دڵشاد محمد: هەنگاوەکانی سەرمایەداری لەعێراق نەک چارەسەر نین بەڵکو وێرانکردنی ئابوری و زیادبونی ڕێژەی هەژاری و بێکارکردنی زیاترە !

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لە سەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەت(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟

دڵشاد محمد عارف: سوپاس بو هاوڕێیانی ئەڵتەرناتیف بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێک کە بتوانین بۆچونی خومان بخەینە ڕوو سەبارەت بە بارودخێک کە سەرمایەداری لە هەمو بوارەکاندا خۆی خوڵقێنەرین ..دیارە ئەوەی شالیاری کارو کاوباری کۆمەڵایەتی عادل رەکابی سەبارەت بەبەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری ڕایگەیاندوە لە ڕۆژی پێنچ شەممە بەرواری 2ی تەموز دورە لەڕاستیەوە کە دەڵێت ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ لە٣٠% و یەک لە ڕێژەی پێشوتری کە لە سەدا بیست ودوو بوە و کاتێک لە پێشوتردا لە ڕاگەیاندراوێکیدا دەڵێت چوار ملیون عێراقی بێکارن. وە لە هەمانکاتدا دەڵێت یانزدە ملیون کەس داوای پێدانی بەخششی فریاگوزاریان کردوە..لە هەمانکاتدا قسەکەری فەرمی وەزارەتی پلاندانان ڕێژەی بێکاری دەستنیشانکراو لە لایەن عادل ڕکابی بە نا واقعی لە قەڵەم دەدات وە دەڵێت پێش ئەم قەیرانەی ئەم دواییە ڕێژەی بێکاری لە سەدا چواردە بوە پاشان بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بۆ ڕێژەی ڕەچاونەکراو کە جیهانی گرتەوە، ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا تێپەری بۆ لە سەدا بیست.  لە میانەی سەردانێکی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق …جینین هینێس بلاسخارت… لە ماوەی پێشودا کە دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی مەی، دەڵێت بەهۆی دارمانی ئابوری عێراق بەڕیژەی ٩،٧% هەژاری ڕێژەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و دەگاتە لەسەدا چلی دانیشتوان…ئەمەی سەرەوە دیاریکردنی ڕێژەکان چەواشەکاریەکی بێپەردەی دەسەڵاتدارێتیە لە عێراقدا وەک کۆی سستەمی سەرمایەداری… هەرچەندە ڕێژەکەی جیاوازو ناجێگیرە بەڵام ڕاستیەک لێرەدا دێتە بەرچاومان کە هەژاری وبێکاری ..هتد وابەستەیە بەبەروارێکەوە زۆر لە مێژینە ترە. کاتێک ڕژێمی بەعس ڕوخێنراو هێزی هاوپەیمانان هاتنە نێو عێراقەوە بە سەرۆکایەتی گەورە ئمپریالیزمی جیهانی ئەمەریکا، پاشان دانانی پۆڵ بریمەر وەک حاکمی مەدەنی لەعێراقدا، سەرەتایەک بوو بۆ داڕمانی ئابوری عێراق بە پەردەپۆشکراوی. ئەمەش لە سایەی ئەجندای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە ستراتیجیەتی خۆی هێنایە پێش و بریمەر دەیویست جێبەجێی بکات هەرچەندە ئەوکات لە لایەن هەندێک هێزی شیعە و سونە لە عیراقدا ڕەتکرایەوە بەڵام هێزە کوردیەکان بەبێ ئەملاوئەولا خولیای ئەو هەنگاوەی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی بوون، کە دواتر باسی دەکەم، بەڵام دەرئەنجامی بە هەدەردان و دزیەکی بێ پەروا لە ژێرخانی ئابوری عێراق کە تەنها سەرچاوەی سەرەکی ئەم ژێرخانە ئابوریەش سامانی سروشتی گاز ونەوت لەخۆدەگرێت.

