دینامیت لە پایەدا: ئالان ودز دەربارەی قەیرانی جیهانیی سەرمایەداریی

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی ، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

لە کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی جەنیوەری ئەندامانی ڕابەریی ڕەوتی مارکسیستی جیهانی، ئالان ودز (سەرنوسەری marxist.com) وێنایەکی گشتی ڕووداوە دراماتیکییەکانی سەر-هەڵدانەوەی سەرەتای ٢٠٢١ ی خستەڕوو. قەیرانی جیهانی سەرمایەداری ئەبێتە هۆکاری پەرتبوون، لەبەریەکهەڵوەشان و جەمسەرگیری چینایەتی وڵات دوای وڵات.

لەکاتێکدا خاوەن سامانەکان خۆیان زیاتر دەوڵەمەندتر ئەکەن پەتای کۆڤید نۆزدە بەردەوامە لە خوڵقانی نەهامەتی و تەنگژە بۆ خەڵکانی ئاسایی. بۆ خۆڕاگرتنیان، چینی دەسەڵاتدار بڕی تریلیۆنەها دۆلار پەمپی سیستمەکە ئەکەن ، بەڵام هەرچەندە ئەگەر چارسازییەکی کورتماوەش هەبێت ، زیاتر دڵنیایی لە داڕوخانێکی قوڵتری ژێر هێڵ ئەدەن.

ساڵی تازە بە سەختی دەستی پێکرد پێش ئەوەی پۆلێک لە باڵی راستڕەوی توندڕەو لەسەر بانگەوازی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ خۆیان بە باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنگتۆن بکەن – ناوەندی ئیمپریالیزمی ڕۆژائاوایی‌یان ڕووەو وێنای دەوڵەتێکی شکستخواردوو وەرگێڕا. ئەم ڕووداوانە، هاوشان لەگەڵ ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی BLM (ژیانی ڕەشپێست پرسە) هاوینی ڕابردوو، نیشانمان ئەدەن چۆن جەمسەرگیری کۆمەڵگای ئەمریکی قوڵ بووەتەوە.

لە شوێنەکانی تر، مانگرتنە گەورەکان لە هیندوستان و ڕوسیا هەمان پرۆسە نمایش ئەکەن: ڕق و توڕەیی جەماوەری خەڵک لە هەڵکشاندایە، و چینی دەسەڵاتدار لە حکومکردن بە ڕێگا کۆنەکان شکست ئەهێنێت. هەروەک ئالان ڕوونی ئەکاتەوە، هەموو ڕێگاکان ڕووەو تەقینەوەیەکی پێشبینی نەکراوی ململانێ‌ی چینایەتی لەسەر ئاستی جیهاندا مل ئەنێن.

لەم پەیوەندەدا، ئەرکی مارکسیستەکان بریتییە لە خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی بۆ ملیۆنەها کرێکاری ڕادیکاڵ و گەنج کە بە چاوی خۆیان شایەدی شکستی تەواوی سەرمایەدارین  لە فەراهەمکردنی ژیانێکی دروست و شایستە بۆیان.

دەقی بابەتەکە

ئەم ڕوانگانەی جیهان هیچ وێنای ئەوانی تر نین کە دەربارەیان قسەم کردوون. ئەوەی وەک هەورێکی ڕەش بەسەر بارودۆخەکەدا گیری بەستووە ئەم پەتا دەگمەنەیە، ملیۆنەها خەڵکی دووچاری نەهامەتی و مەرگ کردووەتەوە.  نزیکەی ١٠٠ ملیۆن نەخۆشکەوتوو و دوو ملیۆن گیانلەدەستدانی لە سەرتاسەری جیهان هەیە.

ئەم ژمارانە لە دەرەوەی جەنگی جیهانیی ترسێنەردا بێ پێشینەیە.

بارودۆخەکە بە تایبەت لە وڵاتانی هەژارنشین لە ئاسیا، ئەمریکای لاتین خراپە. بەڵام لەهەمان کاتدا ژمارەیەک لە وڵاتانی دەوڵەمەندیشی گرتووەتەوە. لە ئەمریکا زیاد لە ٢٥ ملیۆن توشبوو هەیە و ژمارەی گیان لەدەستدانیش ڕووەو نیو ملیۆن هەڵئەکشێت. من نیشتەجێ‌ی لەندەنم، لە بەریتانیا خراپترین ژمارەی گیانلەدەستدانی لە چاو شوێنەکانی تردا هەیە، هەرئێستا دانیان بەوەدا ناوە ژمارەی گیانلەدەستدان  ١٠٠ هەزار قوربانی تێپەڕاندووە.

بەدەربرینێکی تر، قەیرانی ئێستا وەک هەر قەیرانێکی  ئابوری ئاسایی نییە. ئەمە پیت بە پیت بە مانای بارودۆخی ژیان- و مەرگە  بۆ ملیۆنەها خەڵک. خاڵی سەرەتا لە لێکدانەوەماندا ئەوەیە سەرمایەداری ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەکەیە.

ئەم بەڵا توقێنەرە کارکردی لە نیشاندانی دابەشبوونی قوڵی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان ئەکات، هێڵە چەوتە قوڵەکانی دابەشبوونی کۆمەلگا نیشان ئەدەن. لە نێوان ئەوانەی کە دووچاری نەخۆشی و مەرگ ئەبنەوە و ئەوانەی نابنەوە.

وێرانکاریی، بێسەرەوبەرەیی و ناتوانایی سەرمایەداری نیشان دا، و ئامادەسازیی خەباتی چینایەتی لەهەر وڵاتێکی جیهاندا ئەکات. حکومەتەکان لە باسکردنی بارودۆخەکەدا حەز بە لێکچوواندنی سەربازی ئەکەن و ئەڵین ئێمە لە جەنگداین لەگەڵ دوژمنێکی نەبینراو، ئەم ڤایرۆسە تۆقێنەرە. چارەسەریان ئەوەیە هەموو چین و پارتەکان -لە پشت حکومەتی ئێستاوە یەکبگرن.

بەڵێ، بەڵام قڵشتێکی کەنداوئاسای یەکجار مەزن وشەکان لە کردارەکان جیائەکاتەوە. ئەم قڵشتە لە نێوان پێداویستی‌یە دەستبەجێکانی کۆمەڵگا و میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕدایە. ئەگەر ئێمە بە دروستی لە جەنگداین لەگەڵ ڤایرۆسەکە، کەوایە ئەبێت هەموو حکومەتەکان سەرجەم سەرچاوەکانیان لە تەنها یەک ئەرکدا سازو بەگەڕ بخەن: سازدان و ڕێکخستن بۆ پلانێکی کاری جیهانیی.

پرسی ئابوری پلانداڕێژراو، ئینتەرناسیۆنالیزم و پلانی نێونەتەوەیی قابیلی وەڵامدانەوە نییە. سەرباری بیرۆکەکانی بەڕێز ترامپ، بەڵام ڤایرۆسەکە هیج ڕێزێک بۆ سنوورو کۆنترۆڵەکانی سەرمەرز دانانێت.

کەسێک گەر بیری لێبکاتەوە، لە ڕوانگەیەکی پوختی عەقڵانییەوە، وەڵامدانەوە بریتییە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی ڤاکسین. لە جێگەیدا، دیمەنێکی شەرمەندانەی ناکۆکی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لەسەر کەموکورتی پێکوتە ئەبینین، لەکاتێکدا بە کردەیی نکۆڵی لە دەستپێڕاگەیشتنی وڵاتانی هەژار دەست بە هەر پێکوتەیەک ئەکرێت.

