هایتی: شەڕ دژی دیکتاتۆری و خەباتی شۆڕشگێڕانە لە پێناو دیموکراسی

ڕۆب لیۆن، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد
سەرۆکی سەرکوتگەری هایتی کۆڤێنێڵ مۆیس ڕەدی ئەکاتەوە دەستبەرداری دەسەڵات بێت، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی بۆررژوازیش بێتوانایە لە ناچارکردنی دەستلەکارکێشانەوەی. جەماوەری هایتی پێویستە بە تەواوی خۆی لە ڕژێمی بۆگەنبووی بۆرژوازی دابڕێ و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوانی شۆڕشگێڕ پێکبهێنێت.
بەپێ‌ی گروپە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی هایتی و لە ئێستاشدا دادگای باڵا، ماوەی سەرۆکایەتی کۆڤێنیڵ لە ٧ی فێبریوەری ٢٠٢١ کۆتایی هاتووە. سەرباری بانگەوازە چەندبارەکانی دەستبەردابوون و ناڕەزایەتییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی، مۆیس تا ئێستا ڕەدی ئەکاتەوە نوسینگەی سەرۆکایەتی بەجێبهێڵێت.
سەرباری بانگەشەکانی کە “دیکتاتۆر نییە”،ڕاستی بارودۆخ ئەوەیە کۆڤێنێڵ بە پێ‌ی بڕیارنامەیەکی زیاد لە یەک ساڵی نائامادەیی(غیابی) پەرلەمانێکی چالاک حوکم ئەکات، کە ساڵی پار بەهۆی بە فەرمی نەناسینی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵیوەشاندەوە. دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکانی نوسینگەی سەرۆکایەتی لە ڕێگای بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتی دادگاکان بە بڕیارنامەیەک بە‌هێزکرد. دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی دامەزراند، کە دەزگایەکی نهێنی پۆلیسی‌یە و تەنها سەرۆک لێی بەرپرسیارە. بەئامانجی لەخۆگرتنی چالاکی ناڕەزایەتی‌یە ئاسایی‌یەکانیش، پێناسەی”کردە تیرۆریستی‌یەکان”ی بەرفراوانتر کردەوە،و هێزو دەسەڵاتی پۆلیس و سوپای بەهێزتر کرد. لە پێناو ترس و تۆقاندنی ڕکابەرەکانی، هاوپەیمانێتی نێوان ڕژێم و باندە بکوژەکانی نێو شارو شارۆچکەکانی دروست کرد و بەرەڵای نێو کۆمەڵگای کردن. کۆڤێنێڵ لە پلانیدایە هێزودەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە ڕێگای پێشنیازی چاکسازیی دەستوورییەوە بەرفراوانتر بکاتەوەو لاپەڕەیەک لە ڕابردووی دوڤالیر[١] دووبارە بکاتەوە.
ئەگەر کۆڤێنێڵ وەک دیکتاتۆرێک قسە ئەکات، وەک دیکتاتۆرێک هەڵسوکەوت ئەکات، و وەک دیکتاتۆرێک دەست بە دەسەڵاتەوە ئەگرێت، ئەشێت کە دیکتاتۆر بێت؟[٢] ڕاستی بارودۆخ ئەوەیە کۆڤێنێڵ چەندین مانگە دەسەڵاتەکانی خۆی ئەچەسپێنێ و دیکتاتۆرییەکی کراوە دائەمەزرێنێت. هێزەکانی ئۆزسیۆن ئیدانەیان کرد و جەماوەریش ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام کۆڤێنێڵ هێشتا لە دەسەڵاتدایە. پێویستە لە شوێنی خۆیدا ڕابگیرێت. ناکرێت جەماوەری خەڵک لە چاوەڕوانی دیموکراسییەکدا بن کە پێیان بدرێت. ئەبێت چارەنوسی خۆیان بە دەستی خۆیانەوە بگرن و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا تێبکۆشن.

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و جەماوەری خەڵک
ساڵانێکە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ بەردەوامی هەیە. جەماوەری خەڵک لەهەر وەرچەرخانێکدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە چاکسازی و جوڵە سەرکوتگەرییەکانی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، و بڕیاری یەکلاکەرەوەیان بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنوسی خۆیان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆڤێنێڵ نمایش کردووە.
لەچەندین کاتی جیاوازدا، بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک بە واقعی لە وەلانانی ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ نزیک بووەتەوە. هەرچەندە ڕابەرایەتی گروپە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکان بە قوڵی دابەشبوون و لە کۆتاییدا ئەوەش سەلمێنرا کە بێتوانابوون لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەکە. ئۆپۆزسیۆنێکی لەت وپەتبوو، بوونی چەندین گروپ و پارتی جیاواز بێتوانان لە بینینی واوەتر لە هەوڵ وتەقەلایان بۆ دەسەڵات، هێزو توانای بزووتنەوەی جەماوەریی بەهەدەر داوە.
چەند مانگ پێش ئێستا، گروپە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکان هەوڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکیان دا بۆ ناچارکردنی کۆڤێنێڵ بە دەست لەکارکێشانەوەی، بەڵام هەر بە سەرکێشی مایەوەو شەپۆلێکی خوێناوی توندوتیژیی باندەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لە نێو جەماوەر و بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن بەڕێخست. هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەم چەند مانگەی ڕابردوو تاکو ٧ی فێبریوەری هەوڵی گەورەیان دا لە پێناو کۆکردنەوەو ڕێکخستنی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک لەپێناو بەردەوامییدان بە ناڕەزایەتییەکان. ئەگەر کۆڤێنێڵ دڵخوازانە دەستی لەکار نەکێشایەوە،ئەوا ئۆپۆزسیۆن هیواخوازبوو لە بەکارهێنانی فشاری جەماوەری خەڵک بۆ وازهێنانی کۆڤێنێڵ لە دەسەڵات.

