ئەکرەم نادر: ئەوەی ڕووئەدات شکستی ڤاکسینی چارەسەری نیولیبڕالیزم و ھەموو باڵە ڕیفۆرمیستەکانی ناو سیستمی سەرمایەداریە بەھەموو شێوازەکانیانەوە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری هەژاری لە عێراق

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : لەسەرەتای مانگی تەموزدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەت(عادل رکابی) ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە ٢٢% ە وە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١،٧%، ئایا ئەمە چ واتایەک ئەگەیەنێت؟

ئەکرەم نادر: سەرەتا دەستان خۆش بۆ بەسەرکردنەوەو وەرگرتنی بیروڕای ھەمەجۆر و جیاواز لەم پرسە چینایەتیانەدا ھیوادارم بەردەوام بن ھەمیشە،سەرمایەداری قەت نایشارێتەوە کە سیستمەکەیان چەند ئالودەی قەیرانەکانە ئەوەی لای ئێمە شاردراوەیە بۆ ئەوان ڕۆشنترە، چونکە ئێمە و ئەوان دوو چینی جیاوازین و بەرژەوەندیەکانمان دژ بەیەکن، بۆیە ڕەنگە من ھەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکەم ھێشتا یەک خاڵی ناشرینی ناوەڕۆک و ڕوخساری ئەم سیستمەم نەکێشاوە بۆ خوێنەران، بۆ ئەوەی ھەموو ئەوانەی ووتراون دووبارەیان نەکەمەوە چونکە نە خوێنەر ئەو حەوسەڵەیەی ھەیەو نە چاوەڕوانی لەوەش دەکەن ئێمە ئەوەیان بۆ دەرخەین چونکە میدیاکانی بۆرژوازی و دەزگاکانیان سەد بەرابەر ئاماری دڕندەیی لە ھەموو ساتێکدا تۆماردەکەن، ئەوەی کە باسی دەکەن بەیەک دێڕ ئەتوانم بڵێم ھەموو ئەوانەیەکە ھەریەک لەو ھاوڕێ و ئازیزانەی ھەمان پرسیارتان لێکردوون پێکەوە ڕاستن ھەریەک بەپێی توانای خۆی لە گۆشەنیگای ئاستی ئاگایی چینایەتی و جیھانبینی خۆیەوە ئیشارەتی پێداوە، کۆکراوەی ھەمووشی لە یەک خالدا ئەوە شکستی ڤاکسینی چارەسەری نیولیبڕالیزم و ھەموو باڵە ڕیفۆرمیستەکانی ناو سیستمی سەرمایەداریە بەھەموو شێوازەکانیانەوە بۆ کێشە شێرپەنجەییەکانیان، دەرخستنی ئامارەکان بەوەی شاردراویشنەتەوە ھەر ڕووی دزێوی ئەم سیستمە ناشارنەوە، ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە عێراق سەرچاوەی داھاتی ئابوریەکەی لە نەوتەوەیە ئەگەر واشی دابنێین کەلە ٪‏٩٥ بێت ئەوا ھەربەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیھانی و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی کاری عێراق خۆشی دان بەوەدا دەنێن کە کەرتی پیشەسازی نەوت بەڕێژەی ٪‏١ ی ھێزی کاری کرێکارانی عێراق کاری تێدا دەکەن کەواتە لەعێراقدا ھەموو ئامارەکان درۆن ئەی ڕێژەی ٪‏٩٩ی تر لەکوێی ئەم ووڵاتەیا کاردەکەن؟ ئەوان بەکوشتدانی خەڵکی بەشمەینەت بەکار ئەژماردەکەن؟! ئەوانەی شەوانە ڕۆژدەکەنەوە لە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی دەوروبەری شارە گەورەکان و سەرپەنایان بۆ ژیان دروستکردووە ھەر لەناو ئەو پاشەڕۆی کۆکراوەی شارەکاندا بەکار ئەژماردەکەن زیاتر لە دوو ملیۆنن ھەر بەپێی ئەو ئامارانەی خۆیان، ڕاستیەکەی ئامارو ژمارەکان ھەوڵێکن بۆ چەواشەکاری و تۆقاندن وەک ئەو دەزگایانەیان لێھاتووە کە لە شاشەکان و میدیا خێرخوازیەکانەوە کەمئەندامان و بەساڵا چووان و منداڵانی بێ سەرپەرشت و ھەزارەھا نەھامەتیمان پیشاندەدەن ھەتا دڵخۆشبین کە ئێمەش وامان بەسەر نەھاتووە و شوکرانەی ئاسمان بکەین کە بەپێوەو لەماڵەكانمان ماوینەتەوە،ئ ەمانە مەبەستیانە بەبەردێک دوو نیشان بشکێنن ھەم بمانترسێنن و ھەم نائومێدیشمان بکەن لەچارەسەری کێشەکانیان وەک ئەوەی ئەوان لە ھەوڵی چارەسەریدا بووبن و ئێمە دەستیانمان گرتبێت،مەگەر ئەوان ھەموو ئەم جەنگ و کارەساتانەیان نەخوڵقاندبێت و ھەموو کارگەو پرۆژەکانیان تاڵانفرۆش و بێکەڵک و بێبازاڕ نەکردووە لە چەندین ساڵی حوکمی دڕندەیی جەنگەڵستانی سەرمایەداری چاوچنۆکدا؟! ئەمە واتاکەی ئەوەیە کە نەخشەکارێکیان پێشتر ھەبووە بەھاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان و بانکی جیھانی، ئێستا خەڵکی پێناچار بکەن ئەوەی ماوەتەوە دەرگا خستنە سەرپشتە بۆ فرۆشتنی ھەموو شتێک بەنرخی خۆڵ و دەبێت ئەوە بکەن کە بەرنامەڕێژی ھەتا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ کراوە، ئەمە ئەوە دەڵێت کە دەیانەوێت قەیرانی قوڵی سیستمی سەرمایەداری جیھانی بشارنەوە لێمان و ڕێچاری بۆرژوازیانەو چاوچنۆکی زیاتر بسەپێنن بەسەرماندا…

