تیشک خستنە سەر دڕندەییەکانی سەرمایەداریی لە لیبیا

ڕەوتی نێونەتەوەیی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد ٢٢ی جونی ٢٠٢٠

لیبیا هەر لە ساڵی ٢٠١١ ەوە پاش ڕووخانی موعەمەر قەزافی کە بۆماوەی نزیک بە چل ساڵ بە ئاگروئاسن وڵاتەکەی بەڕێوە ئەبرد لە لایەن هاوپەیمانەکانی ناتۆوە( فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکاوە) بووەتە جێبایەخ و سەرنجدانی میدیا جیهانییەکان.

“لیبیای بەدبەخت هەر بە دوای جەنگی فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە بووەتە بەهەشتی تیرۆریستەکانی داعش و قاعیدە ، هەر ئێستا نوقمی جەنگێکی ناوخۆییە.  بازرگانیکردن بە چەک ، مەوادی بێهۆشکەر، کۆچکردووان کە زۆربەی کات لە لایەن جیهادییەکانەوە پەلاماریان ئەدرێت،هەموو پێشبینیکراوبوون و هەموویان پێکەوە  شەریکەکانی بزنسن لەو ولاتەدا.” [١]

هەر پاش کۆتایی هاتنی”بەهاری عەرەبی” لە لیبیا، کە ژمارەیەک خەڵکی ئەو وڵاتە دژبە ڕژێمە گەندەڵ و خوێناوییەکەی قەزافی ڕاپەڕین، هێزە ڕۆژئاواییەکان( لە ژێر ناوی پارێزگاریکردنی مرۆڤ و خەڵکی مەدەنی ئەو وڵاتە) کە بە توندی لە سایەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەیدا ئەچەوسێنرانەوە، جەنگیان بەسەر سەرکردەی لیبیا ڕاگەیاند. پاش لەناوبردنی دڕندانەی ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی بەهۆی بۆمباران و پەلاماردانەکانی سەر قەزافی، وڵاتەکەیان تەسلیم بە چەند گروپی خوێناوی کرد کە تا ئێستاش لە جەنگدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی لەناوچووی لیبیا.

لەنێوان دەیان گروپ و میلیشیای وڵاتەکە، دوو باڵی گەورەی گرنگ تیایاندا هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەدەن کە بریتین لە حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی (GNA) کە لە تریپۆلییە و لە لایەن فائیز السراج نوێنەرایەتی ئەکرێت و دووەمیشیان سوپای نیشتمانی لیبیایە (LNA) کە لە بنغازییەو لە لایەن خەلیفە حەفتەرەوە نوێنەرایتی ئەکرێت و دەسەڵاتی بەسەر ناوچەی بەرقەدا هەیە. هەردوو ئەم باڵە چەتەیە لە لایەن ژمارەیەک خەڵکی ناوچەکانەوە پشتگیرییان لێئەکرێت، و هەریەک لە قرشە ئیمپریالیستیەکانیش بە پلەیەک کەمتر یان زیاتر بە کراوەیی پشتگیرییان بۆ نیشان ئەدەن.

لە جەرگەی هۆزەکاندا کە لیبیا تیایدا بووە بە شاری دەوڵەتانی تر، کرملین لە هەمان کامپی (بەرەی) ئیماراتی عەرەبی، سعودیەو میسرو …فەڕەنسایە، لە کاتێکدا کە ئیتالیا، قەتەر،و لەسەروو هەموشیانەوە تورکیا سەرسەختانە پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتەکەی فائیز السراج دەربڕیوە. شێوازی پشتگیریکردنەکان هەمەچەشنەن ڕوسیا بە ترێلەی گەورە دیناری لیبی بۆ پارێزگاریکردن لێ‌ی چاپ ئەکات. لە کاتێکدا کە ڕکابەرەکەیان دەستی گرتووە بە سەر بانکی ناوەندی لیبیادا، لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕپێکردنی بەرامبەر بە نەوت. لەم جەنگە ناکۆتایەدا. کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی و چینی بە بەهای دوو ملیۆن دۆلاری لە لایەن ئەو میلیشیایانەی کە تیشێرت و جلوبەرگی جینز و فەرمییان لەبەردایە بەر تەقە ئەدرێن، کرملین هەموو یارییەکی تێدا ئەنجام ئەدات جگە لە گێڕانەوەی ئارامی و جێگیری نەبێت تیایدا، بەڵام ئەوانەی کە لەدەرەوەی یەکێتی ئەفریکان تا ڕادەیەک لەم پرسەدا کەنارخراون، ئایا بەڕاستی ئەیانەوێت کە لیبیا لەم گێژاوە ڕزگاری بێت؟ [٢]

لەسەر پەڕە هەردوو گروپەکە بە فەرمی لەسەر خاکی لیبیا بەرەوڕووی یەک ئەبنەوە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە هەریەکەیان دەسەڵاتی بەسەر خۆیدا هەیە.

