یارییەکانی فیفا لە گۆڕستانی کرێکارانی کۆچبەردا ساز ئەکرێت!

ئامادەکردنی : کامەران ئەحمەد
لەژێر ناونیشانی “یارییەکانی تۆپی پێ‌ی جیهانی ڕابگرن” پارتی چەپی سۆسیالیست لە بەلجیکا بابەتێکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردووەتەوە ، پوختەی سەرنج و تێڕوانینەکان بەم شێوەیەن:
بەپێ‌ی دواین ڕاپۆرتی گاردیەن کە لە کۆتایی مانگی فێبریوەری لەسەر پرۆژەی یاریگاو ئامادەسازییەکانی قەتەر بۆ یاری تۆپی پێ‌ی جیهانیی لە ساڵی داهاتوو ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە تاکو ئێستا لە ماوەی نێوان ٢٠١٠-٢٠٢٠ لانی کەم ٦٧٥٠ کرێکاری کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە لە پێنج وڵاتی هەژارنشینی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە(هیندوستان، پاکستان، سیریلانکا، نیپاڵ و بەنگلادش) هاتوون.
بەو ژمارە زۆربەی قوربانییانەوە یارییەکانی تۆپی پێ‌ی جیهانیی وەک ئەوە وایە لە گۆڕستانێکی گەورەی کرێکارانی کۆچبەردا سازبکرێت، کە بە ناچاریی وڵاتەکانی خۆیان بۆ دەستخستنی داهاتێک بۆ خێزانە هەژارەکانیان بەجێهێشتووە و لە سەرخترین هەلومەرجی کارکردندا ژیان ئەکەن. ئەمەش تەنها لە خزمەتی پالەوانێتییەکدا کە فیفا نوێنەرایەتی و مۆنۆپۆڵی ئەکات. لە جیهانی تۆپی پێدا، دەنگە ناڕەزایەتییەکان ماوەیەکە لە هەڵکشاندان دژ بەم بارودۆخە، و فیفاش بە بەشداربووی ئەم قەتلوعامەی کرێکاران تۆمەتبار ئەکەن. هەرئێستا ژمارەیەک بزووتنەوەی کرێکاریی لە ولاتانی جیاجیا و تیپە نێوخۆییەکان سەرگەرمی مشتومڕیی بایکۆتکردنی پاڵەوانێتی‌یەکەن.
دۆسیەی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە باڵوێزخانەکانی ئەو وڵاتانەدا هەن، بەڵام قەتەر ئینکارییان ئەکات و تەنها باس لە گیانلەدەستدانی ٣٧ کرێکار ئەکەن،و مردنەکانیش بە ئاسایی تۆمار ئەکەن! فیفا چاوپۆشی لێکردووە بەوهۆیەوە خۆی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیەو بە دوای بەدەستخستنی قازانجی چەند ملیاری‌یەوەیە. فیفا بۆ پەردەپۆشی ئەم هاوبەشییەی خۆی بەم شێوەیە ئەدوێت:” بەهۆی ئەو ڕێکارە تەندروستی و سەلامەتییانەوە کە لە یاریگاکانی فیفادا لەبارچاوئەگیرێن، ژمارەی گیان لەدەستدان لە چاو پرۆژەکانی تری بیناسازیدا زۆر کەمترە”!
ئەگەرچی لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٣دا گاردیەن باس لە گیان لەدەستدانی چوار هەزار کرێکار ئەکات تا کۆتایی تەواوبوونی پرۆژەکان بەڵام ئێستا ژمارەکان لە دوو ئەوەندە نزیک ئەبێتەوە، ئەمیش بەهۆی خێراترکردنی پرۆسەی کارکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوانەی کە کۆرۆنا کاریگەریی لەسەریان کردبوو.
هێشتا کارەکان بەردەوامن و پرۆژەکان تەواو نەبوون، لە هەشت یاریگا کە بڕیار وایە یارییەکانیان تێدا بکرێن، شەشیان بە تەواویی دروست ئەکرێن و دوانیشیان نۆژەن ئەکرێنەوە، ژمارەیەکی زۆری دوکان، چێشتخانەو کافتریا و ئوتێلەکان لە ژێر کارکردندان، بێجگە لەوەی شارێکی نوێ کە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەگرێتە خۆی لە دووری ١٥کم لە دەوحەی پایتەخت بینا ئەکرێت. تا ئێستا چوار لەو یاریگایانە بە تەواویی ئامادەن، هەربۆیە زۆر بە خێرایی و لە بارودۆخێکی سەختدا بۆ تەواوکردنی ئەوانی تر کار تیایاندا بەردەوامە.