پرسیارێک کە دێتە پێش: بۆچی کەموکورتی لە پێکوتە هەیە؟ پێویستە توانایی بەرهەمهێنان لەڕێگای دامەزراندنی کارگەی نوێ‌وە بەرفراوانتر بکرێتەوە. بۆچی ئەمە ناکرێت؟بە هۆکارێکی سادەیە کە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازیی هیچ بەرژەوەندییەکیان لە بەرهەمهێنانی زۆردا نییە، لەبەرئەوەی زەرەرمەند ئەبن. ئەگەر توانایی بەرهەمهێنان بەرز بکەنەوە بە ئەندازەیەک دەستەبەری جیهان لە ماوەی شەش مانگدا بکەن،کە لە توانادا هەیە، ئەوا کارگا تازە دروستکراوەکان خاڵی ئەمێننەوە- بیر لەمە بکەرەوە!

قازانج بەوهۆیەوە لە بارودۆخی ئێستا کەمتر ئەبێت. کارگاکانی ئێستا ئەتوانن بۆ چەند ساڵی تریش بەرهەم بهێنن. بەمانای ئەوەیە کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی قازانجێکی زۆر ئەکەن و بە دڵنیایی‌یەوە کێشەی بەردەوام ئەبێت لە نێوان  بەرهەمهێنان و دابینکردن. بەمانای کورتهێنان ئەگەیەنێت لەهەر جێیەک، لەگەڵ ملیۆنەها دۆسی بەکارنەهاتوو و گیانلەدەستدانی ملیۆنەهاش لە دەرنجامیدا.

لەلایەکی ترەوە، چینی سەرمایەداری لە هەموو وڵاتەکاندا فشار بۆ خەڵک ئەهێنن لە گەڕاندنەوەیان بۆ سەر کار، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان دەست پێبکاتەوە.

کرێکاران، ناچار بە گەڕاندنەوە بۆ شوێنکارە قەرەباڵغەکان ئەکرێن، بێ هیچ ئامرازێکی خۆپارێزی گونجاو، ئەمە هاوبەهای تێپەڕاندنی سزای مەرگە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و خێزانەکانیان.

لە لایەکی ترەوە قەیرانە ئابورییەکە لە ماوەی ٣٠٠ساڵی ڕابردوودا سەخترینیانە. ئەڵێن: تەنها لە نێوان مانگی ئاپڕڵ و جوندا ٤٠٠ ملیۆن پیشە لە سەرتاسەری جیهان لەدەست دراون. وەک پێیان وایە ئەگەر تەنها کەرتی گەشتوگوزار بە نمونە وەربگرین کە بۆ وڵاتانێکی زۆری هەژارنشین سوودمەندە، ١٢٠ ملیۆن پیشە ڕائەماڵرێن. ئەوەی کە بە ئابوری تازەپێگەیشتوو ئەناسرێت لەگەڵ ئەوانی تردا پەلکێشی خوارتر ئەکرێن، هیندوستان بەرازیل، ڕوسیا و تورکیا، هەر هەموویان لە قەیراندان. ساڵی پار ئابوری کۆریای باشوور بۆ یەکەمین جار لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوویدا، سەرباری هاوکارییەکانی دەوڵەت بە بەهای ٢٨٣ ملیار دۆلار، نوقمی قەیران بوو.

کاتێکی زۆر لە باسی زانستی ئابوری بەخەرج نادەم، دواتر گەر کات گونجا دێمەوە سەر ئەم بابەتە. لە دێدگای مارکسیستدا، لێکدانەوەی ئابوری پرسێکی نابەرجەستە نییە، پرسێکی ئەکادیمی نییە. بەڵکو کاریگەییەکی قوڵی لەسەر پێشکەوتنی هۆشیاری سەرجەم چینەکان هەیە، ئەمە خاڵە بنەڕەتییەکەیە. ئەو پرسە بنەڕەتییەی لە ئێستادا لەهەر جێگایەک تێبینی ئەکەین بوونی قەیرانێکە. نەک تەنها حکومەتەکان، و قەیرانی سیاسی، بەڵکو قەیرانی ڕژێمەکە، بە تایبەت ئەوەی ئەمەوێت ئاماژەی پێبکەم لە ئەوروپا و ئەمریکا.

چەند ئاماژەیەکی ڕوون هەن قەیرانەکە ئەوەندە دژوارە، ئەوەندە قوڵە، کە چینی دەسەڵاتدار توانای کۆنترۆڵکردنی بە ئامرازە کۆنەکان کە پیشتر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەکاریان ئەهێنا لە دەستداوە، هەروەها سیاسی‌یە بۆرژوازییەکانیش بە تەواوی کۆنترۆڵیان لەدەستداوە.

لەسەرەتادا ئەمریکا، بەهێزترین و بەسامانترین وڵات. قەیرانی ئابوری جیهانیی زەبری توندی لە ئەمریکا وەشاندووە. لە کاتی پەتاکە ٤٠ ملیۆن ئەمریکی لیستی بێکارییان پڕ کردەوە، وەک هەمیشە ئەوەی هەژارە زیاتر ئازار ئەچێژێت، لەگەڵ گەنجان. چارەکی بڕەکە گەنجانی خوار ٢٥ ساڵن کە کاریان لەدەستداوە. ئەمە بێشک زەگلێدانێکی جدییە لە بازنەی چینی دەسەڵاتداری ئەمریکادا.

وا بڕیارنەبوو دەوڵەت هیچ ڕۆڵێک لە ژیانی ئابوری بگێڕێت، لەوانەیە ئەو بیردۆزەت بیر مابێت؟ بەڵام لە زەنگلێدانی مەترسی بارودۆخەکە چینی دەسەڵاتدار ناچاربوو چەند ڕێکاری خێرا بگرێتە بەر. وازیان لەهەموو ئەو بیردۆزانەی پێشتر هێنا کە پێ‌ی وابوو ئەبێت دەوڵەت دەستوەرنەداتە کاروباری ئابوری، و ئێستا لە هەموو وڵاتان، لە ئەمریکاوە بگرە کە بە ئابوری بازاڕی ئازاد ناسراوە، هاوشێوەی ناساغێکی کۆرۆناڤایرۆس، سەرمایەداریی بە واقعی پشبەستووە بە سیستمی ژیانەوە تەنها بەهۆی هاوکارییەکانی دەوڵەتەوە توانای مانەوەی هەیە.

بڕێکی زۆری ئەم پارانە بە ڕاستەوخۆیی چوونە گیرفانی دەوڵەمەندەکانەوە. بەڵام لەسەرەتادا ڕۆڵی هەبوو لە سوککردنی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر توێژە هەرە هەژارەکانی کۆمەڵگا. بەڵام لە ئێستادا ئەم هاوکارییانە پاشەکشەیان لێکراوە و لە دەرئەنجامی ئەمەشدا تۆقێنەرترین هەژاریمان لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان چاو لێ‌یە.

لە دواین بابەتمدا کە نوسیومە ژمارەکانم خستنوونەتە ڕوو، چەندین ئاماری تۆقێنەرن. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئەمریکییەکان، پارەی تەواوی بۆ دانانی خواردن لەسەر مێزەکەکانیان بەردەست نییە. ژمارەی بانکەکانی خواردن زیادیان کردووە،و ملیۆنەهایان نوقمی ئەوپەڕی هەژاریی بوون. بەهۆی نەدانی کرێ خانووەوە ژمارەیەکی زۆریان هەڕەشەی لەدەستدانی خانووەکانیان لەسەرە.

