ئێمە بۆچی (مارکسیست)ین؟

ئالان ودز، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

سەرمایەداری لە قووڵترین قەیرانەکانی مێژووی خۆیدایە. قەیرانێکی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یە، کە هەر ئێستا خۆی لە پشێوی سیاسی و چوونەسەری خەباتی چینایەتی لەسەرتاسەری جیهاندا نیشان ئەدات. لە کاتێکدا چینی دەسەڵاتدار هەوڵی ناشتنی مارکسیزم ئەدات، لە ڕاستیدا هیچ کات ئەوەندە لە چاو ئەمڕۆ پرسەکە پەیوەنددار نەبووە. لە بابەتەی نوێ‌کراوەی ئالان ودز  گرنگی و ڕۆڵی مارکسیزم لەمڕۆدا ڕاڤە ئەکات.

لە ساڵی ١٩٩٢دا فرانسیس فوکویاما پەرتووکێکی لەژێر ناوی “کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ”، کە بووە باشترین فرۆشیی پەرتووک لەو کاتانەدا بڵاوکردەوە. بەدەنگی بەرز کۆتایی‌ هاتنی سۆسیالیزم، کۆمۆنیزم و ماکسیزم و سەرکەوتنی کۆتایی ئابوری بازاڕ و دیموکراسیەتی بۆرژوازی بانگەشە کرد. داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت بە مانای ئەوە بوو چیتر لێرە بەدوا تەنها یەک سیستم ئیمکانی هەیە: ئابوری بازاڕی سەرمایەداری، بەو مانایەی، مێژوو کۆتایی هات.

ئەم هزرە پێئەچێت لە ڕێگای ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەی ئابوری بازاڕ دڵنیایی پێدرابێت، بە چەند ساڵێکی سەرکەتووانەی دوای یەک لە هەڵکشانی قازانج و گەشەی بەرچاوی ئابوری دانەپچڕاو دیاری کرابێت. سیاسی‌یەکان، پارێزەرانی بانکەکان، بەڕێوەبەرانی ۆڵ ستریت قانع بوون بەوەی سروشی دەورەیی پەرەسەندنی سەرمایەداری‌یان دەستەمۆ کردووە. هەموو شتێک لە پێناوی باشترین لە باشترینی جیهانی سەرمایەداریدا بووە.

بەڵام هەروا بە سانایی لە مێژوو خۆدەرباز ناکرێت. لەو کاتەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو بە ١٨٠ پلە وەرچەرخاوە. تەنها دوای ١٦ساڵ لە پەرتووکەکەی فوکویاما قەیرانی ٢٠٠٨ تەواوی باڵەخانەی سەرمایەداری جیهانیی ڕووەو خاڵی هەرەس هێناوە، جیهانی نوقمی قووڵترین قەیران لە ساڵانی ١٩٣٠ەوە کردووە. هەرئێستا لە تەقەلای ڕزگارکردنی خۆیدایە لە ڕۆخی هەرەسهێنان.

هەر یەکێک لە پێشبینی‌یە باوەڕپێکراوەکانی فوکویاما بە ڕووداوەکانەوە ساختەکرابوون. پێش داڕمانی ٢٠٠٨، ئابووریناسە بۆرژوازیی‌یەکان شانازییان ئەکرد چیتر هەڵکشان و داکشان ڕووناداتەوە و ئەو دەورەیە کۆتایی پێهات. و گەیشتنە تیۆرییەکی نوێ‌ی سەرنجڕاکێش بە ناوی”ئەگەریی توانای بازاڕ”، کە بە پێ‌ی ئەو تیۆرییە، ئەگەر بازاڕ بۆ خۆی بەجێبهێڵرێت ئەوا هەموو شتێک چارەسەر ئەکات.

لە ڕاستیدا هیچ شتێکی تازە لەم جۆرە ئایدیایەدا نییە. تەنها دووبارەکردنەوەی ئەو ئایدیا کۆنانەیە کە یاسای سای (ژان باپتیست سای،١٧٦٢-١٨٣٢) لەخۆی گرتبوون، کە لە ئابوری بازاڕدا خستنەڕوو و داواکردن یەکتر هاوتا ئەکەنەوە، بەوپێیەش دروستبوونی قەیرانی زیاد بەرهەمهێنان ئەستەم بێت. مارکس پێش سەدەیەک لەمەوبەر ئەم ناماقوڵییەی تێکشکاندووە. لەسەر ئەو پێداگرییەی کە “درەنگ یان زوو” هێزەکانی بازاڕ هەموو شتێک ڕێک ئەکاتەوە، جۆن مەینارد کینیز ڕایگەیاند” لە درێژ ماوەدا هەموومان مردووین”.

ئەمڕۆ چیتر ئەم وەهمە کۆنە هیچ بەردێکی بەسەر یەکەوە نەماوە. بۆرژوازییەکان و ستراتیژناسەکانیان لە قووڵترین داڕمانی ئابووری خۆیاندان. لە ساڵانی ١٩٣٠دا، ترۆتسکی وتی بۆرژوازی “بە چاوداخراوی‌یەوە ڕووەو کارەسات ڕۆئەچوو”، ئەم وشانە بە تەواوی بۆ بارودۆخی ئێستا گونجاون. ئەتوانرا لە دوێنێدا بنووسرێن.

زۆر بەربڵاوانە ڕوون بووەتەوە کە سەرمایەداری ماتە وزەی(پۆتێنسییەڵ) پێشکەوتووخوازانەی خۆی شەکەت‌و ماندوو بووە.  لە جیاتی پەرەسەندنی پیشەسازی، زانست، و تەکنەلۆژیا بە بەردەوامی بنکۆڵیان ئەکات. چیتر کەس باوەڕی بەوە نەماوە ئێمە لە ڕۆخی بووژاندنەوەی ئابووریداین. هێزەکانی بەرهەمهێن قەتیس ماون یان دائەڕمێن، کارگەکان وەک قاوغەشقارتە دائەخرێن و ملیۆنەهاش لەسەر کار دەرئەکرێن.

هەموو ئەمانە نیشانی ئەدەن کە هێزەکانی بەرهەمهێن لە سەر ئاستی جیهان واوەتر لە سنوورە بەرتەسکەکانی خاوەندارێتی تایبەتی و دەوڵەتی نەتەوەوە ڕۆیشتووە. ئەمە بنچینەیی‌ترین هۆکارە لە قەیرانی ئێستا، کە مایەپووچی سەرمایەداری پیت بە پیتی وشەکە ئەخەنە ڕوو.

لەهەموو جێگایەک نیشانەکانی قەیران لە باری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یەوە خۆیان نمایش ئەکەن. ئابووری مەزنی وڵاتی چین، کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە بەهێزکردنی گەشەی ئابوری و بازرگانی جیهانیدا هێواشی‌یەکی گەورە بەخۆوە ئەبینێت. لەکاتێکدا یابان دووچاری قەتیسبوون وداڕمانە. ئەوانەی پێیان ئەوترێت وڵاتانی ئابووری تازەپێگەیشتوو هەر هەموویان بەم پلە یان ئەو پلە لە قەیراندان، ئەمریکا بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کە لە مێژووی هاوچەرخدا بێوێنەیە تێئەپەڕێت.