ئەم دیمەنە بەربەریەی هەڵوێستی مەترسیدارو دووڕوویی زلهێزەکان کە هەریەکەیان ڕیاکارانە بە دوو لایەنە کار ئەکەن جارێکی تر لە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی نێو لیبیا ئەو بارودۆخە تەمومژارویەی پشت پەردە نیشان ئەدەن کە هەندێک لە زلهێزە ناوچەیی و جیهانیەکان ئەیانوسیت بە شاراوەیی بیهێڵنەوە[٣] بۆ نمونە وەک حکومەتی فەڕەنسا کاتێک دەرکەوت بە نهێنی لە هەوڵی دابینکردنی ساروخدا missiles بووە بۆ هێزەکانی مارشاڵ حەفتەر لە کاتێکدا ڕایگەیاندووە کە ” بوونی فەڕەنسا لە لیبیا بۆ  ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریزمە” .

بەڵام بۆ سەروەرانی(لۆرد) هەردوو بەرەی جەنگ لە لیبیا، ئامانجی هەردووکیان بە ئەندازەی یەک فریودەرانەیە” لە بەرامبەر یەکدا ئەوەستنەوە و هیچکامیان دان بە هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا نانێن. بە زمانی زبرو توند لە بەرامبەر یەکترو لە ژێر ناوی (شۆڕش و دژە تیرۆریزم) سەنگەریان گرتووە، بەڵام هیچیان ناتوانن کاراکتەری ڕوون و ئاشکرای ئەو ناکۆکی و کێبڕكێیەی هەردوولا بۆ دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانی لیبیا کە لە نەوتدا چڕبووەتەوە بشارنەوە. سەرباری هەموو ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانەی کە بە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١دا سەریانهەڵدا هێشتا نەوتی لیبیا بەردەوامە لە دابینکردنی داهاتێک بە بڕی ٧٠ ملیۆن دۆلار( ٦٢،٥ ملیۆن یورۆ) لە ڕۆژێکدا. هەروەها بەڕێوەبردنی تۆڕی دابەشکردن بۆ داهاتی نەوت ڕۆڵی زیاتری هەیە لە توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان[٤]

ئەمە ڕوویەکی تری ناکۆکییەکانە کە هیچکام لە سەکردەکانی سەرمایەداری لە وتەکانیاندا ئاماژەی پێنادەن. ئەم پێشبڕکێیە بۆ دەستکەوتنی سامانی نەوت، کە بەدوای پشێوییەکانی ساڵی ٢٠١١دا سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆری لە باندە چەتە گەورە و بچوکەکانی لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا لەسەر خاکی لیبیا لە بەرامبەر یەکدا ڕاگرتووە.

تورکیا و ڕوسیا وەک دوو هاوڕێ مشتومڕی توند لەسەر کۆنترۆڵکردنی لیبیا ئەکەن

 هێشتا ڕازی نین بەو ئابڕووچوونە خوێناوییانەی کە لە سوریا ئەنجامیان داوە. ڕوسیا و تورکیا بوونی خۆیان بە ئامانجی دیاریکراو لە ڕاماڵینی مافیا ڕکەبەرەکانیان لە لیبیا خۆیان ئەسەپێنن:

لە کاتێکدا کە کوشت وبڕین دەروبەری تەرابولسی پایتەخت وێران ئەکات لە ساڵی ٢٠١٩، ڕاستەوخۆ روسیا و تورکیا وەک دوو ئاکتەری نوێ و وەک بەشێک لە چارەسەری سیاسی داهاتووی ئەو وڵاتە خۆیان ئەسەپێنن. دیمەنی پێکهاتنی ئەم ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدا ڕەنگ ئەداتەوە : لە چاوپێکەوتنی  ٨ی جەنیوەری لە نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و سەرۆکی ڕوسیا فلادیمیر پوتین. لەو ڕۆژەدا ڕووکەشانە هاوکاریکردنی خۆیان بۆ یەکتر راگەیاند لە کاتی ڕاگەیاندنی کردنەوەی هێڵی تورک ، کە هێڵێکی غازە لە دەریای ڕەشەوە ڕوسیا بە تورکیاوە ئەبەستێتەوە. لەوەش گرنگتر هەردوولایان بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ ئاگربەست لە لیبیا لە ١٢ی جەنیوەری ڕاگەیاند، وەک ئاماژەدانێک بە زیادبوونی نفوزی قەڵەمرەوی هەردووکیان لەسەر خاکی لیبیا کە تا ئەو کاتە لێ‌ی دابڕاوبوون. لە لایەن هاوپەیمانە نێوخۆییەکانی هەردوولاوە تا ڕاددەیەک ڕێز لەم ڕێککەوتنە گیرا. لە جەنگی ئێستای دەروبەری تەرابولسدا ڕوسیا  پشتگیری مارشاڵ خەلیفە حەفتەر، سەرۆکی سوپای نیشتمانی لیبیا (LNA) کە لە ناوچەی قۆرینای ( ڕۆژهەڵات) ڕاگی داکوتاوە.  هەروەها ئەنقەرەش پشتگیری حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی  (GNA) فائیز السراج ئەکات کە بنکەکەی لە تەرابولسەو  بە فەرمی لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە دانی پێدانراوە. پاش نۆ مانگ لە هێرشکردن کە خەلیفە حەفتەر ئەیکردە سەر تەرابولس، هەردوو دەوڵەتی ڕوسیا و تورکیا سەلماندیان کە جڵەوی ڕووداوەکانیان لە بەرەی پێشەوەدا لە چنگدایە.  بە ویست و ئارەزووی خۆیان توانای هەڵکشان و داکشانی ڕووداوەکانیان هەیە.[٥]