بە دەربڕینێکی تر قڵشتی کەنداوئاسای نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران ڕووەو ڕۆخێکی قوڵی دەستپێڕانەگەیشتوو وەرچەرخاوە.

ئەمە کاریگەری هەیە، هەموو ئەو فریودانانە دەربارەی بەرژوەندی نیشتمانیی، لە چەشنی: پێویستە پێکەوە تێبکۆشین، و هەموومان لە هەمان بەلەمداین و …هتد. زۆرباشە، با ڕوونی بکەینەوە. جەماوەری خەڵک لە سایەی بارودۆخێکی تایبەتدا ئامادەی قوربانیدانن. بۆ نمونە لە کاتی جەنگ، خەڵک ئامادەی یەکگرتنە لە بەرامبەر دوژمنی هاوبەش، ئەمە ڕاستە. ئەوان لانی کەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئامادەن بە ئاستێکی بژێویی کەمتر ڕازی بن. هەروەها ڕازی بن بە کۆتوبەند لەسەر مافە دیموکراتییەکان بەڵام تا ڕادەییەک و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

بەڵام بوونی ئەم نایەکسانییە بێپێشینەیەی ئێستا، و ئەو سامانە شەرمەندانەی لە لایەن دەوڵەمەندەکانەوە کەڵەکە ئەکرێن.. بۆ نمونە سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی پێشبینی ئەکات نزیک بە ٩٠ ملیۆن کەس بۆ ئاستی کەمتر لە ١،٩ دۆلار لە ڕۆژێکدا داکەون، واتە سنوری ئەوپەڕی نەداری و نەبوونی.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، سەرجەم سامانی بلیۆنێرەکان بە ئەندازەی ١،٩ تریلیۆن دۆلار هەڵکشاوە. ئەمە لە کاتی پەتاکەدا، لە کاتی قەیرانەکەدا. لێرەدا نمونەی جێف بیزۆس دێتەپێشەوە، جێف تەنها لە یەک چرکە بڕێکی زیاتر لە کرێکارێکی نمونەیی ئەمریکی کە بۆ ماوەی هەفتەیەک کار ئەکات بەدەست ئەخات.

هەروەک وتم، ئەو قڵشتەی نێوان ئەوانەی هەیانەو – و ئەوانەی نیانە، ڕووەو ڕۆخێکی قوڵی دەستپڕانەگەیشتوو ڕاکێشراوە. ئەمە جەمسەرگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی قوڵتر ئەکاتەوە. ئەمە خاڵەکەیە. ئەبێتە خوڵقاندنی خولیایەکی توڕەیی تەقیو لە کۆمەڵگا. هەرجێگایەک کە لێ‌ی ئەڕوانیت، لە هەموو وڵاتاندا، ڕق و کینەیەکی زۆر بەرامبەر دەوڵەمەندان و هێزبەدەستەکان: ۆڵ ستریت، و دامەزراوەکان بە شێوەیەکی گشتی هەیە.

ئەم ڕق و کینەیە بە شێوەیەکی لێزانانە لە لایەن دیماگۆجی ڕاستڕەو دۆناڵد ترامپەوە ئاراستەکرا. ئەمە نوێنەرە جدییەکانی سەرمایەی ترساند. ڕاستەوخۆ ترامپیان وەک هەڕەشەیەک چاولێکرد لەبەرئەوەی دەستئەنقەستانە خەریکی چاندنی دینامیت بوو لە پایەی هاوبیرەکاندا، لە هەموو بنەمای ئەو سیاسەتە ناوەندییانەی بۆ ماوەی چەندین دەیەیە بینای ئەکەن.

چینی دەسەڵاتدار لە ڕێگەگرتن لەم جەمسەرگیرییە، و دووبارە یەکپێگرتنەوەی ناوەند ئومێدبڕاوە. بەڵام هەموو هەلومەرجە بابەتییەکان دژ بە سەرکەوتنیان ئەچەرخێت. ڕووداوەکانی ٦ی جەنیوەری بە تەواوی نمایشی ئەم بەڵگەیە ئەکەن. ئێستا ئەوان ئەڵێن ئەم ڕووداوانە یاخیبوون بووە و لە هەوڵی ئەوەدان ترامپ، کە بە ڕێکخستنی یاخیبوون تاوانبارکراوە دابڕێنن، ئەگەر هەوڵدانێکی یاخیبوون بووایە، ئەوا زۆر لاواز بووە! لەوەش زیاتر، پشێویی و هەرایەکی گەورەبوو لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیدار بوو بۆ چینی دەسەڵاتدار و بەشێوەیەکی ڕوون دابەشبوونە قوڵەکانی نێو دەوڵەت خۆشی خستە ڕوو.

ڕووداوەکانی ٦ی جەنیوەری ئاماژە بەوە ئەدەن کە جەمسەرگیریی نێو کۆمەڵگا بە خاڵێکی شلۆق گەیشتووە خاڵی داڕمان. دامەزراوەکانی دیموکراسی بۆرژوازیی تا خاڵی تێکشکان تاقی ئەکرێنەوە. ئەمە قەیرانی سیستمەکەیە و هەروا قەیرانێکی سیاسی سادە نییە. سەرباری زۆری نەفرەتی میدیا لە دوایدا، ٤٥%ی تۆمارکراوانی کۆماریی سەرباری چوونە ناو کاپیتۆلەوە  پێیان وایە ڕەوایەتی هەیە! تۆ دەربارەی ملیۆنەها خەڵک قسە ئەکەیت. ئەمە بە تەواویی گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ٥٤%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە سوتاندنی باڵەخانەی پۆلیس لە ماینەپۆڵس ڕەوایەتی خۆی هەیە. ئەوەمان بیر نەچێت ١٠%ی ئەمریکییەکان بەشداری ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی (ژیانی ڕەشپێشت پرسە) بەشداربوون، کە زۆر زیاتربوون لەوانەی ڕژانە باڵەخانەی کاپیتۆڵەوە.

ئەو بزووتنەوە خۆبەخۆییەی دوای کوشتنی جۆرج فلۆید سەرتاپای وڵاتی گرتەوە و ئەو ڕووداوە بێ وێنانەی بەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا هاتن، ئەگەر هەموویان پێکەوە وەربگرین ئەوا نیشاندەری خاڵی وەرچەرخانە لە تەواوی بارودۆخەکەدا. بە دڵنیایی، بزووتنەوەکە سەرلێشێواوە، بەدەربڕینێکی نیانتر. چەند توخمێکی دواکەتووانەی هەیە، بەڵام ئەمە تەنها هەڵکشان و داکشانێکی ڕەشی پەرچەکردارە. ئەمە بێسەرەوبەرەیی چاودێرە لیبراڵییەکانە کە لە هیچ شتێک تێناگەن.