ڕاستیەک لێرەدا دێتە بەرچاومان کە هەژاری وبێکاری ..هتد وابەستەیە بەبەروارێکەوە زۆر لە مێژینە ترە

دەبێت ئەوە بزانرێت قەیران و بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری دەرەنجامی خۆدی خۆی سستەمە و دەیەوێت بەشی خوارەوەی کۆمەڵگە کۆت و زنجیر بکرێت هەتا بتوانێت مانەوەی خۆی بسەپێنێت، کە دواجار هیچ مانایەک ناهێڵێتەوە جگە لە پچڕانی کۆت وزنجیرەکان.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟

دڵشاد محمد عارف: کاتێک سەرمایەداری لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانە بێت، هەمان سیاسەتی ئابوری هەیە، بەڵام شێوازی کارکردە نێۆخۆییەکانی سەبارەت ژیان گوزەرانی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە دەگۆرێت. نوێنەرانی یاسادانان و جێبەجێکاری بۆرژوازی عێراق دەیانەوێت لەڕێگەی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت پەردەپۆشی ئەو قەیرانە چەقبەستوە بکەن کە دەرئەنجامی چاوچنۆکی، و چەتەبونی خۆیانە بەسەر ئابوری دارایی ئەم ناوچەیەوە و دەرگیرکردنی بو بەچەندین شەری تائیفی و مەزهەبی و خوڵقاندنی دۆخێک لەلایەن سەرمایەداری جیهانی بۆ هێنانە مەیدانی شەڕێک کە ململانی سەرمایەداری جیهانی تێیدا جێبەجێ بکرێت. ئەویش شەڕێکی هینایە ئارەوە کە تائێستا بەردەوامی هەیە ئەویش شەری داعش بو. لەگەڵ بونی خواستی بورژوازی لەپێناو مانەوەی خۆیدا هەتابتوانێت کۆمەڵگە بێ ئیرادەبکات، وە لە ئێستادا جارێکیتر بەناو بورزگاربون لە قەیرانە چەقبەستوەکەی عادل رکابی ڕایگەیاندبوو کە دەیانەوێت لە ڕێگەی بانکی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بە وەرگرتنی قەرز و ڕاهێنان و ئامادەکردنی کارو پرۆژەوە، ڕێژەی هەژاری و بێکاری کەم بکەنەوە، بە بۆچونی من ئەمە هەنگاوانەی سەرمایەداری لە عێراق نەک چارەسەر نیە بەڵکو وێرانکردنی ئابوری و زیادبونی ڕێژەی هەژاری و بێکارکردنی زیاترە چونکە دەرگایەک دەکرێتەوە بەڕوی بانکی دراوی نێودەوڵەتی بۆجێبەجی کردنی هەنگاوەکانی کە پێشتر بریمەر وەک سەرەتایەک هەنگاوی بۆدەنا .

 ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، و دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بەکام پرۆژەوە بەرەنگاری هەژاری دەبنەوە وەک لەڕاگەیاندنەکانیانەوە باسی لێوەدەکەن؟

