ئەکرەم غەریب:عێراق لە دەوڵەت و حکومەتەوە بۆتە بانقێک تەنها کاری دابەشکردنی مووچە و داهاتی نەوتە !

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکارە بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری وبێکاری؟وەک ژۆڕنالیستەکانی بۆرژوازی باسی لێوەدەکەن؟

ئەکرەم غەریب: هاوڕێیان ڕێز و سڵاوم سوپاس بۆ ئێوەو سەرجەم خوێنەران پێم باشە سەرەتا وتەیەکی مارکس بهێنمەوە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە : مارکس دەڵێت (لە سیستەمی سەرمایەداریدا چۆن سەرمایە پێویستی بەهێزی کارە هەواش هێزی کار پێویستی بە سەرمایەیە) ئەگەر سەرنج بدەینە سەر ناوەڕۆکی ئەم وتەیە ئەوا وەڵامی پرسیارەکەمان ڕوونە هەمووان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دیاردەی قەیرانە ئابوری و پیشەسازیەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی بەهەم هێنان دەبێت هەرکاتێک قەیرانەکان قووڵ دەبنەوە ئەوا کرێکاران باجەکەی دەدەن هەر لە بێکاری و کەمبونەوەی کرێی کار و ڕاوەستانی کار و هەتا دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار.. هەر ئێستاش ئەم دیاردەیە بەڕونی دەبینرێت ئەم قەیرانە کەبەناو لە چینەوە سەری هەڵدا درێژکراوەی قەیرانەکانی ساڵی 2008 و 2009 یە ک ئەمریکای هەژاند لەگەڵ قوڵبونەوەی قەیرانەکان پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە جا ئەمە بەڕێکەوتە یان ئامادەکراو کاری ئێمە نیە چونکە ئێمە کار لەسەر خودی دیاردە ئابوریەکان دەکەین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم پەتایە چەکێکی کوشندەی دەستی دەسەڵاتە بۆ هەڕەشەکردنی بێکاری و گرانی و پەردەپۆشی شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی قەیرانەکان کە هەرگیز بۆیان ناشاردرێتەوە لێرەشەوە بوو کە ڕێژەی بێکاری و هەژاری و زیاتر و زیاتر بە کۆمەڵگادا بڵاو بویەوە ، چەکە کوشندەکەی دەسەڵاتیش بۆ دەمکوت و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دێتە کایەوە من پێشتریش وتومە کە خودی سیستەمەکە باوکی ڤایرۆسەکانە هەڕەشە مەترسیەکەی سەر ژیان و گوزەرانمانە

دیاردەی قەیرانە ئابوری و پیشەسازیەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی بەهەم هێنان دەبێت هەرکاتێک قەیرانەکان قووڵ دەبنەوە ئەوا کرێکاران باجەکەی دەدەن

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لە لێدوانەکانی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق (عادل رکابی)  لەسەرەتای مانگی تەموزدا باس لەو ەدەکات کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ە وە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری چەندە وابەستەیە بەپەتای کۆرۆنا یان دابەزینی نرخی نەوت؟

ئەکرەم غەریب : سەبارەت بەشی دووەمی پرسیارەکانی بەڕێزتان ڕەنگە پێویست بێت بڵێم لێکۆڵینەوەیەکی وردی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکی سیاسی هەبێت بۆ نمونە من وەک سەرخەت چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو : ۱-عێراق (وڵاتی دوو ڕوبار) ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی سەرزەوی و ژێر زەوی. ۲-خاکێکی بە پیتی کشتوکاڵیە کە مێژوو نوسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سەرەتای کشتوکاڵ لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە. ۳-سەر ڕێگای بازرگانی و بەتایبە ڕێگای ئاوریشمی و خاڵی هاوبەشی سێگۆشەی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپایە. ٤-مێژویەکی کۆنی پڕ شارستانیەت و شوێنەوارە ، کە سەرچاوەیەکی گەورەیگەشتیاریە. هەر ئەمانەش وایکردووە کە ببێتە جێگای یەکلاکردنەوەی هێزە گەورەکان لە مێژودا . جەنگ بە درێژایی مێژوو هەر لە سۆمەر و بابلەوەهەتا ئێستاش درێژبۆتەوە لەپێناو دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ئەم ناوچەیەدا. لە مێژووی چەند دەیەی ڕابردودا یان ڕونتر بڵێین دوا حوکمەتی عێراق کە پارێزەری سەرسەختی ( امة عربية واحدة) بوو هەر لەبەر دەوڵەمەندی ناوچەکە بوو کەبووە جەمسەرێکی بەهێزی سەرمایەداری دەوڵەتی لەبەرمبەر سیاسەتی لیبڕالیزمی خۆر ئاواییەکاندا هەر بۆیە لە پاش شکستی جەمسەری ڕۆژهەڵات هاوپەیمانەکان نوکی هێرشەکانیان کردە سەر عێراق ، عێراقێکی پڕ شارستانیەت و پڕ بەرهەم بووە وێرانەیەک کە هەتا ئێستاش کاولکاریەکان بەردەوامە پاش 17 ساڵ لە ڕوخانی صدام هیچ هەنگاوێک بەرەو بنیات نانەوەی نەنراوە ، گرنگترین سێکتەر لە کۆمەڵگای عێراقی ئەمڕۆدا بابەتی کارەبایە کە بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە ، کارەبا سەرچاوەی کارو بەرهەمهێنانە کاتێک سەرچاوەی وزەی بەگەڕخستنی کارگە و شوێنی کار و بەرهەمهێنان نەبێ کار و بەرهەم ڕادەوەستێ ( وڵاتێکی وا دەبێت وەزیری کاری بۆ چی بێت) بەبڕوای من ئەو وەزیرە (دەم بەکارە نەک دەست بەکار) لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە کاتێک قەیرانەکان لە جیهاندا قوڵ دەبنەوە و پرۆسەی کار ڕادەوەستێ نەوتیش وەک سەرچاوەی وزە و سوتەمەنی ئیدی نرخی دادەبەزێت دابەزینی نرخی نەوت دابەزینی ئاستی گوزەرانی دانیشتوانی عێراقە چونکە تاکە سێکتەرە کە لەکاردا بێت . عێراق لە دەوڵەت و حکومەتەوە بۆتە بانقێک تەنها کاری دابەشکردنی مووچە و داهاتی نەوتە ئەویش بەو پاشا گەردانیە کە هەیە ، پێم باشە لێرەدا ئاماژە بە وتەیەکی مارکس بکەم کە دەڵێت (پارە شکڵێکە لەسەرمایە کاتێک دەبێتە سەرمایە کە هێزی کار بۆی ببێتە کاڵا).