مارکسیستەکان ئەبێت بە توانا بن لە دیاریکردنی(جیاکردنەوەی) ئەوانەی پێشکەوتوون لە ئەوانەی دواکەوتوون. ئەبێت لەوە تێبگەین کە لێرەدا، لە منداڵاندا، پێشکەوتنی شۆڕشگێڕانەمان لە پاشەڕۆژدا هەیە. لیبراڵە گەمژەکان لە هیچ شتێک تێناگەن. هاواری فاشیزم ئەکەن لەکاتێکدا خۆیان لەوەی فاشیزم چییە تێناگەن! دواتر چەند قسەیەک ئەهێنمەوە لە وتارێکی بەئاگا کە تێڕوانینی دوورماوەی تێگەیشتنی بۆرژوازی لەوەی کە ئێمەش لێ‌ی تێئەگەین ئەخاتە ڕوو: لە هەموو جێگایەکدا، لە هەموو ولاتێکدا، لەژێر ڕووکەش خولیایەکی ڕق و توڕەیی لەبەرامبەر سیستمی ئێستا بوونی هەیە. ئەم خولیایە خۆی لە داڕمانی باوەڕیی بە دامەزراوە فەرمییەکان، پارتە سیاسی‌ و حکومەتەکان، سەرکردە سیاسییەکان، خاوەن بانکەکان، خەڵکانی دەوڵەمەند، پۆلیس، دادوەرەکان، یاساکانی ئێستا، نەریت و دینەکان ومۆراڵی سیستمی ئێستا هەیە.

خەڵک چیتر باوەڕی بەو قسانە نەماوە کە لە ڕۆژنامەو تەلەفیزیۆنەکاندا بۆیان ئەکرێت، جیاوازی مەزن لە نێوان ئەوەی ئەوترێ و ئەوەی ڕووئەدات بەراورد ئەکەن، هەست بەوە ئەکەن، ئێمە بە گورزێک لە درۆ فرۆشراوین. بارودۆخەکە هەمیشە بەم جۆرە نەبووە. لە ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆری خەڵک هیچ بایەخێکیان بە سیاسەت نەئەدا، بەهەمان شێوە کرێکارانیش. زۆربەی کات وتووێژکردنەکان لە شوێنکاردا دەربارەی فوتباڵ، فیلم، و پرۆگرامەکانی تەلەفزیۆن بوون. جگە لە کاتەکانی هەڵبژاردن نەبێت، زۆر بە دەگمەن باسی سیاسی‌یەکان ئەکرا.

ئێستا هەمو ئەمانە گۆڕاون. جەماوەری خەڵک دەستیان کردووە بە بایەخدانی سیاسی لەبەرئەوەی هەستیان بەوە کردووە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دائەنێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا ڕەنگدانەوەی خولیای شۆڕشە. دامەزراوەکانی دیموکراسی بۆرژوازی بنەمای خۆیان لەسەر ئەو پێوابوونە داڕشتببوو قڵشتی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران ئەکرێت بشارنەوە و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەخۆی بگرن. بەڵام چیتر ئەمە پرسەکە نییە. ئەمە بە تەواوی هۆکاری داڕمانی ناوەندی سیاسی‌یە.

ئەوە ڕاستە بەهۆی مایەپووچی تەواوی ڕیفۆرمیستەکان و لە نێویشیاندا ڕیفۆرمیستە چەپەکان ئەم  خولیایە لە لایەن باڵی ڕاستڕەوی دیماگۆجییەوە، ئەوەی بە پۆپۆلیستەکان ئەناسرێن سوودی لێوەرگیرا. بە دڵنیایی، سروشت حەزی بە بۆشایی نییە! ئەمە لە لایەن لیبراڵە گەمژەو ڕیفۆرمسیتەکانەوە بە فاشیزم وەرگێڕدرا. بەڵام ستراتیژناسەکانی سەرمایە بە ڕوونی لەمە تێئەگەن.

لە کاتی کریستمەسدا، ڕۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمز وتارێکی واژۆکراوی لە لایەن دەستەی نوسەرانەوە بڵاوکردەوە، لێکدانەوەیەکی تەواو جیاوازتری بۆ پرۆسەکە و ئەوەی ڕوو لە کوێ ئەکات خستبووە ڕوو. بە ئیجازەی ئێوە، چەند دێڕێکی ئەخەمە ڕوو:

ئەو گروپانەی بەهۆی ئاڵوگۆڕە ئابورییەکان دواکەوتن بە شێوەیەکی بەربڵاو بەو دەرئەنجامە ئەگەن کە لێپرسراوان بایەخ بە کێشەو گرفتەکانیان نادەن”

بەڵێ ئەمە ڕاستە، ئەم خەڵکانە- لایەنگرانی ترامپ- کاتێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا وتیان” واشنگتۆن بایەخ بە ئێمە نادات! ئێمە خەڵکانی لەبیرکراوین!”

وتارەکە بەردەوام ئەبێت:

“و لەوەش خراپتر، بەڵکو ئابوری‌یان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆستۆتەوە لەبەرامبەر ئەو خەڵکانەی لە کەناردان.” بە هێواشی بەڵام بە دڵنایی‌یەوە، ئەمە سەرمایەداری و دیموکراسی ئەخاتە ناکۆکییەوە لەگەڵ یەکتر. هەر لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانی‌یەوە، ئەم هەستکردنە بە خیانەتکردن بووەتە هۆکاری تەغزیەکردنی پەرچەکرداری سیاسی توند دژ بە جیانگیریی و دامەزراوە دیموکراتییە لیبراڵییەکان…” (ئەمە پارچە سەرنجڕاکێشەکەیە!) ” پۆپۆلیزمی باڵی ڕاستڕەو نەشونما بکات، لەکاتێکدا سەرمایەداری لە جێگەی خۆیدا ئەهێڵێتەوە” ئەمە خاڵەکەیە …” بەڵام لەو کاتانەی ناتوانێت بەڵینەکانی لە بەرامبەر ئەو خەڵکانەی لە باری ئابورییەوە وردوخاش بوون بەجێبهێنێت، ئیتر مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەیە پێش ئەوەی کە بارودۆخەکە دژ بە سەرمایەداری خۆی بشکێتەوە”…” و دژ بە سامانی ئەو خەڵکانەش کە سوودمەندن لێ‌ی”.

بەڵێ، ئەمە قسەوباسێکی جدی‌یە، وا نییە؟! ئەمە تێگەیشتنێکی تەواوەتیی لە دینامیکی خەباتی چینایەتی پیشان ئەدات. کە چۆن ئەوەی بە باڵی ڕاستڕەوی پۆپۆلیزم ئەناسرێت تەنها قۆناغێکی سەرەتایی پێش تەقینەوەی شۆڕشگێرانە بێت. ئەوان باش لەوە تێگەیشتوون. تەنانەت زمانەکەش گرنگە، چەکدار بە [شەن] “ئاماژە بە لێکچواندن لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسی ئەکات، یان شۆڕشی جوتیاران لە ساڵی ١٣٨١، کاتێک جوتیارەکان دەستیان بەسەر لەندەندا گرت، ئەتوانرێت چاو لەم هەڵچوونە مەزنە بکرێت لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، ئەگەر لە هەموو وڵاتێکدا نەبێ.

