ستاری چیمەنتۆ: تەنها ڕێگاچارە بریتییە لە ڕیشەکێشانی دەسەڵاتی چینی بۆرجوازی و سەرمایەداران و سیستەمەکەیان و بەدیهێنانی سۆسیالیزم!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق 

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکارە بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری وبێکاری؟وەک ژۆڕنالیستەکانی بۆرژوازی باسی لێوەدەکەن؟

ستاری چیمەنتۆ: پێش هەر شتێ دەستی خەباتکارانەتان بەتوندیندی دەگوشم و زۆر خۆشحاڵم کە ئێوە وەک ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە گرنگتان زانیوە کە لە پەیوەند بابەتێکی ڕۆژ، کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژارییە لە عێراق، هەستاون بە سازکردنی ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستیدا.  لە پەیوەند بە وەڵامی پرسیاری یەکەمتان من ئاوا دەڵێم٫‌، سیستەمەێک کە ئێستا جیهانی کۆنترۆڵکردووە سیستەمی سەرمایەدارییە و تەنها لەسەرداگیرکردن و زەوتکردنی تەواوی سەروەت و سامانی سروشتی و ناسروشتی لەلایەن کەمینەیەکی زۆر کەم و برسیکردن و هەژاریی لەڕادەبەدەری ملیاردەها ئینسانی سەر ئەم گۆی زەوییە بەڕێوەدەچێت. جیهانداگریی ئەم سیستەمە و یاساکانی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتی تەنها کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بازاڕ ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانی کۆمپانیاکان بڕیار دەرە و هیچیتر ، هەر ئەوەشە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسەر جۆری دەسەڵات و حوکمڕانییە سیاسییەکان و تەنانەت ئاڵوگۆڕە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیش دادەنێت. ئا لێرەوە ئیتر دەزانین کە هۆکاری شەڕ و ماڵوێرانی و برسیکردنی خەڵکی عێراق لانیکەم لە ماوەی نزیک بە نیوسەدەی ڕابردوو، وە بەتایبەتتر لە ماوەی ئەم حەڤدەساڵەی داگیرکردنی عێراق لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە! بێگومان تەسلیم کردنی دەسەڵات بە کۆمەڵێک لە سەرۆک عەشرەت و ملیۆنێرەکانی سەرانی حیزبە دینی و قەومییەکان تا ببن بە پاسەوان و ئەڵقە لە گوێ و تەواوی سەروەت و سامانە ئابوورییەکانی عێراق تەسلیم بەبازاڕی دڕندەی کۆمپانیاکان و بەتایبەت ئەمریکاو هاوپەیمانانی بکەن و ملکەچی ڕێنمایی داواکارییەکانی بانکی ناوەندی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی ) صندوق النقد الدولي) ببن و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکییش لە برسییەتی نەداری و بێکاریدا ڕابگرن.

سیستەمەێک کە ئێستا جیهانی کۆنترۆڵکردووە سیستەمی سەرمایەدارییە و تەنها لەسەرداگیرکردن و زەوتکردنی تەواوی سەروەت و سامانی سروشتی و ناسروشتی لەلایەن کەمینەیەکی زۆر کەم و برسیکردن و هەژاریی لەڕادەبەدەری ملیاردەها ئینسانی سەر ئەم گۆی زەوییە بەڕێوەدەچێت

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لە لێدوانەکانی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق (عادل رکابی)  لەسەرەتای مانگی تەموزدا باس لەو ەدەکات کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ە وە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری چەندە وابەستەیە بەپەتای کۆرۆنا یان دابەزینی نرخی نەوت؟