هێشتا، کۆڤێنێڵ لە دەسەڵاتدایە. بەشێکی گرفتەکە لەوەدایە هیچکام لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پلانێکی ڕٶشنیان بۆ لابردنی ئەو لە دەسەڵات و تەنانەت سەرکەوتن بەسەر گرفتە قوڵەکانی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە هایتی نییە. چەندین جار جەماوەری خەڵک ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕکردن نمایش کرد. باش ئەزانن، ئەیانەوێت دژ بە ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ شەڕ بکەن، بەڵام لە هیچکام لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەرنامەیەکی سیاسی ڕۆشن نابینن لە پێناویدا بۆی بجەنگن و تەنانەت هیچ پلانێکی ڕۆشنیش شک نابەن لە پێناویدا خەباتی بۆ بکەن.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن متمانەی جەماوەری خەڵکیان بەدەست نەهێناوە و بێتوانایی خۆشیان لە یەکگرتنی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسی ڕوون و بەئاگا نیشانداوە. ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ ئەم هەلەمەرجەی بە قازانجی خۆی قۆستووەتەوە. لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ دەستوور ئەبات و بانگەوازی خۆپیشاندان و دەستلەکارکێشانەوە، و گفتوگۆ لەسەر خاڵەکانی وەهمی گوێزانەوەی دەسەڵات ئەکات، کۆڤێنێڵ هەر لە دەسەڵاتدا ئەمێنێتەوەو هەوڵی بەرپەرچدانەوەی توند بە زیادکردنی سەرکوتگەری پۆلیس، بەرەڵاکردنی باندەکانی توندوتیژی بۆ گیانی کۆمەڵگا، دیکتاتۆرییەکەی بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەهێزتر ئەکات.

دەستوور
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی، کە بە دەوری بەشی دیموکراتی و گەلی‌دا چڕی بەستووە، ڕێگای بە کۆڤێنێڵ داوە قەیرانی سیاسی بە دەوری شەرعیبوونی ڕژێمەکەی بگۆڕێت بە وتووێژ و گفتوگۆکردن لەسەر دەستووریبوون و شەرعیەتبوونی مانەوەی لە دەسەڵات، ئەمەش لە ترسی کۆکردنەوەو ڕێکخستنی جەماوەر بەفیعلی و ئەگەری سەرهەڵدانێکی ڕاستەقینەی جەماوەریی بۆ وەلانانی لە دەسەڵات. ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی، لە جیاتی پشتبەست بە جەماوەری خەڵک هەوڵی ڕێگا یاسایی‌ و دەستوورییەکانی بەهانەی لابردنی کۆڤێنێڵ لە دەسەڵات ئەدات.
بە پێ‌ی دەستوور ماوەی سەرۆکایەتی پێنج ساڵە. دەستوور ئاماژەی داوە:” ماوەی سەرۆکایەتی پێنج ساڵە، ئەو ماوەیە لە ٧ی فێبریوەری دەست پێئەکات و بە دوای ڕۆژێک لە هەڵبژاردنەکاندا کۆتاییشی پێدێت”. ئەگەر هایتی پەیڕەوی لە دەورەیەکی ڕێکوپێکی هەڵبژاردن بکردایە، ئەبوایە خولی دەسەڵاتی کونیڤیڵ لە ٧ی فێبریوەری ٢٠٢١دا کۆتایی پێبێت. لە فێبریوەری ساڵی ٢٠١٦ دا خولی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشتووتر مارتیلی Martelly کۆتایی هات ئەگەرچی پەیڕەویش لە دەورەیەکی هەڵبژاردنی رێکوپێکیش نەکرا. براوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ بۆ بڕیاردانی جێنشینی خۆی ئەبوایە سوێندی یاسایی (دەسەڵاتی) لە فێبریوەری ٢٠١٦ بخواردایە. کۆڤێنێڵ وەک براوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ ڕاگەیەندرا، بەڵام بەهۆی بوونی بەڵگەی ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئاستێکی بەربڵاو و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا، گەڕەکانی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان ئەنجام نەدران و چەندین جار دواخران، دواینجار بڕیاردرا لە ساڵی ٢٠١٦ هەڵبژرادنەکان بە تەواویی دووبارە بکرێنەوە. بەردەوامی ناڕەزایەتی جەماوەریی دژ بە کۆڤێنێڵ و ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان ، و لەهەمانکاتدا ئاشکرابوونی سکانداڵی پترۆکاریب [٣]، هاوکاتیش کاریگەرییەکانی [زریانی ماثیو Matthew] کاریان کردە سەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان تاکو نۆڤەرمبەری ٢٠١٦. دیسانەوە سەرباری بوونی بەڵگەی زۆر لە ساختەکردنی هەڵبژاردنەکاندا، کۆڤێنێڵ وەک براوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندرا و لە فێبریوەری ٢٠١٧دا سوێندی یاسایی دەسەڵاتی خوارد.
وتووێژ و گفتوگۆکانی دەستوور دوو لایەنی هەیە. لە لایەکەوە ئۆپۆزسینۆنی بۆرژوازی ڕایئەگەیەنێت دەسەڵاتی کۆڤێنێڵ لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی هاتووە، لەبەرئەوەی پرۆسەی دەستپێکردنی دەسەڵاتی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستپێکردووە. بەپێ‌ی خولی هەڵبژاردنە ئاساییەکان، ئەبوایە لە ساڵی ٢٠١٦دا دەسەڵات بگرێتە دەست. سەرباری ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان، و ڕەدکردنەوەی هەڵبژرادنەکان بە بەردەوامی و ڕێگریکردنی حکومەتی کاتیی لە کۆڤێنێڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات تا ساڵی ٢٠١٧. خولی دەسەڵاتەکەی ئەبوایە ساڵێک پێشووتر دەستی پێکردبایە، هەربۆیە بە لێکدانەوەی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەبێت دەسەڵاتەکەی کۆتایی پێبێت.
لە لایەکی ترەوە، کۆڤێنێڵ و نزیکەکانی پێیان وایە سوێندخواردنی یاسایی پێنج ساڵەی دەسەڵات بە دەستەوەگرتن لە لە ٢٠١٧ ەوە دەستپێئەکات. بە پێ‌ی لێکدانەوەی ئەو لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠١٦دا (بێگومان لە ڕێگای ساختەکردنەوە) مافی بەدەستەوەگرتنی یاسایی بۆ ٦٠مانگ بەدەستهێناوە، لەکاتی دەستبەکاربوونییەوە لە فێبریوەری ٢٠١٧ نەک ٢٠١٦. بە بۆچوونی خۆی ٤٨مانگی یاسایی دەسەڵاتەکەی تێپەڕاندووەو هێشتا ١٢ مانگی تری تاکو فێبریوەری ٢٠٢٢ ماوە.

