ساڵێکی نوێ‌ی خۆش- بۆ هەندێک! بەشی سێهەم

ئالان ودز، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

ستراتیژەکانی سەرمایە دەرئەنجامەکانی وێنە ئەکەن.

دەرئەنجامەکانی ئەم بارودۆخە بۆ نوێنەرە دووربینەکانی چینی دەسەڵاتدار زۆر بە ڕوونی بەرچاو و ئاشکرا ئەبن، ئەو نوێنەرانەی کە تێگەیشتنێکی ڕوونتریان هەیە بۆ دێدگاو تێڕوانینەکان لە چاو چەپە ئینتباعی و نەزانەکان کە واوەتر لە لووتی خۆیان نابینن.

فاینەنشیەڵ تایمز لە ڕۆژی ٢٩ی دیسەمبەر وتارێکی لەژێر ناونیشانی ” فۆرمێکی تر لە سەرمایەداری ئیمکانی هەیە”  لە لایەن دەستەی نوسەرانەوە واژۆی لێدراوە، یانی مۆری دەستەی نوسەرانی یەکێک لە جێباوەڕترین ڕۆژنامەکانی چینی بۆرژوازیی لێدراوە. هەربۆیە جێ‌ی بایەخە سەرنج لەسەر بابەتەکە بە درێژی بدەین.

ئەم شتانەی خوارەوەی تێدا ئەخوێنینەوە:

هێمنی ماوەی پشووی کرستمەس ئەو ساتەیە بۆ بیرهێنانەوەی ئەوەی چۆن چیرۆکی لەدایکبوون پێناسەی خێزانی مەسیح ئەکات: بەچەند یاسای گاڵتەجاڕیی دەرکرا، بێ هیچ سەرپەنایەک جێهێڵرا، لە باردۆخێکی ناشکۆدا منداڵی بوو.

ئەتوانین سەرنجی ئەوەش بدەین، کە بارودۆخی داڕماو ودژواریان چۆن پێناسەی چینی باڵادەست لە دەوڵەمەندترین کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە بەخۆیەوە بینیبێتی ئەکات. پەتاکە تیشکێکی ناجۆری خستە سەر بەشە ناسک و لاوازەکانی بازاڕی کار لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان.

زۆربەمان پشت ئەبەستین- لە کاتێکی دیاریکراوی ژیانماندا- بەو خەڵکانەی کە ڕەفەکان پڕ ئەکەن، خواردن ئەگەیەنن و دابەش ئەکەن، نەخۆشخانەکان پاک ئەکەنەوە، و چاودێری کەسانی بەتەمەن و پەککەوتە ئەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو پاڵەوانە نەناسراوانە کرێ‌ی کەم وەرئەگرن، کاری زیاتر ئەکەن، لە باردوخێکی ناهەمواری کار و نەبوونی سەلامەتی شوێنی کاردا کار ئەکەن.

زاراوەیەکی نوێ داڕێژراوە بۆ پێناسەکردنیان- پریکاریات(precariat) کە گونجاوە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کار شکستی هێناوە بۆ دابینکردنی داهاتێکی جێگیر و گونجاو بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک. ئەمە خۆی لە کرێ‌ی وەستاو(نەگۆڕ)، ناڕێکی داهات، نەبوونی هیچ جۆرە پاشەکەوتکردنێکی دارایی بۆ کاتی فریاگوزاری، نزمی ئاسایشی کار، هەلومەرجی کارکردنی دڕندانە ئەبینێتەوە– تاڕاددەی چەند ڕووداوەی تۆقێنەری وەک دانانی ژنانی دووگیان لە دەستشۆر تا منداڵەکانیان لەوێ ببێت نەبا شفتی کارکردنیان لەدەست بدەن.