 لە لاکەی تری ئەوروپای ئەتلانتیک سەرمایەداری لە بارودۆخێکی پەرێشاندایە. دۆخی یۆنان دڵنیایی‌یەکی گرافیکی بارودۆخی ناساغی سەرمایەداری ئەوروپی ئەخاتە ڕوو، بەڵام پورتوگال و ئیسپانیاش لەو باشتر نین. فەرەنسا و ئیتالیاش زۆر لەدوایانەوە دوور نین. بەریتانیاش، بە دوای بڕیاری کشانەوەی لە یەکێتی ئەوروپا، کە وەک یەکێک لە جێگیرترین وڵاتانی ئەوروپا چاوی لێئەکرا، پێ‌ی ناوەتە لێژبوونەویەکی سپیراڵ(ئیسپرینگ‌ئاسا)ی قەیرانی ئابوری، دابەزینی بەهای پاوەند و ناجێگیری سیاسی نەبڕاوەوە.

سیاسەتمدار و ئابووریناسە بۆرژوازییەکان، لە سەروو هەمووشیانەوە ڕیفۆرمیستەکان ئومێدلێبڕاوانە بە دوای نیشانەکانی دەربازبوون لەم قەیرانەدا ئەگەڕێن. وەک ڕزگارکردنێک ئەڕواننە بووژاندنەوەی سووڕی کار. ڕابەرانی چینی کرێکار، ڕابەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان و ڕابەرانی سۆشیال دیموکراتەکان پێیان وایە ئەم قەیرانە شتێکی کاتی‌یە. پێیان وایە بەچەند چاکسازیکردنێکی سیستمی ئێستا ئەتوانن چارەسەری بکەن، ئەوەی کە تەنها داواکراوە بریتی‌یە لە کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی زیاتر، و ئەتوانین بگەڕێینەوە هەمان بارودۆخی پێشتر.

بەڵام ئەم قەیرانە هەروا سادە و کاتیی نی‌یە. خاڵێکی وەرچەرخانی بنەڕەتی‌یە لە پرۆسەکەدا، ئەو خاڵەی کە سەرمایەداری تیایدا بە کۆتامردنی مێژووی خۆی گەیشتووە. باشترینی ئەوەی چاوەڕوانی لێئەکرێت بریتی‌یە لە چاکسازییەکی لاواز، هاودەم لەگەڵ، بێکاری بەلێشاو، ماوەیەکی درێژی سکهەڵگوشین، بڕین و دابەزاندنەکانی ئاستی ژیان.

قەیرانی ئایدیۆلۆژی بۆرژوازیی

مارکسیزم لە پلەی یەکەمدا فەلسەفەو تێڕوانینێکی جیهانی‌یە. لە نووسراوە فەلسەفی‌یەکانی مارکس و ئەنگلزدا سیستمێکی فەلسەفیی داخراو نابینینەوە، بەڵکو زنجیرەیەک لە تێڕامان و ئاماژەی نایاب، کە، ئەگەر پەرەیان پێبدرێت، ئەوا زیادەیەکی تری بەهادار بۆ جبەخانەی میتۆدۆلۆژی زانست دەستەبەر ئەکەن.

هیچ شوێنێک بە ئەندازەی جیهانی فەلسەفە قەیرانی ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی تیایدا ڕوونتر نییە. لە قۆناغە سەرەتاکانیدا، ئەو کاتانەی بۆرژوازی لە پێناوی پێشکەوتندا قەراری گرتبوو، بەتوانا بوو لە بەرهەمهێنانی بیرمەندەکانی وەک: هۆبز و لۆک، کانت و هیگڵ. بەڵام لە سەردەمی داڕمانی خراوەفاویدا، بۆرژوازی بێتوانایە لە بەرهەمهێنانی بیرمەندە گەورەکان، لە ڕاستیدا بە تەواویی بێتوانایە لە بەرهەمهێنانی هەر هزرێکی نوێدا. لەو کاتەوەی بۆرژوازی بێتوانایە لە گشتگیریکردنێکی جەختلێکراوانەدا، بە تەواویی تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژی ڕەد ئەکاتەوە. هەر بەم هۆکارەیە کە پۆست مۆدێرنیستەکان وتووێژ دەربارەی”کۆتایی ئایدیۆلۆژی ” ئەکەن. بە سادەیی کۆنسێپتی پێشکەتن ڕەد ئەکەنەوە لەبەر ئەوەی لەژێر سایەی سەرمایەداریدا پێشکەوتنی زیاتر ئەستەمە. ئەنگلز جارێکیان نووسی: “فەلسەفەو ڕاڤەکردنی جیهانی دەرەکی هەمان پەیوەندی نێوان ئۆنانیزم و خۆشەویستی سێکسی‌یان بۆ یەکتر هەیە”. فەلسەفەی مۆدێرنی بۆرژوازیی حەز بە پێشترەکان وەک لە دواترینەکان ئەکات. لە پەرێشانی‌یان بۆ دژایەتیکردنی مارکسیزم، فەلسەفەیان بۆ خراپترین قۆناغەکانی کۆن، بەسەرچوو، و نەزۆک ڕاکێشاوە.

ماتریالیزمی دیالەکتیک تێڕوانینێکی دینامیکی‌یە بۆ تێگەیشتن لە کارکردنەکانی سروشت، کۆمەڵگا و هزر. دوور لە هزرێکی مۆدە بەسەرچووی سەدەی نۆزدە، تێڕوانینێکی بەرچاوی مۆدێرنە بۆ سروشت و کۆمەڵگا. دیالەکتیک ڕێگای چەقبەستوو، چەسپیوو،و بێ گیانەکانی ڕوانینی بۆ شتەکان، کە لە سیما ناسێنەرەوەکانی خوێندنگەی میکانیکی کۆنی فیزیای کڵاسیکیی بوون، وەلا نا. پیشانی ئەدات کە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا ئەکرێت شتەکان بە پێچەوانەکانیان بچەرخێن.

تێگەیشتنی دیالەکتیکیی کە کەڵەکەبوونی وردە وردەی گٶرانکارییە بچووکەکان ئەکرێت لە خاڵێکی شلۆقدا بە بازدانێکی گەورە بگۆڕدرێن دڵنیایی‌یەکی بەرچاوی لە فەلسەفەی شێواویی (Chaos theory) ی مۆدێرن و شوێنکەوتووەکانیدا وەرگرتووە. تیۆری شێواویی کۆتایی بەو جۆرە بەرتەسکەی حەتمیەتی داشکێنەرانەی میکانیکی هێنا کە دەسەڵاتی بەسەر زانستدا بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ گرتبوو. بە دروستی لە سەدەی نۆزدەدا ماتریالیزمی دیالەکتیک پێشبێنی‌یەک بوو لەوەی کە تیۆری شێواویی لە ئێستادا بە شێوەیەکی ماتماتیکانە دەری ئەبڕێت: پەیوەندییە دووسەرییەکانی نێوان شتەکان، سروشتی ئۆرگانیکی (زیندووی) نێوان قەوارە و پرۆسە جیاوازەکانە.