ئەوەی لە ئەنجومەنی پیراندا مایەوە بێتوانا بوون لە ڕێکەوتن لە سەر وەڵامدانەوەی پرسی کۆتایی هاتنی دەسەلاتی کۆڤێنێڵ، شکستی خۆیان سەلماند. هەرچەندە لە بەرەبەیانی ٧ی فێبریوەری ٢٠٢١دا ئەنجومەنی باڵای دەسەلاتی قەزایی (CSPJ) بڕیاریدا کە دەسەڵاتی کۆڤێنێڵ لە ٧ی فێبریوەری ٢٠٢١دا کۆتایی هاتووە، پاش ئەوەی خۆی خستە بەرامبەر ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵەوە. بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵا هانی هاوڵاتیانی دا دەست بە دابونەریتی باووباپیرانەوە بگرن و قوربانی گەورە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی بایدن بارودۆخەکەی هەڵسەنگاند و بە فەرمی ڕەزامەندی لەگەڵ کۆڤێنێڵ ڕاگەیاند، بە هەمان شێوەش هەریەکە لە ڕێکخراوی ویلایەتەکانی ئەمریکا(هەروەک جیڤارا وتی کە هیچ شتێک نییە جگە لە وەزارەتی کاروباری وڵاتانی داگیرکراوو بندەستی ئەمریکا) و ڕێکخراوی نەتەوەیی فرانکۆفاین(نوێنەرایەتی ئیمپریالیزمی فەڕەنسی ئەکات)، و نەتەوە یەکگرتووەکان. هەموویان پێکەوە ڕەزامەندن دەسەڵاتی کۆڤێنێڵ تاکو فێبریوەری ٢٠٢٢ ە. بۆ ئیمپریالیستەکان پرسی بەرژوەندخوازانەیە کە: کێ بەرژەوەندییەکانیان لە هایتی بپارێزێت؟ بە تێڕوانینی ئەوان ئۆپۆزسیۆن زۆر دابەشبووەو ئەڵتەناتیڤێکی جێ متمانە نییە. ئەگەر هاوڕا نەبن لە چۆنیەتی جێگرتنەوەی کۆڤێنێڵ و کێ جێگرەوەکەی بێت، ئەوا ئیمپریالیستەکان دڵنیا نابن لە بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندەییەکانیان.
ئیمپریالیستەکان لەوە ئەترسن، ئەگەر قڵشت و ناتەبایی‌یەکان لە کۆمەڵگای هایتی بەرفراوان ببنەوە، بە دەربڕینێکی تر ئەگەر بارودۆخی سیاسی بەشێوەیەک بەردەوام بێت کە داڕووخان و شکست بە حکومەت بهێنرێت، یانی ناجێگرییەکی زیاتر سەرهەڵئەدات و بارودۆخەکەش لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن دەرئەچێت. ئەوەی بە دروستی لێ‌ی ئەترس ئەوەیە جەماوەری خەڵک تەواوی پرسەکان بەدەستەوە بگرن. لەم کاتەدا هەژماری ئەوە ئەکەن باشترین هێڵ پارێزگاریکردنە لە کۆڤێنێڵ. لەکاتێکدا ڕۆڵی ئیمپریالیستەکان گرنگ ئەبێت لە کاتی بەردەوامی ڕووداوەکاندا. جەماوەی خەڵک متمانە بە دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان ناکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیران و پارێزگاریکردن لە دیموکراسی لە هایتی، کە زۆر بە خێرایی وون ئەبن. ویستی ئیمپریالیستەکان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە هایتی ئەوانی ڕووەو پشتگیریکردنی کۆڤێنێڵ لە رێگای ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان، سکانداڵی پترۆکاریب، بەکارهێنانی باندی چەتەکان بۆ بێدەنگکردنی دوژمنەکانی، و هەنگاونان ڕووەو دامەزراندنی دیکتاتۆریی پاڵپێوە ناوە. کۆڤێنێڵ پیاوی ئەوانە لە هایتی و بە هەر نرخێک بووە ئامادەیە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژوەندییەکانی چینی بۆرژوازی و ئیمپریالیستەکان، و ئەوانیش بە هەر نرخێک بووە بڕیاری پشتگیریکردنیان داوە.
لەڕاستیدا گفتوکۆگان لەسەر پرسی ماوەی سەرۆکایەتی کۆڤێنێڵ نییە. پرسی شەرعیبوونی ڕژێم هیچ کاتێک دەربارەی کاتی فەرمی دەستپێکردنی سەرۆکایەتی و کۆتاییهاتنی ئەو نەبووە. بانگەشەی ماوەی سەرۆکایەتی کۆڤێنێڵ کۆتایی ئەمساڵ تەواو ئەبێت وەک بەهانەیەک لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەکارهێنرا، لەپێناو بانگەوازکردنی دەستلەکارکێشانەوەی لەبەرامبەر پێشێلکردنەکانی دەستوور و پتەوکردنی دیکتاتۆرییەکەی، کە هۆکارێکی کافی‌یە بۆ دوورخستنەوەی لە نوسینگەی سەرۆکایەتی.
بەم هۆکارانەیە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە بوو ئایا ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ بە تەواویی شەرعی بووە. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ لە ڕێگای ساختەکردن و گەندەڵکاری هەڵبژاردنەکانەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە ڕێژەیەکی یەکجار کەم ٢١% بەشداییان تێداکردبوو. هەر لەسەرەتاوە ڕژێمەکەی شەرعیەتی دیموکراتی نەبوو. لەکاتی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە ساختەکراوەکەی ٢٠١٦دا بۆرژوازیی هایتی و ئەوەی کە بە کۆمەڵگای مەدەنی پێناس ئەکرێت ماندووبوون لە ناجێگیریی سیاسی. ماندووبوون لە ڕەدکردنەوەی چەند جارەی هەڵبژاردنەکان، ناڕەزایەتی جەماوەریی، و نەبوونی هیچ جۆرە حکومەتێک. سەرباری بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر ساختەکرنی هەڵبژاردنەکان بەڵام ئەنجومەنی هەڵبژاردنی کاتی(CEP) ڕەزامەندی لەسەر دەرئەنجامەکان دەربڕی. لە ڕاستیدا فەرامۆشکردنی پرسی ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان و فەرامۆشکردنی ئیرادەی خەڵکی هایتی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ هەنگاوە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی دیکتاتۆری ئەو بوون.