دەرخستنی ئامارەکان بەوەی شاردراویشنەتەوە ھەر ڕووی دزێوی ئەم سیستمە ناشارنەوە!

‎ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: نوێنەرانی بۆرژوازی لە عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژارییان گەڕاندووەتەوە بۆ پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئایا ڕاتان چییە لەم بارەیەوە؟

ئەکرەم نادر: سەرمایەداران ھیچ کات نەیانووتوە ئێمە خەتابارین ھەمیشە ھەگبەکەیان پڕێتی لە بەھانەو بڕوبیانوی شانبەتاڵکردنەوە، ھیچ کات باسی سوود و قازانجە زەبەلاحەکانمان بۆ ناکەن، ھەمیشە لە نەھامەتیەکان بەشی ئێمە ئەدەن سەرەڕای پێشترچەندێکی تریان بارکردووە لێمان، دەمی ھەرکەسێک بکەیتەوە ملیۆنەھا جوێن و ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو درۆ و بەھانەو خۆدزینەوانەی ئەوان دەردەبڕن، وابزانم ھێندە بەسە چاوێک بە مێژووی کورتماوەی دوای داگیرکردنی عێراق و پێش داعش و کۆرۆناو…ھتد بخشێنین، وەڵامەکەی ڕوونە ئەو زەلکاوەی خوڵقندویانە ھەرچۆن سەری لادەی بۆگەنی دێت، مەگەر ئەوەی خەڵک باسی دەکرد پێشتر لەکاتی بەرزی نرخی نەوتدا نەبوو دەیان ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان لەدژی ئەم دەسەڵاتە دەکرا لە زاخۆوە بۆ فاو؟! وەک ووتم ئەوان باشتر خۆیان و پاشەڵی دڕندانەی خۆیان دەناسن و بۆخەڵکیش ئاشکرایە ئیتر پەندێک ھەیە دەڵێت:بیانووی تڕ نانی جۆیە…ئەم سیستمی چینایەتی سەرمایەداریە لەسەر بەھانە دەژی و وەبەرھێنانی پێوەدەکەن وھیچی تر…

سیستمی چینایەتی سەرمایەداری لەسەر بەھانە دەژی و وەبەرھێنانی پێوەدەکەن!

