دەربارەی ئێمە

ئەڵتەرناتیڤی سؤسیالیستی، بڵندگۆیەکی سیاسی سۆسیالیستی ئەلەکترۆنییە، لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیەوە ڕەخنەی ڕیشەیی دەگرێت لە نیزامی سەرمایەداری باڵادەست و سەرجەم ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەو نیزامە هێناویەتیە بوون، وە خەبات و تێکۆشان ئەکات لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوساندنەوە.

پێگەی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لێبڕاوانە و سەرسەختانە بانگەشەیەکی مارکسیستی فراوان بخاتە گەڕ دژ بە نیزامی کاری کرێگرتە و خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژووازی، دژ بە نیزامێک کە دامەزراوە لەسەر هەڵمژينى توانایی و ووزەی کرێکاران و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و دزینی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا لەڕێی دەستەبەرکردنی زیادەبایی هێزی کاری کۆمەڵایەتییەوە. وەگشت سەرخان و سەرجەم دامەزراوە مافگەرییەکان و ناوەندەکان و دەزگاکانی سەرکوت و چەوساندنەوەی وەک دەزگاکانی پۆلیس، سوپا، و دەزگا سیخورییەکان …هتد، کەلە پێداویستییەکانی خودی نیزامی سەرمایەداریی چەوسێنەرانەن، جێگای ڕەخنەی توندی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستین.

ڕه‌خنه‌گرتنی سیاسی هەمەگیر و شیکردنەوەی ڕوداوە هەنوکەیی و ڕۆژانەکان و ‌ دیاردەو دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازیی، وە خستنەڕووی ئەو ڕیشە مادیی و کۆمەڵایەتیانەی کە سروشتی ئەم سیستەمەیە، و لەسەر چەوساندنەوە و زوڵم و جیاکاری کۆمەڵایەتی دامەزراوە، بە یەکێک لە ئەرکە گرنگە بێدرێغییەکانی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی دائەنێێن و لاپەڕە و بەشی خۆی بۆ تەرخان ئەکەین.

 ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی كار ده‌كات له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له‌ هه‌موو ئەو بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆجیا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناكۆمۆنیستيیه‌ باوا‌نەی کە لە نێو ڕیزه‌كانی چینی كرێكاری كوردستان و عێراق و جیهاندا بوونیان هەیە، و بوونه‌ته‌ هۆکاری په‌رژوبڵاویی ڕیزیی چینایەتی و نیونەتەوەیی پرۆلیتاریا، و ڕێگرن لە به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كرێكاریی، و بوونەتە قورسایی سەرشانی تێکۆشەرانی ئەو چینە و بزوتنەوەی کرێکاری.

ئەڵتەرنەتیڤی سۆسیالیستی، ئەو ڕەوت و پارتە چەپانەی کە ناوی کۆمۆنیزم و سۆسیالیستیان لەخۆیان ناوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مارکسیستن و لە پارتەکانی چەپی سونەتین (تەقلیدی) و ریفۆرمخواز و غەیرە کرێکاری و لێکجیاکان، دا ئەنێت بە پارتی ڕاستڕەو و لە ناوەرۆکدا دوژمنی کرێکاران و کۆمۆنیزم.

تێکۆشانی لێبڕاوانەی چینی کرێکار بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی، و کارکردن بۆ چنگکەوتنی مافە مەدەنیی و کۆمەڵایەتییەکان و ئازادییە سیاسییەکان، دائەنێین بە پێکهێنەری یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی خەباتی چینی کرێکار و پێشڕەوە کۆمۆنیستەکانی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، کە ئەویش کۆتایهێنانە بە تەواوی نیزامی خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازیی. بڵاوکردنەوەی ئەزموونەکانی خەباتی چینی کرێکار و بیروبۆچون و ئەزمونەکانی ڕابەرانی کرێکاریی و هەوڵدان بۆ چارەسەر دۆزینەوەی یەکنەگرتنی پرۆلیتاریا لە ڕیزێکی یەکگرتو و سەربەخۆی چینایەتیدا، بە یەکێکی تر لە گرنگترین کارەکانی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی دا ئەنێین .

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی تێئەکۆشێت بۆ بەرگریکردنی لێبڕاوانە لە ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکان و لە وانەش ئازادیی ڕێکخراوبوون، و یەکسانی تەواوەتی و بێ کۆت و بەندی هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو ، و خەباتی سەرسەختانە ئەکات لە دژی ڕەگەزپەرەستی و جیاکاری ڕەگەزیی و دینی و تایەفەگەرێتی، و بەرگریکردنی ڕەها لە مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان تا ڕادەی جیابوونەوە، و لە نێویشیاندا مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنوسی تا ڕادەی جیابوونەوە. خەباتیش ئەکات لە پێناو پاراستنی مافەکانی مناڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، و تێئەکۆشێت لە پێناو و پارێزگاریکردن لە ژینگە لە کاولکاری کە بەهۆی بوونی نیزامی سەرمایەداریەوە خەریکە وێران ئەکرێت، و پارێزگاری ئەکات لە مافی گیان لەبەر و بەهێزکردن و پشتیوانیکردنی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانەی کە دژایەتی جەنگ وکاولکاری، و بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و ئیبادەکردن ئەکەن.

بەهێزکردن و پارێزگاریکردن لەو خەبات و تێکۆشانە ئابوری و سیاسییە ڕۆژانە و هەنوکەییانە، و بەدەستهێنانی فراوانترین ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری پێویست بۆ بەرەوپێشچون وگەشەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئەرکمانە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، کە خۆی ئەبینێتەوە لە کۆتایهێنان بە نیزامی کاری کرێگرتە.

هاوخەباتی و هاوپشتی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ڕێچکەی تێکۆشانێکی نێونەتەوەیدا، و بەهێزکردنی بزووتنەوەی نێونەتەوەیی پرۆلیتاریا دائەنێین بەیەکێک لە گرنگترین دەرەچە زیندو و بناغەییەکانی بەرەوپێشچون و گەشەی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی، و ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی وا خۆی ئەبینێتەوە کە پەیوەستە بە هێنانەدییەوە .

ئێمە گشت خەباتکارانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و تێکۆشەران و ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری، بانگەشە ئەکەین بۆ بەشداریکردن و گردبونەوە لە دەوری ئەم پرۆژە سیاسییە تێکۆشەر و خەباتگێڕە و دەسپێشخەری بکەن لە بەرەوپێشبردن وگەشەپێدانی ئەم بڵندگۆیە و بیکەنە بڵندگۆیەکی خەباتکارانە و بەتوانا لە ڕەخنەی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی سەرمایەداریی، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە، کردنی بە ئامرازیی خەباتکارانەی ڕێکخراوبون و ڕێکخستنی ڕیزەکانی چینی کرێکار.