هەر لەکاتی گەیشتنی بە دەسەڵات، کۆڤێنێڵ و دارودەستە نزیکەکەی ڕاستەوخۆ لە دزینی پەرەوپوولی سکانداڵی پترۆکاریب تێوەگلان. بەهۆی ڕێک نەخستنی زەمینەکانی هەڵبژاردن لە ساڵی پار، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگای بڕیارەوە دەستووریشی پێشێل کرد. تەنانەت پێشنیازی چاکسازییە دەستوورییەکانی دەستووریش نین، هاوپەیمانی لە نێوان حکومەتەکەی و باندەکانی توندوتیژی لە نێو شارەکان دروست کردو دەستیکرد بە تیرۆرکردنی بەرهەڵستکارەکانی،و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دیکتاتۆریی. ئەمانە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناشەرعیبوونی دەسەڵاتەکەی ئەون کە بۆچی پێویستە لە دەسەڵات وەلابنرێت.

ئەگەر سەرۆکایەتی کۆڤێنێڵ ناشەرعی‌یە، کەوایە پرسەکە پەیوەندی بەوەوە نییە خولی دەسەڵاتی کەی دەستی پێکردووە و کەی کۆتایی دێت. لە پلەی یەکەم ئەبوایە ڕێگری بکرایە لە گەیشتنی بە دەسەڵات، بەڵام ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن لەم ڕووەوە پاشەکشەیان کرد. دوای ئەوە، هیچ هۆکارێک نەبوو ڕابەرایەتی ئۆپۆزسیۆن چاوەڕوانی بانگەوازکردنی بکات بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە فێبریوەری ٢٠٢١. لە ڕاستیدا لە ڕێگای بانگەشەی ئەوەی دەسەڵاتەکەی لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دێت، ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەرعیەت ئەدات بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژرادنێکی ساختەکراو و ڕژێمەکەی بە شێوەی گشتی، کە ئەبێتە لاوازکردنی بەهانەی خۆشیان بۆ لابردنی لە دەسەڵات. ئەگەر ٧ی فێبریوەری ئەو ڕۆژە بوایە کۆڤێنێڵ لە دەسەڵات وەلابنرێت ئەبوایە ئامادەسازیی جدی بکرایە بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی. بەڵام ئەمە بە مانای ئامادەسازیی جەماوەرە بۆ شۆڕش، بەڵام ئەمە نەکرا چونکە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی لەم هەنگاوو پێشکەوتنە ترسی لێنیشتووە و لە بنەڕەتیشدا هەوڵی ڕێگریی لە ڕوودانی ئەکات.
لەڕێگای چڕخستنە سەر بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ بەهانەی وەلانانی کۆڤێنێڵ لە دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی هەوڵیان ئەدا بە دروستی خۆیان لە کۆکردنەوەو ڕێکخستنی جەماوەر بۆ ڕاپەڕێن لابدەن، کە ئەم شتەیە بۆ لابردنی لە دەسەڵات داواکراوە. لابردنی ئەو لە دەسەڵات بەهۆی پێشێلکردنە یاسایی و دەستووریەکانەوە و تێپەڕاندنی دیکتاتۆرییەکەی، گفتوگۆکان لە جیهانی دەستوور،پەرلەمان، و دادگاکان ئەگوێزێتەوە جێگایەکی تر بە وتەیەکی تر بۆ دەرەوەی مەملەکەتی سیاسەتی بەڕێزانەی بۆرژوازی ڕووەو جیهانی سیاسەتی شەقام و شۆڕش و ڕاپەڕین. ئەمە ڕێڕەوی شەرمنانەی ئۆپۆزسینۆنی بۆرژوازیمان بەرامبەر دیکتاتۆریەتی ڕاوەستاوی کۆڤێنێڵ بۆ ڕوون ئەکاتەوە. ئەوەی ئەیانەوێت گوێزانەوەی دەسەڵاتە بە هێمنانە یان گۆڕینی دەسەڵات لە سەرەوە لە جیاتی دابڕانی تەواوەتیی. سیاسی‌یەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی ئەیانەوێت ڕۆڵی جەماوەری خەڵک بە بەرتەسکی بهێڵنەوە، تەنها بۆ دروستکردنی فشار لە جیاتی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی خۆیان.

کۆدەتای یاسادانان یان سەرۆکایەتی؟
ڕۆژانی پێش ٧ی فێبریوەری باڵی دیموکراتی و گەلیی واتە هاوپەیمانی سەرەکی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی پلانی خۆیان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی ئینتقالی لە جێگای کۆڤێنێڵ ڕاگەیاند،ئەو ساتەی باوەڕیان کرد دەسەڵاتەکەی لە ٧ی فێبریوەری کۆتایی دێت، لە کاتێکدا پێشنیازەکەش چەند دەربڕینی میهرەبان، نەرمونیانی و دڵگیریی دیموکراتیانە دەربارەی پێداویستی گەڕانەوەی دادپەروەریی، مافەکانی مرۆڤ، وپێداویستی دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەت، …لەخۆئەگرن. پلانی ئەم باڵە لە بنەڕەتدا نادیموکراتیانە بوو. لەڕاستیدا پلانی باڵی دیموکراتیی و گەلیی کۆدەتایەکی یاسایی‌یانەیە، بێ هەڵبژاردن، لەڕێگای خۆتێخزانە نێو دەسەڵات بەهۆی دادگاکانەوە.
پلانی ئەم باڵە داوای دروستکردنی کۆمسیۆنی نیشتمانیی ڕاپەڕاندنی کاروباری قۆناغی گواستنەوە (CNT) ئەکات، بەپێ‌ی ئەم پلانە دادوەری دادگای باڵا وەک سەرۆکی کاتی دیاری ئەکرێ و ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی سەرۆکوەزیران دەستنیشان ئەکات. کۆمسیۆن هاوشان لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران حکومەتێکی کاتیی ڕائەگەیەنن، بەم پێیەش وزەو توانایەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە بەخەرج ئەدرێ، و قەیرانەکەش لە ئەنجومەنی دەسەڵاتێکدا کۆئەبێتەوە کە لە لایەن هیچ کەسێکەوە هەڵنەبژێردراوە.
پێئەچێت هەر لە ئێستاوە کار لەسەر پلانی ئەم باڵە بکرێت. لە درەنگانێکی ٧ی فێبریوەری دادوەری دادگای باڵا جۆزیف میسین ژانلویس ڕایگەیاند:” ئامادەیە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن و خزمەتگوزاری مەدەنی وەک سەرۆکی کاتیی حکومەتی کاتی دەستبەکاربێت”، لەبەرامبەردا کۆڤێنێڵ و دارودەستە نزیکەکەی پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی هاوشانیان بە “نایاسایی و نادەستوریی” ناساند.