ژمارەیەکی زۆر لە چوونەسەری مەترسی بێخانەولانەیی، پەتاکانی پەیوەست بە مەوادی بێهۆشکەر و نەخۆشییەکانی ئەلکهول ئەناڵێنن. سیستمەکانی سوودمەندی ئەتوانن یارمەتیدەر بن- بەڵام لە هەمان کاتدا ئەتوانن خەڵکانی تەنگپێهەڵچنراو و بێدەسەڵات لە ڕێکارە ئیدار‌یە شێواوەکان بەگیربهێنن(Catch-22s).

ئەمە کێشەیەکی ماوەدرێژە(کۆنە)، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە توندی چڕتر بووەتەوە. زۆربەی کارەکان لە پریکاریات بوونی فیزیکی لە خزمەتگوزاری دەستیی کرێکار ئەخوازن، کە کرێکاران دووچاری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەکەنەوە و لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆشدا(lockdowns) دووچاری کەمی داهاتیان ئەکاتەوە.

گرفتە سەرەکی‌یەکە لێرەدا داڕێژراوە بە شێوەیەکی ڕوون کە جێگای تێڕامانە. بەڵام چارە چی‌یە؟ نوسەر پێمان ڕائەگەیەنێت کە:

“ئەرکێکی ئەخلاقی‌یانە کە یارمەتی خەڵکانی خاوەن پێداویستترین بدەین. بەڵام دەرکێشانی خەڵک لە بارودۆخی نیگەرانبوو بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەچنە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خەڵکانی دەوڵەمەندەوە”

بەڕاستی هەست دەربڕینەکان جێگای ستایشن! ئەم دێڕانە بەناوبانگترین جیرۆکی چارلس دیکنز Charles Dickens مان بیر ئەهێننەوە- سرودەکانی کرستمەس (A Christmas Carol) ئەو کاتانەی سەرمایەداری شەڕانگێزو ڕەزیل سکروج (Scrooge) بەرەبەرە خۆی بە چاککردنی ڕەفتارەکانی و بەشداریپێکردنی بەشێک لە سامانەکەی لەگەڵ هەژاران و نەداران ڕازی ئەکات و بەوشێوەیە بەگشتی لەو ڕێگەیەوە ئەبێتە جۆرێک لە پیاوچاک(مێرخاس).

ئەم کۆتایی‌هاتنە پڕ لە هەست و نەستە بە دڵنیایی‌یەوە لاوازترین بەشی چیرۆکەکەیە و تەنها خواستی ئایینی و خەونی بەئاگاهاتووی نوسەرەکەی ئەگوێزێتەوە. بەشی ڕاستگۆ بەهادارەکەی سەرەتاکەیەتی، کە زۆر بە وردی‌یەوە مۆراڵی ڕاستەقینەی سەرمایەداریمان بۆ پێناسە ئەکات.

پێئەچێت نوسەرانی وتارەکەی فاینەنشیەڵ تایمز بە شێوەیەکی ناڕەحەت بەئاگابن لە بێکاریگەریی هەموو هەوڵێک بۆ بانگەوازکردنی سروشتی چاکەی کەمینە بەدڕەوشتە دەوڵەمەندەکەی کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگادا گرتووە لەسەر بنەمای” ئەرکی ئەخلاقی یارمەتیدانی نەدار و هەژاران”.

ئەمە بۆ چارکس دیکنز زۆر ڕوون بوو، کە هەوڵە پووچەکانی خەڵکانی چاکەکار بۆ بەدەستهێنانی بەخشین لەلایەن سکرووجەوە بە بۆنەی یادی کرستمەسەوە پێناسە ئەکات.

سکرووج وتی: “هیچ زیندانییەک نی‌یە؟” ،”ئایا هیچ شوێنێکی کارکردن نییە؟”

پیاوە مێرخاسەکە وەڵامی دایەوە : ” هێشتا لێیەتی”، ” پێم خۆش بوو کە بڵێم کەسی لێ نییە”،” زۆربەیان ناتوانن بچن بۆ ئەوێ؛ زۆربەشیان پێیان خۆشە کە بمرن”

سکرووج وەڵامی دایەوە:” ئەگەر حەز بە مردن ئەکەن ، وا باشترە کە بمرن،و زیادەی دانیشتوان کەم بکەنەوە “

