ژنان لە کۆمۆنەی پاریسدا

کرستینا گرندلی و کارۆلین کەمپ ، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

گەیشتووینەتە باڵاترین ساتەکان، بۆ ئەو ساتانەی ئەبێت بە توانا بین بۆ خۆبەختکردن لە پێناوی گەلەکەمان. چیتر لاوازی نا! چیتر نادڵنیایی نا! هەموو ژنان بەرەو چەکهەڵگرتن! هەموو ژنان بەرەو تێکۆشان! کۆشکەکانی ڤێرسای ئەبێت ڕابماڵرێن! ئەمانە پەیڤەکانی ناتالی لەیمڵ بەشدار لە کۆمۆنەی ١٨٧١ و ئەندامی یەکێتی ژنان بۆ پارێزگاری لە پاریس و هاوکاریکردنی برینداران (Union des Femmes pour la Defense de Paris et les Soins aux Blesses) بوون.

ئەم بانگەوازە دیارە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ناڕەزایەتی و لاوازییەی گرێدراوی ژنان بوون لەو ماوە دیاریکراوەی مێژوودا. ئەمانە ژنانی شەڕکەربوون، خەباتیان لە پێناو دەستکەوتەکانی چینی کرێکار لە کۆمۆنەی پاریسدا ئەکرد. لە پیرۆزڕاگرتنی رۆژی جیهانی ژناندا، ئەمانەویت تیشکێک بخەینە سەر هەوڵدان و دەستکەوتەکانی ژنانی کرێکار لە دەورانی کۆمۆنەدا. ژنانیکی وەک لویس میشێڵ (Louise Michel)، ئیلیزابێپ دیمیتریڤ (Elisabeth Dmitrieff)، ئاندرێ لیۆ(André Léo)، ئاننا جاکلارد (Anne Jaclard)،  پاولا مینک(Paule Mink) و ناتالی لەیمل(Nathalie Lemel)،  فێرگەی سکیولار، خزمەتگوزاری فریاکەوتن، هاوکاریی بەدەستخستنی کاریان ڕێکخست، هەروەها بەشداری چالاکبوون لە هێزی چەکداری شۆڕش. ژنانی کرێکار لە کۆمۆنە خەباتیان بۆ مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای چینایەتی کرد و بە گیانی خۆیان پارێزگارییان لە شۆرش کرد.

کاتەکانی پێش کۆمۆنەی پاریس بۆ چینی کرێکار و بە تایبەت ژنان زۆر سەخت و دژواربوون. ژنان تا ڕاددەی ١٣ کاتژمێر لە ڕۆژێک و ٦ڕۆژ لە هەفتەدا کاریان ئەکرد، لە کاتێکدا ئەو کرێیەی بەرامبەر کارەکانیان وەریان ئەگرت لەو سەردەمەدا، تەنانەت ئەگەر کرێ‌ی کاری هاوسەرەکەشی لەگەڵدا بوایە شەرەمەندانە بوو،. ئەم بارودۆخە وای لە ژنانیکی زۆر کرد ڕوو لە لەشفرۆسی بکەن، بارودۆخی جەنگی فەرەنسی و پروسی[١] قورسایی خۆی لەسەر خەڵکی فەرەنسا جێهێشتبوو و بە تایبەتیش گەمارۆی پاریس کە چەند مانگی خایاند و بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕان. ئەم بارودۆخە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و زیادبوونی ڕیزبەستنەکانی بەدەستهێنانی نان کە زۆر ئاستەم بوو و زۆربەی کات بە پووش و پەڵاش و پەڕە(وەرەقە) تێکەڵ ئەکران. ژنان لەم کاتانەدا لە ڕیزی پێشەوەی سەرەگرتنەکانی بەدەستخستنی نانی پێویست بۆ تێرکردنی خێزانەکانیان بوون، ئەمانە بوونە بنەمای جەنگاوەرییەک لە ساتەکانی کۆمۆنەدا لە نێو ڕیزەکانی ژنان، کە بەرپرسیارێتییان لە چەندین دەرفەتدا ڕابەرایەتی کرد ئەبینران.