بەم دوایی‌یانە لە ڕووسیا بینیمان، کاتێک گەڕانەوەی ناڤالنی ئاماژەیەک بوو بۆ تەقینەوەیەکی ناڕەزایەتی لە مۆسکۆ و ١١٠ شاری تر، لە چەند شوێنی وەک ڤلادیڤۆستۆکین و پارێزگاکان. ئەمە نمایشی چی ئەکات ؟ هێشتا ئەمە شۆڕشی ڕووسی نییە، ئەمە ڕاستە. هێشتا ناڕەزایەتییەکان یەکانگیر وهاوئاهەنگ نین، ژمارەیەکی زۆری چینی ناوەڕاست، ڕٶشنبیر، لیبراڵ – بەڵام لەهەمان کاتدا ژمارەیەکی ڕوولەسەری کرێکارانیشیان لەخۆ گرتووە. بەڵام ئەمانە چەند خۆپیشاندانی گەورە بوون لە بارودۆخی ڕووسیا. پێویستە لە چوارچێوەی بارودۆخی داڕمانی ئاستەکانی ژیاندا چاویان لێبکرێت. لە نێوان ٢٠١٣ و ٢٠١٨، پێش پەتاکە گەشەی ئابوری ساڵانە بە ڕێژەی ٠،٧% تۆمارکرابوو،لە بنەڕەتدا چەقبەستووە.  بەڵام لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا گەشەی نێگەتیڤانەمان بە ڕێژەی ٥% چاولێبوو.

لە ڕابردوودا پۆتین ئەیتوانی تا راددەیەک بە سەرکەوتنەوە لە بواری ئابوری خۆی هەڵکێشێت، بەڵام چیتر نا. بێکاری بە خێرایی لە هەڵکشاندایە و ژمارەیەکی زۆری خێزانەکانیش ماڵەکانیان لە دەستداوە. هەربۆیە پرسی ناڤالنی تەنها توخمێکە لەم بارودۆخەدا. هەموو شتێک ئاماژە بەوە ئەکەن پشتگیریی پۆتین هەرەس دێنێت. پاش دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنی ناڤالنی پارچە ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە و لە لایەن ملیۆنەها خەڵکەوە چاوی لێکرا ،گەندەڵی پۆتین نمایش ئەکات، پێشانی ئەدات کۆشکێکی گەورەی لەسەر دەریای ڕەش بیناکردووە. هەموو ئەمانە خولیایەکی ڕق و کینەی تەقێنەرانە لە کۆمەلگا دروست ئەکەن. هەروەک وتم، ڕووسیا هێشتا لە بارودۆخی پێش شۆڕشدا نییە بەڵام رووداوەکان زۆر بە خێرایی ئەچنە پێش.

ئێستا لە لاکەی تری جیهان، لە هیندوستان، هەروەک باسم کرد چاومان بە چەندین ڕووداو ئەکەوێت، ڕووەو بزووتنەوەیەکی یاخیبوونی جوتیاران هەڵئەکشێ: جوتیارەکان بە تراکتۆرەکانیانەوە لە دەلهی لە ٢٦ی جەنیوەری نمایشێکیان ڕێکخست ، چەند ڕۆژ پێشتر، لە ڕۆژی کۆماریدا، کە مۆدی نمایشێکی سەربازی گەورەی ئاهەنگ ئەگێڕا، زۆر کاریگەرو سەرنجڕاکێش بوو لە تەلەفزیۆنەوە هەزاران جوتیارت ئەبینی بۆ گەیشتن بە قەڵای سوور لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس ئەجەنگن، هێرشیان ئەکرایە سەرو لێیان ئەدرا. مۆدی بە ڕوونی بەو ڕاپەڕینە ڕاچڵەکی کە وێنەی ڕق و کینەیەکی پەنگخواردووی جەماوەری خستەڕوو.

بەڵام لاوازی بزووتنەوەکە لە هیندوستان بریتییە لە نەبوونی وەڵامدانەوەیەکی جدی لە لایەن چینی کرێکاری هیندیی بەهێزەوە.

خەباتی جوتیاران کاریگەری بەهێزی لە سەر کارگەکان هەبوو، بەلام یەکێتی‌یە کرێکارییە ستالینستە بەهێزەکان ئەیانەوێت ڕێگری بۆ دروست بکەن. ئێستا هەست بە فشارێکی زۆر ئەکەن، و باس لە مانگرتنی گشتی چوار ڕۆژە ئەکەن، کە گرنگە. لە ڕابردوودا هەوڵی ماندووکردنی کرێکارانیان ئەدا، هەروەک چۆن لە یۆنانیش کردیان، بانگەوازی زنجیرەیەک لە مانگرتنی گشتی یەک ڕۆژەیان  ڕاگەیاند. ئەمە تەنها فێڵێک بوو بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی بزووتنەوەیەکی گشتی.

پێشتر ئێمە لە سکرتاریەتی نێونەتەوەیی وتووێژمان لە سەر ئەو دروشمانە کرد هاوڕێیانێک لە پاکستان و هیندوستان بۆ مانگرتنی گشتی پێشنیاریان کردبوو : هیوادارم دواتر کاتم هەبێت و باسیان بکەمەوە.

کاتێکی زۆر بە قسەکردن لەسەر دێدگاکانی ئیدارەی بایدن بە خەرج نادەم، بەڵام ئەوە ڕوونە ۆڵ ستریت هەموو هیوای خۆی بە ئیدارەی بایدن و بە هەوڵەکانی پێکوتەوە هەڵواسیوە، بەلام بایدن لە ئێستادا سەرۆکایەتی گەلێکی دابەشبوو و داکەوتوو ئەکات، هەوڵەکانی بۆ کڕینی دەربازبوون ڕوو لە هیچ شتێکی تر جگە لە زیادکردنی قەرزەکان لە سیستمەکەدا ناکات، کە بە رۆڵی خۆی ئامادەسازیی قەیرانێکی گەورەتری ژێر هێڵ ئەکات.

کاتێکی زۆرم بۆ وتووێژکردن لەسەر چین لەبەردەستدا نییە، بەڵام چین تەنها هێزی ئابوری سەرەکییە جۆرێک لە نەشونمای پۆزەتیڤانەی هەبێت. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی چین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوانە دەستوەردانی لە هەردوو قەیرانی ئابوری و پەتاکەدا کردووە، جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتی، ئەگەر ئەتانەوێت دەربڕینەکە بەکاربهێنن. و بۆ ئەوەی دادوەرانەش بین تا ئێستا چەند دەرئەنجامێکی بەدەستخستووە.

ئەوە ڕاستە نەشونمای ئابوری چین لە ٢% ە، کە لە دێدگای چینی‌یەوە زۆر لاوازە، بەڵام پێشبینی ئەوە ئەکەن لەمساڵدا بیگەیەننە ٨%. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، بە مانای ئەوەیە چین بەسەر وڵاتانی تری جیهاندا پێشڕەوی ئەکات. بەڵام ئەم سەرکەوتنە لە خۆیدا ئەبێتە هۆکاری پاشەکشەپێکردنی، لەبەرئەوەی ئەم نەشونمایەی ئابوری بە ئاستێکی باڵا پەیوەستە بە ناردنە دەرەوەوە. چین بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە دەست وەرئەداتە کاروباری بازاڕی جیهانی و ناچارە زۆر بە توندتریش دەستوەربداتە کاروبارەکانەوە. ئەمە بێشک بە مانای سەرهەڵدانی گرژییە لە نێوان چین و ئەمریکا ئەگەیەنێت، کە چین وەک مەترسی سەرەکی چاو لێئەکات- نەک تەنها ترامپ، بەڵ بایدن و دیموکراتەکانیش. 