دابەشبوونی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکارو یاسادانان دابەشبوونی قوڵی چینی دەسەڵاتدار لە هایتی پیشان ئەدات. بۆرژوازییە گەورەکان و توێژی گەندەڵکارانی ورەدبۆرژوازی لە دەوری کۆڤێنێڵ چڕیان بەستووە،و باڵی کەم گەندەڵکار و خزمەتی مەدەنیش لە دەوری ئۆپۆزسیۆن و دادگاکان،کە خۆیان بە دیموکراتخوازی ڕێزدار وێنا ئەکەن کۆمەڵیان بەستووە. هەرچەندە بژاردە لەبەردەم جەماوەریی خەڵک لە ڕاستیدا لە نێوان کۆدەتای سەرۆکایەتی بە ڕابەرایەتی کۆڤێنێڵ و کۆدەتای یاساییدایە کە باڵی دیموکراتی و گەلیی و دادگاکان نوێنەرایەتی ئەکەن.

لاشەی پیاوانی چەکدار
دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار لە بنەڕەتدا لەسەر پرسی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناکۆکی و شەڕدان. هەرچەندە پرسی ئەوەی کێ دەسەلات بە دەستەوە ئەگرێت لە ڕێگای دەستوورەوە چارەسەر ناکرێت. هەموو لایەنە ناکۆکەکان هاواری دەستوور ئەکەن و لایەنی بەرامبەر بە پێشێلکردنی تۆمەتبار ئەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەمیان درک بەوە ئەکەن دەستوور شکێنراوە. هەر بوونی کۆڤێنێڵ لە بنەڕەتدا خۆی پێشێلکردنی دەستوورە، بەڵام لە هەمان کاتدا جووڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و دادگای باڵاش.
سەرباری ئەوەش، دەستوور خۆی بەتەنها هیچ هێزی نییە. هێزی دەستوور پەیوەستە بە توانایی چینی دەسەڵاتدار لە سەپاندنیدا، لە ڕێگای پۆلیس و دامەزراوەکانی تری دەوڵەتەوە. دەوڵەت توندوتیژییەکی چینایەتی ڕێکخراوە، لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە لە پێناو مسۆگەرکردن و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی خۆی دژ بە چینەکانی تری کۆمەڵگا بەکارئەهێنرێت. دەسەڵاتی سیاسی چینی دەسەڵاتدار پشت بەستووە بە چەسپاندنی ئەم بنەمایە، لە ڕێگای یاسا، دادگا و زیندانەکان و دواین جاریش پۆلیس و هێزەکانی سوپا. ئەم دامەزراوانە و هێزەکانی سوپا دەوڵەت پێکئەهێنن. ئەمانە توخمە فیزیکییەکانی (مادییەکانی) پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسین.
دەوڵەتی هایتی دابەشبووە و چینی دەسەڵاتداریش لەسەر پرسی ئەوەی کێ لە دواینجاردا دەسەلاتی سیاسی ئەگرێتە دەست لە بارودۆخی شەڕدایە. لە ئێستادا، کۆڤێنێڵ دەستی بەسەر پۆلیس و هێزەکانی سوپادا گرتووە. کۆنترۆڵی پیاوە چەکدارەکانی دەوڵەتی کردووە. سەرۆکی هێزەکانی سوپای هایتی ڕایگەیاند پشتگیری کۆڤێنێڵ ئەکات، و هەرئێستا هێزە چەکدارەکانی دژ بە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری وڵات بەگەڕخستووە. جگە لەوەش کۆڤێنێڵ ئەتوانێت باندەکانی توندوتیژیش کە پڕچەک کراون و وەک هێزی یەدەکی هێزەکانی سوپا هەڵئەسوڕێن لە شارەکاندا بەکاربهێنێت.
ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی لە پشتگیری دادگاکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەهرەمەندە، بەڵام لەئێستادا هیچ هۆکارێکی خۆپارێزیی ماددی نییە، یانی هیچ هێزێکی چەکداریی سەربەخۆی نییە. میدیاکان بڵاویان کردەوە بانگەوازەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە لایەن خەڵکانێکی زۆرەوە بێ وەڵام بوون. بە واقعی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە سەرتاسەری وڵات هەیە و ڕووبەڕووبوونەوەش لە نێوان خۆپیشاندەران لە لایەک و هێزەکانی پۆلیس و باندەکانی توندوتیژی لە لایەکی تر ڕوویان داوە. هەرچەندە ناڕەزایەتییەکان بە سروشتی خۆیان خۆبەخۆیی دەرئەکەون و زیاتر پەیوەستن بە بەرهەڵستکردنی کۆڤێنێڵ نەک پشتگیریکردنی ڕژێمەکەی ئۆپۆزسیۆن و دادگاکان. لە ڕاستیدا میدیاکان بڵاویان کردەوە کورتهێنان لە کەمی ناڕەزایەتییە گەورەکانی جەماوەر بوونی هەیە، و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەری خەڵک لەپێناو پشتگیریکردنی ڕژێمە تازەکەی دادوەر( ژان لویس) شکستی هێناوە. ئەمە نیشانمان ئەدات جەماوەی خەڵک متمانەی بە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی نییە،و خواست و ویستی پارێزگاریکردن لێ‌ی و شەڕکردن لە پێناو بەرنامەکەیدا نییە.
کۆڤێنێڵ سوودی لە هێزە باڵادەستەکانی بینیوە. لە ٧ی فێبریوەری، ئەو ڕۆژەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و دادگاکان بڕیاری کۆتایی هاتنی خولی دەسەڵاتی ئەویان دا، لەژێر بیانووی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن و وەلانانی لەسەر دەسەڵات هەواڵی دەستگیرکردنی زیاد لە ٢٠کەسی لە لایەن پۆلیسەوە ڕاگەیاند.
لە نێو دەستگیرکراوەکاندا دادوەری دادگای باڵا (ئیڤیکیڵ دابرێزیڵ) و چاودێری گشتی دەزگای پۆلیس (ئەنتوانێت گواتیر) هەن. هیچ زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بەم پیلانە دروستکراوە ڕانەگەیەندراوە، سەرباری ئەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستی پێئەکرێت، پێئەچێت هەوڵدانی کۆدەتای ژێربەژێر بسەلمێنێت. بەهەرحاڵ، تاکو ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی هایتی گومانیان لەم چیرۆکە هەیە، و پێیان وایە ئۆپەراسیۆنێکی ساختەکارانەیە تا بەهانەیەک بداتە دەست کۆڤێنێڵ لە گرتنەبەری چەند هەنگاوی سیاسی دژ بە ئۆپۆزسیۆن و دادگاکان. بە دڵنیاییەوە پۆلیس و یەکەکانی سوپا پاسەوانی شەقامەکان ئەکەن، و قەدەغەی کۆبوونەی سیاسیش ڕاگەیەندراوە.