لێرەدا دەنگی ڕەسەنی سەرمایەداریمان گوێ لێ ئەبێت: دەنگی ساردی هەژمارکراوی ئابوری بازاڕ،دەنگی کۆنەپەرستانەی ماڵثەس (مەبەست لە (Thomas Robert Malthus ە)-وەرگێڕ) دەنگی پڕ لە ستەم و قازانجپەرست، و خۆویستانەی ژن و پیاوانی دراو کە لە سەردەمی چارلس دیکنزەوە هەتا ئێستا بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

لە درککردن لە بێکاریگەری بانگەوازی غەریزەی چاکەی سەرمایەداران، بانگەوازی بەرژەوەندی‌یە خۆییەکانیان(تایبەتەکانیان) ئەکات(خۆویستی و چڵێسی‌یان)، ئەوەتا ئێمەین، هەموو پێکەوە لەسەر زەوی‌یەکی پتەوترداین!

مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە کە باشبژێوەکان زیانی زۆریان پێئەگات ئەگەر بەردەوامی جەمسەرگیریی ئابوریی ببێتە هۆکاری ڕەدکردنەوەی سەرمایەداریی بە تەواویی، بەڵکو زۆرتریشیان لە چارەسەرکردنیدا چنگ ئەکەوێت. “

بەڵام هیچ ئەندازەیەک لە ئامۆژگاری ئەخلاقیی، هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەم بوونەوەرانە ناکات. بەهەمان ئەو شێوەیەی کە کاریگەیی لەسەر سکرووج نەکرد. ئەوە شتەی وای لە سکرووج کرد کە خۆی بگۆڕێت پێدوایستییە ئەخلاقی‌یەکان نەبوون، بەڵکو ترس – ترس و دڵەڕاوکێ‌ کە لە لایەن جنۆکەکانەوە بەرهەم هاتبوون و دیکنز ناردبوونی بۆ ڕاوکردنی سکرووج.

هەربۆیە، نوسەری فاینەنشیەڵ تایمز بڕیارێکی ژیرانە ئەدات لە ترساندنی بۆرژوازییەکان لە ڕێگای ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ دەرئەنجامە حەتمی‌یەکانی بارودۆخی ئێستا. ئەگەرێکی زیاتر تۆقێنەرترە لەو گیانەی کرستمەس کە هێشتا نەهاتووە.

” ئەو گروپانەی بەهۆی ئاڵوگۆڕە ئابورییەکان دواکەوتن بە شێوەیەکی بەربڵاو بەو دەرئەنجامە ئەگەن کە لێپرسراوان بایەخ بە کێشەو گرفتەکانیان نادەن- و لەوەش خراپتر، بەڵکو ئابوری‌یان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆستۆتەوە لەبەرامبەر ئەو خەڵکانەی کە لە کەناردان.”

“بە هێواشی بەڵام بە دڵنایی‌یەوە، ئەمە سەرمایەداری و دیموکراسی ئەخاتە ناکۆکییەوە لەگەڵ یەکتر. هەر لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانی‌یەوە، ئەم هەستکردنە بە خیانەتکردن بووەتە هۆکاری تەغزیەکردنی پەرچەکرداری سیاسی توند دژ بە جیانگیریی و دامەزراوە دیموکراتییە لیبراڵییەکان.” 

” لە دەرئەنجامی ئەم پەرچەکردارە توندەدا لەوانەیە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو نەشونما بکات، لە کاتێکدا کە بازاڕی سەرمایەداری لە جێگەی خۆیدا ئەهێڵێتەوە، بەڵام لەو کاتانەی ناتوانێت بەڵینەکانی لە بەرامبەر ئەو خەڵکانەی لە باری ئابورییەوە وردوخاش بوون بەجێبهێنێت، ئیتر مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەیە پێش ئەوەی کە بارودۆخەکە دژ بە سەرمایەداری خۆی بشکێتەوە، و دژ بە سامانی ئەو خەڵکانەش کە سوودمەندن لێ‌ی“(تەئکیدکردنەوەکان هی منن، ئالان ودز).