پێشتر، چین بەشێکی گەورەی چارەسەر بوو بۆ سەرمایەداری جیهانیی، بەڵام لە ئێستادا  بەشێکی گەورەی کێشەکەیە. ئەم ناکۆکییە بە تایبەت لە نێوان ئەمریکا و چین هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانی زۆ جدی تر ئەکات، کە ئەگەرێکی گەورەیە بۆ جیهانی سەرمایەداری بەو هۆکارەی، ئەوە گەشەی بازرگانیی جیهانییە کە گەشەی سەرمایەداریی لە دواین دەورەدا لێک ئەداتەوە، کە بە جیانگیریی ناوئەبرێت. ئێستا بە دڵنیایی‌یەوە بە دژەکەی ئەگۆڕێت بەهەموو دەرئەنجامە خراپەکانییەوە بۆ سەرمایەداریی.

ئەمە بە ڕۆڵی خۆی کاریگەریی لە نێوخۆی چین دائەنێت. هەرئێستا بە کردەیی داخستنی کارگەکان و بێکاری هەیە، کە شاراوە بوون، بەڵام هەن. ئەمە هۆکاری لەمەنگەنەدانی هۆنگ کۆنگ لە لایەن (جی جینگپینگ) ەوە دەرئەخات. ئەمە دەربڕینی بەهێزیی نەبوو بەڵکو ترس و لاوازیی. چینی دەسەڵاتداری چین نیگەران بوون ئەم جۆرە بزووتنەوانە ڕووەو وشکانی خۆیان پەلبکێشێت، کە هیچ گومانی تێدا نییە وەک چۆن شەو دوای ڕۆژدێت ئاوا پەل ئەکێشێت. ئێمە وەک نێونەتوەییەک پێویستە خۆمان بۆ ڕووداوە گەورەکانی چین ئامادە بکەین، کە ڕوو ئەدەن ئەو کاتانەی هیچ کەسێک پێشبینییان ناکات، لەبەر ئەوەی ڕژێمێکی تۆتالیتاریی‌یە، نازانین چ شتێک لەوێدا ڕوو ئەدات. کاتێک دەوڵەتی چین لە توانایدا بێت دەوڵەتێکی بچووکی وەک هۆنگ کۆنگ سەرکوت بکات، ئەوا بۆی ئاسان نابێت بتوانێ کۆنترۆڵی ١٠٠ هۆنگ کۆنگۆیی لە نێوخۆی چین بکات، هەربۆیە ئەبێت بە ئاگاهی‌یەوە شوێن ڕووداوەکانی چین بکەوین.

کاتی ئەوەم نییە وتووێژ لەسەر ئابوری بۆ ماویەکی زۆر بکەم، بەڵام گرنگە دڵنیایی لەو قسانە بکەمەوە کە پیشتر کردوومن: کاتیک بۆرژوازی دووچاری لەدەستدانی هەموو شتێک ئەبێت، ئەوا توندترین ڕێگاکان(میسۆدەکان) لە پێناو پارێزگاریکردن لە سیستمەکەیان بەگەڕ ئەخەن. لە ئێستادا لە هەموو جێگایەک، بەهانە کۆنەکانی خۆیان دەربارەی بازاڕ وەلا ناوە و لە جێگەیدا پەیڕەوی لە سیستمی کینیزیانیزم Keynesianism ئەکەن. هاوشێوەی سەرخۆشێک لە عەمودێکەوە بۆ دانەیەکی تر ئەملاو ئەولا ئەکەن.

ئێستا تەنهاو تەنها پشت بە هاوکارییەکانی دەوڵەت ئەبەستن. تێد گرانت(Ted Grant) وا ڕاهاتووە (کینیزیانیزم)ی بە ئابوری ڤوودۆ(voodoo) پێناسە بکات. پێم وایە ئەمە پێناسەکردنێکی دادوەرانەیە. بیرۆکەی ئەوەی دەوڵەت خاوەنی داراییەکی بێسنوورە، پووچ و بێ مانایە. ئەمە بە دروستی سیاسەتێکی شکست خواردووانەیە کە لە هەموو جێگایەک پەیڕەویان لێکرد، بووەتە هۆکاری قەرزێکی فەلەکئاسا کە توانای بیرلێکردنەوەش نییە. ئەمە گەورەترین مەترسی‌یە لەم کاتەدا ڕووبەڕووی سیستمی سەرمایەداری بووەتەوە.

ژمارەکانم لێرەدا هەن و دواتر لە دۆکیومێنتێکدا ئەیانخەینە ڕوو. بەڵام درەنگ یان زوو، ئەم قەرزانە پێیان ئەگاتەوە. ئەمە قومبەلەیەکی کاتیی قەرزەو ئێستا لە پایەی ئابوریدا چێنراوە. لە درێژماوەدا، کاریگەریەکانی لەهەر قومبەلەیەکی تیرۆریستی وێرانکەرتر ئەبن. بەڵام لە کورت ماوەدا، بە تەواویی دڵخۆش و بە کەیفن بۆ بەردەوامبوون لێ‌ی. تەنانەت بە متمانەوە چەند وتاریش سەبارەت بە بووژانەوە بڵاو ئەکەنەوە.

ئێستا ئێمە وەک کەسانێکی بەدەربەست، پێویستە بە جدی‌یەوە بڕوانینە ئەم هۆو بەڵگانە. ئایا جۆرێک لە چاکسازیی ئیمکانی هەیە؟ باشە، پێش هەموو شتێک، پێویستە لەوە تێبگەین پێشبینییەکانی سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی IMF و بانکی جیهانیی بە وریایی‌یەوە وەربگیرێن. لە پلەی یەکەمدا، ئەم قەیرانەی ئێستا جیاوازە لە قەیرانەکانی ڕابردوو لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی دانەبڕاو ئاڵۆسکاوە بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە و کەسیش ناتوانێت بەهەر پلەیەک لە دڵنیایی پێشبینی ئەوە بکات کەی کۆتایی دێت. لەبەر ئەم هۆیە ناکرێت پێشبینییەکانی ئابوریناسەکان زیاتر لە خەمڵاندنێک چاوی لێبکرێت. تەنها دڵنیایی  لەوەدایە کە هەموو ئاماژە سەرەکییەکان ئاراستەیان ڕوو لە خوارە، ئەمە زۆر ڕوونە.

بەڵام ئایا ئەمە بە مانای ئەوە دێت جۆرێک لە بوژاندنەوە بە تەواوی بەدوور بگیرێت؟  نەخێر، ناتوانیت بەم دەرئەنجامە بگەیت. لە ڕاستیدا لە خاڵێکی دیاریکراودا، ناکرێت خۆت لە جۆرێک بووژاندنەوە لابدەیت. سیستمی سەرمایەداری هەمیشە لە قۆناغەکانی هەڵتۆقین و داکەوتندا جوڵاوە. درەنگ یان زوو، دەربازێک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە ئەدۆزنەوە. بەلام ئەبێت بڕوانینە ئەوەی چ جۆرە بووژاندنەوەیەکە کە قسەی دەربارە ئەکەین. ئایا دەربارەی سەرەتای ماوەیەکی زۆر لە نەشونما و گەشەکردن قسە ئەکەین ، یان تەنها نێوانەیەکی کاتیی لە نێوان قەیرانێک و دانەیەکی تردا.

زۆرترین پێشبینییە گەشبینەکان پشتبەستوون بە بنەمای هەبوون، لانی کەم لە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان، ئەوەی پێ‌ی ئەڵێن ” داخوازی کەبتکراو”. ژمارەیەکی زۆری خەڵک هەن دووچاری ئەوپەڕی هەژاریی بوون، بەڵام ملیۆنەها لە خێزانی تریش هەن پارەیەکی پاشەکەوتوویان هەیە تا خەرجی بکەن- ئەمە ڕاستی‌یە. لە کۆتایی پەتاکەدا، بە پەرۆش ئەبن بۆ خەرجکردن لە چێشتخانە، باڕەکان، و پشووەکانی گەشتی دەرەوە،و …هتد. ئەمە بە مانای چوونە سەری خێرای ئابورییە لە دوای پەتاکە، ئەمە هیچ دوور نییە، هاوشان لەگەڵ سرنجلێدانی پارەیەکی بێشوومار بۆ ئابوری لە لایەن دەوڵەتەوە.