پاش شکستی سوپای فەڕەنسا بە ڕابەرایەتی لویس بۆناپارت (Louis Bonaparte) بەرامبەر پرووسی‌یەکان، کرێکارانی پاریس ڕاپەڕین و بانگەوازی کۆماریان کرد. لەگەل ئەوەشدا دەسەڵات کەوتە دەستی نوینەرانی بالی ڕاستی بۆرژوازی، و لە ١٨ی مارسدا سەرکردەی دواکەوتووی حکومەتی نوێ ئەدۆڵف تیر (Adolphe Thiers) چەند هێزێکی بۆ دەرکردنی تۆپهاوێژەکان ناردە پاریس لە نیوەی شەودا. ئامانجی بوو کرێکاران بێچەک بکات و چەکەکان بە پروسییەکانی بفرۆشێت، ژنانێکی زۆری گەڕەکنشینی مۆنمارتا ڕاپەڕین و بەرەو گردەکە هەنگاویان نا، بە ئەندازەیەک ڕەشئەچوونەوە و لەگەڵ هێزەکانی ئەوێدا لێكهەڵپێکران، خۆیان خستە  سەر تۆپهاوێژەکان و ڕێگرییان کرد لە جوڵەپێکردنیان. سوپاکەی ئەوێ ئەوەندە لە لایەن ژنان و هێزە چەکدارەکانی سوپای پارێزگاریی نیشتمانیی لە پاریس قەناعەتیان پێکرابوو کە سەنگەریان هێنایە پاڵ خەڵک و تەقەیان لە سەرکردەی هێزەکە نێردراوەکە کرد. 

بەم هۆیەوە بارودۆخێکی دوو دەسەڵاتی لەو کاتانەدا دروست بوو. ئەدۆڵف تیر کۆنترۆڵی پاریسی لەدەستدا و لەگەڵ حکومەتە بۆرژوازییەکەی بەرەو شوێنێکی نزیکی ڤێرسای هەڵهاتن. کرێکارانی پاریس کۆمۆنەیان وەک یەکەمین حکومەتی جیهانیی کرێکاران ڕاگەیاند. توخمە سەرەکیی و پێشکەوتووەکانی کۆمۆنە، کە سەدان ژنانیان لە خۆگرتبوو، کۆبوونەوە و ویستیان ڕێپێوان بەرەو کۆشکی ڤێرسای لەپێناو ڕاگرتنی خوێنڕشتن و بۆ ئەوەی ” بە ڤێرسای ڕابگەیەنن چیتر حکومەتی کۆن یاسای پاریس نییە” ئەنجام بدەن، بەڵام ڕابەرایەتی کۆمۆنە لەم ڕووەوە ڕاڕابوون و بەهۆی ڕێگەدان بە هێزە دواکەوتووەکان تا ڕیزەکانی خۆیان ڕێک بخەنەوە ئەم دەرفەتەیان لەدەستدا. لە ئەنجامی نەچوونیان بە شێوەیەکی جەسوورانەو یەکلاکەرەوە بەرەو ڤێرسای بۆ لەناوبردنی دوژمنانی شۆڕش هاوسەنگی هێز بە قازانجی بۆرژوازی و نوێنەرانیان بە هەموو دەرئەنجامە کوشندەکانی بۆ دەیان هەزار کەس لە کۆمۆنارەکان شکایەوە.

دەستپێکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ

کۆمۆنەکان ژمارەیەکی زۆری یانەکانیان دروستکرد، کە زۆربەی کاتەکان کەنیسەکانیان وەک شوێنی کۆبوونەوە بەکارئەهێنا. کۆبوونەوەکان کراوە و پڕ لە وتووێژی گەرم بوون و دیموکراسی ڕاستەوخۆی تێدا بەکارئەهێنرا. بابەتی سەرەکی لەم وتووێژانەدا لە یانەکان دژ بە پیاوانی ئاینی بوون. ژنانی کرێکار سەرکۆنەی کەنیسەکانیان ئەکرد،چۆن دەستیان بەسەر ساماندا گرتووە، مامەڵەی نادروستی کرێکاران ئەکەن، و دەستیان بەسەر خوێندگاکانی ژناندا گرتووە، و تایبەتمەندییەکانی خێزان پێشێل ئەکەن. تەنانەت لە لایەن ژمارەیەکەوە پێشنیازی ئەوە کرا ژنانی ڕاهیبە فڕێ بدرێنە ڕووباری سینەوە،و ژمارەکیش داوای دەستبەسەرکردنی تەواوی قەشەکانیان تا کۆتایی هاتنی جەنگ کرد.