ئۆو ، بەڵێ، ستراتیژناسە بۆرژوازییە جدی‌یەکان زۆر باشتر لە ڕیفۆرمیستە کەمبینەکان لە ئاماژەو کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکان تێئەگەن. ئەتوانن ئەوە ببین کە ئەملاوئەولاکردنی توندوتیژی لە بیرکردنەوەی گشتیدا ڕووەو ڕاست زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت ببێتە ئامادەسازی زۆر توندتری وەرچەرخان ڕووەو چەپ، بە ئەندازەیەک کە جەماوەری ناڕازی( چەکدار بە شەن، لە پێشنیاری بەراوردکردن لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسی و شۆڕشی جوتیاران)بە ئاراستەی دژی سەرمایەداری بچەرخێت.

وتارەکە بەردەوام ئەبێت:

“پەتای کرێ‌ی کەم، پیشەی نادڵنیا ڕەنگدانەوەی شکستی بڵاوبوونەوەی میسۆدەکانی بەرهەمهێنانی زۆر پێشکەوتووە لە سنورەکانی ئابورییەوە بۆ ناوچە دووردەستەکان.  تەنها بوونی پریکاریات سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرچاوە- مرۆیی، فیزکی و ڕێکخراوەییەکان لەدەست ئەچن.”

” ئابوری جەمسەرکراو نەک تەنها نادادپەروەرانەیە، بەڵکو ناکاریگەریشە.”

بەڵێ، ئەمانە هەمووی بەتەواویی ڕاستە. سیستمی سەرمایەداریی بە دڵنایی‌یەوە زەرەرمەند و ناکاریگەرە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەمە ئەزانین، بۆیە ئەبێت بە سیستمێکی تر جێگای بگیرێتەوە- سیستمێک کە لە سەر بنەمای ئابورییەکی هاوئاهەنگ و پلان بۆ داڕێژراوی عەقلانیی کە هێزە بزوێنەرەکەی بریتی‌یە لە تێرکردنی پێداویستییەکانی زۆرینە، نەک پێشبڕکێ‌ی سەرشێتانە بۆ بەدەستهێنانی سامانێکی ناشایستە بۆ کەمینەیەک.

هیچ هەڵاتنێک لەم دەرئەنجامە نییە. بەڵام بە تەواویی لەودیو تێگەیشتنی ئەم نوسەرە زۆر بە ئاگایەمانە، کە بەو دەرئەنجامە ئەگات( بێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک) کە: ” ئەڵتەرناتیڤەکان زۆر خراپترن بۆ هەمووان”.

هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە بۆچی ئەبێت بەم چەشنە بێت. نوسەر هیچ شتێکی تر لەودیو سیستمی سەرمایەداریی‌ ئێستاوە کە بوونی هەیە نابینێت، هەربۆیە خەون بە چاکسازیی سیستمەکەوە بەرەو باشتر ئەبینێت. بەڵام سەرمایەداریی چاکسازیی تێدا ناکرێت، هەروەک ڕیفۆرمیستە گەمژەکان وێنای ئەکەن. خۆیان بە ڕیالیست(واقعی) دائەنێن. لە ڕاستیدا، ئەوان خراپترین جۆری یوتوپیاییەکانن(خەیاڵپڵاوەکانن).

سەرمایەداریی چاکسازیی تێدا ناکرێت، هەروەک ڕیفۆرمیستە گەمژەکان وێنای ئەکەن

نوسەر ئەڵێت” لە پێناو ڕزگارکردنی سەرمایەداریی پێوستە لەسەر شوێنکەوتووەکانی” پۆڵشی کەنارە زبرەکانی بکەن”

” ڕەشەباکان ئەگۆڕێن”، بە سەرکەتوویی‌یەوە نوسەر ڕایئەگەیەنێت:

” سیاسی‌یەکان لە جۆ بایدنەوە تا بۆریس جۆنسۆن دەسەڵاتی ڕێپێدراویان هەیە بۆ” دووبارە دروستکردنەوە بە شێوەیەکی باشتر”؛ پارێزەرانی ئابوری ئەرثەزۆکسی (توندباوەڕ) وازیان لەو تێڕوانینە هێنا کە نایەکسانی نرخی گەشەکردنە. سەرمایەداری ئەکرێت وای لێبکرێت بۆ پاراستنی شکۆی هەمووان”

چەند وێنەیەکی جوانە!