با ڕاشکاوانە بین، هەندێکجار هەندێک لە هاوڕێیان ئایدیایەکی (ئەوپەڕی ڕەش-و-سپی) یان لەسەر ئەم پرسە هەیە. لە تێڕوانینی ئێمەدا، بووژاندنەوەی کاتیی شتێکی خراپ نابێت. پەتاکەو چوونەسەر بێکاریی چینی کرێکار تووسی شۆک کردووە و بووەتە هۆکاری جۆرێک لە ئیفلیجبوون، ئەمە ڕاستی‌یە. بەڵام هەتا بووژاندنەوەیەکی سادەو بچووکی چالاکی ئابوری کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەبێت لە دووبارە چالاککردنەوەی خەباتی ئابوری، کاتێک کرێکاران لە هەوڵی بەدەستخستنەوەی ئەوانەشدا ئەبن لە دەورانی ڕابردوودا دەستیان داوە.

با زۆر ڕاشکاوانە بین لەمبارەیەوە، بووژاندنەوەیەکی لەم چەشنە کاتیی و لە هەمان کاتیشدا ناجێگیر ئەبێت لەبەر ئەوەی دەستکردە و لەسەر بنەمایەکی نادروست پێکهاتووە. لە هەناویدا تۆوەکانی وێرانکاریی خۆی هەڵگئەگرێت، هەرچەندە زیاتر سەربکەوێت ئەوا داڕمانەکەی سەختتر و توندتر ئەبێت.

بەڵام هەروەک پێشتر وتم، پرسی ئابوری ئەوەندە لە تێڕوانینی ئێمەدا جێ‌ی بایەخە بەو ئەندازەیەی کاریگەری لە سەر هۆشیاری جەماوەر دائەنێت. ئا لێرەدا ئەمەوێت دان بەوەدا بنێم من بڕێک نیگەرانم دەربارەی ئەو ڕێگاکارەی هاوڕێیانێک پرسی تێڕوانینەکان ئەخەنە ڕوو. وا هەست ئەکەم هەندێک میکانیکی‌یە. هاوڕێیەک بابەتێک ئەنوسێت، لیستێکی سەرنجڕاکێشی ئامار دەربارەی برسیەتی، نەهامەتی، بێکاری، ..هتد، ڕیز ئەکات و ڕاستەوخۆ بەو دەرئەنجامە ئەگات: سەرمایەداری کۆتایی هاتووە، بژی شۆڕشی سۆسیالیستی!

هاوڕێیان، شتەکان بەو سادەیی‌یە نین، من ئەترسم ئەوە بڵێم لە دێدگای دیالەکتیکی‌یەوە ئەم میسۆدە بە تەواوی ڕەتکراوەیە. هەڵمەستە بە سرنجلێدانی دەرئەنجامێک لە بارودۆخێکدا کە ناتوانیت وا دابنێیت سەلمێندراوە. وا دامەنێ خەڵکانێک ئەم بابەتانەی ئێمە ئەخوێننەوە ڕازی بین لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەیانڵێین. دەرئەنجامەکان ئەبێت هەڵهێنجراوی لێکدانەوەکان بن، و ئەبێت لێکدانەوەی زۆر جدی بن.

ئەوەندە گران نییە پێناسەی قەیرانی سەرمایەداری بکەیت. ئەوەی ئاسان نییە، و پێویستە لەسەرمان بینای بکەین ئەوەیە چۆن ئەوە ڕوون بکەینەوە لە (A) ەوە بچین بۆ (B)، و ئەمە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. کێشەی سەرەکی نەبوونی فاکتەری زاتی‌یە. قەیرانەکە ڕاستی‌یەکە، و ڕاستیش ئەوەیە کرێکاران فێر ئەبن. بەڵام کاتیان ئەوێت- پرۆسەیەکی فێربوونە. جەماوەری خەڵک وێنەی هەمان دەرئەنجام ناکێشن لەبەر هۆکاری تیۆریی کە ساڵانێکە ئێمە پێ‌ی گەیشتووین، هەروەک لینین بەردەوام ئەیوت”ژیان فێرمان ئەکات”.

فێربوون لە کتێبی مەزنی ئەزموونەوە پرۆسەیەکی هێواش و ئازاربەخشە. گەر پارتێکی شۆڕشگێڕیی جەماوەریی وەک بولشەڤیکەکان هەبێت ئەوا پرۆسەکەش زۆر خێراتر ئەبێت. ڕێکخراوێک بە بوونی ئەندامانی تەواو کە ئامادە بن و لەگەڵ دەستڕۆیشتوویی تەواوی ڕێکخراو کە لە لایەن کرێکارانەوە گوێی لێبگیرێت.

لینین لە زمانی هیگلەوە ئەڵێت ڕاستی هەمیشە کۆنکریتە(ملموسە)، ئەو شتەی هەندێک جار ڕۆشنبیرە مارکسیستەکانیش لە یادی ئەکەن. هاوڕێیان پێویستە بە پتەوی و ڕوونی نیشانی بدەین چۆن لە (A)ەوە ئەچین بەرەو (B) و لە (B)ەوە بەرەوە (C) و لە (C)ەوە بەرەو (D) و(E)،و بەمجۆرە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە زنجیرەیەکی گونجاو لە داخوازی ڕاگوزەر کە بارودۆخی کارو ژیانی کرێکاران بپارێزێ و بارگرانی قەیرانەکە بخاتە ئەستۆی خاوەنکارەکان بخەینە ڕوو. پێویستە داخوازی گونجاو پێشکەش بکەین نەک تەنها بۆ کرێکارانی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی هێڵی پێشەوە بەڵکو بۆ هەموو کرێکاران، وپێبژێردراو لە لایەن خاوەنکارەکانەوە. ئەگەر خاوەنکارەکان ناتوانن ئەم داخوازیی‌یانە فەراهەم بکەن با دەفتەری هەژمارەکانیان بکەنەوەو ئەو بڕە پارە زۆرانەی شاردوویانەتەوە بخەنە ڕوو، لەگەڵ ئەو هەموو هاوکارییە دارایی‌یانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە پێیان دراوە.

تەنها بە شکستی خاوەنکارەکان لە دەستەبەرکردنی ئەم داخوازییانەیە کرێکاران پێداویستی گوێزانەوەی کۆمەڵگا ئەبینن.

کێشەی سەرەکی بریتی‌یە لە کێشەی ڕابەرایەتی. خولیای ڕق و توڕەیی جەماوەی خەڵک لە ڕێگای توێژە ڕابەرەکانی چینەکەوە ناتوانێت خۆی دەرببڕێت. ڕابەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان ڕێگری لە بزووتنەوەکە ئەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوان یان بە بێ ئەوان بزووتنەوەکە دەربازێک بۆ دەربڕین لە خۆی ئەدۆزێتەوە. لە ئیتالیا پارتێکی جەماوەیی نییە، بەڵام خولیای کرێکاران ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە توڕەیی زیاتر و لەدەستدانی ئارامی ئەکات. شکستی بەردەوامی حکومەت ئەبێتە هۆکاری تەقینەوەی خەباتی چینایەتی.