ژمارەیەکی زۆری کرێکاران لە فەرەنسا بە ئانارشیستی سەرەتایی پرۆدۆن کاریگەر بوون، کە پێ‌ی وابو شوێنی شایستەی ژنان نەک وەک بەشێک لە هێزی کار، یا ماڵەوەیە یان لەشفرۆشی،. تەنانەت زنجیرەیەک هاوکێشەی دانا، کە ژنان لە باری فیزیکی و عەقڵی و مۆراڵییەوە نزمترن هەربۆیە ئەبێت تەنها خەریکی پەروەردەکردنی منداڵان بن نەک شتی تر. ئەمەو هاوشان لەگەڵ چەند هەڵوێستی دواکەوتووانەی پیاوان لەو کاتانەدا ولە نێویشیاندا ژمارەیەک کرێکاری پێشکەوتوو، بووە دەرکردنی یاداشتنامەیەک دژ بە بەشداریکردنی ژنان وەک هێزی کار لە لایەن بەشی فەڕەنسای یەکەمین نمایشکردنی نێونەتەوەییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک ژنان لە فەڕەنسا هەبوون کە سەر بە ئینتەرناسیۆنال بوون، ئەم هێڵی بیرکردنەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیاکانی مارکس و ئەنگلزەوە کە کلیلە سەرکردەکانی بوون و هەموو توانایاکی خۆیان لە لەندەوە خستبووە گەڕ نەبوو.

لویس میشێڵ و کۆمیتەی هۆشیاریی مۆنمارتا

کۆمەڵەیەکی گرنگی تر لەو کاتانەدا کۆمیتەی هۆشیاریی مۆنمارتا بوو، دابەشبوو بەسەر بەشی پیاوان و بەشی ژنان. لویس میشێڵ وەک یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی کۆمۆنە، سەر بە هەردووو بەشەکە بوو. کۆمیتەی هۆشیاری چەند وێرکشۆپ سازکرد، و ژنانی پەرستاری فریاگوزاریی، کە هاوکارییان  بە ژنانی سەربازەکان ئەگەیاند ڕێکخست، قسەکەرانیان ئەناردە یانەکان و ئەو کەسانەیان ڕاوئەکرد کە خزمەتی سەبازییان لە ڕیزەکانی چەکدارانی خەڵک ڕەد ئەکردەوە. لویس میشێڵ وەک سەرۆکەکەی هەڵبژێردرا و لە کاتی کۆمۆنەدا وەک شەڕکەرێک و کرێکارێکی میدیکاڵ لە بەتالیۆنی ٦١دا خزمەتی کرد.

پێش هەڵبژاردنی کۆمۆنە لویس ئامادەی دەربڕی بچێتە ڤێرسای و خۆی تەقە لە ئەدۆڵف تیر بکات،بەڵام تکای ئەنجام نەدانی لە ترسی تۆڵەلێکردنەوە لێکرا، لەگەڵ ئەوەشدا چووە ڤێرسای بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت بە سەلامەتی ئەگەڕێتەوە.