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێمی بۆرژوازی کورد، و دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بەکام پرۆژەوە بەرەنگاری هەژاری دەبنەوە وەک لەڕاگەیاندنەکانیانەوە باسی لێوەدەکەن؟

ئەکرەم نادر: ڕێگەم بدەن نەختێک لە پرسیارەکەتان دووربکەومەوەو ئینجا ھەوڵبدەم لەناو باسەکەمدا وەڵامیش بە پرسیارەکەتان وەرگرنەوە، حکومەتی ھەرێم کە بۆرژوازی کورد و بزوتنەوەی کوردایەتی بەڕاست و چەپیەوە ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ژێر ئەو ناوەدا شەرعیەتیان دا بەخۆیان لە دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ئازاری ١٩٩١وە کە کۆتایی بەگەندەڵی و ھێزی (ئاڕ ئاڕ)ک کورتکراوەی (ڕاوو ڕووت) دێنن ئەمە پەیامی جەلال تاڵەبانی و مسعودبارزانی بوو بۆ ھەڵبژاردن و وەڵام بەناڕەزایەتی ئەوکاتەی جەماوەر، ئێستا ئێمە چۆن ئەمە بۆ خەڵک شی بکەینەوە لەکاتێکدا خەڵک نەک بەڕاستگۆیی وەریناگرن بەڵکو کاتێک بەشێوەیەکی دوورلە تەنز شیکاری بۆ نەکەیت گاڵتەت پێدەکەن و دەتکەنە بەشێک لە نوکتەو فشقیاتەکانیان، ئەوەی کێشەیە ئەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی کوردایەتی خەڵکی لەسەر گاڵتەجاڕی ڕاھێناوە فەوزای بێباوەڕی و بێمتمانەییان کۆمەڵایەتی کردۆتەوە، ئەمە بەشێکە لەسەرخانی سیاسی ئەو، سیستمی سەرمایەداری “نیولیبڕالیزم”  کە لەگەڵ ھات و ھاواری سەرکەوتنی نیولیبڕالیزمی ڕۆژئاوا بەسەر بلۆکی شەرقی سەرمایەداری دەوڵەتی کە حزبە سۆسیالیستە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان پەیڕەویان دەکرد، لەگەڵ ڕاپەڕینی ھەرێمی کوردستان لە عێراق ھەمان نەخشە دەستی بەکارکردن کرد و ھەموو ھەوڵی بۆرژوازی کوردایەتی بەئاینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان ولیبڕاڵ و چەپی بۆرژوازیشیەوە لەھەووڵی جوتبوون بوون بەو بانگەشە جیھانیە، ئەوەی دەگوزەرێت باشترین ئاکام و ھاوبەشی شکستی ئەو سیستمە جیھانیەیە کەبەبێ ھیچ پەردەیەک سیاسەتی بازاڕی ئازادیان پیادە کرد، ڕەنگە ئەم بۆچونەم کەس لەگەڵم ھاوڕا نەبێت! ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردووی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، وا ڕاھاتووین دەوڵەت بۆ بەرگرتن بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای ناوچەیی و جیھانیدا ھەندێک ئەرکی لەئەستۆ گرتبێت و ھەموو چاوەڕوانیەک لە تێگەیشتنی دژایەتی و پشتیوانی سیستەم لە خودی دەوڵەت و ئەرکەکانیدا چڕکرابێتەوە، ئەمە مۆدێلی باوی پێش ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیزمی دەوڵەتی و بۆرژوازی دەسەڵات پۆڵایین بوو بۆ ئیحتواکردنی بزوتنەوەی کرێکاری شۆڕشگێڕانە، ئەمە ھەموو بوونە ئەزموونی مێژوو، تازە ھیچ بنەمایەکی بەرپرسیارەتی دەوڵەت لەم ئەڵتەرناتیڤە نوێیەی سیستمی سەرمایەداری نیولیبڕالیزم بوونی نەما، ئەوەتا لە کوردستان ئەوەیان کرد لە عێراقيش بەھەمان ئەندازە وەک خۆیان ووتیان عێراقيان لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بنیادنایەوە ئەوەش کە دەبینرێت ئاکامەکەیەتی، مێژووش ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. سەرمایەداری سەردەم و دەوڵەتەکەیان ئیتر ئەمەیە، من خۆشحاڵم ئەرکی ئێمە بۆ ڕسواکردنی دەزگای پەڕلەمان ودەوڵە ت ودەزگا سەرکوتگەریەکانی ئاسایش و پۆلیس و سوپا لەوە ڕسواتربن کە دەبوو ئێمە ئەو ئەرکەش بگرینە ئەستۆ من ناڵێم تەواو ڕسوابوون، بەڵام ئەرکی ئێمەی ئاسان تر کردووەو دەبێت زیاتر و زۆرتر ڕسوابکرێن، ئیتر سەرمایەداری بێباک لە ژیان و چاوچنۆک بۆ قازانج و دەسەڵات و کەڵەکەی سەرمایە ئەمەیە، باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، چاکسازی ئەوان بۆ خۆیانە باجدانانە لەسەر ھەناسەدان و ھاتوچۆ و کرێ ھۆتێلی ماڵەکانمان ئەوەتا نوکتەو تەنز و بیروڕا دەربڕینی ئازادیش دەبێت باجی بدەیت ئەگەر دەڵێن با ئازادبین زۆر باشە بەیاسا دەبێت پارە بدەیت لەسەر ئەوەی دەیکەیت و دەیڵێیت، نوسینی تۆڕکۆمەڵایەتیەکان بەدلیان نەبێت ڕاتدەکێشنە دادگاو باجەکەی دەدەیت ئەمانە ھەموو ئەو چاکسازیانەن دەبێت بیکەن لە پێشکەوتووترین دەوڵەتە سەرمایەداریەکان ھەتا ئەو شوێنەی پێیدەڵێن ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەی ئەمە چاکسازی ماڵە پڕ کێشەکەیان نەبێت چیە ڕیفۆرمیزمی بۆرژوازی بە چەپ و ڕاستیەوە ناڵێن دەوڵەتداری وا نابێت ئەی چۆن دەبێت؟ خۆ ناڵێن وەرن بمان ڕوخێنن چ تاڵانچی و دزێک لە دنیایا خۆی دادگایی کردووە وەک ووتراوە :گەر پشیلە حەرەس بێت ھەموو مشکێک تاوانبارە…

