdA، ChristenUnie، بە هاوکاری دەرەکی چەپی سەوز GroenLinks و پارتی ئازادی PVV (کە دەنگیان بە کابینەی یەکی مارک ڕووتە دا) هەموویان پێکەوە هاوکاربوون لە سیستمێکی کۆنترۆڵکردنی لەم چەشنەدا. ماوەی ساڵانێکە هۆڵەندی‌یە هەژارەکان( زۆربەی کات ئەو هۆڵەندییانەی ڕەگێکی کۆچبەرییان هەیە) وەک گروپێک تاوانبار ئەکرێن کە بەردەوام خەریکی گەندەڵکارین لە پەیوەند بە بیمەی بێکاری و گەڕانەوەی باجی ساڵانە، هەربۆیە بانگەوازیان کرد کە پێویستە سیستمێکی کۆنترۆڵی توندوتۆڵ دابمەزرێت. ئەم بوختانکردنە ڕۆڵی گەورەی بینی لە توند کردنەوەی ناکۆکی و بەگژداکردنەوەی توێژی کرێکارانی مووچە باشتر بەرامبەر توێژە هەژارەکەی کۆمەڵگا کە بە “خۆرە”کانی کۆمەڵگا وێنا کران.
ئایا هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان ئەبێت؟ پێئەچێت کاریگەری خۆی لەسەر هەریەک لە پارتەکانی VVD، CDA، D66، PvdA و پارتە بەرپرسەکانی تر، لەبەر ئەوەی زۆر لایەنی تری تێوە گلاوە، دابنێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە پێویست نییە کاریگەری پوخت لەسەریان ئەوەندەش گەورە بن. پارتی VVD کە پارتی مارک ڕووتەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لەڕیزی پێشەوەی ڕاپرسییەکان بووە، لە لایەن چەپە ناوەندەکانی وەک (PvdA ، GroenLinks) پشتگیری کراوە، کە هەمیشە مارکیان وەک “پیاوێکی بەرپرسی دەوڵەتیی”وێنا کردووە کە بانگەوازی” یەکێتی نیشتمانیی” کردووە.


تاکو ئیستاش مارک ڕووتە لە لایەن خەڵکەوە پشتگیری ئەکرێت ( ٢٢%، کە لە باری مێژوویەوە بۆ پارتێکی گەورەی وەک VVD زۆر نییە) لەبەر ئەوەی هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی چەپی سەرنجڕاکێش نییە. پارتی کار PvdA هەمیشە لە حکومەتەکەیدا بووە و بەرپرس بووە لە جێبەجێکردنی ڕێکارە کەمتر گشتی‌یەکان(گەلییەکان) . سەرۆکی لیستەکەی لۆدەوایک Lodewijk Asscher پێش ماوەیەک لە وازهێنانەکەی، خۆی یەکێکە لە کارکردەکانی پرسی سوودەکان،هەڵبژێردراوێکی نمونەیی بووە لە لایەن پارتەکەیەوە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی باشتر، کە لە بنچینەشدا جێی باوەڕکردن نییە. هەروەها جێسی کلاڤەری Jesse Klaver چەپی سەوز یەکەمین کەس بوو ڕایگەیاند ئەبێت حکومەتی مارک ڕووتەی سێ هەڵوەشیتەوە، بەڵام پێشتر لە مانگی دیسەمبەردا بە کارەکانی ڕووتەی هەڵدا و ستایشی کرد لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پارتی سۆسیالیست SP لایەنی باشی خۆی لە پرسی چاودێری و پرسی سوودەکان دەرخست، بەڵام هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوونی سۆسیالیستانەی ئیلهام بەخشی ڕانەگەیاند.


ڕێنسکە لایتین Renske Leijten ئەندام پەرلەمان لە لیستی پارتی سۆسیالیست ڕۆڵێکی ئیجابیانەی گێڕا لە دەرخستنی ئەم هەڵانە و داخوازی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان. لە کاتێکدا کە پەرچەم (سلۆگان)ی پارت سۆسیالیست” لە پێناو حکومەتێکی دادپەروەرانەدا” هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێت و ئەبێتە خوڵقاندنی وەهمێک لە چاکسازیی دەزگای دەوڵەتی سەرمایەداری ( و ڕاسیست).


لە جێگای سیستمی بیرۆکراسانەی بیمەکان بۆ چاودێریکردنی منداڵان، خزمەتگوزاری چاودێری و کرێ، پێویستمان بە سیستمێکی خزمەتگوزاری چاودێری، چاودێری منداڵان بە خۆرایی و داراییکراوی بەکۆمەڵ،ماڵی بەکرێگیراوی کۆمەڵایەتی چاودێریکراو لە باری کرێوە هەیە.


ئەگەر ئەمە “زۆری تێئەچێت” ئەوا بەهۆی نەبوونی پارەوە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە پارەکان لە چنگی کۆمپانیا چەند ڕەگەزی و بانکە گەورەکاندان. ئەو دامەزراوانەی، کە پێچەوانەی چینی کرێکارەوە، لە لایەن دەوڵەتەوە یارمەتی وهاوکاری باش ئەدرێن لە رێگای دانی باجی کەم و پشتیرانیکردنی هاوکاری دارایی‌یەوە. تەنها لە ڕێگای خۆماڵیکردنی ئەم کۆمپانیا مۆنۆپۆڵانەوە ئەتوانین ئەو هۆکارانەمان بێنەدەست لە پێناو خزمەتگوزارییەکی گشتی و شایستە بۆ هەمووان. پێویستە ئەمە هاوشانی دامەزراندنی دەزگایەکی دەوڵەتی نوێ دیموکراتانەتر بۆ چینی کرێکار بێت: کۆمارێک لە شوورا دیموکراتییەکان، کە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی مووچەی ئاسایی وەرئەگرن نەک تەنها بڕیار دەرئەکەن بەڵام جێبەجێشی ئەکەن. ئەگەر کارەکانیان بە باشی ڕانەپەڕاند، ئەوا پێویستە لەهەرکاتێک پێویستی کرد ڕەوانە بکرێن و جێگایان بگیرێتەوە. ئەمانە داخوازییە سۆسیایستییەکانن کە ئەبێت لە پێناویاندا خەبات بکرێن بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم چەشنە پرسانە بۆ هەتا هەتایە. خۆڕێکخستن و خەبات لە لایەن بزووتنەوەی کرێکارییەوە گرنگن بۆ ئەم مەبەستە. ئێمە پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی کرێکاریی شەڕکەرو و حزبێکی سۆسیالیستییە هەیە. ئەمەیە ئێمە خەباتی بۆ ئەکەین. پەیوەست بن پێمانەوە و لەگەڵمان بۆ ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی خەبات بکەن.
· پرسی سوودەکان: ڕۆژی ١٥ی جەنیوەری ٢٠٢١ کابینەی سێ‌ی مارک ڕووتە(سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا) پاش ئاشکرابوونی نادادپەرەوریی لە بەرامبەر ٢٦هەزار هاوڵاتی هۆڵەندی ( کە زۆربەیان ڕەگی کۆچبەرییان هەیە) کە گوایە گەندەڵییان کردووە و لە باجی گەڕاوەی ساڵانەو چاودێری منداڵاندا پارەی زیادەیان وەرگرتووە، دەستی لە کارکێشایەوە. تاکو ئێستا سێ جارە حکومەتەکانی مارک ڕووتە هەڵئەوەشێنەوە.
سەرچاوە:
https://marxisten.nl

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*