ترامپ بڕیاری لێبوردنی بۆ تاوانبارانی کوشتارگەی مەیدانی نسور دەرکرد!

کامەران ئەحمەد

ترەمپ لە دواین ڕۆژەکانی کۆشکی سپیدا دیسانەوە بە ڕەفتاری شەڕەنگێزانەو بە پەیامێکی ترسناک و تاوانێکی تر دژ بە مرۆڤایەتی کورسی سەرۆکایەتی ڕادەستی هاوشێوەکەی ئەکات.  ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٢ی دیسەمبەر لێبوردنی بۆ ١٥ تاوانباری دۆسیەی جەنگ و گەندەڵی دەرکرد کە لە نێویاندا چوار بکوژی کوشتارگەی مەیداری نسورن کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستئەنقەستانە هەستان بە تاوانی کوشتنی چواردە هاوڵاتی سڤیل. هەریەکە لە نیکۆڵاس سڵاتن(Nicholas A. Slatten) ، پاوڵ سڵوو (Paul Slough) ، ئیڤان لیبرتی (Evan Liberty) ، و دەستن هارد (Dustin Heard) کە چوار کۆنە سەربازی سوپا بوون و وەک بەکرێگیراو لە کۆمپانیای سکیورتی بلاک ۆتەر (Backwater) کاری پاسەوانییان ئەکرد بەر لێبوردنەکەی ترامپ کەوتن.

لە کاتێکدا بڕیارەکەی ترامپ ئازارێکی گەورەو بەسۆیە بۆ خانەوادەو کەسوکاری قوربانیان و بەرەی دژبە جەنگ لە سەرتاسەری جیهان،لەهەمان کاتدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەدەستئاوەڵاکردنی سەربازانی ئەمریکاو بەرپرسیارنەکردنی تاوانبارانی جەنگە لەهەر کوشتارێک کەئەنجامی ئەدەن تا بە ئارەزووی خۆیان بەربنە گیانی هاوڵاتیان لە وڵاتانی ژێردەستەی ئیمپریالیزم. سەرباری دەرخەری داهاتوویەکی تاریکە لە پرۆژەی پێکهێنانی تۆڕێک لە سەربازاران و بکوژانی سوپا و ئازادکردنیانە لە نێو کۆمەڵگای ئەمریکا، ئەمە بڕیاری باڵاترین نوێنەری دیموکراسیەتی بۆرژوازییە لە جیهان، پڕاوپڕ ڕێچکەی ڕێبازی جۆرج بوش و ئۆبۆما و هەر سەرکردەیەکی تری چینی بۆرژوازییە لە ڕەواییدان بە کوشتارو قەتلوعامی خەڵک.

بە پێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، بلاک ۆتەر و هاوشیوەکانی لە کۆمپانیاکانی سکیورتی کە کۆنە سەربازو ژەنەراڵ و ئەفسەرە خانەنشینەکانی سوپای ئەمریکایان لەخۆگرتووە ساڵانە زیاد لە ١٠٠ بلیۆن دۆلار لە ئەمریکاو وڵاتانی ژێردەستە ئەچننەوە. بلاک ۆتەر ساڵانێکە ناوزڕاوی ئەو بوارەیەو سیمای ناسێنەرەوەی لێنەپرسینەوەیە لە پاسەوانەکان و دەستئاوەڵاکردنیانە لەتەقەکردنی خەڵک.دامەزرێنەرەکەی ئیریک پرنسە(Erik Prince)ە کە برای بێستی دەڤۆسە(Betsy DeVos) سکرتێری پەروەردەی حکومەتەکەی ترامپە. لە ڕاپۆرتی کۆنگرێسدا دەرکەوت ٨٠% تەقەکردنەکانی بلاک ۆتەر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٧ لە عێراق بێ هیچ هۆکارێک کراون، بڕیارەکەی ترامپ ژێرپێخستنی لێکۆلێنەوەکان و گاڵتەجاڕی بڕیارەکانی دادگاکانی وڵاتێکی زلهێزە کە ڕۆژانە بانگەشەکانی بۆ مافی مرۆڤ و پاراستنیان وەک گەورەترین ناوەندی دیموکراسی جیهان گوێ‌ی هەموومان کەڕ ئەکات.