ئەوەی دەگوزەرێت باشترین ئاکام و ھاوبەشی شکستی ئەو سیستمە جیھانیەیە کەبەبێ ھیچ پەردەیەک سیاسەتی بازاڕی ئازادیان پیادە کرد

‎ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ڕیگا چارەی ڕزگاربون لەم بارودۆخە نالەبارەی کە خەڵکی بەدەستییەوە ئەناڵێنێت و ساڵ لە دوای ساڵیش توندتر ئەبێتەوە چییە؟

ئەکرەم نادر: ئەمە چاوەڕوانکراوترین پرسیارە بۆ ھەرکەسێک کە ئامادەبێت گفتوگۆکەمان بخوێنێتەوە وەک مارکس دەڵێت ھەموو فەیلەسوفەکان جیھانیان لێکدایەوە، بەلام گرنگ ڕێگاچارەکەیە…ئا لێرەیا دەردەکەوێت ئێمە بەشوێن چیەوەین ئێمە فەیلەسوفانە بیردەکەینەوە و لێکدانەوە دەکەین ھەتا فاڵگرەوەیەک و ڕۆشنبیرێک بۆ سەلماندنی بۆچونەکانی خۆمان، یان بەشێکین لەو بزوتنەوەیەی پرۆلیتاریای لۆکاڵی و ناوچەیی و جیھانی سەرمایەداری پێوەی دەناڵێت؟ ئایە ئێمە بەرژەوەندی چینایەتی لەدەوری یەک کۆیکردوینەتەوە یان ھەوادارو گرووپ و خۆ بەدکتۆر و ڕابەر زانین، و ھیوادارین ئەوەی ئێمە دەیڵێین بۆ خەڵک بسەلمێت ئێمە ڕاستمان ووت کە سەرمایەداری چۆنە و چیە و چی دڕندەیەکە؟ ئایە ئێمە ڕێگاچارەکانمان وەک ڕەچەتەی دکتۆر بۆ نەخۆش ئامادە دەکەین لەبەرنامە و ئاوات و ئارەزووەکانمان ڕاست و چەپ لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بەپێی کاڵاکەی خۆمان بەرگ بەباڵای ئەو ئەزموونانەی مێژوودا دەکەین یان کێین…؟ پرسیار زۆرە میتۆدی مارکسیزم زانستی ڕزگاریە ئەمەندە ئەم ووشەیامان وتۆتەوە بێتام بووە چونکە ھەمووی ئەوە دەڵێینەوە، بەڵام وەک خودی مارکس بانگەوازی پرۆلیتاریای جیھان دەکات و دەڵێت باسی ئازادیتان بۆ دەکەن بەڵام بپرسن کام ئازادی؟ بۆ ھەموو چەمکەکانی ژیان و دەستەواژەکانیش ئەبێت ھەمیشە وەک شۆڕشگێڕێک لە خۆمان و دەوروبەریشمان بپرسین پێماندەڵێن ڕێکخراوبن بەڵام کام ڕێکخراو چۆن و بەچی شێوەیەک و لەپێناو چیدا بۆمان دروستدەکەن؟ یان خۆمان دەستمان بەشێوازێکەوە گرتووە کارا نیە و جێگەی ڕەخنەیە یان مێژووی کاریگەری نەماوە وەک سەندیکاکان و بوونەتە دەزگای بیرۆکراتی و کۆمپانیا، یان وەک حزبەکان بونەتە میراتگری مەکتەب سیاسی سکرتێرەکان وکاریزمای حزبەکان؟ پێماندەڵێن سۆسیالیزم بەڵام کام سۆسیالیزم؟ پێمان دەڵێن بەدیل چیە بەڵام کام ڕێچار وبەقازانجی کام چین و بۆ بنەبڕکردنی چی و بەقازانجی کام چین دەشکێتەوە، بەبروای من خەڵک لە بێئاگایی چینایەتیانەوە نیە ڕاناپەڕن و شۆڕشیان نەکردۆتە ئامانج ئەوە ھەموو باسەکە نیە، خەڵک ئەزموونەکانی لەپێشچاوە زۆری دیوە کە مێژووی سەدەی نۆزدەو بیست و بەڵێنەکانی بۆرژوازی تازە سەرھەڵدانی سیستمی چینایەتی سەرمایەداری دەخوێنیتەوە زۆر لە ئێستا شۆڕشگێڕانەتر سنگیان دەرپەڕاندووە ئەمەش بەشێکە لە مێژووی شۆڕشگێڕانەی ئاڵوگۆڕی سیستمی چینایەتی، بەلام کێ کردی و کێ خواردی ئەمە قسەی سەرزاری ھەموو بەشەرێکە، ئەگەر لە من بپرسیت چی باشە ئەوە پێدەڵێم ئەوەی بۆ منێک وەک کرێکارێک باشە و ژیان و ژینگەیەکی شایستە بەمرۆڤم بۆ بەدیدێنێت بێ شک بۆ ھەموو ئەوانەی ھاوچینی منن بۆیان باشە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە چارەسەری ھەر نەخۆشیەک یەکەم کەس لای نەخۆشەکە خۆیەتی، کەواتە ئەمە وەک کاری تاکەکەسی دەردەکەوێت بەس ئێمە نەخۆش نین ئێمە نەخۆشی دەستی ئەو ژینگەیەین کە شایستە بەمرۆڤ نیە، ئەبێت لەوێوە کاربکەین کە ھەر ھەنگاوێکمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی تەونی ئەو ژینگە وێرانکەرەبێت کە تێیدا دەژین کە سیستمی چینایەتیە، شۆڕش و ڕاپەڕین ئامانج نیە وەسیلەن بۆ گەیشتن بەئامانج شۆڕش ھاتنە سەرشەقامەکان نیە بەتەنھا چەک ھەڵگرتن نیە بەتەنھا پەلاماردانی ماڵی بەرپرسەکان و بانک و دەزگا سەرکوتگەریەکانی ئەوان نیە بەتەنھا، کەھەموو ئەمانەشە و ئامادەکاریشە بۆ پاراستنی دەستکەوت و ڕێکخستنەوەی ئەو ژینگەیە بەھەموو شێوازەکانیانەوە، ئەبێت سوود لە ئەزموونکانی ڕابردوومان وەرگرین و نەھێڵن ھەلپەرستان لێمان بدزن ئەمانەن خەڵکیان بێ باوەڕکردووە لە خۆشی وەک ووتراوە:خەڵک دەزانن چییان ناوێت بەس نازانن چیاندەوێت، بەبڕوای من ئەمە ئێستا زیاتریش ڕۆشتووە خەڵک دەشزانن چییان دەوێت بەڵام متمانەیان نیە کە جارێکی تر دەستناکەنەوە بە زاخی پەشیمانیدا وەک لە “شۆڕشەکانی” پێشتر ئەزموونیان کردووە، سەردەم پێشکەوتووە خوێندەواری گەشەی کردووە خەڵک ناخوێننەوە بەڵام زۆر دەبیستن کتێبخانەیان نیە بەڵام لەناو دەستیان و مۆبایلەکانیان گەورەترین زانیاری تێدایە بە چاک و خراپ بەگوێیدا دەخوێنن، ئەمەش بەسەردەچێت ھەمووی ڕاگوزەرە لە ناو منداڵدانی ئەم بزووتنەوە نوێییەدا خۆی ھەڵگری شۆڕشگێڕانەی نەوەیەکی نوێی پێشکەوتنی ھێزی کار و ھۆکانی بەرھەمھێنانی دیجیتاڵی لە منداڵدانیدا ھەڵگرتووە ئێمە