دیدگای “ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی” دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان

دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان

دیدگای “ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی”

1. هەموو ژمارە و داتاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڵاوبونەوەی پەتای-كیشوەربڕی کۆرۆنا  لە عێراق و کوردستاندا پێی ناوەتە قۆناغێکی ترسناک و مەترسیدارەوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڕایگەیاند کە عێراق هەنگاو بۆ قۆناغێکی سەخت و دژوار دەنێت لە ڕوبەڕوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا. ژمارەی تووشبووانیش ڕۆژانە دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە و کۆی تووشبووانیش پەنجا هەزاری تێپەڕاندووە و گیان لەدەستدانیش زیاتر لە ١٧٩٠ کەسە بە پێی ئامارە فەرمییەکان (لەكاتێكدا، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر لەسەرو ئەم ژمارانەوەن کە تا ئێستا بەفەرمی ڕاگەیەنراون).

2. دەسەڵاتدارێتیی سیاسی و ڕژێمی حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بریتین لە ڕژێم و دەسەڵاتێكی سیاسیی بۆرژوازیی بۆگەنکردوو كە بەرجەستەبوونی سیاسیی دەسەڵاتە بۆرژوازی و قەومی و دینییەکانمان پیشان دەدات. پیادەكردنی ئەو سیاسەتە ئابورییانەی کە تاكو ئێستا و بە درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، دەسەڵات پیادەی کردوون، (بە ٢٩ساڵ لە دەساڵاتدارێتیی پارتە بۆرژوا-ناسیونالیستە کوردییەکانیشەوە)، هیچیتر نەبووە جگە لە سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردن و خۆدزینەوە لە هەموو بەرپرسیارێتییەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها هەوڵدانیان بۆ بەتایبەتیکردنی کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک تەندروستی و بەرهەمهێنان و پەروەردە و خوێندنی باڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیكە كە ئامانج لەمە بە تەنگەوەچوون و وەڵامدانەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم بووە لەسەر ئاستی جیهانی و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە لە عێراق و ناوچەکەدا.

3. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دەگمەنیدا لە کەرەستەی سەرەتایی بۆ خۆپاراستنی تەندروستی وەک (دەستکێش، دەمامک، و مەوادی پاکژکەرەوە ..هتد)، دیاردەی قۆرخکردن و شاردنەوە و خەزنکردنی کەرەستەکان و بە قاچاخ هێنان و بردنی كەرەستەی پزیشكی سەریانهەڵدا و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو کاڵاکان و کەرەستەکانی خۆپاراستن و پاشماوە ڕوخێنەرەکانی لەسەر چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بەدوای خۆیداهێنا بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی کە داهاتێکی سنورداریان هەیە. واقعێكی ناهەمواری لەم شێوەیە و لە كاتێكی وادا بۆ سەر ژیانی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا، بووە بە واقعێكی نكۆڵیلێنەكراو و حاشاهەڵنەگر.

4. دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای باڵادەست، لە دوتوێی سیاسەتی پشتگوێخستن و هەڵخەڵەتاندن و فریوداندا، تەنیا ڕێگاچارەیان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووان و قوربانیان بریتی بوو لە دورکەوتنەوە و جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵک. هەروەها ملیۆنان خەڵکیان بەبێ دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان و پێویستییەكانی ژیان و گوزەران بەجێهێشت بۆ ڕوبوڕوبوونەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیدار، لەکاتێکدا کە خەڵک هیچ کار و سەرچاوەیەكی دیكەی دابینکردنی پێداویستییەكانی كار و ژیانیان لەدەستدا نییە. هەموو ئەمانەلە سایە و بە تەنیشتی شکست و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و لاوازیی سیستەمی تەندروستی و کەمیی نەخۆشخانەی حکومی و گشتی و نەبوونی قەرەوێڵە و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و بوتڵی ئۆکسجین و زۆر كەموكورتی دیكەدا، ڕوویاندا.