لە کاتی کۆمۆنەدا، میشێڵ نامەیەکی بۆ سەرۆکی شارەوانی مۆنمارتا نارد چەند داخوازی لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا نەهێشتنی ماڵەکانی لەشفرۆشی، لەگەڵ تواندنەوەی زەنگی مۆنمارتا لەپێناو دروستکردنی تۆپهاوێژێک بۆ پارێزگاریکردن لە گەڕەکنشینە کرێکارییەکان، و دەستگرتن بەسەر ماڵە چۆڵەکان، خەڵوز و شەرابەکان تیایاندا و کردنیان بە پەناگای هاوکاریکردنی خەڵکانی بێتوانا و پیرو پەککەوتە و منداڵانی مۆنمارتا. ژمارەیک لە پیاوانی کۆمۆنە نەیانئەویست ڕێگا بە ژنانی لەشفرۆش بدەن وەک کرێکارانی فریاگوزاری کاربکەن و ئەیانوت:”پێویستە بریندارەکان لە لایەن کەسانی دەست پاکەوە چاودێری بکرێن” بەڵام میشێل پێداویستی ئەم ژنانەی لە کارکردنی کۆمۆنەدا بەدەی ئەکرد و لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا ڕێکی ئەخستن. پاش شکستی کۆمۆنە، ئەدۆلف تیر ڕێگای شەڕی بەرەو پاریس گرتە بەر و دەیان هەزار کۆمۆناردی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کوشت. میشێڵ لە سەنگەرەکانی گٶڕستانی مۆنمارتا لە ” هەفتەی خوێناوی” دا شەڕی کرد و دواتر دەستگیر کرا و بەرەو کالیدۆنیا لەگەڵ ناتالی لەیمڵ دوورخرانەوە.

یەکێتی ژنان

ئەلیزابێث دمتریڤ لە ڕوسیا لەدایک بووەو هاودامەزرێنەری بەشی ڕوسیای یەکەمین ئینتەرناسیۆنالە. چالاک لە بزووتنەوەی نارۆدنیک(Narodnik)، دیمتریڤ نێردرا بۆ لەندەن بۆ کارکردن لەگەڵ مارکس و خوێندن لە بزووتنەوەی کرێکارانی لەندەن. پاش ڕاگەیاندنی کۆمۆنەی پاریس، ئەنجومەنی گشتی لەندەن بڕیاریدا بە ناردنی دیمتریڤ وەک یەکێک لە نوێنەرەکانیان بەرەو کۆمۆنە.

پاش کۆبوونەوە لەگەڵ ژنانی کرێکارو چالاک لە کۆمۆنە، هەستی بە پێدوایستی ڕێکخستنی ژنانی کرێکار لە پاریس کرد، لە پێناو پارێزگاریکردنی کۆمۆنە لە سەنگەرەکان، بەشی فریاگوزاری، و کانتۆنەکان، هەروەها بۆ شەڕکردن لە پێناو پێوانە سۆسیالیستییەکان کە هەوڵی کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ژنان بدات. ئەمە بووە هۆکاری دامەزراندنی یەکێتی ژنان” Union des Femmes لەو کاتانەدا.

ناتالی لەیمڵ پاش دامەزراندنی یەکێتی ژنان وەک  book binder پەیوەستبوو بە ڕێکخراوەکەوە ، سامانێک لە شارەزایی لە بزووتنەوەی کرێکاریی پارتیزانیدا هەبوو، سەرباری ئەندامبوونی لە یەکەمین ئینتەرناسیۆنال. کاریگەری شارەزایی کرێکاریی و خەباتی لەیمڵ لە مێژووی کاری یەکێتی‌ ژنان بە  درەوشاوەیی ناسراوە.

یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتی ژنان لە ١١ی نیسان بەسترا، پاش ئەوە بانگەوازی ژنانی دانیشتووی پاریس لەسەر دیوارەکانی پاریس دانران و لە نوسراوەکاندا بڵاوکرانەوە. لیژنەی ناوەندی کاتیی کە دیمتریڤ و چەند ژنانی تری هەڵسوڕاوی لە خۆگرتبوو دەستنیشان کران،و بە دەوری دامەزراوەکانی سەرتاسەری شاردا ڕێکخرا، لەگەڵ کۆمیتەیەکی ناوەندی و کۆمیتەیەکی جێبەجێکاری مووچەپێدراو. تەواوی پلەو پایەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیانە هەڵبژێردران کە توانای بانگکردنەوەیان لە لایەن ئەندامانی یەکێتی ژنان هەبوو.