لێکدانەوەی گۆڕینی فەیسەکان (phase transitions) یەکێک لە هەرە گرنگترین بوارەکانی فیزیای هاوچەرخ پێکئەهێنێت. ژمارەیەکی بێکۆتای نمونە لەسەر هەمان دیاردە هەن. گۆڕینی بڕ(quantity) بۆ جۆر(quality) یاسایەکی جیهانی‌یە. مارک بوکانان(Mark Buchanan) زانای ئەمریکای باکوور لە پەرتووکەکەیدا (Ubiquity ) ئەمە لە چەند دیاردەی جیاوازی وەک سەکتەی دڵ، هەرەسهێنانی شاخە بەفرینەکان، ئاگری دارستانەکان، هەڵکشان و داکشانی ژمارەی ئاژەڵەکان، قەیرانەکانی بۆرسە، جەنگەکان، و تەنانەت گۆڕینی فاشیۆنەکان و خوێندنگە هونەرییەکان پیشان ئەدات. تەنانەت زۆر لەوەش واقوڕمێنەرتر، ئەم ڕووداوانە ئەکرێن وەک فۆرموولەی ماتماتیکیی کە بە یاسای هێز ناسراوە دەرببڕدرێن.

ئەم دۆزینەوە سەرنجڕاکێشانە زۆر ماوەیەکی پێشتر لە لایەن مارکس و ئەنگلزەوە پێشبینی کراوبوون، کە فەلسەفەی دیالەکتیکی (هیگل)یان لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی( یانی، ماتریالیستی) داڕشت. هیگل لە پەرتووکەکەیدا لۆژیک(١٨١٣) نووسیویەتی:”بووەتە نووکتەیەکی بەربڵاو لە مێژوودا ڕێگا بە کاریگەرییە گەورەکان بدەیت لە هۆکارە بچووکەکانەوە سەرهەڵبدەن”. هاوشێوەی تەقینەوەی گڕکان و زەمین لەرزەکان، شۆڕشەکانیش دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی لەسەرخۆی دژبەیەکەکانن لە دوور ماوەدا. پرۆسەکە لە کۆتاییدا ئەگاتە خاڵی شلۆق کە تیایدا هەنگاوی کتوپڕ ڕووئەدەن.

ماتریالیزمی مێژوویی

هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدایە نوێنەرایەتی تەنها فۆرمی گونجاوی بوونی مرۆڤەکان ئەکات، کە دامەزراوەکەکانی، ئایینەکەی، مۆراڵەکەی دواین وشەیە کە قسەی پێ بکرێت. ئەمە گۆشتخۆرەکان، کاهینە میسرییەکان،ماری ئەنتوانێت و قەیسەر نیکۆڵای باوەڕیان پی‌ی بووە و هەر ئەمەشە فرانسیس فوکویاما ئەیەوێت نیشانمان بدات کاتێک دڵنیایی پێداین، بێ سادەترین بنچینە، ئەوەی پێ‌ی ئەوترێت سیستمی”پرۆژەی ئازاد” تەنها سیستمی گونجاوە-تەنها کاتێک کە دەستئەکات بە نوقمبوون.

هەروەک چارلس داروین ڕوونی ئەکاتەوە کە “جۆرەکان” جێگیر نین، خاوەندارێتی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان هەیە، ئەگۆڕێن و پەرەئەسێنن، بەم شێوەیە مارکس و ئەنگلز ڕوونیان کردەوە کە سیستمی کۆمەڵایەتی دیاریکراو شتێکی هەتا هەتایە جێگیر نین.  هاوشێوەیی نێوان کۆمەڵگا و سروشت، بە دڵنیایی‌یەوە، تەنها تەقریبی‌یە(approximate). بەڵام تەنانەت هەرە ڕووکەشترین تاقیکردنەوەی مێژووش نیشانی ئەدات کە شیکردنەوەی پلە بە پلە بێ بنەمایە. هاوشێوەی سروشت، کۆمەڵگاش شوێنکەوتەی گۆڕانکاری درێژماوەی هێواش و پلە بە پلەیە، بەڵام هەروەها لێرەدا بەهۆی پەرەسەندنە تەقیوەکانەوە هێڵەکە ئەپچڕێت – جەنگ و شۆڕشەکان، کە تیایدا پرۆسەی گۆڕانکاری بە مەزنییەکی زۆرەوە خێراتر ئەکرێن. ئەم ڕووداوانەن کە وەک هێزە مۆتۆڕی سەرەکی پێشخستنی مێژوویی کار ئەکەن.

هۆکاری ڕیشەیی گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییەکان ئەو ڕاستییەیە کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی –ئابووری دیاریکراو گەیشتووەتە سنوورەکانی خۆی و چیتر بێتوانایە لە پێشخستنی هێزەکانی بەرهەمهێن وەک ڕابردوو. مارکسیزم سەرچاوە سەرەکییە شاراوەکانی پشت پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگا تیرەیی‌یە سەرەتایی‌یەکانەوە تا ئەمڕۆ لێکئەداتەوە. تێگەیشتنی ماتریالیستی مێژوو توانای تێگەیشتنی مێژوومان پێئەبەخشێت، نەک وەک زنجیرەیەک لە ڕووداوی پێکەوە گرێنەدراو و پێشبینی نەکراو، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی پێکەوەگرێدراو و تێگەیشتوو. زنجیرەیەک لەو کارکرد و کاردانەوانەن کە ڕووماڵی سیاسی، ئابووری و سەرجەم پێوەری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەکەن.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیاردانە پەیوەندییەکی دیالەکتیکی ئاڵۆزە. زۆربەی کات،لە ڕێگای پەنابردن بۆ وێنەکێشانی کاریکاتۆریی میسۆدەکەی لە لێکدانەوەی مێژوویی‌دا، هەوڵی ناوزڕاندنی مارکسیزم ئەدرێت. شێواندنی باو ئەوەیە کە مارکس و ئەنگلز “هەموو شتێکیان لە ئابووریدا کورتکردووەتەوە”. ئەم ناماقووڵییە داهێنراوە زۆرجار لە لایەن مارکس و ئەنگلزەوە وەڵام دراوەتەوە، هەروەک لەم کورتەیەی خوارەوەی نامەی ئەنگلز بۆ بلوخ(Ernst Bloch) دەرئەکەێت:

” بەپێ‌ی تێگەیشتنی ماتریالیزمی مێژوو دواین توخمی دیاریکردن لە مێژوو بریتی‌یە لە بەرهەم هێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیان. زیاتر لەمە نە مارکس و نە منیش جەختمان لێنەکردووەتەوە. لەبەرئەوە، ئەگەر کەسێک هەستێت بە شێواندنی ئەمە بۆ وتنی ئەوەی، توخمی ئابووری تەنها توخمی دیاریکەرە، ئەوا ئەم پێشنیازە ئەگۆڕێت بە بێمانایی‌یەک، دەربڕینێکی ئەبستراکت و بێ واتادار.