لەپاڵ ئەم بکوژانەشدا جۆرج پاپادۆپڵس   (George Papadopoulos ) ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە لە کەمپەینی ٢٠١٦ی هەڵبژاردنی ترامپ و نیکۆڵاس سڵاتن (Nicolas Slatten )  کە لە بەرامبەر دەزگا سیخوڕیەکەی خۆشیان (سی.ئای.ئەی) درۆیانکرد و بەرتیلخۆرەکانی وەک دونکان هەنتەر(Duncan Hunter) و کرس کۆڵنس(Chris Collins) لە نێویاندایە، شەرمهێنەرانەش میدیاکان باس لە پلانی ترەمپ ئەکەن بۆ لێبورردن لە کوڕە گەورەکەی Donald jr. هەروەها کوڕی دووەمی ئیریک Eric و کچەکەی Ivanka  کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بووەتە ڕاوێژکاری سەرۆک، جگە لە سەرمایەداری گەورەی ئەمریکی Jared Kushner کە زاوایەتی تا لە بەدواداچوونە قەزاییەکاندا بێبەری بن. ترەمپ دواین ساتەکانی دەسەڵاتی قۆستەوە تا تۆڕێک لە خەڵکانی بکوژ و تینوو بە خوێنی ئینسانەکان و گەندەڵکار بەربداتەوە گیانی کۆمەڵگا.

ئەم بڕیارە بەرجەستەکردنی بەکردەوەی ئەو سیاسەتانەیە کە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا پەیڕەو و پیادەی ئەکات. ترەمپ تەنها نوێنەری بۆرژوازی نییە لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەدا، ئۆباماش لە کاتی خۆیدا دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا بۆ ڕێگرتن لە محاکمەکردنی هەموو ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی سی ئای ئەی کە ژوورەکانی ئەشکەنجەدانیان بەڕێوە ئەبرد، یان ئەو ئەفسەرانەی کە بەرپرس بوون لە کارکردن وبەڕێخستی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و بوونە کوشتنی سەدان خەڵکی بێتاوان. لە ساڵی ٢٠١٢ دا ئۆباما لێبوردنی بەو ئەفسەرانە بەخشی کە ژورەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانەکانی (سی ئای ئەی)یان بەڕێوە ئەبرد، جۆ بایدنیش پەیڕەوکەری هەمان نهج و سیاسەتە چونکە هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەوە ڕایگەیاند کە “پەیڕەوی لە هەمان سیاسەتەکانی ئۆباما ئەکات” و ژمارەیەک کاندیدی حکومەتەکەی کۆنە ئەفسەرو پاڵەوانی جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستانن، ماوەی چوارساڵە دیموکراتەکان گەورەترین ڕەخنەیان لە ترەمپ ئەوەیە کە کۆمارییەکان زۆر سوور نین لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی سوریا و عێراق و ئەفغانستان.

کوشتارگەی مەیدانی نسور لە بەغداد

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٠٧ پاسەوانەکانی بلاک ۆتەر هاتووچۆی ترافیکیان ڕاگرت و هەڕەمەکی بە چەکەکانیان دەستیانکردە دەستڕێژی گوللە لە مەیدانی نسوری بەغداد، سەرباری دەستڕێژەکانیان قومبەلە هاوێژیان(grenade launchers) ڕووەو ئوتومبیلەکان ئاراستەکرد، لێکۆڵینەوەکان دەریان خست کە هیچ عێراقییەک تەقەی نەکردووە، تەنانەت چەکیان هەڵگرتووە و نەشبوونەتە مایەی هیچ هەڕەشەکردنێک لە پاسەوانەکانی بلاک ۆتەر.

لەم کوشتارەدا ١٤ هاوڵاتی بێتاوان کوژران و ١٧ی تریش بریندار بوون.، هیچ پاسەوانێکی بلاک ۆتەر ئازاری پێنەگەیشت. کوشتاری مەیدانی نسور لە کاتێکدا بوو کە عێراق بەهۆی شەڕە بەردەوام و کۆتایی نەهاتووەکانی لە خوێن هەڵئەکێشرا، ئەوکاتانە بوو کە هێزەکانی ئەمریکا ژمارەیان ڕووی لە هەڵکشان ئەکرد بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەی سەوز و ئەم باڵ و ڕەوتانەی بۆرژوازی دڵخوازو هەڵبژێردراوی ئیمپریالیزم کە ژیانی خەڵکی عێراقیان لە چەمانەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی ئازادو نیولیبرالیزم نوقمی هەژاری و برسیەتی و بێکاری لەڕادەبەدەر کردووەتەوە.