ستاری چیمەنتۆ: عادل ڕوکابی وەک وەزیرە تازەکەی کابینەکەی مستەفا کازمی کاتێک ڕاشکاوانە دەڵێت نزیکەی نیوەی دانیشتوانی عێراق لەهەژارییدا دەژین و جگە لەوەش، هەروەک ئێوە دەڵێن ئەو هاتووە ڕێژەکە پۆڵێن دەکات و دەڵێت ئەو ڕێژەی هەژارییە تا سەردەمی کۆۆرۆنا نزیکەی 22-23 % بووەو دوای کۆرۆنا بەرز بووەتەوە تا نزیکەی %36 ! ئەوە جگە لەوەی کە شتێکی تازەی نەوتووە و ڕاستییەکی تاڵە و ئاوایە، بەڵام ئەو دەیەوێ بەو ئیعترافە خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکییەوە و شانی خۆیان وەک دەسەڵاتدار و سیستەمێکی بۆرجوازیی حیزبی و مەزهەبی و تایەفەگەریی لەتاوانەکانیان خاڵی بکەنەوە و بڵێن هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەی هەژارییە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نابەرپرسیارییەتی و فەسادی هەندێک لە بەرپرسان بووە نەک تەواوی سیستەمەکەیان. بۆیە ئەو لێکدانەوەیەی ڕوکابی پڕ لە چەواشەکاری و لەهەمان کاتدا پڕ لە شەرمەزارییە، چونکە نەک هەر ئەو، بەڵکوو مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانیش بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە، کە پشتیوانیی گەورەی کەرتی تایبەت دەکەن لەهەمان کاتیشدا زۆربەی هەرەزۆری کەرتە گشتییەکانیان ڕادەستی کەرتی تایبەت کردووە و دیاریشە کە کەرتی تایبەت یانی بەکۆیلەکردنی کرێکاران، کرێی کەم و نەبوونیی بیمەکانی تەندروستی و لەسەروو هەموویەوە بڵاووونەوەی بێکاریی لەڕاددە بەدەر، و بەتایبەت گەنجانی تازە دەرچووانی کۆلێج و پەیمانگاکان کە لە ماوەی ئەم حەڤدەساڵەی دەسەڵاتی بەغداد و سی 30 ساڵی کوردستان هەزاران گەنج دانەمەزراون و بێکاربوون، لە کاتێکدا ئەگەر کەرتە گشتییەکان بمایە و لەسایەی هەمان ئەم سیستەمە زاڵمانەیەی سەرمەیەداریشدا شانسی ژمارەیەکی زۆری ئەو گەنجانە دەبوو، کە کاریان دەست بکەوتایە گەرچی بە لانیکەمی کرێش بووایە!  ڕوکابی خۆی بێشەرمانە ڕایگەیاند کە لە چوار ملیۆن کرێکاری لە کەرتە تایبەتەکاندا کار دەکەن و تەنها دووسەدو شەست هەزار (260000) ی ناونووس کراون و لەو ژمارە ناو نووسکراوانە بڕی یەک ترلیۆن دینار لە سندوقی خانەنشینی و بیمە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە ئەو دەڵێ ئەی ئاخۆ لەو چوار ملیۆنە کۆبکەینەوە بۆ ئەو سندوقە؟؟!! ئەم ئیعترافە لەپێناو دابینکردنی ژیانی کرێکاراندا نییە و تەواو پێچەوانەکەی دروستە، چونکە تەواوی کۆپانیاکانی کەرتی تایبەت کە باجەکانیشیان بدەن جگە لەوە هەردەچێتە گیرفانی دەسەڵاتداران کە خۆیان خاوەنی کۆمپانیاکانن لەهەمانکاتدا ئەو باجانە لەسەر حسابی دابەزاندنی کرێی کرێکاران وەیان کەمکردنەوە و دەرکردنی کرێکاران دەبێت. کەواتە نە دابەزینی نرخی نەوت و نە پەتای کۆرۆنا هۆکاری زیادبوونی هەژاریی نییە، بەڵکوو ئەوە خودی ئە دەسەڵات و سیستەمە سەرمایەدارییەیە کە خۆی یاری بە نرخی نەوت دەکات و پەتای کۆرۆناش دەکاتە بەهانەیەکی کارا بۆ زیاتر هێرش کردنە سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.

ئەو لێکدانەوەیەی ڕوکابی پڕ لە چەواشەکاری و لەهەمان کاتدا پڕ لە شەرمەزارییە!

