میدیای بۆرژوازی، کەناڵەکانی فریودان و ڕیاکاری چینایەتی

کامەران ئەحمەد

١

مارکس فێرمان ئەکات کە “ئایدیۆلۆژی باڵا دەست لە کۆمەڵگادا ئایدیۆلۆژی چینی باڵادەستە”. ناکرێ ئەو ڕۆڵەی میدیای بۆرژوازی لە پاراستنی موڵکدارێتی تایبەتی ئەیگێڕێت لە هەمان ئەو ڕۆڵەی بۆرژوازی لە بەرهەمهێناندا هەیەتی جیا بکەینەوە. ئێمە لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا ژیان ئەکەین هەربۆیە هەرگیز ناکەوینە ئەو هەڵە گاڵتەجاڕییەی گوایە میدیا جۆرێکە لە “دەسەڵاتی چوارەم” و فۆرمێکی دابڕاو لە دەسەڵاتی چینایەتی. چینی سەردەست هەمیشە هەوڵی داوە لە پێناو پاراستنی ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینەکانی، چەندین ئامراز بەرهەم بهێنێت، و بڵاوبوونەوەو دابەشکردنی زانیاری(وەک هەر کاڵایەکی تر) کۆنترۆڵ بکات، وەک هەر یەکێک لە پایەکانی تری دەسەڵات خزمەتی پێ بە مانەوە و هێشتنەوەی زیاتری بکات.

ئەم کەمایەتییە تەقەلای نەبڕاوە ئەدات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی باشترین نوێنەرایەتی ئەکات. لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکانی بڵاوبوونەوەی خێرای ئایدیا وەک دەستگرتن بەسەر ماس‌میدیا، کۆنترۆڵکردنی گشتی پەروەردە و خوێندن و تەواوی دامەزراوەکانی ئەم کەرتەو ناوەندە ئایینییەکان. ئایدیای چینایەتی خۆی لە نیشاندانی ئاسایی بوون و ڕێڕەوی سروشتیبوونی ژیان و ئەزەلی بوونی ئەم سیستمە بەرهەم ئەهێنێت و لە چەندین کەناڵەوەو بە ڕەنگی جیاواز دەرخواردی کۆمەڵگا ئەدرێن. هەوڵی نەپساوە بۆ باوەڕهێنانی زۆرینەی کۆمەڵگا ئەدەن ئەم سیستمە باشترین ڕێگاو بژاردەیە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. لێرەدا فریودان و ڕیاکاری درۆی” بابەتیی” بوون و “ئازادی ” ڕۆژنامەگەریی لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا ئەبنە وەهم و چەند بانگەشەی بێناوەرۆک.

مەیدانەکانی ڕۆژانەی خەباتی چینی کرێکار لە پێناو زیادکردنی کرێ، وەستانەوە دژ بە بێکاری و بەدەستخستنی کار تا ڕاددەی ڕیسواکردنی دەسەڵاتی خاوەن مێگاکۆمپانیاکان،ڕێکخراوەو بڵاوکراوە کرێکارییەکان بایکۆت ئەکرێن و لە جێگەیاندا بە چەند تایتڵی نەخشێنراو باس لە وێنەو ستایڵ و مۆدەی سەرنجڕاکێشی چەند کاڵایەک و واقوڕمانی فانەکانیان ئەکرێن! زۆرینەی میدیای کوردی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە مافیا و تێرنەبوووەکەیدا نان ئەدرێت. بە ئەرکی مێژوویی و دیاریکراوی خۆیان کە لەلایەن شارەزایان و ستراتیژناسەکانی چینەکەوە بۆیان داڕێژراوە لە پارێزگاریکردنی تانوپۆ و ڕایەڵەكانی موڵکدارێتی تایبەتی هەڵئەستن. 