مەیدانی نسور تەنها کوشتارگە نییە!

مەیدانی نسور و قوربانییەکانی، مەدالیا بەخشینەوە بە بکوژەکان و ئازادکردنیان لە لێپێچینەوەی قەزایی تەنها گۆشەیەکی یەکجار بچوکی تاوانەکانی جەنگی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانێتی لە جیهان. لە لیبیا، هێرشەکانی ناتۆ سەدان کەسی کردووەتە ئامانج ، بە پێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ پێش ڕوخانی دیکتاتۆر قەزافی هێرشەکانی ناتۆ لانی کەم بووەتە گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١١٠٠ هاوڵاتی سڤیل و بریندارکردنی زیاد لە شەش هەزاری تر. هیچکام لە بکوژانی خەڵکی سڤیل لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکراو بگرە بە جەنگێکی ڕەواو پێداویستی چەسپاندنی دیموکراسی لە قەڵەمدران.

لە سوریا  هەر لەسەرەتای ناکۆکی و شەڕەکانەوە تا ئێستا زیاد لە هەشت هەزار خەڵکی سڤیل (دۆکیومێنتکراو) بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان گیانیان لەدەستداوە. ئەو تاوانانە بهێننە پێشچاو کە هیچکام لە قوربانییەکان ڕزگارنەبوون  وڕووداوەکان تۆمار نەکراون و هیچ کەسێکیش بە بەرپرس نەزانراوەو لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە.  

لە ئەفغانساتان  تەنها لە ساڵی ٢٠١٩دا لانی کەم ٧٠٠ خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، کە زۆر زیاترە لە ژمارەی قوربانییەکانی سەرەتای هێرش کردنە سەر ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠١ . بە پێ‌ی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکو ئێستا ٣٠ هەزار هاوڵاتی کوژراو ٦٠ هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەمریکا و پارێزگاریکردن لە کێ؟

ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە دوای دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییە درێژماوەکانی خۆیانن لە ناوچەکەدا و لە پێناو پاراستنیاندا نوێنەرانی خۆیان لەگەرمەی ناوکۆکییە جیهانی و ناوچەییەکاندا دێننە پێشەوەی مەیدانی سیاسی و وەک پاڵەوان و ڕزگارکەری ژیانی خەڵک وێنایان ئەکەن، هەموو هەنگاوێکیی سیاسی، ئابوری، سەربازی ئەگرنە بەر لە پێناو هێشتنەوەیان لە دەسەڵات و مسۆگەرکردنی ئایندەی حوکمڕانییان. ئەم نوێنەرانەی چینی بۆرژوازیی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی نیولیبراڵیزم وردە وردە دەخاڵەتی دەوڵەتیان لە ئابوری کەمڕەنگکردەوەو بواریان بۆ بە تایبەتکردنی زۆریك لە کارگاو پیشەسازیی و دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکان کردەوە، و ژیانی کۆمەڵگایان خستە بەردەم قازانج و کێبڕکێ‌ی بازاڕو کۆمپانیا مەحەللی و ناوچەیی و جیهانییەکان، ئاکامەکەی جگە لە قوڵکردنەوەی قەیرانەکان و نوقمکردنی کۆمەڵگا لە قەیرانی هەژاری، برسیەتی، بێکاری، بێبەش لە خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاو ، کارەبا، …هتد. کۆمەڵگای عێراقیان تا سەرئێسک لە سەخترین باری ئابوری ڕاگرت و بە توندوتیژکردنەوەی ناکۆکییە ئیتنیکی، مەزهەبییەکان سەرنجی خەڵکیان لە کارکردو ئاکامە ماڵوێرانکەرەکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم وەرچەخاند. لە شێواوی بارودۆخی عێراقدا جارێکی تر و بە شێوازێکی تر کارگاو پیشەسازییە قازانجکردووەکان پێشکەش بە کوڕان و کچان و کەسوکاری بەرپرسانی حکومی و دەسەڵاتدار کران. هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان نییە کە لە هەرناوچەیەکی عێراقدا ئەنجام بدرێت و بەرپرسێکی حکومی و سیاسی لە پشتەوە نەبێت، هەرئێستاش لە پلانیاندایە کە کەرتەکانی خزمەتگوزاری و پیشەسازیی کارەباو ئاو و تەندروستی بە تەوای ڕادەستی کەرتی تایبەت بکەنەوە. ئاکامی دەسەڵاتدارێتی ئەم نوێنەرانەی چینی بۆرژوازیی کە ١٨ساڵە لە پەرتەوازەیی هێزەکانی ڕەوتی سۆسیالیستی و دابەشبوون وغیابی ڕێکخراوەیی چینی کرێکاردا بە دەموچاوی جیاوازەوە حوکمی عێراق ئەکەن جگە لە ماڵوێرانی و گەورەکردنی قڵشتی چینایەتی لە کۆمەڵگای عێراقدا هیچی تر نەبووە. ئەمانە ئەو هێزو نوێنەرانەن کە سەرمایەداریی جیهانی هەرلەسەرەتاوە بە ناوی جیاوازەوە بە دوای پاراستنی کورسی دەسەڵاتیانەوە بوون.