هەروەک میدیاکانیش تەئکیدیان لێکردووەتەوە هەریەکە لە ئەوروپا و ئەمریکا تەنها زیادەیەکن لەوێ لەو کاتانەی کە ناتۆ دەرگیری قەیرانی دابەشبوونەکانی خۆیەتی. هەربەم هۆیەوەیە کە سەرکردە ڕوسی و تورکەکان توانای پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسیان هەیە و لە ڕێگای هاوپەیمانە نێوخۆییەکانیانەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتریان هەیە، لە توانایاندایە هەموو ئەو تاوان و ئابرووچوونە خوێناوییانەی کە لە سوریا ئەنجامیان داوە بگوێزنەوە ئەو وڵاتە. بێگومان هەریەک لەم دوو وڵاتە توانا سنوردارەکانی خۆیان(یان لە پرسی ڕوسیادا وەک هێزێکی تازە) دەرئەخەن.[٦]

بەڵام هەردوو ئەم دەوڵەتە بڕیاریان داوە کە بە خێرایی “کێکی لیبیا” هەڵلوشن، هەر بەم هۆکارەیە کە هەریەکەیان چەتەکانی خۆیان ڕەوانەی سوریا ئەکەن ( دوو هەزار وانگەری ڕوسی و سێ هەزار شەڕکەری سوری، چەند تیپێک بە کرێ‌ی ئەردۆگان) بەئامانجی پشتگیریکردن لە پاڵەوانە نێوخۆییەکانی لیبیا لەم کاتانەدا. سەرباری ئەمانە هەریەک لەم دڕندانە پەردەی” شەرعیەت” بەسەر دەستێوەردانیان لە کاروباری ئەو وڵاتە ئەدەن، هەروەک ئەردۆگان وتی:” ئێمە لەسەر ئەو زەوییانەین کە پێشینەکانمان (باووباپیرانمان) مێژوویان تێدا نەخشاندووە، هەرلەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە لیبیادا بانگ کراوین بۆ چارەسەرکردنی نادادپەروەریی” بەڵام پاڵنەری ڕاستەقینە لە دەستتێوەردانی سەرکردە تورکەکان لە لیبیا بریتییە لە بەدواداچوونیان بۆ گرێبەستە چەورەکانی ڕابردوو و ئێستا. بۆ نمونە ئەردۆگان هیواخوازی دووبارە پاساوهێنانەوەی سامانی گرێبەستی ئەو ٢٥ بلیۆن دۆلارەیە کە لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی قەزافییەوە پێش لەناوچوونی واژۆکراوە. تورکیا بەرخوازیی(طموح) ئیمپریالیستانەی خۆی نەک تەنها لە بەرامبەر دراوسێ نزیکەکانی خۆیدا نیشان ئەدات، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە هەوڵی چاندنی خۆیدایە لە ئەفریکا و کەنداوی فارس. لە ڕاستیدا لیبیا خەڵاتێکی گەورەی بەرخوازییەکانی ئیمپریالیستی تورکیا و “ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ”یە شێواوەکەیەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆگان سەرکێشی خۆی دەستپێکردووەو کێشەو گرفت له هەر جێگایەک کە لە توانایدا بێت بڵاو ئەکاتەوە، هەرچەندە تورکیا خاوەنی هیچ ئامرازێک نییە لە سەرکێشی‌یە سیاسییەکانیدا، نە لە ئاستی سەربازییەوە( ناتۆ نایەوێت دووری بخاتەوە لە ڕووبەرووبوونەوەی ڕوسیا) و نە لە ئاستی داراییشەوە. [٧]

بۆ ڕوسیا، ئەوەمان لەبیر بێت کە دوای کۆدەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٦٩ یەکێتی سۆڤیەت یەکەم دەوڵەت بوو کە دان بە ڕژێمی عەقید قەزافیدا بنێت و دابینکەری سەرەکی چەک و کەلوپەلی سەربازی بێت تا کوشتنی لە ساڵی ٢٠١١دا. پۆتین سەرسەختانە سوور بوو لەسەر ئەو ڕاستیەی کە مۆسکۆ ٤.٦ ملیارد دۆلاری خۆشبووە لە  قەرزی کەڵەکەبووی دەورانی جەنگی سارد( لە کەلوپەلی سەربازیدا)، بەڵام ئێستا بە نیازی گەڕاندنەوەی چەکەکانێتی (مافەکانێتی) لە ڕێگای بەکرێگیراوە جوداخوازەکانیەوە بۆ چنگی خۆی.