مانیفێستی کۆمۆنیست

مۆدێرنترین پەرتووک کەسێک بتوانێت لەمڕۆدا بیخوێنێتەوە بریتی‌یە لە مانیفێستی کۆمۆنیست، کە لە ساڵی ١٨٤٨دا نووسراوە. ئەوە ڕاستە، ئەم یان ئەو وردەکاریی ئەبێت بگۆڕدریت، بەڵام لە هەموو بنەماکاندا، ئایدیاکانی مانیفێستی کۆمۆنیست گونجاو و ڕاستن بۆ ئەمڕۆ بە هەمان ئەو جۆرەی کە یەکەم جار نووسران. بە پێچەوانەوە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو پەرتووکانەی پێش سەدەو نیوێک لەمەوپێش نووسران ئەمڕۆ تەنها بایەخی مێژووییان هەیە. بە پێچەوانەوە، “شارەزا” مۆدێرنەکانمان شەرم ئەیانگرێت لەوەی کە تەنها ئەوەی دوێنێ نووسیویانە لەمڕۆدا بیخوێننەوە.

سەرنجڕاکێشترین دەربارەی مانیفێست ئەو ڕێگایەیە کە پێشبینی بنچینەییترین دیاردەکان ئەکات، کە لە کاتی ئێستادا لەسەر ئاستی جیهانییدا سەرنجمان داگیر ئەکەن. با بڕوانینە نموونەیەک، ئەو کاتانەی مارکس و ئەنگلز ئەیاننووسی، جیهانی کۆمپانیا فرەڕەگەزییە مەزنەکان هێشتا مۆسیقای پاشەڕۆژێکی دوور بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیان کردەوە چۆن “پرۆژە ئازادەکان”  و ڕکابەریی بە شێوەیەکی حەتمی ئەبێتە چڕکردنەوەی سەرمایەو مۆنۆپۆلکردنی هێزەکانی بەرهەمهێن.

بەڕاستی جێگای پێکەنینە کاتێک لێدوانەکانی پارێزەرانی” بازاڕ” بخوێنێتەوە لە پەیوەند بە گوایە هەڵەی مارکس لەم پرسەدا، لە کاتیکدا، لە ڕاستیدا بە بەتەواویی یەکێک لە هەرە ژیرترین و وردبینترین پێشبینی‌یەکانی بووە. ئەمڕۆ، ڕاستی‌یەکی بێچەندووچوونەو چیتر جێگای مشتومڕ نییە کە پرۆسەی چڕبوونەوەی سەرمایە کە لە لایەن مارکسەوە پێشبینی کرابوو ڕوویدا، ڕووشئەدات، و بە دڵنیایی‌یەوە لە ماوەی دواچەند دەیەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە.

بە درێژایی چەند دەیە سۆسیۆلۆژە بۆرژوازییەکان هەوڵیان داوە بۆ دژەسەلماندنی ئەم جەختکردنەوانە و “سەلماندنی” ئەوەی کە کۆمەلگا زیاتر بەرەو یەکسانی چووەو، بەو پێیەش، وەک دەزگای جۆڵاو دارە-گاسن خەباتی چینایەتیش کاتی بەسەرچووە. ئەڵێن چینی کرێکار نەماوە وهەموومان لە چینی ناوەنجی کۆمەڵگاین. بەڵام لە پەیوەند بە چڕبوونەوەی سەرمایەوە، پاشەڕۆژ لەگەڵ کاری بچووک بووە و ” بچووکیش جوانە”.

ئەم بانگەشانە لەمڕۆدا چەند جێگای گاڵتەجاڕین. سەرجەم ئابوری جیهان لە ئێستادا لەژێر باڵادەستی کەمتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای مەزندان، کە بنکەی زۆرینەیان لە ئەمریکایە. پرۆسەی مۆنۆپۆڵکردن بەمەودایەکی بێپێشینە گەیشتووە. سامانی کۆمپانیا هەرە گەورە جیهانییەکان زۆر زیاترن لە سامانی ژمارەیەک لە دەوڵەتە قەومییەکان، ئەمە وێنایەکی زۆر ڕوونی گەشەسەندنی هێزی کارە مەزنەکانە. لە توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی خێرخوازی دژەهەژاریی دادوەری جیهانیدا دەرکەوتووە ژمارەی کار لە ١٠٠ لوتکە قەوارەی ئابووری بەرەو ٦٩ لە ساڵی ٢٠١٥دا لە چاو ٦٣ی پاردا بازی داوە.

تەنها ١٤٧ کۆمپانیای مەزن کە “قەوارەی باڵا”یان هەیە کۆنترۆڵی ٤٠%ی سامانی جیهان ئەکەن. ئەم مێگا-کۆمپانیا مەزنانە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانی ئابووری جیهانین. ١٠ لوتکەی هەرە مەزنترین کۆمپانیاکان کە لە نێویاندا واڵمارت(Walmart)، ئەپڵ(Apple) و شێڵ(Shell) هەن قازانجێکی زیاتر لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان پێکەوە بەدەست ئەخەن. بەهای سامانی  ١٠ لوتکەی کۆمپانیا مەزنەکان ٢٨٥تریلیۆن دۆلار بوو (٢١٥تریلیۆن پاوەن)، کە مەزنترە لە سامانی ٢٨٠تریلیۆنی ١٨٠وڵاتی ئاست نزم، کە لە نێویاندا ئیرلەندا، ئیندۆنیسیا، ئیسرائیل، کۆلۆمبیا، یۆنان، باشووری ئەفریکا، عێراق و ڤێتنام هەن.

لینین ئاماژەی بەوە داوە کە لە قۆناغی گەشەی ئیمپریالیستی(مۆنۆپۆلی-سەرمایەداریی)، هێزی ئابووری لە چنگی بانکە گەورەکاندا چڕ ئەبێتەوە. ئەم لێکدانەوەیە بە تەواوی لە بارودۆخی ئێستادا دڵنیایی لێدراوە. جیهانی ئابووری لە لایەن سەرمایەی دارایی‌یەوە دەستی بەسەرداگیراوە. پەیمانگای فیدراڵیی سویس (SFI) لە زووریخ توێژینەوەیەکی لە ژێر ناوی “تۆڕی چاودێریی کۆمانیا مەزنەکانی جیهانیی” بڵاوکردەوە کە ئەیسەلمێنێت کە یەکێتی‌یەکەی بچووکی کۆمپانیا مەزنەکان – سەرەکیترینیان بانکەکان- جیهان بەڕێوە ئەبەن.

هەرە بەهێزترین بانکەکان ئەمانەی خوارەوە لەخۆئەگرن:

بارکلەیس(Barclays)، گۆڵدمان ساکس(Goldman Sachs)، جەی‌پی‌مۆرگان(JPMorgan Chase & Co)، ڤانگارد گروپ(Vanguard Group)، یوبی‌ئێس (UBS)، بانکی ئەڵمانی(Deutsche Bank)، بانکی نیویرۆرک(Bank of New York Mellon Corp)، مۆرگان ستەینلی(Morgan Stanley)، بانکی ئەمریکا(Bank of America Corp)، بانکی فەڕەنسی(Société Générale).