ژمارەیەکی زۆر لەو کرێکارانە نەک هەر لە کاتی کارو لەسەر پرۆژەکان، لەبەر گەرمای زۆر کاری سەخت بەڵکو لە شوێنی حەوانەوەی خۆیاندا ، لە نەبوونی شوێنی شایستەی مانەوە و بەدخۆراکی گیانیان لە دەستداوە.
هەر لە کاتی گەیشتنیان بە قەتەر دەست بەسەر جەوازەکانیاندا ئەگیرێت بۆ ئەوەی لەسەر کار ڕانەکەن. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەژێر فشاری ڕێکخراوە جیهانییەکان گۆرانکاری بچوک کراوە ( بۆ نمونە ، وازهێنانی کرێکار لەسەر کار بە بێ خواستی خاوەنکارەکەی) .
لە کاتی پەتاکەدا لە ٢٠٢٠ ژمارەیەکی زۆریان لەسەر کار دەرکراون، لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان ئەکەن و ئێستا لە دەستپێکردنەوە و چڕبوونەوەی کاردا ناچارن زۆر بە هەرزانتر بە چەند ئەرکی زیاترەوە کار بکەن.
لەگەڵ ئاشکرابوونی ژمارەی قوربانییەکان ناڕەزایەتی دژ بە هەلومەرجی کاری کرێکاران لە ئاستی ئەوروپادا چووەتە سەر، ژمارەیەک یاریزانی ئەڵمانی تی شێرتی – مافی مرۆڤ-یان لەبەر کرد، هەر لە مانگی مارسەوە ژمارەیەک تیپ لە ولاتان ناڕەزاییان بە بارودۆخی کرێکاران نیشان داوە، هەروەها یاریزانە نەرویجییەکان تی شێرتێکیان لەبەر کرد کە ئاماژە بە مافی مرۆڤ – لە دەرەوەو ناوەوەی یاریگا- ئەکات. ژمارەیەک لە یاریزانەکانی دانیمارک ئەگەرچی هێشتا بانگەوازیان بۆی نەکردووە بەڵام قسە لە بایکۆت ئەکەن.
ژمارەیەکی زۆری سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانی یانەو تیپەکان بانگەوازی ئەوە ئەکەن پیویستە یاریزانەکان خۆیان لە سیاسەت وەرنەدەن و پەیوەندییان نەبێت بەڵکو “نەرم و نیانتر ” بن و تا ئەتوانن ” ئیلتزام”یان بە یانەکانەوە هەبێت، کە ئەمە سیاسەتێکی ئاشکرای فیفایە و پێ‌ی وایە سیاسەت پەیوەندی بە ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکانەوە نییەو تەنها کاری و هێشتنەوەیەتی لە دەستی نوخبەیەک، تا بتوانن لە پشتی خەڵکەوە لەگەڵ خاوەنی پەخشە تەلەفیزیۆنییەکان و نوسینگەکانی مێگاڕیکلامەکان بەردەوام بن لە جنینەوەی پارەو سامانی زۆر بە بێ ئەوەی کەس لێیان بپرسێتەوە.
ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکان خۆیان لە چینی کرێکارەوە هاتوون ، هەربۆیە نەهامەتییەکانی ئەو چینە باش ئەزانن( ئەگەرچی ژمارەیەکیان بە تەواویی لێ‌ی دابڕاون) . لە شەست و حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ، ژمارەیەک لە یاریزانەکان لە بزووتنەوەی کرێکاریدا خۆیان بەشداربوون، بۆ نمونە دژ بە دەسەڵاتە سەرکوتگەرییە سەربازییەکانی ئەمریکای لاتین، لە ئەرجەنتین دژ بە دەسەلاتی دیکتاتۆریی رافائیل ڤیدێلا، بابەتی ناڕەزایەتی دژ بە دەسەلاتی دیکتاتۆریی هەم لە لای یاریزانەکان و هەم لە لای هاندەرەکان هاوئاست بوو. لەسەرەتای سالانی هەشتاکاندا بزووتنەوەی ئایدیۆلۆژیی Democracia Corinthiana لە بەرازیل دەرکەوت کە ژمارەیەک یاریزانیی ناسراو پێشڕەوییان ئەکرد وەک سوقرات، زێ ماریا، فلادیمێرو واڵتەر کاساگرانتی، کە دژ بە دەسەلاتی عەسکەرتاریی بەرازیل وەستانەوە و یانەکەیان دیموکراتییانە بەڕێوە ئەبرد، خۆیان و هاندەرەکانیان هاوکاریی خەباتی چینی کرێکاریان ئەکرد. ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەکان لە بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا ڕۆڵیان هەبووە، وەک لایەنگرانی لیڤەرپوڵ دژ بە تاتشەر لە سالانی هەشتاکاندا. هەروەها لە میسر لایەنگرانی یانەی ئەهلی هاتنە پاڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی میسر.
لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجمان ئەچێتە سەر ئازادی ڕادەربڕین لە لایەن وەرزشوانە لوتکەکانەوە، کە پەیوەندی بە سەرجەم چوونەسەری خەباتی سیاسی‌یەوە لە ئاستی گشت کۆمەڵگا هەیە. هەروەها چاومان لە چوونەسەری خەباتی ژنانی یاریزانی تۆپی پێ‌یە لە پێناو مووچە و خەڵاتی یەکسان وەک پیاوان. ئەمە جگە لەوەی کە ناڕەزایەتی توند هەبوو لەسەر بنەمای جیاکاریی ڕەگەزیی لە یاریدا ، ژمارەیەک لە یاریزانەکان دژ بە نایەکسانی ژنان بەشدارییان کرد، هەروەها لە دواترین نموونەدا ” ژیانی ڕەشپێست پرسە” بەشداری چالاکانەیان کرد. ئەمانە چەند نموونەن کە فیفا هیچ کات بابەتی نەبووە و جورئەتیشی نەکردووە باسیان بکات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکانی تۆپی پێ لە ٢٠٢٢ ، مشتومڕەکانی بایکۆتکردن و بەشدارینەکردن و فشارخستنە سەر دەسەلاتدارانی قەتەر بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردنی کرێکاران گەرمو گوڕی زیاتر بەخۆوە ئەبینێت. ژمارەیەک پێ‌یان وایە کاتەکە درەنگە و ئەبوایە زۆر زووتر بایکۆت بکرایا، هەندێک پێ‌ی وایە هەر هێنانە باسی بایکۆت لە بایکۆتکردنەکە زیاتر گرنگی خۆی هەیە و ئەتوانێت فشار لە سەر دەسەڵاتدارانی قەتەر جێبهێڵێت بۆ باشترکردنی مافەکانی کرێکاران. هەندێک پێ‌ی وایە کە هەر راگرتنەکانی یاریی لە ساڵی ٢٠٢٢ گەورەترین فشار لەسەر فیفا و چۆنیەتی کارکردنی دروست ئەکات کە ئەبێتە بردنە سەری مافەکانی کرێکار لەسەر ئاستی جیهانیی. لە هەموو ئەمانەدا تەنها شتێک ڕوونن کە مافەکانی کرێکاران ئەکەوێتە ئەستۆی دەسەلاتداران و سەرپەرشتیارانی فیفا و بەرپرسەکانی کۆمپانیا گەورەکانی بیناسازیی کە لەژێر چاودێری فیفادا کارئەکەن.
یاریزانە هەڵبژێرداوەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە سازنەدانی مۆندیال. ئەو تواناییەیان هەیە کە یارییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە گۆرستانی کرێکارانی کۆچکردوودا نەکرێن، بەڵام یاریزانەکانی تریش لە ئاستی نێوخۆییدا توانای بەرێخستنی ناڕەزایەتی گەورەیان هەیە بۆ ئاوڕدانەوە لە مافەکانی کرێکاران و فشاردانان لەسەر یاریزانە هەڵبژێردراوەکان تا بە شێوازی بیرکردنەوە و کارکردنی خۆیاندا بچنەوە.
کرێکاران و فەرمانبەرانی فیفا و کۆمپانیاکانی ژێر چاودێریی فیفا ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە فشاردانان، نوێنەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکانی کۆکا کۆلا، ئەدیداس، هۆندا و کیا مۆتۆڕز، هیڵی ئاسمانی قەتەریی ، ڤیزا و گروپی واندا، ئەوانن کەمپەین و مانگرتنی گەورە بەڕێ بخەن لە پێناو مافەکانی کرێکارانی کۆچبەر، هەروەها گرووپی سێهەمی فشار بریتین لە هاندەرانی یاری تۆپی پێ و ئەو کەسانەی حەز بە بینی یارییەکان ئەکەن کە ئەوانن کەمپەینی هۆشیاریی و بەئاگاهێنانەوە و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، وتنەوەی دروشم سەبارەت بە مافەکانی کرێکاران لە کاتی یارییەکان ڕابگەیەنن.
بەڕێخستنی کەمپەینێکی هاوکاریی نێونەتەوەیی بە بەشداری یاریزانەکان، ڕێکخراوو کۆمەڵەکانی هاندەرەکانی یانەکان و وەرزش، و ڕیزەکانی چینی کرێکار و رێکخراەکانیان لە ئاستی جیهانیدا نەک هەر ئەتوانێت بارودۆخی کرێکارانی کۆچبەر باش بکات بەڵکو سەرجەم بارودۆخی چینی کرێکار و تەنانەت ئەو ڕێگایەش کە ئێستا لە وەرزشدا بیری لێئەکرێتەوە و یاریی پێ ساز ئەکرێت.
 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*