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، ماوەیە پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانەوە شانۆگەرییەکیان پێشکەشکرد سەبارەت بە هەلی کار لە ڕێگەی دەستەی وەربەرهێنانی کوردستانەوە ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە ئەگەر ئەنجام بدرێت هەلیکار دابین ئەکات؟ یا خۆشخەیاڵیی بڵاو ئەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاگایی گەنجانی بێکار؟

ستاری چیمەنتۆ:  لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەسەڵاتدانی کوردستان بە پلانێکی نوێوە دتوانن هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن یان نا..؟! من دەڵێم ئەوان لەدرێژایی ئەم سی ساڵەی دەسەڵاتیاندا بەرنامەیان تەنها بێکارکردن و برسیکردنی خەڵکیی بووە، ئەوان بە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان دەستیان پێکرد هەر لە بەتاڵانبردن و ئاودیوکردنی گشت ئامێرەکانی کارەبا و ئۆتۆمۆبیل شۆفڵ و حەفارەوە تا دەگات بە کابڵی مسی ژێر زەوییەکانیش دەریانکرد و سەرەتای گەرمکردنی گیرفانەکانیان بەوە دەستپێکرد و پاشان هەرچی هاوینەهەوار و گرد و شوێنی ستراتیجیی ناو شارەکان و گشت شوێنەکانی حەوانەوەی خەڵکییان تەلبەند کرد و بۆخۆیانیان داگیر کرد، ئەوان کارگەکانی جگەرە و شەکر و سایلۆکانی گەنمیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد و کردیانە مۆڵی بازرگانیی و مۆڵگەی بارەگا حیزبی و دەزگا سەرکوتگەرییەکانیان، ئەوان لەماوەی ئەم سی ساڵەدا دوو نەوە تا سێ نەوە لە گەنجانی ئەم کوردستانەیان بێهیوا کرد و تووشی هەزاران نەخۆشیی دەروونییان کردن و ناچاریان کردن کە ڕوو بکەنە دەزگا پۆلیسی و جاسووسیی و سەرکوتگەرییەکانی ئەم حیزبانە و ببنە ” پێشمەرگە” و ئاساییش و بچنە ڕیزەکانی دەزگای زانیاری و پاراستنەوە، تا لەوێوە بتوانن پاروویەک نان بۆ خۆیان و خزانەکانیان پەیدا بکەن!

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بەکام پرۆژەوە بەرەنگاری بێکاری وهەلی کاردەبنەوە وەک لەڕاگەیاندنەکانیانەوە باسی لێوەدەکەن؟

ستاری چیمەنتۆ: ئەم حیزب و دەسەڵات میلیشیاییە ئیسلامی و قەومییەی کوردستان لەپێناو ئەستوورکردنی سەرمایەکانیان و بەرزکردنەوەی باڵەخانەکانیان و پڕکردنی کاسەی بانکەکانیان چییان نەکرد بەخەڵکی کوردستان و بە تایبەت بە گەنجان؟!! شەڕی نێوانیان و بەکوشتدان و بێسەروشوێنکردی هەزاران گەنج، و سەرهەڵگرتن و ئاوارەبوونی هەزارها و لە ئاودا خنکانی سەدان گەنج!! چەندین و چەندین کارەساتی تری وەک تیرۆر کوشتن و ڕفاندنی ژنان وخەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان و سەردەشت عوسمانەکان، ئەمانە و چەندین و چەندین کارەساتی تر کارنامەی ئەم دەسەڵاتەن و دوا ئامانجیشیان نەک هەر ئەوە نابێ کە هەلی کار و خۆشگوزەرانیی بۆ گەنجان دابین بکەن، بەڵکوو خەریکن بەپێی بەرنامەیەکی سەرمایەدارانەی کۆمپانیا جیهانییەکان و لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ پلانەکانی کابینە سەپێنراوەکەی کازمی تەواوی کەرتە گشتییەکانی تری وەک خەستەخانە و کارەربا و ئاوو خزمەتگوزارییەکانی تریش بفرۆشن بەکەرتی تایبەت و ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی دامەزراندنی گەنجانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و فرسەتی هەلی کاریش نەک هەر زیاد ناکات بەڵکوو ئەوەی ئێستاش لەو شوێنە گشتییانەدا لە سەرکار ماون لەکاتی فرۆشتنیاندا دەکەونە بەر خەتەری دەرکردن و بێ نان کردن!! بۆیە تەواو دروستە وەک ئێوە دەڵێن ئەوە تەنها شانۆگەرییەکە و لەپێناو ناردنە ماڵەوەو خاوکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانە و هیچیتر.

بانگەشەی ڕەخساندنی هەلی کار لە لایەن حکومەتەوە شانۆگەرییەکە و لەپێناو ناردنە ماڵەوەو خاوکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانە و هیچیتر!