لێرەدا سەرجەمیان سەرباری جیاوازییەکانیان، بە جیاوازی ڕەنگو ئاڵاکان، لەوپەڕی توند تا ئەوپەڕی نیانی، لەوپەڕی قەومی تا ئەوپەڕی دینی، داخراو و پۆپۆلیستی، خاوەنی یەک دێدگاو تێڕوانینی هاوبەشن، ئەویش دوژمنایەتیکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی‌یە لە کوردستان، ناوچەکەو سەرجەم جیهان. خۆلادانە لە هەر باس و بابەتێکی بزووتنەوەی کرێکاری دژ بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی، خوڵقاندنی هەواڵ و زانیاری درۆ، قەبەکردنی ناڕەوایەتیانەی “بابەتەکانی”گوایە پرسەکانی ئێستا، و هەستیاری هەلومەرجی سیاسی و بانگەشەی برایەتی و دەستگرتن بە لێکنەترازانی کۆمەڵایەتی‌،و دابونەریتی ڕەسەن و..هتد ەوە.

میدیای بۆرژوازی بایەخێکی یەکجار گرنگی لە مانەوەی ژیانی خەڵک لە نەهامەتی، سەختی ژیانی ئابوری و قبوڵکردنی ناڕەوایەتییەکانی پێشێلکردنی ماف و ئازادی سیاسی،و خەفەکردنی توڕەیی و ناڕەزایەتییەکان هەیە، هاوشێوەی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی پۆلیس و ئاسایش پارێزەری بارودۆخی پڕ لە چەوساندنەوەی ئێستا و پایەکانی موڵکدارێتی تایبەتی و ئابوری بازاڕن. بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەکیان نییە، هەموویان پێکهێنەرەی ئەو ماشێنە قازانج ویستەن کە هەریەکەیان بەشێوەیەک مرۆڤەکان لە مرۆڤ بوون دائەماڵن و لە پێست وژیانی خۆیاندا مۆمیایان ئەکەن.

٢

میدیا لە ئابوری بازاڕدا پیشەسازییە، هاوشێوەی بەرهەمهێنانی کاڵایەک لە کارگایەک و ساغکردنەوەی لە بازاڕ ئەو ڕێگایەی بەرهەمی زانیاریی( نوسین بینین و بیستن) پێئەکرێت ملکەچی هەمان ئەم لۆژیکەی ئابووری سەرمایدارییە. تواناو ڕاددەی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و ساغکردنەوەی لە بازاڕ،و بەدەستخستنی پاشکەوت بنەمای کارکردنی پێکئەهێنێت.

هەربۆیە زانیاری وەک هەر بەرهەم و کاڵایەکی تر، ئامانجی سەرەکی لە دابەشکردنیدا بەدەستخستنی قازانج و سەرمایەی ماددییە(ماددە یان مرۆیی بۆ خزمەتکردن بە قازانجێکی تر)، لەسەر ڕێچکەی هەمان لۆژیکی پیشەسازی سەرمایەداریی، زۆترین بەرهەم لە کەمترین کات و کەمترین تێچوون، هەربۆیە پێوانەی سەرەکیی لە بابەتی بوون و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی هەواڵ، زانیاری و بابەت جێگایەکی بۆ نامێنێتەوە بەڵکو بازاڕکردنەکەی. لێرەدا بابەتەکان لە ویستی بازاڕ و خێرا ساغکردنەوەیان سازو ئامادە ئەکرێن، وەک یارییەکانی تۆپی پێ، فاشیۆن و گرتە سەرسامەکانی بوکەڵەکانی بازاڕ، و ئەو بابەتانەی کە نانێک ناخەنە سەر سفرەی خاڵی هەژارێک.