بەپێ‌ی هەواڵێکی ڕۆژنامەی لۆمۆند Le Monde  لە ڕۆژی ٢٦ی جەنیوەری ٢٠٢٠دا :” لە ساڵی ٢٠١٧دا مارشاڵ حەفتەر مسۆگەرکردنی پشتگیریکردنی ڕوسیای بەدەستهێنا، بە شێوەی سەرەکی لە ناردنی بەکرێگیراوەکانی گروپی واگنەر Wagner Group کە لەسەرەتای ناکۆکییەکانی ئۆکرانیادا لە ساڵی ٢٠١٤ دروستکراون. هەر لەو کاتەوە لە سوریا و سودان و ناوەندی ئەفریکا و ئێستاش لە مۆزەمبیق(…) . پەیوەندییەکانی واگنەر سودێکی گەورەی بۆ ڕوسیا هەیە کە هەمیشە ئەتوانێت ئینکاری بکات: لە ١١ی جەنیوەری ٢٠٢٠ ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند: “ئەگەر خەڵکی ڕوسیایان تێدایە ئەوا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا ناکەن و هیچ کۆمەکێکیشیان لە لایەن ڕوسیاوە پێشکەش ناکرێت.”

پوتین بە شێوەیەکی نائاساییانە لەخۆباییە و وەک کۆنە ئەندامێکی (کەی جی بی) زۆر پێ‌ی سەرسامە، ئەو ڕێکخراوەی کە نوقمی درۆو ساختەکردنی مێژووە.

بۆ ماوەیەکی زۆر لیبیا ئەبێتە مەیدانی جەنگی خوێنمژە سەرمایەدارەکان، بۆ گەورەو بچوکیان، کە هەموو شتێک ئەکەن لە پێناو ئامانجە قێزەونەکانیان.

“لبییا : چەند تاوانی بچوک لە نێوان هاوڕێکاندا”

ئەمە ڕاپۆرتێکی ١٤ لاپەڕەیی غەسوون سەلامەیە(…)  کە لە کۆتایی مانگی جەنیوەری لە لایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە لیبیا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە تەشریح کردنێکی بەکۆمەڵ ئەکات کە ماوەی شەش مانگ لەوەپێش ڕوویداوە لە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای تەرابولس، ئەم تاوانە تەنها لەبەر تەنها هۆکارێکی سادە دیزە بە دەرخۆنە کرا: قوربانییەکان ئەفریکایین و پارتی تاوانبار پەیوەندی لەگەڵ پلە باڵاکاندا هەیەو لێکۆڵینەوەکە لە کۆتاییدا بە هیچ دەرئەنجامێک لە دیاریکردنی تاوانباران ناگات. ئێمە لە تاجورەین ئەو شارۆچکەیەی کە دانیشتوانەکەی نزیکە بە ٥٠هەزار کەس ئەبن و زۆر دوور لە سنورەکانی تونس نییە و بە دیاریکراوی لە کەمپی دەستبەسەرداگرتنی(ضمان)داین، کە لە لایەن چەکدارەکانی نزیک لە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانییەوە پاسەوانی ئەکرێت. ضمان یەکێک لەو ٣٤ ناوندەی دەستبەسەرداگرتنە کە لە باکوری ڕۆژئاوادان و سەرجەمیان لانی کەم دە هەزار پەنابەر و ئاوارەی تێدا بەندکراوەو پڕ لە پشێوی‌یەو کەس نازانێت کە تیایدا چی ئەکات. کامپەکە وەرشەیەکی چاکردنەوەی ئوتومبیلە سەربازییەکانی تێدایە و لە دووری سەد مەتر لێیەوە دوو هۆڵی جەمەلۆنی لێیە، لەو شوێنەدا گیراوەکانی تێدا بەند ئەکرێت، ژنان و پیاوان لەیەک جیاکراونەتەوە. ئەو کاتانە نزیکەی ٦٠٠ کەسی لێبوو کە زۆربەیان ئەفریکایی بوون. خەون بینینیان بە ئەوروپاوە بووە بە کابوسێک لە هەژاری و ڕیسوایی و  پەیڕەوکردنی ڕێکارە توندەکانی ناو کەمپ.