هەموو شتێک هەربۆیە ئەگۆڕدرێت بە خەونبینی جۆرێکی جیاوازتر لە سەرمایەداریی – ناسکتر، نەرم و نیان تر،و زۆر مرۆڤانەتر.  بەهەمان شێوەی دیکنز کە خەونی بە سکروجێکی ناسک، نەرم ونیان و مرۆڤانەترەوە ئەبینی. پیویست بە وتن ناکات. خەونەکە تەنها بێهوودە و یوتوپیایی‌یە وەک ئەوانی تر.

بۆچی ئێمە گەشبینین

” بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە،قەیرانەکە تا ئێستا هاوشێوەی مشکەکوێرەیەکی باشی کۆن چاڵەکەی دوور هەڵئەکەنێت” مارکس بۆ ئەنگلز ٢٢ ی فێبریەوەری ١٨٥٨

سیستمی سەرمایەداریی نەخۆشە، نەخۆشە تا ڕاددەی مردن. نیشانەکانی ئەمە زۆر بە ڕوونی دیارن. لە ژێر ڕووکەشدا. لەهەموو شوێنێک توڕەیی، کینە، بێزاری ، ڕقێکی ئەستووری بەجۆشهاتوو دژ بە سیستمی ئێستا، و دژ بە مۆراڵی پڕ لە ساختەکەی، نادادپەروەریی، نایەکسانی بەرگەنەگیراو، بێدەربەستی لە بەرامبەر ئازارەکانی مرۆڤ … هەیە.

سیستمی سەرمایەداریی نەخۆشە، نەخۆشە تا ڕاددەی مردن. نیشانەکانی ئەمە زۆر بە ڕوونی دیارن. لە ژێر ڕووکەشدا. لەهەموو شوێنێک توڕەیی، کینە، بێزاری ، ڕقێکی ئەستووری بەجۆشهاتوو دژ بە سیستمی ئێستا، و دژ بە مۆراڵی پڕ لە ساختەکەی، نادادپەروەریی، نایەکسانی بەرگەنەگیراو، بێدەربەستی لە بەرامبەر ئازارەکانی مرۆڤ … هەیە.

دامەزراوە کۆنەکان، کە پێشتر بە ڕێزەوە لێ‌یان ئەڕوانرا. ئێستا لە لایەن لێشاوی جەماوەرەوە بە بێڕێزییەکی بێ ئەملاوئەولاوە لێ‌ی ئەڕوانرێت، هەست ئەکەن کە فێڵیان لێکراوە و فەرامۆش کراون. سیاسی‌یەکان، دادوەرەکان، پۆلیس، میدیا، کەنیسەکان- هەموویان بە وێنەی نەناسراو و گەندەڵکار وێنا ئەکرێن.

دامەزراوە فەرمییەکانی دیموکراسی بۆرژوازیی بنەمای خۆیان لەسەر ئەو خەمڵاندن(پێوابوون)ە داڕشتبوو کە قڵشتی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران ئەتوانرێت لە چوارچێوەی سنورێکدا جڵەوگیر بکرێت. بەڵام بەردەوامی گەشەی بێڕاددەی نایەکسانی چینایەتی جەمسەرگیری‌یەکی کۆمەڵایەتی وای لە کۆمەڵگا خوڵقاندووە کە بۆ ماوەی چەند دەیەیە بەخۆوەی نەدیوە.