………………..

قوربانییەکانی کوشتارگەی مەیدانی نسور لە بەغداد: أحمد هيثم أحمد الربيعي(خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی ٢٠ساڵ)، محاسن  محسن كاظم الخزعلي( دایکی ئەحمەد و دکتۆری پێست ٤٦ساڵ)، أسامة فاضل عباس(بارزگانی ئوتومبیل ٥٢ساڵ)، علي محمد حافظ عبد الرزاق(٩ساڵ)، محمد عباس محمود( سایەقی شاحنە ٤٧ساڵ)، قاسم محمد عباس محمود( کوڕی سایەقی شاحنەکە ١٢ ساڵ)، سعد علي عباس الكرخ(کاسب ٥٢ساڵ)، مشتاق كريم عبد الرزاق(سەرباز لە مەیدانەکە ١٨ساڵ)، غانية حسن علي( دایکی هەشت منداڵ ٥٥ساڵ)، إبراهيم عبد عياش( باخەوان ٧٧ساڵ)، حمود  سعيد عبطان ( بێکار و باوکی حەوت منداڵ)، عدي إسماعيل إبراهيم( ئامۆزای حەمود و بێکار ، باوکی ٣ منداڵ ٢٧ساڵ)، مهدي صاحب ناصر( سایەقی تاکسی ٢٦ساڵ) ، علي خليل عبد الحسين(ئاسنگەر بە ماتۆڕەکەی ڕووەو کار بە ڕێکەوتبوو ٥٤ساڵ)

سەرچاوەی هەواڵ و راپۆرتەکانی کوشتاری خەڵک:

https://www.theguardian.com/commentisfree/2012/aug/31/obama-justice-department-immunity-bush-cia-torturer

https://www.aa.com.tr/en/asia-pacific/un-says-3-458-afghan-casualties-in-first-half-of-2020/1923829#:~:text=A%20UN%20on%20Monday%20report,the%20first%20half%20of%202020.

https://www.ctvnews.ca/world/u-s-based-group-dramatic-increase-in-afghan-gov-t-airstrikes-1.5221478#:~:text=In%20its%20report%2C%20the%20institute,war%20in%202001%20and%202002

 

 

One comment

  1. بەڵام هەمیشە ئەمانە لای گەلی ئەمریکا تاوانبارن هەموو کەس لێیان دەترسن و کەسیش کاریان نادەنێ ، خەڵک بێ عەقڵ نیە مامەڵە لەگەڵ قاتل بکەن چونکە کەسەکان بە یاسای دادگا بەرەڵڵا نەکراون دڵنیا بە منیش لێیان دەترسم دەرگایان لێ ناکەمەوە ، ئەوانە ژیانیان وێران بوو با بەرەڵڵاش بن.

سەرنجێک بنووسە بۆ میرزا عەلی سەرنج ڕەد بکەرەوە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*