کارەبا سەرچاوەی کارو بەرهەمهێنانە کاتێک سەرچاوەی وزەی بەگەڕخستنی کارگە و شوێنی کار و بەرهەمهێنان نەبێ کار و بەرهەم ڕادەوەستێ

ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی: دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بەکام پرۆژەوە بەرەنگاری بێکاری وهەلی کاردەبنەوە وەک لەڕاگەیاندنەکانیانەوە باسی لێوەدەکەن؟

 ئەکرەم غەریب: بەداخەوە وەک دەبینین لە عێراقدا هەموو سێکتەرەکانی بەرهەم هێنان و کارکردن ڕاوەستاوە هەموو پرۆژە کۆنەکانی سەردەمی بەعسیش وێرانکراوە بۆیە تەنها مووچە دادی ژیان و گوزەران نادات کەتەنها ئاڵوگۆڕی پارەیە و هیچی دی. دەسەڵاتێکی لۆکاڵی لەهەرێم هەیە ئەم دەسەڵاتە ئەرکی تەنها سەرکوتی دانیشتوانی هەرێمە و کاربەڕێکخەری کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکانە بەتیبەتیش کۆمپانیاکانی نەوت ، کارکردنیش لەدەرهێنانی نەوت کەمترین هێزی کاری پێویستە لەو ڕێژە کەمەی هێزی کاریش زۆرینەیان کەسانی بیانین لە هەرێم لەجەند ساڵی ڕابردودا هەڵمەتێک هەبوو لە بواری بیناسازیدا ئەم بوارەش بەداخەوە زۆرینەی کاڵاکانی هاوردەن ناوخۆیی نین دەرەکین هەتا هەلی کار بڕەخسێنێت هەرئەمانە ناوی ( دەستەی وەبەرهێنانیان) لەخۆیان ناوە . دەکرێ بپرسین وەبەرهێنان لەچیدا دەکان ئەگەر کەسانی تایبەت بەو بوارە بەوردی لێکۆڵینەوە لەو بوارەش بکەن وە دەیان کەموکوڕی کوالێتی و دیزاین و ماستەر پلان دەدۆزنەوە. ئێستاش بەبۆنەی قوڵبونەوەی قەیرانە جیهانیەکان و قەیرانی دارایی و سیاسی لەگەڵ عێراق وناوچەکە ئەم دەسڵاتە توانای پێدانی مووچەی کارمەندانیشی نیە ، بەکام ستراتیژ و بڕۆژەوە دەتوانێ بەرەنگاری هەژاری ببێتەوە بەبڕوای من ئەوەی کە دەیڵێن بەشێکە لە گاڵتەجاڕیەکانی چاکسازی و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت کە دەشزانین هەلومەرجی کار چۆنە لە کەرتی تایبەتدا

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەکانی ڕزگاربون لەم بارودۆخە چەق بەستو و نالەبارە کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟

ئەکرەم غەریب: بەبڕوای من سەرەتای ڕێگاکان دەرکەوتون ڕۆژانە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و هەڵوێست وەرگرتن دەبینرێت توانەوەی بەستەڵەکی خۆش خەیاڵیەکان دەستی پێکردووە ، ناڕەزایەتیە جیهانیەکان وانە و ئەزمون و خاڵی هاوبەشی لەنێو ناڕەزایەتیەکان پێکهێناوە هەتا دێت زیاتریش دەبێت بەبڕوای من لە ئێستادا دوو تێڕوانین لەنێو ناڕەزایەتیەکان بەدی دەکرێ :

۱-تێڕوانینێکی تەقلیدی کە پێی وایە حیزب و ڕێکخراوە حیزبیەکان و ڕێکخراوەکانی گۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن گۆڕانکاری بکەن.

۲-بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە باوەڕی بە ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیەکان هەیە لەچەشنی شوراو ئەنجومەنە خۆ بەڕێوەبەرێتیەکان مێژووش جگە لە ئەزمون و وانەکان هچی دی نیە بۆیە من بۆخۆم لایەنگری خاڵی دووەمم هەموو ئەوانەمان ئەزموون کردووە پێویستمان بەنەریتێکی نوێی شۆڕشگێڕانە هەیە کە هەر ئێستا سەرەتای ئەو نەریتانە دەرکەوتون پێویستی بە ئاڕاستەیەکی دروستە.

پێویستمان بەنەریتێکی نوێی شۆڕشگێڕانە هەیە کە هەر ئێستا سەرەتای ئەو نەریتانە دەرکەوتون پێویستی بە ئاڕاستەیەکی دروستە.

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*