چالاکی‌یە خەمڵێنراوەکانی ئەم پەیمانگا دارایی‌یە بەهێزانە، کە لە نزیکەوە بە تۆڕێکی ئاڵۆزی خشتەکانی سەرمایەگوزاری و لێوەرگیراوەکانی و لەم جۆرانەوە بەستراونەتەوە. هاندەری هەرەسهێنانی دارایی جیهانیی بوو. جەیمس گلاتفێڵد، تیۆریستی سیستمی ئاڵۆز لە (SFI) ڕوونی ئەکاتەوە:” لە ڕاستیدا، کەمتر لە ١%ی  کۆمپانیاکان بە توانابوون لەکۆنترۆڵکردنی ٤٠%ی تەواوی تۆڕەکە”.

چڕبوونەوەی سەرمایە هاودەم ئەبێت لەگەڵ هەڵکشانی نایەکسانیی بەردەوام. لە سەرجەم وڵاتەکاندا پشکی قازانجەکان لە داهاتی نێوخۆیی لە ئاستێکی پێوانەیی بەرزدایە، لە کاتێکدا کە پشکی مووچەکان لە ئاستێکی نزمدان. نایەکسانی جیهانیی ڕوو لەسەر ئەکات، بە ئەندازەیەک کە نیوەی سامانی جیهان لە ئێستادا تەنها لە دەستی ١%ی دانیشتوواندایە.

هەروەک تاقمێکی گۆشخۆرە دڕندەکان، ئەم گێگا-کۆمپانیایانە بە بەردەوامی لە ڕێگای یەکبوون(mergers) و هەڵگرتنەوە(take-overs) یەکتر هەڵئەلووشن، بە شێوەیەک کە بڕی بلیۆنەها دۆلار لە هەوڵدانێکی بەجۆشدا بۆ زیادکردنی قەبارەی قازانجی مۆنۆپۆلە گەورەکان بەهەدەر ئەدەن. ئەم چالاکی‌یە بەجۆشانە بە مانای گەشەسەندی هێزەکانی بەرهەمهێن ناگەیەنن، بەڵکو بە پێچەوانەوە. ئەم ڕەفتارە کانیبالیزمەی (گۆشتخۆرە دڕندانەی) کۆمپانیا مەزنەکان بە شێوەیەکی خۆلێلانەدراو(حەتمی)، فرۆشتنی کەلوپەلەکان، داخستنی کارگەکان و لەسەرکاردەرکردنی بەشوێندا دێت- ئا ئەمەیە، فرۆشتنی بەکۆمەڵ و تێکشکاندنی دڕندانەی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و قوربانیدان بە هەزارەها کار لەسەر ئاڵتاری(مێزی) قازانج.

لەکاتێکدا هاواری پێداویستی لەخۆگرتنەوە (سکهەڵگوشین) ئەکەن، خاوەن بانکەکان و سەرمایەداران بە بەردەوامی خۆیان دەوڵەمەند ئەکەن، بڕی پێوانەیی لە زێدەبەها لە چینی کرێکار دەرئەکێشن. لە ئەمریکا کرێکاران بە تێکڕا سێ هێندەی ١٠ ساڵی ڕابردوو بەرهەم دێنن، لە کاتێکدا مووچەی ڕاستەقینە قەتیس ماوە(جێگیرە)، یان لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی داکشاوە. قازانجەکان هەڵئەتۆقێن و ساماندارەکان لەهەر کات زیاتر بە سامانتر ئەبن لەسەر حسابی چینی کرێکار.

جیهانگیریی

با نموونەیەکی تری بەرچاو وەربگرین: جیهانگیریی. دەستڕۆیی کاریگەرانە بازاڕی جیهانیی یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی سەردەمی ئێمەیە. وا پێئەچێت یەکێک لە دۆزینەوە تازەکان بێت. لە ڕاستیدا، جیهانگیریی‌ زیاد لە ١٥٠ ساڵ لەمەوپێش لە لایەن مارکس و ئەنگلزەوە پێشبینی و ڕاڤە کراوە. لە دەستپێکی ئەم دۆکیومێنتە سەرنجڕاکێشەدا(م.ک) ئەمانەی خوارەوە ئەخوێنینەوە:

بۆرژوازی لە ڕێگای چەوساندنەوەی بازاڕی جیهانی‌یەوە سیمایەکی جیهانی بە بەرهەمهێنان و بەکاربردن لەهەر وڵاتێکدا بەخشیوە. ئەوەی بووەتە بێزاری گەورەی کۆنەپارێزەکان ئەوەیە لەژێر پێ‌ی پیشەسازی زەمینەی نەتەوەیی کە لەسەری وەستابوو بەدەستخستووە. هەموو ئەو پیشەسازییە نەتەوەیی‌یە دامەزراوانە تێکشکێنراون یان ڕۆژانە تێکدەشکێنرێن. لەبەردەم پیشەسازی نوێدا ڕائەماڵرێن کە پێشکەشکردنیان بووەتە پرسێکی ژیان و مردن بۆ نەتەوە شارستانییەکان، لە ڕێگای ئەو پیشەسازییانەی، کە چیتر کەرەسەی خاوی نێوخۆیی بەکارناهێنن، بەڵکو کەرەسەی خاو لە ناوچە هەرە دووردەستەکان. ئەو پیشەسازییانەی کە بەرهەمەکانیان سەرف ئەبن، نەک تەنها لە نێوخۆدا، بەڵکو لەهەر پارچەیەکی گۆی زەویدا. لە جیاتی پێداویستی‌یە کۆنەکان، کە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی وڵاتەکە تێری ئەکرد، پێداویستی تازەی تر ئەبینینەوە، کە تێربوونیان بەرهەمی ناوچەو هەرێمە دووردەستەکان پڕی ئەکەنەوە. لە جیاتی دابڕانی نێوخۆیی و نیشتمانیی کۆن و  ئیکتفای زاتی، پەیوەندییەکانمان بە هەموو ئاراستەکان لەگەڵ پشتبەستنی جیهانیی دووسەرەی نێوان نەتەوەکان هەن. و هەروەک لە ماددە و لە بەرهەمهێنانی هۆشمەندیدا.  داهێنانە هۆشمەندییەکانی دەوڵەتە تاکەکان ئەبنە موڵکێکی گشتی. تاکلایەنی و ئاسۆبەرتەسکیی نەتەوەیی،  زیاتر و زیاتر ئەستەمتر ئەبن، و لە ئەدەبی نەتەوەیی و نێوخۆیی فرە زۆرەوە، ئەدەبی جیهانیی سەریهەڵدا.”