5. لە میانی ئەوەشدا، كارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەكی گشتی بوون بە قوربانیی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە.کەرتی تەندروستی نەک هەر لە عێراق و کوردستاندا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە سەنگەری پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی جەنگی كۆرۆنادا بوون. کارمەندانی تەندروستی لە عێراق و کوردستاندا خراپتر لە هاوپیشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا دەناڵێنن بەدەست ئاسەوارەکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم و بەتایبەتیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کەرتی تەندروستیی گشتی و بێدەربەستیی دەسەڵاتە بورژوازییە فەرمانڕەواکان لە دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە تەندروستی و چارەسەركارییەكاندا. سەرباری بێکاربوونی کرێکاران و كارمەندانی تەندروستی و بڕین و کەمکردنەوەی موچە و دەرماڵەكانیان لە لایەکەوە، كەچی لەلایەكی تریشەوە توشبوونی كارمەندانی پزیشكی بووە بە مەترسییەكی سەرەكی لەناویاندا هەم لە ئاستی عێراق و كوردستان و هەمیش لە جیهاندا. کارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەكی بوێرانە  و بەهێز و لێبوردەییەوە کەوتنە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم سیاسەتە بێ ویژدانانە و پێشتریش لە زۆربەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەکاتی دەستپێکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە عێراقدا لە سەنگەری بێبەشان و هەژاراندا ڕاوەستان، هەروەك لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری 2019ی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی خۆبەخشانە و دامەزراندنی ناوەند و خێمەی پزیشکییەوە، توانییان ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن ( لە جیهانیشدا کارمەندانی تەندروستی ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان گێڕا لە پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا،  هەر لە بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانی فەڕەنساوە بگرە تا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تری ئەوروپا و جیهان). ئەمەش پێمان دەڵێت بە شێكی زۆر لە كارمەندانی تەندروستی، بە پێچەاونەی دەسەڵاتەوە، خەڵكیان جێنەهێشت لە كاتێكدا قوربانییەكی زۆریان داوە. بۆیە پاراستنی كارمەندە پزیشکییەکان لە پەتاکە و کەمکردنەوەی تووشبون لەناویاندا بە دابینکردنی پێداویستییە خۆپارێزییەکان لە جۆری دەستکێش و کەمامە و جلوبەرگ و مەوادی پاکژکەرەوە و ئۆکسجین و…هتد، و کۆنترۆڵکردنی هەموو کۆگاکانی نەخۆشخانە تایبەتەکان و نەهێشتنی حاڵەتی  شەكەتبوونی كارمەندان و ماندوێتیی دەرونی و جەستەییان، ئەویش لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی کارمەندانی پزیشکییەوە، ئەمە لە لایەک، و لە لایەکی تریشەوە ڕێگریكردن لە دەستپێوەردانی حزب و میلیشیا لە كاروباری كارمەندانی پزیشكیدا و کۆتایهێنان بە هەر هەوڵێكی نەشیاو و جنێودان و سەركۆنەكردنیان، هەروەها دابینکردنی موچە و هەر ئیمتیازاتێکی پێویست، بە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی تێکۆشانی کارمەندانی کەرتی تەندروستی ئەمڕۆ دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خۆ-ڕێكخستنی ڕیزەکانی کارمەندانی تەندروستی لە بزووتنەوەیەکی خەباتکارانەی فراواندا پێویستییەكی هەنوكەییە و ئیمکانی هەیە.

 6. ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییەی کە دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئاوێنەی یەکێک لە بەهێزترین بازنەکانی قەیرانی ئابوریی جیهانییە لە ناوچەکەدا. بۆرژوازیی لۆکاڵ “ناوخۆ” نەک هەر بێ ئاسۆیە لە ڕزگاركرنی کۆمەڵگە لەو داڕمانەی تێیکەوتووە، بەڵکو دیاردەی گەندەڵی و ململانێی کوتلە بۆرژوازییە قەومی و دینیی و تائیفییەکان ئەوەی زۆر بە ڕوونی دەرخستووە کە چ گۆڕانکارییەک ڕویداوە لە بەرەی بۆرژوازی فەرمانڕەوادا. قەیرانی پێکهێنانی حکومەت و سیستەمی پشك-پشكێنە، و داڕمانی نرخی نەوت و دیاریکردنی بڕ و قەبارەی وەبەرهێنانی نەوت، دابینکردنی شتومەکی ڕۆژانە، قەیرانی ناوەند و هەرێم و قەیرانی موچە و حەقدەستەکان، فێرکردن و شوێنی نیشتەجێبون، لە کۆتایشدا قەیرانی سەروەریی خاک و دەستێوەردانی سیاسی و سەربازیی دەرەکی و دەوڵەتانی دراوسێ، پێكڕا بوونە بە دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە جیهانی-ناوچەیی-ناوخۆییە.

7. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و فراونبوونی تا ئاستی هەموو تویژە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو چینە مامناوەندانەی کە كەوتوونەتە ناو پرۆلیتاریا و پێوەی پەیوەستبوون، لە لایەک، و لەلایەکی تریشەوە تێکشکانی سیاسەتی پارتە قەومی و دینییەکان لە سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاشکرابوونی گشت فێڵ و بەلاڕێدابردنەکانی ئەم هێز و پارتانە، گەشتووە بەوەی كە کەلێنی نێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵات و پارتەکان تادێت فراوانتر بكاتەوە.

8. بێتوانایی دەسەڵات بە دەست دابینکردنی داواکارییەکانی جەماوەرەوە، بووە بە حەقیقەتێکی درەوشاوە لە دیمەنە سیاسییەکانی عێراقدا کە ناتوانن هەروا بە ئاسان پەردەی بەسەردا دابدەنەوە و لە بیری خەڵكی ناڕازی بەرنەوە. هەروەها چەکەکانی دەسەڵاتیش لە جۆری بەلاڕێدابردن و کەنارخستن و بەڵێندانی درۆ، بوونە بە چەکگەلێكی کۆن و بێزراو و بێتوانا لە ڕازیکردنی جەماوەری خەڵكدا.

9. دەرکەوتنی ناڕەزایەتی لێرەولەوێ لەناو ڕیزەکانی هێزە چەکدارە کوردییەکان (پێشمەرگە)  و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆدا، وایکردووە کە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاسان نەبێت و بێهودە بێت؛ كە ئەمەش دوای دەرکەوتن و شکست و پوچەڵبوونەوەی پەنابردن دێت بۆ ئامڕازەكانی درۆ و بەلاڕێدابردن و فریودان لە دژی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

10. بە دڵنیاییەوە، ئەم قەیرانە ئابورییە جیهانی و لۆکاڵییەی سیستەمی سەرمایەداری دەبێتە هۆی هەژارییەکی تووندی ملیۆنی و بێکارکردنی سەدان هەزار کرێکار و بەکاربەران و داخستنی هەزارەها کارگە و شوێنكار و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و تەندروستی و فێرکردن و بە دڵنیایشەوە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری.

11. بەیەکداچوونی قەیرانی ئابوریی نیزامی سەرمایەداری و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و سەپاندنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی وەک تەنیا ئامڕازی دەسەڵاتی باڵادەست بەبێ دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و گوزەرانییەکان بۆ جەماوەری پرۆلیتاریای عێراق لە ناوەند و هەرێمدا، توڕەیی توندی چینە ماف-پێشێڵکراوەکان بۆ سەر سیستەمی ئێستا زیاتر و زیاتر دەکات و لە فراوانبوونەكەشیدا بەش و توێژی کۆمەڵایەتی دیكە دێنێتە تەنیشتی خۆی.

12. خەباتکردن دژی بەڵای کۆرۆنا و ڕێگریكردن لە مەترسییەکانی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە کاریگەری و گرفتەکانی بە یەکێک لە پایەکانی خەباتی سۆسیالیستیی پرۆلیاتاریای عێراق ئەژمار دەکرێت. جەنگی دژی کۆرۆنا جیاناکرێتەوە لە جەنگی چینایەتیمان لە دژی دەسەڵاتدارییەتی بۆرژوازیی گەندەڵ و ڕژێمی زاڵ. هەربۆیە ئێستا خەبات لە پێناو کۆتایهێنان بە سیستەمی کۆمەڵایەتیی باڵادەست، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاگانی ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی.

13. لەبەر ڕۆشنایی ئەو دیدگایانەی پێشکەشکران، کۆمەڵگە لە بەردەم دوو ڕێگادایە: یان کۆمەڵگا بە شێوەیەکی تەواوەتی دادەڕمێت و ناڕەزایەتیی جەماوەریی فراوانی خەڵك و نا-ڕێکخراوی لێدەكەوێتەوە، و شێوەی وێرانکەر و بشێویئاسا “فەوزەویانە” وەردەگرێت و گروپی مشەخۆری چەکدار و عەسابەی ڕێکخراوی پارت و هێزە عەشایەری و تایەفییەكان و هۆزەکان سودی لێدەبینن و دەست دەکەن بە دزی و تاڵانی و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە و شتومەکی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا دەیقۆزنەوە. یان جەماوەری ناڕازی سود وەردەگرێت لە ئەزموونەکانی ساڵی ١٩٩١ و ساڵانی دوای ئەو (٢٠٠٨، ٢٠١٤و ٢٠١٦ و لەم دواییانەشدا ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٩)، و سود وەردەگرن لە خۆڕێکخراوکردن و لەدایكبوونی نوێنەرانی خۆیان و وەدەرنانی کاریگەری و ئاسۆی چینە باڵادەستەکان و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئاواتی مرۆڤایەتی لە ڕزگاربوون و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.