باڵی دیموکراتی و گەلیی ئەم دەستگیرکردنانەی لە ژێر بیانووی هەوڵی کۆدەتا سەرکۆنە کرد. وتەبێژی باڵەکە (ئاندرێ مایکڵ) بانگەوازی خۆپیشاندانی کرد داوای کرد لە جێگەیاندا کۆڤێنێڵ زیندانی بکرێت. بەڵام دیسانەوە باڵی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی نیشانی دایەوە کە هیچ هێزێکی ماددی نییە بۆ کارکردن. ئەگەر کۆڤێنێڵ جڵەوی دەزگای پۆلیسی کردووە، ئەوا کێ ئەچێت دەستگیری بکات، و لەژێر کام دەسەڵاتدا؟ ڕاستی ئەوەیە ئەم باڵەی بۆرژوازی توانای دەستگیرکردنی کۆڤێنێڵی نییە وهیچ ئامرازێکی دەستبەسەرکردنیشیان بەردەست نییە.
پێئەچێت هەرئێستا بەرهەڵستکاریی ئەم باڵە وەک هێزێکی ناکۆکی دەوڵەت دژ بە ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ لەکارکەوتبێ. ئەگەر ئەم باڵە هیچ هێزێکی ماددی نییە بۆ کارکردی سیاسی لەبەرامبەر ئەو و توانای پارێزگاریکردن لە خۆشی نییە، ئیتر بێتوانایە لە وەلاخستنی کۆڤێنێڵ لە دەسەڵات و بردنەپێشەوەی خۆی وەک هێزێکی دەوڵەت لە وڵاتدا.
هاوسەنگی ئێستای هێزەکان لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکاردا ئەوەیە ڕۆژی دووشەممە ٨ی فێبریوەری کۆڤێنێڵ بۆ تەوقدانی دادگای باڵا هێزەکانی پۆلیس و ئوتومبیلی زریپۆشی بەگەڕخست. هێزەکانی پۆلیس قوفڵەکانیان گۆڕی و ڕێگەیان بە دادوەرەکان نەدا بچنە باڵەخانەکەوە. کۆڤێنێڵ لە درەنگانێکی هەمان ڕۆژدا بڕیارێکی بە دوورخستنەوەی سێ دادوەر لە دادگای باڵا، کە لە لیستی جێگرتنەوەی سەرۆکایەتی(پێشنیازکراو لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە)بوون دەرکرد.
ئەبێت سەرنجی ئەوە بدەین کە، بەپێی دەستوور ناتوانرێت دادوەرانی دادگای باڵا وەلابنرێن. بەڵام ئەمە تەنها مەودای بارودۆخەکەمان بۆ ئەخانە ڕوو کە چەند واوەتر لە وتووێژەکانی دەستوور ڕۆیشتوون. ئەگەر ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ خاوەنی ئەو هێزانەیە دادوەران وەلابنێت، ئەوا وەلائەنرێن بێ گوێدانە ئەوەی دەستووری چی ئەڵێت و ناڵێت.
کۆڤێنێڵ شەڕی خۆی دژ بە نەیارەکانی لە ئۆپۆزسیۆن و دادگاکان ڕاگەیاندووە، کە بێواتان لە وەڵامدانەوەی بە هەمان شێوە. لەوەش زیاتر ژان لویس، وەک بەربژێری سەرۆکایەتی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازییەوە خۆی شاردووەتەوە. کۆڤینێل بە شێوەیەکی نائاسایی دابڕێنراوە و توانای بەجێهێشتنی کۆشکی سەرۆکایەتیشی نییە، بەڵام بە کردەیی هێشتا لە دەسەڵاتدایە. ئەمە دوو شتمان پێڕائەگەیەنێت: جێ‌و ڕێ‌ی کۆڤێنێڵ لە بارودۆخێکی بەهێزتردایە لەچاو ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بە ڕووەکەی تردا ترسی لە جەماوەری خەڵک لێنیشتووە، یانی یاریکەرە ڕاستەقینەکەی گۆرەپانی سیاسی هایتی کە هێشتا بە شێوەی یەکلاکەرەوە بەشداری ڕووداوەکانی نەکردووە.

بەرنامەیەک بۆ شۆڕش
بێ کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت، و نەبوونی هێزی ماددی کە پشتی پێببەستن. ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و دادگاکان ناتوانن پارێزگاری لە حکومەتە تەریبەکەیان بکەن یان تەنانەت بەرهەڵستکاری ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵیش بکەن. تەنها بژاردەیان بریتییە لە کۆکردنەوەو ڕێکخستنی جەماوەری خەڵک بۆ وەلانانی کۆڤێنێڵ و پشتگیریکردنی ڕژێمی ژان لویس. ئەمە ترسی خستووەتە نێو ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی لەبەرئەوەی باش تێئەگەن لەکاتێکدا لەوانەیە بتوانن جەماوەری خەڵک بۆ وەلانانی ئەو ئامادەساز بکەن، بەڵام پشتگیرکردنیان بۆ ڕژێمی ئۆپۆزسیۆنی کاتیی جێ متمانە نابێت. سەرباری ئەوەش هیچ هۆکارێک نییە تا جەماوەری خەڵک پشتگیریی لە ڕژێمەکەی ژان لویسی بکەن. زۆربەی کات وەک داشێک لە یارییە سیاسی‌یەکانی چینی دەسەڵاتدار بەکارهێنراون و هەروا بەسادەیی لەڕێگای بانگەوازکردن بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان جۆش نادرێن.
لەوەش زیاتر، جەماوەری خەڵک ئەتوانن هەست بەوە بکەن بەرنامەی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی بۆ حکومەتی کاتیی هەر لە بنەڕەتەوە سەرنەگرێت. ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی کاتی لەنێو چەند پرسی تردا، بریتین لە: توێژینەوەی ڕاستگۆیانە لە ئابڕووچوونی پیترۆکاریب و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوەکان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و قاچاخی، بەربەرەکانێ‌ی هەژاری لە ڕاددەبەدەر و چوونەسەری نرخی کاڵاکان لە بازاڕ، بەجێگەیاندنی ڕێکاری خێرا و دەمودەست بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ بێکارەکان، و دروستکرنی سیستمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، فەراهەمکردنی چاودێری تەندروستی سەرەتایی، بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک،سازان و رێکەوتن لەگەڵ کەرتی تەندروستی بۆ زیادکردنی کرێ و ….هتد.