چونکە پێشتر ئەزموونمان نەبووە لەگەڵی، پەیمان پێ نەبردووە ھێشتا سەرمایەداران لەوە تۆقیون چونکە باشتر دەزگا و دەسەڵات و جیھانیان ھەلسەنگاندووە بۆیە پشت دەبەستن بەڕۆبۆتەکان چونکە ئومێدی ئەوەیان ھەیە کە لێیان ھەڵناگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەش ھەر ئەبێت ھاوچینەکانی ئێمە بۆیان بخەنە کارو دروستیان بکەن و بۆیان ئەپدەیت بکەنەوە کەواتە خەونی سەرمایەداران بۆ دواخستنی مەرگی سیستمی چینایەتی سەرمایەداری و جەنگەڵستانەکایان مایە پوچیە، ڕێگاچارەش ھەر ئەوەیەکە کە ئێمە ئەوانمان بە وەھمی پارەو بەخاوەن موڵکی ئەم زەویەی کە سروشتی دایکی ھەمووانە بۆ ئەوانمان بەڕێوە بردووە لەدەستیان بسەنین و ھەموو کایەکانی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی و ھونەر و ئەدەب و زانست و زانین و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستیەکانی ژیان کۆمەڵایەتی بکەینەوەو بۆ ھەمووان بێت، ئەمانە بەدرێژایی مێژووی بوونمان ھەن بەس ھەمیشە بەموڵکی خوێنمژانمان زانیون نەک موڵکی کۆمەڵایەتی خۆمان وەک مرۆڤی سەر ئەم ھەسارەیە ئەمەیەکە پێیدەوترێت ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بوونەوەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی نەک پیرۆزکردنی گروپ و حزب ئەوانە دەبێت بەشێک بن لە ئامرازی کۆمەڵایەتی بەدەست پرۆلیتاریاوە نەک چەکوش خۆشحاڵانە ئەو ئەزموونەشمان بینی و نابێت دووبارە بێتەوە کۆمەڵگەی بەشەریەتیش ئەوەی لە ئێمە دەوێت نەک باوەڕی پێی نیە بەڵکو دەپرسێت کام سۆسیالیزم و کام کۆمۆنیزم؟ من دەلێم ئەوەی پێ بە پێی گەشەکردنی ئاگایی و ھەنگاوە شۆڕشگێڕانەکانمان بریاری کۆمەڵایەتی لەسەر دەدەین نەک رەچەتەی ئامادەکراو…قسە زۆرە بەس دایدەنێین بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو شان بە شانی بڕیارە چینایەتیەکانی بزوتنەوەی پرۆلیتاریای لۆکاڵی و جیھانی کە لەداهاتوشدا زیاتر لەسەری دەدوێین…دەستتان خۆش و بەردەوامی بۆ خەباتی چینایەتی کرێکاران.

ئێمە نەخۆشی دەستی ئەو ژینگەیەین کە شایستە بەمرۆڤ نیە، ئەبێت لەوێوە کاربکەین کە ھەر ھەنگاوێکمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی تەونی ئەو ژینگە وێرانکەرەبێت کە تێیدا دەژین کە سیستمی چینایەتیە

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*