14. ئەرکەكانی بزووتنەوەی پرۆلیتاریای سۆسیالیست و خەباتکارانی، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی سەرەوە و بەتایبەتی خاڵی پێشودا، ڕۆڵببینن و “دەربکەون”. کارکردن بە ئاڕاستەی گەشەپێدانی خەباتی جەماوەری و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و دابینکردنی دیدگا و ئاسۆی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەکە و توندوتۆڵكردنی بونیاد و بنەماکانی کاری دیموکراتیكی پرۆلیتاریی شۆڕشگێڕانەی ئەم ناڕەزایەتییانە و دۆزینەوەی شکڵ و شێوەی ڕێکخراوبوون و خەباتکارانەی گونجاو بۆ گەشەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، بە یەكێك لە ئەرکەکانی سۆسیالیستییەکان و پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ دادەنرێت. سەرەڕای ئەوەی خەبات لە پێناو چاکسازیی سیاسی و ئابوریدا بریتییە لە پاشەکشە و ملکەچکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان. بە مانایەكیتر، هەر هەوڵێك بۆ چاكسازی (ئەگەر بچوكیش بێت) بە تایبەت لە ساتێكی وەك ئێستادا هیچ نییە جگە لە خەیاڵپڵاوی و لەبیركردنی ئەركە خەباتكارانەكانی بزووتنەوەی ناڕازی؛ یاخود ئاماژەكردن بە چاكسازی بریتییە لە هەوڵ و بەردەوامێتیدان بەو دۆخەی كە ئێستا بوونی هەیە. بۆیە بچووكردنەوە و سنورداكردنی هەموو تراژیدیاكانی ئێستا بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی هیچ نییە جگە لە خەنجەردان لە ئارەزوو و خواستەكانی چینە بێبەشەكان و خەباتەكەیان بۆ كۆتاییهێنان بە دۆخی هەنوكەیی.

هەروەها بانگەواز بۆ چەکداربوونی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئامادەی بزووتنەوەکە و هێزی ڕێکخراو و ڕوونێتی لە تێڕوانین و بەرنامەی خەباتکارانەی بزووتنەوەی ناڕازیدا، هانی بزووتنەوەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەک دەدات کە پێشوەختە ئامادەکاری لە خەباتدا وەک پێویست بۆ نەکراوە. لەمەوپێش جەختمان کردەوە لەسەر ئاشتیخوازێتی “هێمنێتی” ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە بارەی کێشنەکردنی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازیی نابەرابەر کە لەپێشدا  ئامادەکاریی بۆ نەکراوە و بڕواشمان وایە کە پارێزگاریکردن لە لاوانی ڕاپەڕین و جوڵانەوەکە و پاراستنیان لە میلیشیا و دادەستەكانیان کە دزەیان کردوووەتە ناوەوە، نەک هەر پێویستە، بەڵکو کار دەکاتە سەر بەهێزکردنی جوڵانەوەکە و گەشەسەندنی. ئەم پاراستن و پارێزگاریکردنە زۆر پێویستە کە پێشتر لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری بێبەشەوە دابینکرابێت و بەڕادەیەک  ئامادەکاریی کۆمەڵایەتی بۆ کرابێت.

ئێمە پێمانوایە کە بەرزکردنەوەی ئاگایی چینایەتیی شۆڕشگێڕانە بەپێی ئاسۆیەک کە مارکس و دۆزی دیالەکتیکیی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا و توێژە کۆمەڵایەتییە بێبەشکراوەکانی تر و دەستگرتن بە ڕێچاری سۆسیالیستی بۆ گۆڕانکاری و شۆڕش و ڕێچاری هەموو توێژە کۆمەڵایەتییە بێبەشەکان، واقیعییە و ئیمكانی هەیە لەپێناو ڕاماڵینی هەموو نەهامەتی و بشێوییەكانی بۆرژوازی و چینە باڵادەستەکان و وەلانانی وەهم و باوەڕی دینی و قەومی و ڕیفۆرمخوازیی شەرمنۆکانەدا.

 

بڕوانە دیدگای ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە زمانی کوردی – pdf

بڕوانە دیدگای ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە زمانی عەرەبی

بڕوانە دیدگای ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە زمانی ئینگلیزی

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*