بێگومان ئەمانە تەنها لیستێکی کەمی پێداویستییە دەستبەجێکانی خەڵکن لە هایتی سەرباری ئەوەی پێشتر بەڵێنی جێبەجێکردنیان دراوە و جێبەجێنەکراون ، تەنها بەشی خەڵکی هایتی لە جیاتی ئەم ڕیفۆرمە بەڵێندراوانە بریتی بووە لە چوونەسەری برسیەتی و گەندەڵی زیاتر. تەنانەت ئەم بەرنامە چاکسازییە ئاساییانەش ناکرێن لەسایەی بنەماکانی سیستمی سەرمایەداری، و بێ دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی خاوەندارێتی تایبەتی بەئەنجام بگەن. چینی دەسەڵاتدار و لەنێویشیاندا زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و خزمەتگوزاری مەدەنی، لەپێناو بەرهەڵستکاری هەموو ئەم هەنگاوە چارەسەرییانە تا دواین دڵۆپەخوێنیان بەرگری ئەکەن، لەبەرئەوەی ئەم هەنگاوە چارەسەرییانە ئالنگاریی بەرژەوەندی و قازانجی بۆرژوازییەکان لەخۆئەگرن. هەربۆیە خەبات لە پێناوگەیشتن بە ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان لە هایتی بێشک خەباتێکی دانەبڕاو ئەبێت لە دژی چینی بۆرژوازی.
خەبات دژی ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ هەروەها لە بنەڕەتدا خەباتە بۆ دیموکراسی لە لایەن جەماوەی هایتی‌یەوە. هەرچەندە مافە دیموکراتییەکان هەروا بە سانایی لەلایەن چینی بۆرژوازییەوە دەستەبەرناکرێن، ئەبێت خەبات لە پێناویاندا بکرێن و بەدەستبهێنرێن، و لە ئیلیتی(نوخبە)ی دەسەڵاتدار بسەندرێنەوە. ئازادی بە کۆیلەکانی هایتی نەبەخشرا بەڵکو شەڕی شۆڕشگێڕانەیان بۆ ئازادییان بەرپاکرد.
بەهەمان شێوە، ئەو دیموکراسییەی خەڵکی هایتی لە ئێستادا خەباتی بۆ ئەکەن بێ شەڕ پێیان نابەخشرێت. دیموکراسی لە هایتی بە دڵنیاییەوە بەروبوومی کۆدەتایی یاسادانەران نابێت. خەڵکی هایتی پێویستی بە شەڕکردنە لەپێناو دیموکراسی و جێبەجێکردنیدا.
لە هایتی دیکتاتۆرییەکی دیفاکتۆ (بە حوکمی بارودۆخ)هەیە. لانی کەم ڕژێمێک بوونی هەیەو بێ هیچ شەرعیەتێک لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، و لە دەرەوەی پێوانەکانی دیموکراسیدا ڕەفتار ئەکات. هیچ دەروازەیەک بۆ وەلانانی ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ بە ئامرازە دەستورییەکان ، لەڕێگای پەرلەمان یان لەڕیگای پرۆسەی دادگایی‌یەوە نییە. بەهۆی ئامادەنەبوونی توانایی لە سەپاندنی ماددی بەرنامەکەیدا، هەوڵدانی کۆدەتای دادگایی، بێتوانایی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی بە ڕوونی دەرخست.
هیچ لایەنێکی شەڕی نێوخۆیی بۆرژوازیی لەپێناو دەسەڵاتدا ڕێگایەک بۆ چوونەپێشەوەی خەڵکی هایتی فەراهەم ناکەن. ئەمە زۆر ڕوونە، پێویستە ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ بڕوخێنرێ و وەلابنرێت. هەرچەندە، لەهەمان کاتدا، ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتی و دیموکراتییەکانی بەڵێنپێدراو لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازییەوە لە ڕێگای کۆدەتای دەسەڵاتی یاسادانانەوە بە ئەنجام ناگەن.
سەرانسەری چوارچێوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە هایتی، بە تەواوی دەوڵەت و دامودەزگاکانییەوە ، گەندەڵن و تا سەر ئێسک بۆگەن بوون. ئەمە لە وێنای پەنابردنی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەنجامدانی کۆدەتا بەسەریەکتردا بە ڕوونی دیارە. هیچ جۆرە چاکسازییەکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە لە لاشەی دیموکراسی بۆرژوازی هەڵناهێنجرێت.
پێویستە خەڵکی هایتی کۆتایی بە ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ بهێنن و حکومەتی کاتیی پێشنیازکراویش لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازییەوە ڕەد بکەنەوە. پێویستە ئەو لە دامەزراندنی دیکتاتۆرییەکەیدا ڕابگیرێت، بەڵام جێگرتنەوەی دیکتاتۆرییەکەی بە حکومەتی کاتیی هەڵنەبژێردراوی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر ناخاتە بەردەم جەماوەی خەڵک.
پێویستە هەر سازانێکی ڕێککەوتن لە نێوان کۆڤێنێڵ و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، یان هەر بەشداریپێکردنێکی هێزە ئیمپریالیستەکان ڕەد بکرێنەوە. ئەمە ئەو ڕێڕەوە بووە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە، لە ڕووخانی ڕژێمەکەی دوڤالیرەوە، بە دەرئەنجامی کارەساتبارانەوە پەیڕەوی لێکراوە. چینی بۆرژوازی بێتوانایی خۆی لە بەرەوپیشبردنی هایتی سەلماندووە. جێگرتنەوەی ڕژێمێکی بۆرژوازی گەندەڵکار بە ڕژێمێکی تری بۆرژوازی گەندەڵکار قەیرانەکە چارەسەر ناکات. کۆتایی‌هێنان بە بازنەی کۆتایی نەهاتووی گەندەڵیی، لێنەهاتوویی، و نەهامەتیی، تەنها لە ڕێگای تێکشکانی تەواوەتی دەسەڵاتی بۆرژوازییەوە دەستەبەر ئەبێت.