بۆهەر بازنەیەکی(ناوچەی شارەوانی پاریس) کۆمیتەیەکی یەکێتی بۆ سازو ئامادەکردنی ژنانی هەڵسوڕاو و شەڕکەر،بۆ ڕێکخستنی کاروباری دارایی، و بانگکردنی ئەندامانی پارێزگاریکەری کۆمۆنە لەهەر ساتێکدا هەبوو. یەکێتی ژنان  کاروباری دارایی خۆی لە داهاتەکانی خۆی و ئەو پارانەی کە لە لیژنەی ناوەندی کۆمۆنەوە بەدەستی ئەگەیشتن ڕێکئەخست. پاش ئەوەی مووچەی ئەندامانی کۆمیتەی جێبەجێکار ئەدران، لەو پارەیەی ئەمایەوە هاوکاری ئەندامانی نەخۆش و هەژاریان لە یەکێتی‌یەکە پێئەکرد، هەروەها کڕینی چەک بۆ پارێزگاریکردن لە کۆمۆنە.

یەکێتی ژنان نوێنەرایەتی توێژە هەرە پێشکەوتووەکانی ژنانی کرێکاری لە پاریس ئەکرد. بە بەردەوامی ئامادەیی و خەباتی خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە کۆمۆنە نمایش ئەکرد. لە ٣ی مەی پۆستەرێک بە دیوارەکانی پاریس لە لایەن ژمارەیەک خەڵکی نەناسراوەوە هەڵواسران کە بانگەوازی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڤێرسای ئەکرد. چەند ڕۆژ دواتر لە لایەن یەکێتی ژنانەوە بەیاننامەیەکی توند بڵاوکرایەوە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ هێزەکانی دژە شۆڕش ڕەد کردەوە و داوای مافی ژنانی لە هەڵگرتنی چەک هاوشانی پیاوان بۆ پارێزگاریی لە کۆمۆنە کردو ڕایانگەیاند:” ژنانی پاریس بۆ فەڕەنسا و جیهان ئەسەلمێنن لە ساتە هەرە مەترسیدارەکاندا لە سەنگەرەکان و دیوارەکانی پاریسدان. ئەگەر هێزە دواکەتووەکان دەرگاکانیان بەسەردا ئەسەپێنن، ئەوا ئەوانیش باش ئەزانن چۆن وەک براکانیان خوێنی خۆیان و ژیانیان لە پێناو پارێزگاریکردنی کۆمۆنە و سەرکەوتنیدا ببەخشن، ئەمەیە خەڵک” ئەم بەیاننامەیە بە ڕووی هەموو ئەوانەدا درانەوە کە گومانیان لە ئازایەتی و تواناکانی ژنان لە شەڕی شۆڕشگێڕانەدا هەبوو.

بەهۆی هەڵهاتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنکارەکانی پاریس. ژمارەیەکی زۆری ژنانی کرێکاریش لە بەدەستخستنی کاردا گرفتیان بۆ دروست بوو.  یەکێتی ژنان داوایەکی خێرای پێشکەش بە کۆمسیۆنی کارو ئاڵوگۆڕ کرد بۆ دروستکردنی جلوبەرگی هاوشێوە (یونیفۆرم) بۆ پاسەوانانی نیشتمانیی لەگەڵ داوایەکی درێژماوە بۆ پێکهێنانی فیدراسیۆنی دامەزراوەکانی ژنان. ئەم دۆکیومێنتە واژۆکراوە لە لایەن دیمتریڤەوە بە ڕوونی سیمای ئینتەرناسیۆنالی و سۆسیالیستی یەکێتی ژنان دەرئەخەن لە کاتێکدا لە لایەن یەکێتی ژنانی بۆرژوازییەوە ڕەد ئەکرێتەوە: ”  کۆتایی هێنان بە هەموو بەربەرەکانێیەکی نێوان ژنان و پیاوانی کرێکار- بەرژوەندییەکانیان چوونیەکە(هاوشێوەیە) و هاوپشتییان بۆ یەکتر لە خەباتی جیهانی کۆتایی کار دژ بە سەرمایە زۆر گرنگە “