ئەمڕۆ ئەم لێکدانەوەیە بە شێوەیەکی بلیمەتانە سەلمێنراوە. هێشتا ئەو کاتانەی مانیفێست ئەنووسرا، بە پراکتیکی هیچ داتایەکی ئەزموونی بۆ پشتگیریکردنی ئەم جۆرە گریمانەیە نەبوو. تەنها ئابووری سەرمایەداری گەشەکردووی ڕاستەقینە ئینگلتەرا بوو. پیشەسازی‌یە ساواکانی فەڕەنساو ئەڵمانیا( ئەمەی دواترینیان تەنانەت وەک قەوارەیەکی یەکگرتووش بوونی نەبوو) هێشتا لە پشتی دیواری تاریفە باڵاکانەوە(گومرک) پەنا درابوون- ئەو ڕاستییەی کە زۆر بە ئاسانی لەمڕۆدا لەبیر ئەکرێت، لەکاتێکدا حکومەت و ئابووریناسەکانی ڕۆژئاوا وانەی توندی باقی جیهان دەربارەی پێداویستی کردنەوەی ئابوورییەکانیان دائەدەن.

ئەوەی پێ‌ی ئەوترێت جیهانگیریی بریتی‌یە لە دەربڕینێکی ڕێڕەوی حەتمی سەرمایەداریی بۆهەنگاونان واوەتر لە سنوورە بەرتەسکەکانی بازاڕی نیشتمانیی و گەشەپێدان و چڕکردنەوەی دابەشکردنی نێونەتەوەیی کار. ئەمە ئاسۆیەکەی پرشنگدار بۆ بەختەوەریی پاشەڕۆژ و هاوکاری نێوان گەلانی جیهان ئەکاتەوە. بەڵام لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، ئەم ماتەوزە هەرەباشە بۆ گەشەی مرۆڤایەتی ناچار بە کۆت‌وبەندی بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانج کراوە. واوەتر لە چاککردنی ئاسۆی پێشخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بووەتە ڕەچەتەیەکی کۆتایی بۆ بەتاڵانبرنی سەرجەم هەسارەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا مەزنەکاندا. واوەتر لە کەمکردنەوەی دژ بەیەکەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی جەنگ و ناکۆکییەکان، بەڵکو چڕتری کردوونەتەوە، و بووەتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ دوای جەنگ.

لەسەر ئاستی جیهانیدا ئەنجامەکانی بەجیهانیبوونی”ئابووری بازار” تۆقێنەرە. بە پێ‌ی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 1.2  ملیار خەڵک بە کەمتر لە دوو دۆلار لە ڕۆژێکدا ژیان ئەکەن. لە نێویاندا هەشت ملیۆن پیاو، ژن و منداڵ ساڵانە گیان لەدەست ئەدەن لەبەر ئەوەی هیچ  پارەی تەواویان بۆ مانەوە لە ژیان نییە. هەموومان ڕەزامەندین لەسەر ئەوەی کە کوشتنی شەش ملیۆن خەڵک لە هۆلۆکۆست تاوانێکی قێزەونی دژ بە مرۆڤایەتی بوو، بەڵام لێرەدا، ئێمە هۆلۆکۆستێکی بێدەنگمان هەیە کە ساڵانە هەشت ملیۆن خەڵکی بێتاوان ئەکوژێت و هیچ کەسێکیش شتێکی دەربارەی ئەم بابەتە پێ نییە.

هاوشان لەگەڵ نەهامەتیی ترسناک و ئازارچەشتنی مرۆڤ، ئاهەنگی سەرشێتانەو بێڕەوشتانەی بەدەستخستنی پارە و سامانی بریقەدار هەیە. بە پێ‌ی پێنوێنی بلوومبێرگی ملیاردێرەکان، بە سامانترین ٣٠ دەوڵەمەندی جیهان کۆنترۆڵی بەشێکی سەرسامهێنی ئابووری جیهان ئەکەن: $1.23 تریلیۆن دۆلار. ئەمە زۆر زیاترە لە داهاتی نێوخۆیی ساڵانەی ئیسپانیا، مەکسیک، یان تورکیا.

هەژدەیان لەم دەستەیە لە ئەمریکان. هەشت دەوڵەمەندترین بلیۆنێری جیهان کۆنترۆڵی هەمان ئەو سامانە ئەکەن لە نێو خۆیاندا وەک نیوەهەژارترینی دانیشتوانی گۆی زەوی، کە هەرە بەرچاوترین نیشانەی هەڵکشان و چڕبوونەوەی مەترسیدارانەی سامانە. ڕێکخراوی خێرخوازیی ئۆکسفام، کە ئامارەکانی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند “واوەتر لە سەرسوڕمانە”  سامانی ژمارەیەک دەوڵەمەند بە سەرۆکایەتی دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت بیڵ گەیتس(Bill Gates) بەهای ٤٢٦ ملیار دۆلارە، کە هاوبەهای سامانی 3.6 ملیار هەژارترین خەڵکی جیهانە.

جیا لە گەیتس، ئەمانسیۆ ئۆرتێگا(Amancio Ortega)،دامەزرێنەری زنجیرەکۆمەڵەی ئیسپانی فاشیۆنی زارا، و وارن بەفێت(Warren Buffet)، سەرمایەگوزاری گەورە و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای(Berkshire Hathaway) کۆمەڵەکە پێک ئەهێنن.

ئەوانی تر لە لیستەکەدا بریتین لە کارلۆس سلم هێلۆ (Carlos Slim Helú) خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی (Grupo Carso) و تەلەکۆمی مەکسیکیی تایکۆن، جێف بیزۆس (Jeff Bezos) دامەزرێنەری ئەمازۆن، مارک زووکەربێرک دامەزرێنەری فەیسبوک، لاری ئێڵسن(Larry Ellison) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تەکنەلۆژی ئەمریکی ئۆراکڵ ، مایکڵ بلوومبێرگ(Michael Bloomberg) سەرۆکی شارەوانی پێشووی نیویۆرک و دامەزرێنەرو خاوەنی دەزگای هەواڵ و خزمەتگوزاری زانیاری دارایی بلوومبێرگ.

لە پێناو پلانێکی ئەقڵانی بەرهەمهێناندا

پێداویستی بۆ هاوئاهەنگی سەرچاوە مەزنەکانی هەسارەکەمان لە ڕێگای پلانێکی ئەقڵانی بەرهەمهێنانەوە بووەتە پێداویستییەکی ڕەها. سیستمی سەرمایەداری سیستمێکی ئانارشیستی‌یە، بنەمادارە لەسەر چاوچنۆکیی و گەڕانی بەردەوام بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێی چەوساندنەوە و دەستدرێژیکردنە سەر هەسارەکەمان لە پێناو زیادکردنی سامان و دەسەڵاتی کەمینەیەکدا. کۆمپانیا گەورەکان بێڕێزییەکی سەرسەختانەیان بەرامبەر ژینگە پیشان داوە. لە گەڕانی بەجۆشیاندا بۆ قازانج دارستانە باراناوییەکانیان تێکوپێکدا، دەریاکانیان ژەهراوی کرد، چەند جۆری ڕووەک و ئاژەڵەکانیان لەناوبرد، و ئەو هەوایەشیان ژەهراوی کرد کە هەناسەی پێ ئەدەین،لەگەڵ ئەو ئاوەی کە ئەیخۆینەو ئەو خواردنەی کە ئەیخۆین. بەردەوامیی سیستمی سەرمایەداریی هەڕەشەیەکی مەرگهێنەرانەیە بۆ ئەو هەسارەیەی تیایدا ئەژین و بوونی پاشەڕۆژانەی نەژادی مرۆڤایەتی.