دڵشاد محمد عارف: حکومەتی هەرێم هەرلەدەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، و ڕونتر دوای روخانی ڕژیمی بەعس، هەنگاوەکانیان خستەگەر بۆ دروستکردنی دەستەی وەبەرهێنەران. هێشتا بەرهەم سالح سەرۆک وەزیرانی هەرێم بو لەزونی سەوز..کەوتنە فروشتنی شوێنەگرنگەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەم زونە و پارتیش بەهەمان شێوە. ناکرێت ئەمەی ئێستایان بەشانۆگەری لەقەڵەم بدەین بەڵکو بە تەواوکەری ڕێگە ستراتیجیەکەی ئەو کاتەیان نەخشکراوبوە، بە شێوازی هەراجی باشترین شوینی بازرگانی دەکرا بە نرخێک کە زۆرناواقعی بوو، بەڵام هەڕاجکەر وکڕیار خۆیان یان سێبەرەکانیان بوو…کەڵەکەبونی سەرمایە لە لایەن چەندکەسێک هەزاران بێ پارە و بێ ژیان دەکات، وە دانانی نەخشەی دۆزینەوەو ڕەخساندنی هەلی کار. هەمان مێژوی هەیەو درێژەی پێدەدەن..ئومێدەکان لەسەری دروست دەکەن و لەڕاستیدا درویەکی شاخدار و بێ ئەرزشە، هەرجارەو قەیرانەکان قوڵتردەبنەوە هەلی کار ودەستەی وەبەرهێنەران کەبەشێکی دانەبڕاوە لە جەستەی سستەمی دەسەڵاتدارێتی، دێتەوە پێش، و چەندین پرۆژە دەبێتە ئەجندای کارکردنی، بەڵام کامەیان جێبەجیکراوە؟ وەکاتێکیش هەلی کار دابین بکات ژیانێکی شایستە بۆ کارگەر دەرەخسێنێت؟ کە دەتوانین بڵێین نەخێر ئەو کاتەی هەلی کارت پێدەدات لە هەوڵی کەمترین نرخدایە و دەیەوێت لە ململانێیەکدا بەگژ یەکترتاندا بکات .هەرچەندە هەتا ئێستا دەستەی وەبەرهێنان ئەوەی کردویانە نەچووەتەتە قاڵبی وەبەرهێن، بەڵکو بازرگانی شمەکی دەرەکیە بۆ ناوخۆ کە ئەمەش پێچەوانی وەبەرهێنە. ئەوەی گرنگە دروستکردنی ئەو خوشخەیاڵیەیە لە لای گەنجانی بێکارە و چاوەڕوانی ئومێد لەسەر هەڵچنینە، بەمەش کار لەسەر ئاگای چینی کارگەر دادەنێن کەدەبێت ئێمەوە کرێکاری بەئاگا کاری خۆمان ببەستینەوە بە هۆشیارکردنەوەی هاوچینەکانمان هەرچەندە بۆرژوازی کاربکات بۆئەوەی لەڕوی ئاگایی چینایەتیەوە بەلاڕێیاندا ببات، کاتێک کرێکارێکی گەنج یان کریکار بەئاگابو لەو پەیوەندیە تێدەگات کە لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا هەیەتی.

هەتا ئێستا دەستەی وەبەرهێنان ئەوەی کردویانە نەچووەتەتە قاڵبی وەبەرهێن، بەڵکو بازرگانی شمەکی دەرەکیە بۆ ناوخۆ کە ئەمەش پێچەوانی وەبەرهێنە

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەی ڕزگاربون لەم بارودۆخە نالەبارەی کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و  ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟

دڵشاد محمد عارف:  هەر بەکورتی پرسیاری سێهەم دەست پێدەکەم بە وتەیەکی ئەنجڵس لە خێزانی پیرۆزدا دەڵێت….وشیاری بو پرولیتاریا ئەو وشیارییەیە کەحەقیقەتی خۆی وەک ئینسان لەسەردەمی سەرمایەداری بناسێت، و پێبزانێت وەجۆری پەیوەندی وئەساس نامەی پەیوەندی خۆی بۆرژوازی بناسێت، وە لەسەر چ ئەساسێک لەکۆمەڵگەی چینایەتی پەیوەندیان بەیەکەوە.هەیە…ئا لێرەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ناهەمواری و بێ ژیانی و هتد سەرمایەداری وەک سیستەم خوڵقاندویەتی، تەنها خەباتکردنە بۆ هەڵتەکاندنی ئەم سیستەمە بەتایبەتی لەکوردستاندا کە هەلومەرجەکان بۆ هەڵتەکاندنی دەسەڵاتدارێتی، و ئاڵوگۆرکردنی بە دەسەڵاتی ئەنجومەنەکانی بەرێوبردن لەژێر کاریگەری ئەنجومەنە شۆرشگێرەکانی چینی کارگەر، و ناشکرێت هیچ ئومێدێک بەڕیفۆرم و بەستنەوە و کۆیلەکردنی چینی کارگەر بە توڕە خێرخوازیەکانەوە ببەستین وەک بەدیلێکی بە ناو هەرەوزکاری کە بۆ خۆی ئەم ئەقڵیەتە چەپ و کۆمۆنیزمی بۆرژوازی خواستیانەو وەک جەلاد و ئەتککەری چینی کرێکار بەردیدەیان دەکەم …..لەدوا وشەمدا دەڵێم ئامانج وئاکامی خەباتی چینایەتیمان پەیوەستە بەڕۆڵی کۆمەڵایەتی وهێزی چینایەتیمان

ناکرێت هیچ ئومێدێک بەڕیفۆرم و بەستنەوە و کۆیلەکردنی چینی کارگەر بە تۆڕە خێرخوازیەکانەوە ببەستین وەک بەدیلێکی بە ناو هەرەوزکاری

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*