هەروەها لە دۆکیومێنتەکەدا هاتووە هەر ئەندامێک پێویستە ئەندامی یەکەمین ئینتەرناسیۆنال بێت. کۆمیتەی ناوەندی لە پێناو ئاڵوگۆڕی بەرهەمدا ئەبوو پەیوەندی بە ڕێکخراوە بیانییەکانەوە بکات، هەروەها کۆمیتە بازنەیی‌یەکان ژنانی کرێکاریان بۆ دەستخستنی کار ناونووس ئەکرد، لەهەمان کاتدا ژنانی کارکردووش لە ماڵان. فیدراسیۆنەکە لە پێنج ئەندامی هەر کۆمیتەیەکی بازنە پێکئەهات. لە ١٧ی مەی دا یەکێتی ژنان بانگەوازێکی بۆ کۆبوونەوەی ژنانی کرێکار لە ١٨ی  مانگ، بە ئامانجی پێکهێنانی ژووری فیدراڵ بە ژنانی کرێکار ڕاگەیاند، دواین ڕەشنوسی سەندیکا و ژووری فیدراڵ لە ئوتێلی دە ڤیلا (de Ville) لە ٢١ی مەی داڕێژرا.

هەروەها یەکێتی ژنان لە پێناوی مافەکانی ژنانی کرێکار لە کۆمۆنەدا خەباتی کرد لە ڕێگای کرێ‌ی یەکسان بۆ ژنان، مافی جیابوونەوە، مافی خوێندن بۆ کچان، و زۆر داخوازی تر. لە پێناو یارمەتیدانی هەرەوەزی‌یە کرێکارییەکان کە لە کاتی کۆمۆنەدا پێکهگاتن و لە کێبڕکێ‌ێ کارە سەربەخۆکاندا، یەکێتی ژنان پلانێکی ڕێکخراوی بۆ ئەمین سندوق و ژمێریارەکان و هاوکارەکانیان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنیان لە پێناو داڕشتنی پێکهاتەی نرخ و مووچەکان لە قۆناغی گواستنەوەی سەرمایەدارییەوە بۆ پاشەڕۆژی سۆسیالیستی. هەروەها خەباتی سەرسەختانەیان بۆ کۆتایی هێنان بە جیاوازی لە نێوان منداڵانی “یاسایی” و منداڵانی “نایاسایی” بەڕێخست. مووچەی خانەنشینی‌یان بۆ ژنان و پاسەوانانی نیشتمانیی دەرکرد هەروەها بۆ منداڵەکان “یاسایی بن یان نا”. منداڵانی بێ دایک و باوک (هەتیو) لەسەر خەرجی کۆمۆنە مافی خوێندنیان بۆ دابین کرا. بە کورتی، چەندین ڕێکار بە قازانجی ژنانی کرێکار لە پاریس بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داڕێژران. ڕۆژێک پێش هاتنی هێزەکانی ڤێرسای بۆ پاریس و تێکشکانی خوێناوی‌یانەی کۆمۆنە، مووچەی یەکسان لە نێوان ژنان و پیاوان ڕاگەیەندرا. بەڵام ئەم ڕیفۆرمە پێشکەتووە لەگەڵ  شکستی کۆمۆنە لە دەستدرا، کە تاکو ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە فەرمی ناناسرێت.

فینیزمی بۆرژوازیی

لە بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوازی پرسی چەوساندنەوەی ژنان لە سەر بنەمای جێندەر لێک ئەدرێتەوە، لە ڕوانگەی چەوساندنەوەی ژنان بە دەستی پیاوان. دان بەو ڕاستییەدا نانێن ژنانی کرێکار چەوساوەترین توێژی چینی کرێکارن. ستایشی ژنانی بۆرژوازی ئەکەن کە ” سەقفە شوشەییەکان ئەشکێنن” و خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەپاڵێون بێ درککردن و داننان بەو ڕاستی‌یەی ئەم جۆرە ژنانە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی بەرژوەندییەکانی ژنانی کرێکار ناکەن- کە زۆرینەی ژنانی کۆمەڵگا پێکئەهێنن.