گەرمایی کەشوهەوا لە شەوی ٢/٣ی جونی ٢٠١٩ بە ڕاددەیەکە ئەتخنکێنێت، دانیشتوانی کەمپەکە گوێیان لە بۆمبەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە کە لە بەرزاییەکی زۆری ئاسمانەوە خەڵکی کرووەتە ئامانج، هەم پاسەوان وهەم بەندکراوەکانی کەمپیش توشی دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆر بوونەتەوە. لە مانگی مەی هەمان ساڵدا ڕووداوی قوربانی هاوشێوەی هەمان ڕووداو بوون کاتێک کە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی خەلیفە حەفتەر کەمپەکەیان بۆ ماوەیەک بۆمباران کرد. ژمارەیەکی زۆریان برینداربوون و ترس و دڵەراوکێ باڵی بەسەر بارودۆخەکەدا کێشابوو. لە ١١:٣٠ ئەو شەوەدا، لە ترسی لورەو دەنگی ماتۆڕی فڕۆکەیەکی شەڕکەر هەموویان لەسەر زەوی پاڵ ئەکەون،و بۆمبێک بەر وەرشەی چاکردنەوەی ئوتومبیلە سەربازییەکانی پاسەوانانی کەمپ ئەکەوێت ، بەڵام لەو کاتانەدا کەسی لێ نییە. ڕووداوی دە دەقە دواتر کارەستبارانەیە، کۆچکردووەکان بە ترس و لەرزەوە لە هەوڵی چوونە دەرەوەو راکردن لە کەمپەکەدا ئەبن، بەلام لە لایەن سەرکردەیەکی کۆماندۆی دڵڕەقی پاسەوانەکانەوە بۆ کۆکردنەوە و ڕێگرتن لە ڕاکردنیان کۆچکردووان، لەگەڵ چەکدارەکانیدا دەست ئەکەن بە دەستڕێژی گوللە، سێ بەندکراو لە هۆش خۆیان ئەچن و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر ئەکرێنەوە، دواتر لە کاتژمێر ١١:٤٠  دەقەدا، فرٶکەیەی دووەم بۆمبێکی گەورەی ٣٠٠ کیلۆی سەقفی ئەو شوێنەی کە پڕیەتی لە خەڵک کون ئەکات و ئەتەقێتەوە و لە دوای خۆی چاڵێک بە درێژی چوارمەتر و قوڵایی سێ مەتر لە دوای خۆی بەجێئەهێڵێت. پشێوی باڵی بە سەر کەمپەکەدا کێشاوەو پاسەوانەکان دەست بە کۆکردنەوەی لاشەی لانی کەم ٥٧ کۆچکردوو ئەکەن کە پارجە پارچە بوون، ٩٦ کەسیان دیارنامێنن لە ونبوون و راکردوو، و ٨٠ کەسی تریشیان بە سەختی برینداربوون ، هەموو شتێک شاراوەیە لەم نێوەدا[…]

ڕاستەوخۆ بە دوای کۆمەڵکوژییەکەدا، قسەکەری فەرمی مارشاڵ حەفتەر ڕایگەیاند کە لە لایەن سوپای نیشتمانی لیبیاوە هێرش بۆسەر ڕکابەرەکانیان لە بنکەی زەمان ئەنجامدراوە بەڵام خەڵکیان وەک قەڵغانی خۆپارێزی خۆیان بەکارهێناوە. چاودێرە سیاسییەکان گاڵتەیان بەم ڕاگەیاندنە هات: هەموو کەس ئەزانێت کە چەکی ئاسمانی مارشاڵ یەکجار کەم و توانا سنوردارە، نە فڕۆکەو نە فڕۆکەوان و نە توانای پێکانی ئامانجی بە شەودا هەیە بە سیستمی دیاریکردنی شوێن /بۆمبی ئاراستەکراو بە لەیزەر. لە لایەکی ترەوە ، هەروەک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە مارشاڵ بە چاودێری و پشتگیریی ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتێکی بیانی کە چەند فڕۆکەیەکی لە بنکەیەکی سەربازی نزیک لە بنکەی “جەفرە”یە هەیە توانای ئەوەی هەیە کە ئەم هێرشە سەربازییە ئەنجام بدات. هەندێک لە شارەزایان پێیان وابوو کە ئەم هێرشە پەردەی دا بەسەر نهێنییەکی کراوەدا ! : ئەو دەوڵەتە ئیماراتی محمد بن زایدە، و فڕۆکە میراجەکان Mirage 2000-9’s لە لایەن فەڕەنساوە پێیان فرۆشراوە.[٨]