هەڵبژاردنی بابەت لە پەیوەند بە بارودۆخی ژیانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگا نەک هەر هاوسەنگ نییە، بەڵکو لە بنەڕەتیشدا خواست و ویستی ئەو پێک ناهێنێت، تەنیا لە گەمەی سیاسی و ناوچەیی،و هەڵچوون و گرژییە سیاسییەکانی نێو باڵەکانی بۆرژوازیدا نەبێت. تا ئەو جێیەی لە تواناییدایە ڕێگری و چەواشەی ئەکات بەڵام لەودیو سنورو ڕایەڵەکانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە کە دەستیان پێ‌ی ناگات گوێمان بە چەند زاراوەی وەک بێ فلتەر، پاشاگەردانیی، فووکردنە بارودۆخ، چەواشەکاریی، بەرەو هەڵدێربردنی بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا، پشگوێخستنی بەرژەوەندی گشتی،و پیرۆزییەکانی نەتەوە …هتد ئەکەوێت یانی ئامادەسازییکردنێک بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی”یاسا”یەک کە هەر خۆشیان ناویان ناوە “یاسا”.  بێگومان ئەو یاسایەی کە ڕێ بە دزینی قوتووە شیرێک نادات بۆ باوکێکی منداڵ برسی بۆ هەمان ئەو خاوەن کۆمپانیا وسەرمایەدارەش ئەگونجێ کە لە ئۆفیسەکەیدا توند بەسەر مێزەکەیدا ئەکێشێ و گلەیی لە بەدەستخستنی قازانجی چەند ملیۆن دۆلاریی ئەکات، ئائەمەیە یەکسانی لە پێکهاتەو تیئۆرییانەی سیستمی سەرمایەداریی.

لە ڕووماڵی ڕووداوەکاندا وا نیشان ئەدرێن کە سەرتاپایان دروستکراوی تاکەکان بن نەک ناکۆکی و کردار و پەرچە کردارەکانی چینە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا. تاوانی کوشتنی هەشتا نەخۆشی کۆرۆنا و برینداربوونی ١١٠ ی تر لە ابن الخطیب بە هەڵەی فڵان و فیسارە کەس دائەنرێن نەک هەڵەی سیستمێک کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە کەرتی تەندروستی فەرامۆش کردووە و ساڵانێکە کردوویەتییە پاروویەکەی چەور بۆ کەرتی تایبەت، یان سیستمێک کە ژینگەی گونجاوی بۆ بەرهەمهێنان و چەندبارە بەرهەمهێناوەی ئەم جۆرە مشەخۆرانە خوڵقاندووە. تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تەنها ئەخرێتە ملی تاوانبارێکی وەک عەلی کیمیایی نەک سیستمێک کە هەر ئێستا دەیان بەکرێگیراو و هاوەڵی عەلی لە ڕیزەکانیاندا جێکردووەتەوەو ئەرکی تری لە پاراستنی سیستمەکە پێ سپاردوون. پەلاماردان و جینۆسایدی خەڵکی کورد لە تورکیا، دەستێوەردان لە کێشەکانی لیبیا، ئازەربایجان ناکرێت تەنها بە سەرکێشی ئەردۆگان ناو ببەین، بەڵکو سیستمێکی پەلهاویشتووی سەرمایەداری مۆنۆپۆڵە کە ویستیەتی لەودیو سنوورەکانی خۆیەوە بازاڕی زیاتر بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی بدۆزێتەوە و هەرجارەی بە شێوازی جیاواز نوێنەرانێک لە چەشنی ئەردۆگان، سولەیمان دیمرڵ، تانسۆچیلەر، و بولەنت ئەجاوید بەربداتە گیانی خەڵک. ئەم خزمەتکردنەوەی میدیای کوردی لە شانخاڵیکردنەوەی سیستمی سەرمایە لە هەموو ڕووداوەکان بێوێنەیە. ئەمە نیشاندەری هاوپەیمانییەکی زگماکییە لەگەڵ سیستم و ئایدیۆلۆژی بۆرژوازیی، کە لێدان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەکاتە ئامانج، و سەرنج و ئاگاهیی خەڵک نەک لە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریین بەڵکو بە شوێن و ئاراستەیەکی تردا ئەچەرخێنێت.

3

لە سایەی سەرمایەداری ئەو هەموو برسیەتی و نەبوونی و نادادپەرەوەرییە ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە ڕووئەدەن، کەوایە میدیا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی واقیع ئەبێت وێنایەکی ترمان پیشان بدات لە پێناو مانەوەو ئازارنەدان بە سیستمی کاری بەکرێ، لێرەدا ناکۆک لەگەڵ زانیاری ئۆبجەکتیڤ و بێلایەنییەک کە بانگەشەی بۆ ئەکەن، چەواشەکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان، خولخواردن بە دەوری دەزگا هەواڵگرییەکانمان چاو لێ‌یە لەپێناو دەستخستنی زانیارییەکی سەرنجڕاکێش تا سەرنجی خەڵک و خوێنەر بە لای خۆیاندا کێش بکەن.