یەکێتی ژنان لە کۆمۆنەدا بۆچوون و ڕێڕەوێکی تەواو جیاوازتری هەبوو. چەوساندنەوەی ژنانی کرێکاریان لەسەر بنەمای سۆسیالیستی و چینی کرێکار لێک ئەدایەوە. تێگەیشتبوون لەوە و ڕوونیان ئەکردەوە تەنها ڕێگا بۆ ئازادکردنی ژنان لە بارودۆخی چەوساندنەوە بریتی‌یە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و بەخشینی موڵکایەتی بە سەرجەم کرێکاران و کۆنترۆڵکردنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان. تەنها ڕێگا بۆ ژنانی کرێکار لە بە گژداچوونەوەی چەوساندنەوەیان  لەسەر بنەمای چینایەتی بریتییە لە خەباتکردن لە نێو بزووتنەوەی کرێکاری، و بەستنەوەی ئێش و ئازارەکانی ژنان بە ئێش و ئازارەکانی سەرجەم چینی کرێکارەوە.

پارتێکی کاری ئەمریکی چەکدار بە بەرنامەی سۆسیالیستی ئەتوانێت خەبات لە پێناو یاسادانانێکدا بکات کە هاوکاری ژنانی کرێکار بکات و بارگرانییەکانیان لە کاری مووچەپێنەدراوی ناوماڵ سوکتر بکات. ئەتوانێت خەبات بکات لە پێناو چاودێری تەندروستی، چاودێری منداڵ، خزمەتگوزاری جلوشۆریی، خواردنگەی بەسوود و هەرزانی کۆمەڵایەتی، کۆتاییهێنان بە یاساکانی جیاوازایخوازی، کرێ‌ی یەکسان بۆ کاری یەکسان، یاساکانی چێکی کارت[٢] کە بوار بۆ ژنانی زیاتر بکاتەوە بۆ ڕێکخراوبوون و پەیوەستبوون بە یەکێتی‌یە کرێکارییەکانەوە. ئەم ڕیفۆرمانە کارئاسانی لە پشت نەبەستنی ژنانی کرێکار بە هاوسەرەکانیان ئەکەن کە ئەوانیش بەهەمان شێوە دووچاری چەوساندنەوەن. هاوکارییان ئەکات لە سەربەخۆیی دارایی و توانایان پێئەبەخشێت لە هەڵهاتن لە هاوبەشیکردنی بەزۆر و مامەڵە خراپ. ڕێگا لە بەردەم ژنان و پیاوان ئەکاتەوە بۆ پەیوەندیگرتن لەسەر بنەمایەکی نوێ، وەک کرێکار و لەهاوپشتیدا و لە بەرژەوەندی سەرجەم کۆمەڵگا.

وەک مارکسیستەکان خەبات لە پێناو هەر ڕیفۆرمێکدا ئەکەین یارمەتی ژنانی کرێکار بدات، لە هەمان کاتدا ڕوونی ئەکەینەوە تەنها ڕێگای ئازادی ژنان بریتی‌یە لە هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری. لە کاتی ووێژکردنمان دەربارەی پرسەکانی ژنان ناتوانین چاوپۆشی لە دەستکەوتنەکانی ژنانی کرێکار لە کۆمۆنەی پاریسدا بکەین و ئامرازێکی گرنگن لە زەخیرەی ئێمەدا.

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا

[١]جەنگی فەرەنسی و پروسی ، نێوان ئیمپراتۆریەتی فەڕەنسا و ولایەتەکا نی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی مەملەکەتی پروسیا لە ٩-٧-١٨٧٠ تاکو ١٠-٥-١٨٧١

[٢]یاساکانی چێکی کارت بە پێ‌ی یاساکانی ئێستا کرێکاران مافی دەنگدانیان بۆ نەقابە یان دژ بە نەقابە هەیە لە هەڵبژاردندا کە لەژێر چاودێری فیدراڵیدا بەڕێوە ئەچێت، لە ڕێگای ناچارکردنی کرێکار بە دەنگدانی عەلەنی-لە جیاتی دەنگدانی نهێنی.  

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*