بە دەربڕینێکی تر ئەوە فەڕەنسایە کە لە پشت ئەم کۆمەڵکوژیەی کە لە لایەن ئیماراتەوە ئەنجامدراوە وەستاوە، فەڕەنساو هاوپەیمانە گەورەکانی لەم ناوچەیە. بەرپرسیارێتی ئەم تاوانەی فەڕەنسا زۆر ڕوونە بە راددەیەک کە میدیای بۆرژوازی بە ئاشکرا باس لە تاوانێکی جەنگ ئەکەن و سەرەتاکانی بۆ نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ ئەگەڕێننەوە کە تیایدا حکومەتی فەڕەنساو ئەبوزەبی گرێبەستێکیان بۆ نوێ کردنەوەی فڕۆکە میراجەکان واژۆ کردووە. بە پێ‌ی ڕێکەوتننامەکانی جەنگ ئەم کۆمەڵکوژییە فەڕەنسا ئەکاتە ئەنجامدەری تاوانی جەنگ. نەتەوە یەکگرتووەکان باش ئەیزانی کە چی روویداوە لەم کۆمەڵکوژییە قێزەونەدا. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا باش ئەزانن کە هێرشبەران و تاوانکاران کێن لە هێرشکردنە سەر کەمپەکانی پەنابەران بەڵام بۆخۆشیان ئەیشارنەوە.

هاوشان لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی، میسرو سعودیە هاوپەیمانی سەرەکی سوپای نیشتمانی لیبیان، هەر ئێستا ڕوسیاش جێگای فەڕەنسای لە لیستی پارێزگاریکەرانی مارشاڵ حەفتەردا گرتووەتەوە تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش. بەڵام لە چاوەڕوانی دەستگرتن بەسەر تەرابولسدا هێشتا پێئەچێت کە هۆزی بنغازی پێویستییان بە ڕۆڵی گرنگی فەڕەنسا هەبێت [٩]. لە ڕاستیدا ئیمپریالیزمی فەڕەنسی لە جەرگەی پشێوییە خوێناوییەکانی لیبیادا خۆی لە ناو “کۆمپانیایەکی نوێ”دا ئەدۆزێتەوە. بەڵام بەرپرسیارێتی تاوانکارانەی فەڕەنسا هەر لەم ئاستەیدا ناوەستێت بەڵکو هاوبەشە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تریدا لە بەرپرسیارێتی لەخۆگرتنی ناشایستەو نامرۆڤانەی ئەو بنکە و ناوەندانەش کە پەنابەران و کۆچکردووان لەخۆئەگرێت کە لە ترسی چەوساندنەوە وکوشتوبڕین ڕێگای مەرگیان ڕووەو ئەوروپا گرتووەتە بەر،

سیاسەتی شەرمەزارانەی یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر لیبیا

وەک بەشێک لەو پشێوییە خوێناوییەی کە هێزە ئیمپریالیستییە گەورەکان خوڵقاندوویانە  هەرئیستا لبییا بووەتە بازاڕ و لەهەمان کاتدا گۆڕستانێک بۆ پەنابەران و کۆچکردووان، ئەمەش بارودۆخێکە و لە ئاستێکی بەریندا لە بەرپرسیارێتی یەکێتی ئەوروپادایە.

وێنەی بازاڕی کۆیلەکان لە لیبیا لە لایەن کەناڵی سی ئێن ئێنەوە لە ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧دا بڵاو بووەوە کە تیایاندا مرۆڤەکان وەک دڕندە کڕین و فرۆشتنیان پێوە ئەکرێت. کۆچکردووان ژمارەیان لە نێوان ٧٠٠هەزار تا یەک ملیۆن کەس ئەبن و ئەکەونە داوی تەڵەکەبازی تٶڕە تاوانبارو بازرگانەکانەوە کە شەریکەکانیان بریتین لە ولاتانی ئەوروپایی و ئەفریکایی.  بە پێ‌ی ڕاپۆرتێکی یونسیف:” ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن کە لە لایەن میلیشیاکانەوە بەڕێوە ئەبرێن چەند سەربازگەیەکی بەزۆر کارکردنی کۆچکردووانن، هەموو کەس لە زیندانەکاندا بە زەبری توندوتیژی و چەک دزییان لێئەکرێت و ڕووت ئەکرێنەوە. بۆمندالان و ژنان بارودۆخەکە یەکجار سەخترە و ژیان لەو زیندانانەدا بریتییە لە توندوتیژی و پەلاماردان و لاقەکردن، چەوساندنەوەی سێکسی و برسیەتی و توندوتیژی بێ کۆتایی”.  هەموو ئەمانە بەرینایی بەربەریەتی سەرمایەداریمان پیشان ئەدەن کە هێزە ئیمپریالیستییەکان بەشداری ڕاستەوخۆن تیایدا،  لە ڕێگای سیاسەتەکانیانەوە کۆچکردووان فڕێ ئەدەنە باوەشی بازرگانانی کۆیلایەتییەوە.