لە هەڵگیرسانی جەنگی عێراقدا، نمونە درۆ بەرچاوەکانی میدیای بۆرژوازی بۆ هەڵکوتانە سەر عێراق بە بیانووی چەکی کۆکوژو ئەتۆمی لای هەمووان ئاشکرابوو، کە دواتر درۆبوونی خۆیان، و تێوەگلان لە زانیاری ناڕاستیی دەزگا هەواڵگرییەکانیان ڕاگەیاند. زاناو پرۆفیسۆر دکتۆر کەیس هامەلینک لە زانکۆی هۆڵەندا لە موحازەرەیەکدا لەژێر ناونیشانی( بۆچی ئەبێت بەوانەی لە ڕۆژنامەکاندا ئەنووسرێن باوەڕ نەکەیت) ڕایگەیاند: “زۆر درۆ ئەکرێت، خوولخواردن و پێچە بەدەورە بۆ سازکردنی چیرۆکێکی ئۆبجەکتیڤ ئەکرێت، بەڵام بۆ ڕۆژنامەنووسێک ئەبێت چیرۆکێکی تەواوی هەبێت و واباشترە لە دوێنێشدا بێت، هەربۆیە مرۆڤ دڵخۆش ئەبێت بەوەی کە پێ‌ی ئەوترێت. بنەمای کێشەکە ئا لێرەدایە.  سەرۆکانی (جیهان) ئەمە باش ئەزانن  و لەپێناو هەموو مەبەستێکی سیاسی بۆ دەستخستنی ڕای جەماوەری خەڵک بەکاری ئەهێنن.”

کاری میدیای باو هەمیشە لە پێچە مێژووییەکاندا، دەمڕاستی باڵەکانی بۆرژوازی قەومی و دینییان کردووە و دوور لە هەر بێلایەنییەک پلانداڕێژەرو سەرمەشقی چەسپاندنی سیاسەت و شاردنەوەی چەوتییەکانی ئەو باڵانە بوون. هەوڵدانی نەپساوە بۆ باوەڕهێنان بە دامەزراوە سەروو خەڵکییەکانی دەوڵەتی بۆرژوازیی،و گەڕانەوە بۆیان، بانگەشە بۆ ناوەندە فەرمییە مەرکەزییەکانی دەسەڵات((وەک ئەوەی ئەمانەش زۆر دیموکراتیانە و هەڵبژێردراو بن))، بانگەشە و پەلکێشکردنی خەڵک لەژێر درۆ هەڵبەستراوەکانی مەترسی دەرەکی و ئاسایشی ژیانی خەڵک و ڕێزبەستن بە دوای سیاسەتەکانی چینی باڵادەستدا بنەمای کاری میدیای باوی پێکهێناوە.

جەیسن بلەیر تا بۆی لوا و توانی درۆی چاوپێکەوتن و دیمانەی خەڵکانی وەهمی بڵاوکردەوە تا سەرنجی خەڵک بە دوای بابەتەکانیدا کێش بکات، ئەمڕۆ ئەرکی هاوەڵەکانی جەیسن لە میدیای کوردی بریتی‌یە لە هێنانەوەی وتەی مێگاسەرمایەدارە تێرنەبووەکان، پاڵەوانێتی ونیشاندانی سەرکێشی سەرمایەدار، دەرخستنی سروشتی چاکەو خێرخوازیی دەوڵەمەندەکان، ئەفسانەی خۆشبژێوی و تەنانەت تا ڕاددەی دەوڵەمەندبوونی بێئەندازەی تاک لە کێبڕکێ‌ی بازاڕی ئازاد، گواستنەوەی هەواڵی کۆڕو کۆبوونەوە کۆتایی نەهاتوو و نابەرپرسەکانی بۆرژوازیی، هەربۆیە ناتوانن بابەتییانە بن و پێ لە هەوا لەمڕووەوە ڕۆژانە زانیاری درۆ دەرخواردی خەڵک ئەدەن. هەربەرپرسێک (واتە خاوەن کۆمپانیا و پشک) لە پشتی ماڵپەڕو گۆڤارو بڵاوکراوەیەکەوە وەستاوە، تەنها چاوگێڕانێکی خێرا ئەمانگەیەنێتە ڕاستی قسەکانی لینین:” ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە سایەی سەرمایەداریدا بە مانای ئازادی دەوڵەمەندەکان لە بەرتیلدانی ڕۆژنامە، ئازادی بەکارهێنانی سەرمایەکانیان لە داڕشتن و سازانی ئەوەی بە ڕای گشتی ئەناسرێت”.