لەباری بابەتی‌یەوە هەموو مەرجەکانی چارەسەری گرفتەکان کە دووچارمان ئەبنەوە بوونیان هەیە. نەژادی مرۆڤایەتی هەموو ئەو ئامرازە پێداویستی‌یە تەکنەلۆژی و زانستی‌یانەی لەبەردەستدایە بۆ لەناوبردنی هەژاری، پەتاو نەخۆشی، بێکاری، برسیەتی، بێخانەولانەیی و هەموو شەڕانگێزییەکانی تر کە ئەبنە هۆکاری نەهامەتیی ، جەنگ و ناکۆکییە کۆتایی‌ نەهاتووەکان. ئەگەر ئەمە ناکرێت، بەو هۆکارە نییە کە لە توانادا نییە ئەنجام بدرێت، بەڵکو بەو هۆکارەیە کە دووچاری ئەو کۆتوپێوەندانەی سیستمی ئابووری ئەبینەوە کە تەنها پایەدارە لەسەر قازانجپەرستی.

پێداویستی‌یەکانی مرۆڤایەتی ناچنە هەژماری جدی خاوەن بانکەکان و سەرمایەدارەکانەوە کە هەسارەکە بەڕێوە ئەبەن. ئەمە پرسیارە ناوەندی‌یەکەیە، کە وەڵامدانەوەی پاشەڕۆژی نەژادی مرۆڤایەتی دەستنیشان ئەکات. ڕێکخراوی خێرخوازیی ئۆکسفام بانگەوازی مۆدێلێکی نوێ‌ی ئابووری ئەکات بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی حەتمی ڕووەو نایەکسانی. بەڵام، ئەوەی پێویستە چاکسازیی نییە بەڵکو تووڕهەڵدانی تەواوەتیی سیستمەکەیە.

ڕاماڵینی هەموو ئەو بەربەستانەی ئەبوونە ڕێگر لە بەردەم پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێن لە سایەی دەرەبەگایەتیدا ئەرکی مێژوویی بۆرژوازی بوو: زەریبەی نێوخۆیی،دراوەکان،بەربەستەکانی گومرکیی، هەموو ئەو رسوماتە بێکۆتاییانەی کە ئەبوونە بەربەست لەبەردەم گەشەی ئازادانەی بازرگانی، تێڕوانینی بەرتەسکانەو دواکەتوویی ژیانی لادێ.  دەستکەوتی مەزنی بۆرژوازی بریتی بوو لە دامەزراندنی بازاڕی نیشتمانیی و ، لەسەر ئەو بنەمایەشەوە، دەوڵەتی نەتەوە بە مانای مۆدێرنی وشەکە.

بەڵام گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێن لە سایەی سەرمایەداریدا ماوەیەکی زۆرە سنوورە بەرتەسکەکانی بازاڕی نیشتمانیی تێپەڕاندووە، کە لە ئێستادا بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەی ئابووری، بەهەمان ئەو تایبەتمەندییە کۆنە نێوخۆییانەی فیوداڵیزم لە ڕابردوودا. دەرکەوتنی جیهانگیریی تەنها دەربڕینێکی ئەو ڕاستی‌یەیە کە دەوڵەتی نەتەوە سوودەکانی خۆی تێپەڕاندووە و بووەتە بەربەست لە بەردەم ڕێڕەوی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی.

دوو سەرەکی‌ترین بەربەست لەبەردەم گەشەی نەژادی مرۆڤایەتی بریتین لە : لە لایەکەوە، خاوەندارێتی تایبەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، و لە لایەکی ترەوە، پاشماوە کۆن و بەسەرچووەکانی بەربەریزم، دەوڵەتی نەتەوە. ئەرکی مێژوویی پرۆلیتاریایە ئەم بەربەستانەی بەردەم گەشەی شارستانێتی لەنێو بەرێت. موڵکدارێتی تایبەتی جێگای بە پلانێکی دیموکراتی بەرهەمهێنان ئەگیرێتەوە. و دەوڵەتی نەتەوەش ڕادەستی ژوورە-دارینەی مۆزەخانەی پاشماوە مێژوویی‌یەکان ئەکرێت.

شۆڕشی سۆسیالیستی هەموو بەربەستە نەتەوەیی‌یەکان ڕائەماڵێت و ماتەوزەی مەزنی گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێن ڕزگار ئەکات لە ڕێگای پێکهێنانی فیدراسیۆنێکی سۆسیالسیتی جیهانیی‌یەوە کە سەرچاوە بێسنوورەکانی هەسارەکەمان بە ڕێگایەکی پلانداڕێژراو و هاوئاهەنگ لەپێناو وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی سەرجەم مرۆڤایەتی کۆئەکاتەوە، نەک چاوچنۆکی ژمارەیەک مشەخۆری هەرە دەوڵەمەند.

خەباتی چینایەتی

ماتریالیزمی مێژویی فێرمان ئەکات کە هەلومەرجەکان هۆشمەندی دەستنیشان ئەکەن. ئایدیالیستەکانیش هەمیشە ئەوە پێشکەش ئەکەن کە هۆشمەندی هێزی بزوێنەری هەموو گەشەی مرۆڤایەتی‌یە. بەڵام تەنانەت ڕووکەشترین توێژینەوە مێژووییەکان نیشانی ئەدەن کە هۆشمەندی مرۆڤایەتی هەمیشە مەیلی بە دواکەتن لە ڕووداوەکان هەیە. واوەتر لە بوونی شۆڕشگێڕانەی، زگماکی‌یانەو بێئەندازە کۆنسێرڤاتیڤە.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک بیرۆکەی گۆڕانیان لاپەسەند نییە و کەمترین کاریگەریگەرییان بۆ هەڵچوون و ڕاپەڕینی توندوتیژانە هەیە کە بارودۆخی ئێستا بگۆڕێت. مەیلیان بەخۆهەڵواسین بە ئایدیا ناسراوەکان، دامەزراوە ناسراوەکان،دابونەریت و ئەخلاق، ئایین و بەهاکانی سیستمی کۆمەڵایەتی ئێستا هەیە.  بەڵام لە باری دیالەکتیکی‌یەوە، شتەکان بە پێچەوانەکانیان ئەگۆڕدرێن. درەنگ یان زوو، بەشێوەیەکی تەقیووانە ئەهێنرێتە سەر هەمان ڕێچکەو هیڵی واقیع. ئەمە بە تەواوەیی ئەوەیە کە شۆڕش چی‌یە.

http://socialist-alternative.net/wp-content/uploads/2021/04/marxists04.jpgمارکسیزم ڕوونی ئەکاتەوە کە لە دواین لێکدانەوەدا، کلیلی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بریتی‌یە لە پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێن. تا ئەو جێیەی کۆمەڵگا بەرەوپێشەوە هەنگاو ئەنێت، یانی تا ئەو جێیەی بەتوانایە لە پێشخستنی پیشەسازی، کشتوکاڵ، زانست و تەکنەلۆژیا، لە لایەن زۆرینەی خەڵکەوە وەک زیندوو(توانادار بە ژیان و گەشە) لێ‌ی ئەڕوانرێت. لە سایەی بارودۆخێکی وادا، پیاوان و ژنان بە شێوەیەکی گشتی گومانیان لە کۆمەڵگای ئێستا، مۆراڵ و یاساکانی نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، وەک شتێکی سروشتی و حەتمی لێ‌ی ئەڕوانن بە هەمان شێوەی خۆرهەڵهاتن و خۆرئاوابوون.