یەکێتی ئەوروپا بەشێوەیەکی چالاک و کارا بەردەوام داوا لە دەوڵەتە شکستخواردوو نوقمبووەکانی گەندەڵیی ئەکات کە سیاسەت و رێکاری توند لە بەرامبەر کۆچکردووان بگرنە بەر لە ڕێگای دروستکردنی دیواری بەرگری و دامەزراندنی ناوەندە دەستبەسەرداگرتنەکانی مەرگ.لەم نێوەدا یەکێتی ئەوروپا بەشدارە لە چالاکی مافیایی و بازرگانیی و دابیبکردنی پارەو مەواد بۆ ئەو دەستەوقاقمانە (باندانە)  تا ڕێگری لە کاروانی کۆچکردووان بگرن و بە زۆرەملێ ڕاپێچی کەمپەکانی دەستبەسەرداگرتنیان بکەن. دەوڵەتە دیموکراسییەکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی مەترسیدارانە پەیڕەوی لە سیاسەتێکی نامرۆڤانەو قێزەون ئەکەن.

بازاڕی کۆیلەکان هاوشانی ڕێپێوانی سەربازان

ژمارەیەک لە خەڵکی سودان و چاد سەرگەرمی نانکڕینن لە بازاڕی گەورەی بازرگانەکاندا(…). هەر بەیانیان زوو لەسەر شۆستەکانی ئەمبەرو ئەوبەری سەقامەکەدا مرۆڤەکان وەک کەلوپەل بۆ فرۆشتن ئەخرێنە ڕوو( دەیان ئەفریکایی کە نەعلیان لە پێدایە، پێیەکانیان وەک ژیانیان تۆز لێنیشتووە وپاشەڕۆژیان هەمان شێوەی پێستەکانیان ڕەش هەڵگەڕاوە!) ، کڕیارەکان بە ناویاندا تێئەپەڕن لە کاتی کڕیندا پرسیاریان لێئەکەن و فەرمانیان پێئەکەن. ئەمڕۆ پێویستمان بە یەکێکە کە پاڵ بە عەرەبانەیەکی دەستییەوە بنێت. گەچکاری بکات، بار سەربخات و بار دابگرێت، خۆشبەختانە ئەمڕۆ بە دوای کەسێکدا نەئەگەران کە بەشداری شەڕەکانیان بکات، کەلوپەل و چەک و تەقەمەنی بۆ میلیشیاکان ساز وئامادە بکات، لە دواوە بمێنەرەوە ئەگەر هیچت پێناکرێت. هەندێک ڕازی ئەبن بە چوونە پاڵ شەڕی میلیشیاکان لەبەر ئەوەی مانگانەکەی لانی کەم ٣٠٠ یورۆیە، خواردن و مانەوە لەسەر کڕیارەکەیە، ژمارەیەکی زۆریشیان ئۆفەرەکان ڕەد ئەکەنەوە و ئامادە نین کە ژیانیان بە پارە بگۆڕنەوە. [١٠]

ئەمڕۆ پەنابەران لە لیبیا لەهەر کات زیاتر لە هەژاری و نەبوونی، و بارودۆخێکی تەوقدراو بە مەترسی و مەرگ ژیان ئەکەن. ئەم بارودۆخە هەزارانیانی ناچار بە گرتنە بەری ڕێگای سەخت و مەرگاوی کردووەتەوە لە کاتی هەوڵدانیان لە ڕێگای دەیاری سپی ناوەراستەوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا. تەنها ئەم کورتکراوەیە بەشیک لە باردوخی ژیانیان ئەخاتە ڕوو: ” لە کەناری” ئاغیر”ی دورگەی “جەربە” ژمارەی لاشەی مردووەکان لە مەلەوانەکانی کەنارەکە زیاتر بوون. لە ڕۆژی ١ی تەموزی ٢٠١٩دا پاش ئەوەی بەلەمێک بە ژمارەیەک کۆچکردووی ئەفریکاییەوە ئەکەوێتە رێ، لە دووری ١٢٠ کم لە دووری تەرابولسی پایتەخت، تەنها سێ کەس لە  کۆی سەرجەمیان کە ٨٦ کەس بوون رزگاریان بوو ژمارەیەکی کەمیان لاشەکانیان دۆزرانەوە و ئەوانی تریان دەریاکە لەگەڵ خۆی بردنی.

شەمسەدین مەرزوق ک ماسیگرێکە و سالانێکە لەوێدا کارئەکات رایگەیاند:” چیتر ئەم کارە بە من ناکرێت، یەکجار سەخت و بە ئازارە” . تەنها خۆی بە درێژای سالانی کارکردنی لە نزیک کەنارەکە ٤٠٠ لاشەی بە دەستی خۆی ناشتووە،و رایگەیاند کە دەیانی تریش لە چەند ڕۆژانی داهاتوودا ئەگەن. چاودێرێکی سەرقەبران لە شارۆچکەی جەرجیسی تونس لە نزیک سنورەکانی لیبیا رایگەیاند ” ئەمە مەحاڵە و یەکجار نامرۆڤانەیە، ناتوانین بە تەنها هەموو کارەکان بکەین “[١١]

لەم کاتانەدا وڵاتانی دیموکراسی ئەوروپایی ئاگاهانە چاوی خۆیان داخستووە و ڕووی خۆیان لە بەرامبەر دڕندەییەک کە بەڕێوە ئەچێت وەرگێڕاوە، و بەردەوامن لە سیاسەتی ئاسایشراگرتنی (داخستنی) سنورەکانی خۆیان لە بەرامبەر کۆچکردووانی نایاسایی ئەمە لە کاتێکدایە کە بانگەشەی جیهیانە دیموکراسییەکەیان بە هەموو لایەکدا بڵاو ئەکەنەوە.