چوونەسەری نرخی بەنزین(زیادبوونی بە ڕاددەی زیادلە ١٠٠دینار بۆ هەر لیترێک) و شتومەک لە بازاڕ و گرانبوونی بەهای دۆلار(سێ هەزار بۆ هەر دۆلارێک) لە هەمان ئەو کاتانەدا بەسەرماندا تێپەڕین کە سەرجەم میدیاکان ڕای گشتی کۆمەڵگایان بە دەورەی نابەتییبوونی سەمای کچو کوڕێک و تەراویحی مشتێک لە ئیخوانەکان کۆکردەوە.

زۆرێک لە هەواڵەکان پێش دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەیان بە بەربەست و کۆنترۆڵی قازانجدا(سەرکردە، حزب- واتە نوێنەرانی چینی بۆرژوازیی)تێئەپەڕن. نمونەی بەرچاو هەن لە مێژووی ئێستاماندا نیشانی ئەدەن چۆن میدیا و ڕۆژنامەگەریی پارێزگاریی لە سیاسەت و بەرژەوەندی بۆرژوازی کردووە، بۆ نمونە هیچ بایەخی بە هەژاری و نەداریی، کاری منداڵان، چەوساندنەوەی نێو کارگەکان نەداوە، باسێک نییە لە هۆکارەکانی زیادبوونی قڵشتی چینایەتی، هەژاربوونی زیاتری هەژاران و دەوڵەمەندبوونی زیاتری دەوڵەمەندان، هۆکارەکانی نەبوونی پێکوتە، و کۆکردنەوەی ڕای گشتی لە فشاردانان بۆ سەر دەسەڵات و بێدەربەستی نیشاندانیان لەبەردەم یاسای کارێکی پێشڕەو کە مافەکانی کرێکاران مسۆگەر بکات هیچ بایەخێکی نییە. هیچکام لە میدیاکانی دەسەڵات و دەرەوەی بەستەری ماڵپەڕی بڵاوکراوەو هێزە کرێکاریی و سۆسیالسیتییەکان(گەرچی ژمارەیەکیان مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان پێسپێردراوە) لەخۆناگرن. ئەوەی ئەکرێت لادانی سەرنجی خەڵکە لە سەر بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانەو ئایندەی مرۆڤەکان، فریودان و بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لەسەر ئەو ڕووداوە سیاسی‌یانەی کە ژیانی ئێستا و ئایندەمان دیاری ئەکەن.

لە ڕاستیدا میدیا موڵکێکی دیموکراتییانەی خەڵکە بۆ بەکارهێنان و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی گشت کۆمەڵگا. لە سایەی سۆسیالیزمدا بە شێوەیەکی دیموکراتییانە لە ژێر کۆنترۆڵی کرێکارانی ئەو بوارە و یەکێتی‌یەکانیاندا بەڕێوە ئەبرێن، ئێمە هیچکات وەک مرۆڤ ئەوان لە سەنگەری بەرامبەردا نابینین، هەمان هاوچینەکانی ئێمەن و ئەمڕٶ لە لایەن باڵەکانی بۆرژوازییەوە دژ بە بەرژەوەندی چینەکەیان بەکارئەبرێن، ئێمە پێداگرین لە هۆشیارکردنەوە و بە ئاگاهێنانەوەیان لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان، و  لەم ڕوووەوە بە گەشبینی و دیالەکتیکییەوە ئەڕوانینە ئایندە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*