میکانیزمە ترادیشیۆنەڵەکانی(سوننەتییەکانی) دیموکراسی بۆرژوازیی تا سنوور و تەنانەت تا ئەودیوی سنوورەکانیش تاقی ئەکەنەوە. ئەمە زۆر بە ڕوونی لە ڕووداوەکانی  کۆتایی ساڵی پاردا لە ئەمریکا بینران.

ڕاپەڕینە خۆبەخۆیی‌یەکان کە سەرتاپای وڵاتی بەدوای کوشتنی جۆرج فلۆید تەنی، و ئەو ڕووداوە بێهاوتایانەی دواتری کە پێشەنگ و دوای هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی بوون، نیشاندەری خاڵێکی وەرچەرخانە لە سەرجەم بارودۆخەکەدا. ئا لێرەدا، ئێمە لە هەناوی ئاولەمە(جنین- embryo)دا  هێڵە بەرینەکانی گەشەسەندنی شۆڕشمان لە پاشەڕۆژدا هەیە.

ساڵی ٢٠٢١ ئەبێتە ساڵێک کە وێنەی نەبێت. ئایا ئەبێتە ساڵێکی خۆش، هەروەک گەشبینەکان پێشبینی ئەکەن؟ بەڵێ، بە دڵنایی‌یەوە، ئەبێتە ساڵێکی خۆش بۆ کەمینەیەک، کە هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی دڵخۆش بن- کەمتر لە ١%ی دانیشتوان،  کە خۆشی بێسنوور لە کۆنترۆڵکردنی ئەو سامانەی کە زۆرینە بەرهەمیان ئەهێنێت ئەبینن.

بەڵام بێشک، بۆ زۆرینە ناکرێت ساڵێكی نوێ‌ی خۆش هەبێت. بۆ ئەوان، پاشەڕۆژ لە سایەی سەرمایەداریدا تەنها نادیارو پڕ لە تاریکی ئەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە سەرسەختی و ئالنگارییەوە گەشبین ئەبین بە پاشەڕۆژ، نەک پاشەڕۆژی سیستمی سەرمایەداریی، بەڵکو پاشەڕۆژی خەباتی چینایەتی شٶڕشگێڕانە کە ئەبێتە لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریی بۆ هەتا هەتایە.

ئێمە بە سەرسەختی و ئالنگارییەوە گەشبین ئەبین بە پاشەڕۆژ، نەک پاشەڕۆژی سیستمی سەرمایەداریی، بەڵکو پاشەڕۆژی خەباتی چینایەتی شٶڕشگێڕانە کە ئەبێتە لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریی بۆ هەتا هەتایە.

ڕێگای پاشەڕۆژێکی پڕ لە کامەرانیی پەیوەستە بە دابڕانی تەواوەتیی لە ڕابردوو. ئەو ڕێگایەی لەبەردەممان ئەبێت ڕێگایەکی سەخت ئەبێت.  چینی کرێکار ئەچێتە فێرگەیەکی تەواو سەخت و دژوارەوە. بەڵام لەو فێرگەیەوە وانە سەرکەتووەکانی وێنە ئەکێشێ.

پاش ماوەیەکی زۆر لە ناچالاکییەکی نسبیی.، چینی کرێکار پەل و پۆی خۆی ڕائەوەشێنێت، هاوشێوەی وەرزشوانێک کە خۆی بۆ پێشبڕکێیەکی یەکلاکەرەوە ئامادە ئەکات. ئەمەیە، و تەنها ئەمەیە، کە هیوا و گەشبینیمان  بە پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی پێئەبەخشن.


(Catch-22s): مەبەست لە سیستمێکە خەڵکی ئاسایی بەهۆی مەرجە ناکۆکەکانییەوە نەتوانێت لێ‌ی دەرباز بێت.

precariat: زاراوەیەکە پرۆفیسرۆرێکی زانکۆیەکی بەریتانی بەکاری هێنا بۆ پێناسەکردنی توێژێکی چینی کرێكار کە بەهۆی بارودۆخی ئابوری و سیاسی‌یەوە لەوپەڕی نائەمنی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری ژیان ئەکەن

بەشی یەکەم           بەشی دووەم

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*