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەکانی ڕزگاربون لەم بارودۆخە چەق بەستو و نالەبارە کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟

ستاری چیمەنتۆ: ئەوەی کە بەمەسەلەی ڕێگاچارە دەگەڕێتەوە، ڕێگایەکی تر نییە جگە لە ڕیشەکێشانی دەسەڵاتی چینی بۆرجوازی و سەرمایەداران و سیستەمەکەیان و بەدیهێنانی سۆسیالیزم، سەرەتاکانی ئەم ڕێگایەش گەنجانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و یەکسانیخواز و لە ساحەکانی تەحریر و جادەکانی پاریس و نیۆیۆرک و مەیدانەکانی ئازادیی سلێمانی و دهۆکیش لە کوردستان هەنگاویان بۆ ناوە. ئەم دەسەڵاتە میلیشیایی و سەرکوتگەرەی کوردستان و عێراق تەنیا لەڕێگەی ئەو شۆڕشەوە دەبێ بڕوات و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر ناتوانێ دەستەبەری بەدیهاتنی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران بێت. سۆسیالیزم وە شۆڕشی سۆسیالیستی خەیاڵ نییە و ئێمەش باسێکمان لە خەیاڵ نییە وەک هەندێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی بۆرجوازی بەئامانجی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بوونەتە دەهۆڵژەنی سەرمایەداری و سیستەمەکەیان و دەیانەوێ ڕێڕەوی ئەو شۆڕشەی گەنجانی ساحەی تەحریری بەیروت و بەغدا و هێلەکزەردەکان دەستیان بۆ بردووە بەلاڕێدا ببەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە شۆڕشی سۆسیالیستی و سۆسیالیزم، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و گەنجانی ئازادیخواز ڕۆژانە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن و کاری هاوبەشی ڕۆژانەی و هاوکاریی هەرەوەزییانەی شەوانەڕۆژی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان لە مەیدانەکاندا و دەستبردنیان بۆ بانکەکان و ڕەتکردنەوەی کاردکردن لەگەڵ سندووقی نەقدی دەولی و هێنانەخوارەوە و شکاندن و سوتاندنی پەیکەری شا و سوپاسالار و خاوەن کۆیلە دڕندە لەمێژینەکانی چینی فیۆداڵ و سەرمایەداران، باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ یان سبەی شۆڕشی سۆسیالیستی دەکەوێتە سەر ڕێگای خۆی، چونکە ئەم ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی لەلایە دەزگا سەرکوتگەرییەکانی بۆرجوازیشەوە خاوبکرێتەوە یان سەرکوت بکرێت، بەڵام لەکاتی سەرهەڵدانەوەی داهاتوویدا هەمیشە بە چۆنییەتێکی شۆڕشگێڕانەتر و بە ئاسۆ و هیوا و دروشمی ڕۆشنترەوە هاتوونەتەوە مەیدان. بۆیە شۆڕشی و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساحەی تەحریری بەغدا و شۆڕشی ساحەکانی پەیروت و تەڕابلوسی لوبنان هەرگیز لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی نەچووەو شۆڕشگێڕان دەرس و تەجرەبەی زۆر پێشکەوتنخوازانەیان وەرگرتووە، و هەوڵیان داوە نەچنەوە سەر هەڵەکانی پێشوویان. بۆیە بە بڕوای من تارمایی شۆڕشی سۆسیالیستی و سۆسیالیزم سەران و نوێنەرانی چینی سەرمایە و سیستەمەکەیانی تۆقاندووە و یەکێ لەهەرە نمایندە دڕندەکانی بۆرجوازیی ئەم سەردەمە دۆناڵد ترەمپ ی هێناوەتە قسە و لە چەندین بۆنەدا بەدژی سۆسیالیزم و شۆڕشگێڕانی سۆسیالیستی قسە دەکات و بە گێرەشێوێن و تێکدەر ناویان دەبات. بۆیە هەروەک ماکس ئەنجلس وتوویانە، ئێستاش دووبارە تارمایی سۆسیالیزم لە سەرتاسەری دنیادا دێت و دەچێت و تاکە ڕێگا هەر سۆسیالیزمە.

ئەم دەسەڵاتە میلیشیایی و سەرکوتگەرەی کوردستان و عێراق تەنیا لەڕێگەی ئەو شۆڕشەوە دەبێ بڕوات و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر ناتوانێ دەستەبەری بەدیهاتنی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران بێت

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*