ڕووداوە مەزنەکان پێویستن بۆ ڕێگەدان بە جەماوەەری خەڵک بۆ وەلانانی بارگرانییە قورسەکانی دابونەریت، خوو و ڕۆتینیات و لەخۆگرتنی ئایدیای نوێ. ئەمە ئەو جێوڕێیەیە لە لایەن کۆنسێپتی ماتریالیستی مێژووەوە گیراوەتە بەر، کە بلیمەتانە کارڵ مارکس لە دەقێکدا دەری بڕیوە “بوونی کۆمەڵایەتی هۆشمەندی دەستنیشان ئەکات”. پرسەکە ڕووداوی مەزن ئەخوازێت بۆ خستنەڕووی ناتەندروستبوونی سیستمی کۆن  و قانعکردنی جەماوەری خەڵک بە پێداویستی ڕووخاندنی سیستمەکە بە تەواویی. ئەم پرۆسەیە ئۆتماتیکی نییە و کات ئەخایەنێت.

لە ماوەی ڕابردوودا وا دەرکەوت کە خەباتی چینایەتی لە ئەوروپا بووەتە شتێک لە ڕابردوو. بەڵام ئێستا هەموو دژ بەیەکە کەڵەکەبووەکان هاتوونەتە سەرخان. ئامادەیی ڕێگایەک ئەکەن بۆ تەقینەوەی خەباتی چینایەتی لە هەموو جێگایەک. لە هەموو جێگایەک، لە نێویاندا ئەمریکا، ئامادەیی ڕووداوە زریانئاساکان ئەکرێن. گۆڕانکاری توندو لەپڕ بە دڵنیایی‌یەوە لە بارودۆخەکەدا لە چاوەڕوانیدایە.

ئەو کاتانەی کە مارکس و ئەنگلز مانیفێستیان نووسی، دوو لاوی گەنج بوون، بە دوای یەکدا ٢٩ و ٢٧ ساڵ تەمەنیان بوو. لە قۆناغێکی کاردانەوەی ڕەشدا ئەیاننوسی. چینی کرێکار لەو کاتانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو نەبزواو بوون. مانیفێست خۆی لە برۆکسل نووسرا، نووسەرەکانی ناچار بە هەڵهاتن وەک پەنابەری سیاسی کران. لەگەڵ ئەوەشدا، لەو ساتانەی مانیفێستی کۆمۆنیست یەکەمین تیشکی بڵاوبوونەوەی لە فێبریوەری ١٨٤٨ بینی، تازە شۆڕش لە شەقامەکانی پاریسدا هەڵگیرسابوو و بە دوای چەند مانگێکی کەم وەک ئاگرێکی دەستەمۆنەکراو بە نزیکی هەموو ئەوروپای تەنییەوە.

ئێمە پێ ئەنێینە قۆناغێکی  ناسەقاماگیرو نائارامەوە کە ماوەی چەند ساڵ درێژە ئەکێشێت. هاوشێوەی قۆناغی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٠ەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧. چەند تێکشکان و پاشەکشە ڕوو ئەدەن، بەڵام لە سایەی ئەم هەلومەرجانەدا جەماوەری خەڵک زۆر بە خێرایی فێر ئەبن. بە دڵنیایی‌یەوە، نابێت زیاتر لە خۆی قەبەی بکەین: ئێمە هێشتا لە هەرە سەرەتاکانی پرۆسەی ڕادیکاڵیزەبوونداین. بەڵام لێرەدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئێمە گەواهیی سەرەتاکانی گۆرانکاری هۆشمەندی جەماوەری خەڵکین. ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەرمایەداری ئەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە شێوەیەک کراوەن بۆ ئایدیاکانی مارکسیزم کە پێشتر بەو جۆرە نەبووە. لە قۆناغی داهاتوودا ئەو ئایدیایانەی کە تەنها لە نێو چەند دەستەیەکی بچووکی شۆڕشگێرەکاندا قەتیس مابوون بە پەرۆشەوە لە لایەن ملیۆنەها خەڵکەوە شوێنکەوتەی ئەبن.

هەربۆیە ئەتوانین وەڵامی بەڕێز فوکویاما بەم شێوەیە بدەینەوە: مێژوو هێشتا کۆتایی نەهاتووە. لە ڕاستیدا، ئێستا دەستی پێکردووە. کاتێک نەوەکانی داهاتوو ئەڕواننە” شارستانێتی” ئێستامان، بە نزیکی هەمان ئەو هەڵوێستەیان ئەبێت کە ئێمە دەربارەی گۆشتخۆرەکان گرتمانەبەر. مەرجێکی پێشەکی بۆ گەیشتن بە ئاستێکی باڵای گەشەی مرۆڤایەتی بریتی‌یە لە کۆتایی هێنان بە ئانارشی سەرمایەداری و دامەزراندنی پلانێکی ئەقڵانی بەرهەمهێنان و دیموکراتییانە، بە شێوەیەک کە ژنان و پیاوان بتوانن ژیان و چارەنوسی خۆیان بەدەستی خۆیانەوە بگرن.

لە لایەن ڕیالیستەکانەوە پێمان ئەوترێت : “ئەمە یوتوپیایەکی ئەستەمە” ! . بەڵام ئەوەی بە تەواوی ناواقعی‌یە ئەو وێناکردنەیە(پێوابوونەیە) کە ئەو گرفتانەی دووچاری مرۆڤایەتی ئەبنەوە لە سەر بنەمای سیستمی ئێستا کە جیهانی بەم بارودۆخە جێ‌ی داخە گەیاندووە چارەسەر بکرێن. وتنی ئەوەی مرۆڤایەتی بێتوانایە لە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر بۆ یاساکانی دارستان ئابڕووشکاندێکی دڕندانەیە بە نەژادی مرۆڤایەتی.

لە ڕێگای جڵەوکردنی ماتەوزە مەزنەکانی زانست و تەکنەلۆژیاوە، و ئازادکردنیان لە کۆت و پێوەندە نەفرەتلێکراوەکانی موڵکدارێتی تایبەتی و دەوڵەتی نەتەوەوە، ئیمکانی چارەسەرکردنی هەموو گرفتانە هەن کە جیهانەکەمان ئەچەوسێننەوە و هەڕەشەی لەناوچوونمان لێئەکەن. مێژووی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی کاتێک دەست پێئەکات کە ژنان و پیاوان کۆتایی‌یەک بۆ کۆیلایەتی سەرمایەداری دابنێن و هەنگاوە سەرەتاکانی خۆیان ڕووەو مەملەکەتی ئازادیی بنێن.

لەندەن، ١٦ی جونی ٢٠١٧

سەرچاوە

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*