ئەم خولیایە نەک لە نێو پەرلەمان بەڵکو لەسەر شەقام خۆی دەرئەبڕێت. توێژی نوێ دێنە مەیدانی خەباتەوە. لە فەڕەنسا لەگەڵ هێلەک زەردەکان بینیمان، لە هیندوستان لەگەڵ جوتیاران، و بە شێوەیەکی سەیرئامێزیش لەگەڵ چوونە ناو کاپیتۆڵەوە بینیمان.

ئایا ئێستا دروشمی گونجاو لە هیندوستان چی‌یە؟ لە باری بابەتی‌یەوە، هەموو مەرجەکانی ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەری هەن. کێشەکە ئەوەیە ڕابەرە ستالینستەکان، وەک هەمیشە، قاچی خۆیان لێ ڕاکێشاوە. ئومێدلێبڕاوانە گەندەڵن، دژ بە شۆڕشن، بەڵام ئەبێت لەوە تێبگەیت کە ڕابەرانێکی زۆرترین گەندەڵ و دژە شۆڕشیش، ئەکرێت بخرێنە ژێر گوشاری چینی کرێکارەوە کاتێک دەست بە جوڵەو بزووتن ئەکات.

ئێستا ڕابەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان لە هیندوستان وتووێژ لەسەر بیرۆکەی مانگرتنی گشتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ئەکەن لە کاتێکدا هەڵوێستی ئێمە مانگرتنی گشتی کراوەیە. کەوایە چی بکەین؟ ئێمە ڕابەرانی بزووتنەوەکە نین لەوێ، بەڵکو ئەوانن، ئەبێت پێیان بڵێین:” زۆر باشە با مانگرتنی چوار ڕۆژە بەرپا بکەین بەلام کەمتر قسە بکەین و زیاتر کردار! سەرەتا: ڕۆژەکە دیاری بکەن، کەمپینێک ڕابگەیەنن لە هەموو کارگەکان، کۆبوونەوە گشتی‌یەکانی ناڕەزایەتی ساز بکەن، کۆمیتەکانی مانگرتن دامەزرێنن،هەموو جووتیاران، ژنان، گەنجان، بێکاران – هەموو چەوساوەکانی کۆمەڵگا بانگەواز بکەن و هەموو ئەم ئۆرگانانەی خەبات لە ئاستی نێوخۆیی و سەتاسەریدا پێکەوە گرێ بدەن. بە دەربڕینێکی تر شووراکان دامەزرێنن! ئەگەر ئەمانە ئەکرێن – ناتوانم بڵێم کە ئەکرێن-، مانگرتنی چوار ڕۆژە ئەگۆڕێت بە مانگرتنی گشتی چوار ڕۆژە، کە پرسی دەسەڵات دێنێتە پێشەوە. تەنها بە ڕێکخستنی جەماوەی خەڵک لە هیندوستان بۆ ئەم ئاستە، هیچ هێزێکی سەر زەوی ڕایان ناگرێت.

پێویستە ڕوونکردنەوەکانم کۆ بکەمەوە بەڵام خاڵێک هەیە پێویستە لێ‌ی تێبگەین: ئەم قەیرانە درێژماوەیە و درێژەش ئەکێشێ. ماوەی چەند ساڵ و تەنانەت لەوانەیە چەند دەیەش بخایەنێت، لەگەڵ هەڵچوون و داچووندا. بەهۆی نەبوونی فاکتەری زانی‌یەوە درێژەش ئەکێشێت.

هەرچەندە، ئەمە تەنها ڕوویەکی دراوەکەیە. ئەو ڕاستی‌یەی کە درێژماوە ئەبێ و درێژە ئەکێشێت بە مانای ئەوە ناگەیەنێت توندوتیژییەکی کەمتر لە خۆ بگرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە. ڕووانگەی ئێستا بریتی‌یە لە گۆڕانی خێراو یەکجار تیژ. ئەو پرۆسانەی چەندین ساڵیان لە ڕابردوودا بۆ چوونە پێشەوەیان ئەخایاند، لەوانەیە ئێستا لە شەوو ڕۆژێکدا ڕوو بدەن و چەندین پرسی جدی بخەنە بەردەمی ئێمە. پێویستە ئێمە ئامادەساز بین،هاورێیان!  ساڵی ٢٠٢١ وەک هیچ ساڵێکی تر نابێت، چینی کرێکار چووەتە فێرگەیەکی یەکجار سەخت و دژوارەوە، دووچاری زۆرێک لە شکست و پاشەکشە ئەبێت، بەڵام هەر لەم فێرگەیەوە کرێکاران وانە پێویستەکانی خۆیان هەڵئەهێنجن.

ڕابەرانی (TU) بە تەواویی دابڕاون لە توانایی هەلومەرجی ئێستا – ڕەنگدانەوەی ڕۆژانی ڕابردوون، ئەو ڕۆژانەی ژیانێکی سادەیان لەگەڵ خاوەنکارەکان هەبوو و لە توانایاندا بوو چەند داخوازی سادەو بچوکی کرێکاران جێبەجێ بکەن، ئێستا شتەکان تەواو جیاوازترن و ئەبێت بۆ هەر داخوازییەک شەڕ بکەن، و کرێکاران خۆیان لە هەلومەرجێکی بەرگە نەگیراودا ئەبیینەوە کە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەو پەڕی مەترسیدایە.

یەکێتی‌یە کرێکارییەکان لە ڕێڕەوی خەباتدا ئاوڵوگۆڕیان بەسەردێت. یەک دوای یەک. ڕابەرانی باڵی ڕاستڕەوە کۆنەکان ئەمرن یان خانەنشین ئەبن، یان جێگایان بە کەسانی تر ئەگیرێتەوە. نەوەیەکی نوێ‌ی گەنجانی شەڕکەری چینایەتی دەستیان کردووە بە بەرەنگاریی ڕابەرایەتی. شانۆکە بۆ گۆڕینی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان بە ڕێکخراوەکانی خەبات ئامادەن.

تەنانەت زۆرترین یەکێتی کرێکاریی دواکەوتووانە و بێ کاریگەری (TU) پەل ئەکێشرێنە ئەم خەباتەوە، و پێویستە لەسەر مارکسیستەکان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بن، کە سەرکەوتنی یەکجاریی شۆڕشی سۆسیالیستی پشتبەستووە پێ‌ی. دیالەکتیک پێمان ئەڵێت: ئەکرێت شتەکان بە دژەکانیان بگۆڕدرێن،و ئەبێت ئێمەش ئامادەی ئەمە بین.

ئێمە خاوەنی ئایدیا، میسۆدو دێدگای دروستین. ئەرکی ئێمە لە ئێستادا ئاڵوگۆڕپێکردنیەتی بەرەو گەشەو نەشونماکردنی، بۆ دامەزراندنی سوپایەکی بەهێزی شۆڕشگێڕانە لە کادرەکان، کە توانای ڕابەریی سوپای شۆڕشگێڕیان هەبێت، کە توانای ڕابەریی چینی کرێکاریان هەبێت ڕووەو خەباتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات.

هیچ شتێکی زیاتر لەم ئەرکە لە ژیانی ئێمەدا گرنگتر نییە و بە دڵنیایی‌یەوە پێکەوە ئەتوانین پێ‌ی بگەین.

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*