بەڵام ئەوە تەنها یەکێتی ئەوروپا نییە کە سیاسەتی دڕندانەی خۆی لە بەرامبەر کۆچکردووندا پەیڕەو ئەکات. بەڵکو ” هاوڕێی نزیک و کڕیارەکەشیان” سعودیەی عەرەبی! لە ڕاستیدا ڕیاز دەستی کردوووە بە لێدان و زیندانیکردن و دیپۆرتکردنەوەی هەر کەسێک کە لەسەر خاکەکەیدا بیبینێت، لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە مانگانە لانی کەم ١٠ هەزار کۆچکردوو لە سعودیە دیپۆرتکراونەتەوە . ئەو مێژووەیە کە سعودیە کەمپەینەکانی دەستگیرکردنی تێدا چڕکردووەتەوە و هیچ بەزەیی بە کەسانێکدا نایەتەوە کە بە نایاسایی ڕوویان کردبێتە ئەو وڵاتە یان تێدا مابێتنەوە. بە پێ‌ی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچکردووان لە مانگی مارسی ئەمساڵەوە تاکو ئێستا لانی کەم ٣٠٠ هەزار کۆچکردووی ڕەوانەی وڵاتەکانیان کردووەتەوە. جگە لە چەند گەشتی تایبەتی هەفتانە بەرەو ئەدیس ئەبابا(…) کە سەدان  هەزار ئەسیوبی لە شەپۆلی چاوەرواننەکراوی پشێوییەکانی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ دا تیایدا دیپۆرت کرانەوە.[١٢]

ئەمانە چەند تاوانی خوێنساردانەی ژمارەیەک کڕیارو دابینکەرن لە وڵاتانی ئەوروپایی، بە تایبەت بەریتانیا و فەڕەنسا. کە  خۆیان لە هەمان بەرەی پاریسدا ئەدۆزنەوە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لە لیبیا. بۆ ئەوەی راستی بڵیین ئەمانە کارکردی چەند باندی گەورەو بچوکی شازادەکانی کەنداوی عەرەبین کە بە هۆی کانەکانی نەوتەوە پڕبوون لە هێز و خوێن و بەدوای کاریگەری ئیمپریالیستەکانەوەن لەهەر جێیەک. پێش هەر شتێک ئەوەی لە لیبیا، سوریا و یەمەن و لە هەموو ناوچە خوێناوییەکان ئەگوزەرێت دەوڵەتەکانی پڕکردووە لە خوێن،  و ئاگر بە بەسەر ناکۆکییەکاندا ئەبارێنن.

بەلەبەرچاوگرتنی گرنگی و چەوریی کێکی لیبیا، هیچکام لەو چەتەو رێگرانەی سەرمایەداری بە ئاسانی دەستبەرداری بەشەکانی خۆیان نابن. لە ڕاستیدا ئەم بارودۆخە، بە هەموو کوشت و بڕ و لێکەوتەکانیەوە ئاوێنەی باردوخی هاوشێوەی سوریایە بە ئایندەی چارەنووسێک لە کوشتن و بڕینی خویناوییانەی بێ کۆتایی.

لە دژی پشێوی و بەربەریەتی خوێناوییانەی سەرمایەداری لە لیبیا و هەر جێگایەکی تر، تەنها بە خەباتی چینایەتی نێونەتەوەیی و بە ڕابەرایەتی ڕەوتە بەتەجروبەکانی چینی کرێکارە ئەتوانرێت ڕێگا لە دەستی خوێناوی و تاوانکارانەی سەرمایەداری بگیرێت.


[1] Le Canard enchine (April 24, 2019).
[2] Jeune Afrique (17-23 November, 2019).
[3] Courrier international (14-21 November, 2019).
[4] Le Monde (May 3, 2019).
[5] Le Monde (January 26, 2020).
[6] Russia’s GDP is hardly equal to that of Texas and Turkey’s resources are even more limited.
[7] Hence its blackmail against the European Union on the question of refugees and more particularly against the Greek government.
[8] Jeune Afrique, February 9-15, 2020. The BBC also reported on July 10, 2019 that anti-tank Javelin missiles provided by France were found at Haftar’s Tripoli camp in breach of a UN arms embargo.
[9] Jeune Afrique, March 15-21, 2020.
[10] CI, February 6-12, 2020.
[11] Le Monde, July 10 2019.
[12] The Guardian, August 2019.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*