لەپێناو سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکەدا، پێویستە جەماوەری هایتی ڕێگای سەربەخۆی خۆیان جیابکەنەوە، خەباتی بۆ بکەن و دیموکراسی ڕاستەقینەی خۆیان دامەزرێنن. پێویستە ڕژێمێکی ڕاستەقینەی، جەماوەریی، دیموکراسی شۆڕشگێڕانە دامەزرێنن. بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، ئەوەی پێویستە نەک تەنها دەستبەرداربوونە لە دیکتاتۆرییەکەی کۆڤێنێڵ، بەڵکو دەستبەرداربوونە لە دیکتاتۆری بۆرژوازی کە وڵاتی دووچاری وێرانی کردووە.
پێویستە جەماوەی هایتی لەپێناو دابڕانی تەواوەتی لە ڕژێمی بۆگەنبووی بۆرژوازیی تێبکۆشێت، کە لە لایەن هەردوو باڵی کۆڤینێل و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازییەوە نوێنەرایەتی ئەکرێن،و هەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوانی شۆڕشگێڕ بدەن. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ دابڕان لە دەسەڵاتی بۆرژوازی و ڕژێمەکەی، و دامەزراندنی دیموکراتی ڕاستەقینەی جەماوەریی. بەرنامەی بزووتنەوەکە پێویستە هاوئاهەنگی خەبات لە پێناو خواستە دیموکراتییەکان لەگەڵ خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی کار، نان و زەوی بسازێنێت.
پێویستە لە لایەن بزووتنەوەی جەماوەرییەوە کۆمیتەکانی کاری شۆڕشگێڕانە لە شوێنی کارو ژیان لەپێناو رێکخستنی بزووتنەوەکە بۆ ڕووخانی کۆڤێنێڵ پێکبهێنرێن و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوانی شۆڕشگێڕ دابمەزرێن. پێویستە کۆمیتەکانی پارێزگاریکردن لە بزووتنەوەکە دابمەزرێن، کە لە لایەن کۆمیتەکانی کاری شۆڕشگێڕانەوە سازو ڕێکئەخرێن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێڕشەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی گەندەڵکار و دەزگای پۆلیس و کۆمیتەکانی توندوتیژی. پێویستە کۆمیتە دامەزراوەکان هاوئاهەنگی هەموو چالاکییە پێویستەکان بکەن لەپێناو سەرکەوتن بەسەر قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا: کۆکردنەوە و ڕێکخستنی پێداوسیتییە سەرەکییەکانی وەک خواردن، ئاو، سوتەمەنی، ڕێکخستنی کاروباری گواستنەوە، پەروەردەو فێرکردن وچاودێریی گشتی. پێویستە دەست بەسەر سەرچاوەکانی سوتەمەنی و ئەو کەلوپەلانە بگیرێن کە خەڵکی پێویستی پێیانە لە ئێستادا و لە لایەن کۆمیتەکانەوە دابەش بکرێن. پێویستە کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکان هاوئاهەنگی چالاکییەکانیان لەڕێگای تۆڕی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، کە توانای لابردنیان لەهەر کاتێکدا هەیە، بسازێنن، لەسەر ئاستی گەڕەک، شارۆچکە، شارەکان، و لە دواین جاریشدا ئەنجومەنی نیشتمانیی شۆڕشگێڕ. تەنها لەم ڕێگایەوە خەبات لە پێناو دیموکراسیدا لە ڕێڕەوی ڕێکخراوی بەهرەمەند ئەبێت. کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکان توانای هاوئاهەنگی خەباتیان لە ڕێگای خۆپیشاندانەکانی جەماوەری خەڵک و مانگرتتە سەرتاسەرییەکانەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی کۆڤێنێڵ هەیە.
دامەزراندنی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوانی شۆڕشگێڕ، ڕاوەستاو لەسەر بنەمای بزووتنەوەی جەماوەریی و ڕێکخراوەکانی خەڵکەوە تەنها ڕێگایە جەماوەری خەڵک بتوانێت ڕژێمی دیکتاتۆری کۆڤێنێڵ بڕوخێنێ و ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیانەی ڕاستەقینە لە جێگای حکومەتی کاتیی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی. کۆمیتەکانی کاری شۆڕشگێڕانە و پارێزگاریی نەک تەنها یارمەتی بزووتنەوەکە ئەدەن لە داڕشتەو پێکهاتەیەکی ڕێکخراودا، بەڵکو لە هەمان کاتدا هێزە ماددییەکانی پارێزەر لە بزووتنەوە و بەئەنجام گەیاندنی خواستەکانی دەستەبەر ئەکەن. هەروەها ئەو هێزە ماددیانەش بۆ ئەنجومەنی شۆڕشگیڕ دابین ئەکەن، لە پێناو کارو هەڵسوڕانی سیاسی، و سەپاندنی دەسەڵاتی جەماوەریی.
ئەوەی کەموکورتییە لە هایتی، هەمان ئەو کەموکورتییەیە کە لە سەر ئاستی جیهان بوونی هەیە، ئەویش پارتێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری‌یە، چەکدار بە بەرنامەی مارکسیستی و ڕابەرایەتیەکی بڕیاردەر. ئەمە کلیلە سەرکەوتنی شۆڕش ئەبێت. بە بێ بوونی ئەم پارتە، خەباتی شۆڕشگێڕانە درێژماوەو پڕ لە هەڵبەزو دابەز ئەبێت. دامەزراندنی ئەم پارتە شۆڕشگێرەی هایتی لە ڕێگای فێربوونی وانەکانی سەرکەوتن و شکستی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە بە ئەنجام ئەگات. هەربۆیە یەکێک لە کلیلە ئەرکەکان وەک بەشێک لە خەباتی شۆڕشگیڕانە بۆ دیموکراسی لە هایتی لە ڕێگای دامەزراندنی ڕەوتێکی مارکسیستی بەهێزەوە ،بە ڕەگ و ڕیشەی قوڵ لە نێو چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک ئەبێت، توانادار لە بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەکە، کۆتاییهێنان بە سەرمایەداری، و ڕاپەڕاندنی ئاڵوگۆڕێ سۆسیالیستانەی کۆمەڵگا.


سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا

ڕوونکردنەوە:

[1] مەبەست لە سەرۆکی پێشووی هایتی جین-کلاود دوڤالیر لە ساڵی ١٩٧١ تاکو بەزۆر لابردنی لە ساڵی ١٩٨٦ .
[2] نوسەر لەم پرسیارەدا ئەیەوێت ئاماژە بە بابەتێکی تر بدات لە ماڵپەڕەکە لەژێرناوی:” سۆسیالیزم یان بەربەریزم، هایتی ڕوو لە کوێ ئەکات؟ لەم بەستەرە 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*