ئەفسانەی کۆتاییهێنان بە هەژاریی لە سایەی بەرنامەکانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی

کامەران ئەحمەد

ئەو کاتانەی پرۆگرامی قەرز لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی(IMF) لەهەر جێیەک دەست پێئەکەن، ناجێگیریی ئابوری سەرهەڵئەدات و چەندین جار نرخی کاڵاو پێداویستی‌یە سەرەتاییەکانی ژیان ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن. لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم ناوەندە دارایی‌یە ڕەزامەندی بەرامبەر پێدانی ١٣ ملیار دۆلار بە عێراق دەربڕی و لە گوژمی یەکەمدا ٥٠٤ ملیۆن دۆلاری خرایە بەردەست. لە چەند مانگی ڕابردووشدا وتووێژەکانی جەنیوەری ٢٠٢١ بۆ پێدانی ٦ ملیاری تر لەگەڵ دەنگی بەدواداهاتنی داخوازی ٤ ملیاری تر گەرموگوڕی زۆری بەخۆوە بینی. جگە لە قەرزی دەرەکی چەند ناوەندی تر، عێراق ئێستا لە ژێر دارشەقی قەرزەکانی بانکی نێودەوڵەتی، چین، یابان، کەنەدا، فەڕەنسا و بەریتانیا خۆی بەپێوە گرتووە، بە ڕاددەیەک کە کۆی قەرزە دەرەکییەکان لە ئێستادا بەپێ‌ی هەندیک ناوەند گەیشتوونەتە ١٢٢ ملیار دۆلار، کە قەرزە نیوخۆیی‌یەکان تا ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٣٨ تریلیۆن دیناری عێراقی تێپەڕاندووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بەستووە بە پێدانی ٢ ملیاری دۆلار پێشەکی و دانانی بیرەنەوت لە لایەن عێراقەوە وەک زەمانێک لەو گرێبەستەدا.

لەبەر نەبوونی شەفافیەت لە تەواوی دامودەزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لەم بوارەدا ئەستەمە داتای دروستت لەسەر ئەم قەرزانە دەست بکەون، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو لەم بابەتەدا مەرجەکان و کاریگەرییەکانن لەسەر خراپی هەلومەرجی ژیان و کارکردنی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لە عێراق.

بەخشینەکانی ئەم کۆمپانیا و ناوەندە دارایی‌یانە هەروا بێبەرامبەر و لە خۆڕا نین، چەندین ڕاسپاردەی خێرا و مەرجی کەمەرشکێن بۆ وڵاتانی هەژار و بە تایبەت چینی هەژارو بەشمەینەت لەخۆئەگرن، جگە لە دانانی بەرهەمی نێو خۆیی یان زەوی و زارو کارئاسانی کۆمپانیا و لێخۆشبوون لە باج بۆ چەندەها ساڵ،و کارئاسانی بۆ کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی بەرهەمی ئەوروپی، بۆ نمونە لە ساڵانی ٢٠١٥ ئەوە بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا سەپێنرا کە ئەبێت بازاڕەکانیان بە ڕووی بەرهەمی ئوتومبیلی ئەوروپییدا بکەنەوە، و …هتد، چەندەهای تر لەخۆئەگرن.

لە ساڵانی ١٩٩٧ بەدواوە پشتگیرییە دارایی‌یەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ وڵاتانی ئاسیا بنبەستی ئابوری و بێکارکردنی ملیۆنەهای لەگەڵ خۆیدا کێشکردووە. لە ساڵی ٢٠٠١دا بە هەمان شێوە ئەرجەنتین دووچاری هەمان بەرنامە بووەو بەدوای چەند ساڵێکی کەمدا چاودێرە سیاسی و ئابورییەکان ڕایانگەیاند وڵاتەکە بەهۆی مەرجەکانەوە ئازاری زۆر ئەچێژێت، یۆنانیش لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە کەوتە هەمان بەرداشی بەرنامەو مەرجەکانی ڕێکخراوەکەوە.

(IMF) لە ساڵی ٢٠٠٠ پەیمانی دا مەرجەکانی کەم بکاتەوە، شارەزاییەکانی تەنها لە بواری ئابوریدا چڕ بکاتەوە و کەمتر خۆی لە کاروباری ئیداری و سیاسی وڵاتانی هەژار وەربدات، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تەنها هاوکاری ماددی ناگرنە خۆ بەڵکو ئامرازی سیاسەتی هاوپشتی (Policy Support Instrument) ، ئامۆژگاری چاودێریی، تەئکیدکردنەوەی لە پلان و سیاسەتی داڕێژراویش ئەگرنە خۆ.

ئەم ڕێکخراوە داردەستی ئەمریکا بە تایبەت و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپایە، مەرجەکانی لە لایەن ئەم وڵاتانەوە دائەڕێژرێن و لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەک وڵاتی تری وەک چین، بەرازیل، هیندوستان و ڕوسیا  ناچارکرد بە دوای جێگرەوەی دا بگەڕێن. تەنها ناهاوسەنگی دەنگەکان ناتەندروستبوونی سەپاندنی داڕشتنی مەرجەکان ئەخەنە ڕوو، دەنگی ئەمریکا بە ئەندازەی هەموو وڵاتانی ئەمریکای لاتینە، بەلجیکا دەنگی لە هیندوستان زیاترە، و بەریتانیاش بە ئەندازەی چل وڵاتی ئەفریکا پێکەوە دەنگی هەیە.

دامێنەی کێشەکان بەرفراوانتر ئەبنەوە کاتێک وڵاتان ناتوانن بە تەنها باری دارایی و ئابوری خۆیان جێگیر بکەن، داوای هاوکاری و پشتگیریی لەم ناوەندە دارایی‌یە ئەکەن، بەڵام پێدانی قەرزەکان بە چەسپاندن و پەیڕەوکردنی چەندین مەرجی باج و داڕشتەی ئیدارییەوە گرێ ئەدرێن، هەربۆیە هاوکارییەکان هەموو ئەو وەهمانەی دژ بە بەرنامەی کەمکردنەوەی هەژاری و کۆتایی پێهێنانی هەژاری تا ساڵی ٢٠٣٠ بانگەشە ئەکرێن بە هەوادا ئەبات ، ژمارەی ئەو خەڵکانەی بە کەمتر لە ٢ دۆلار لە ڕۆژێکدا ژیان ئەکەن خۆی لە ٤٥٠ ملیۆن کەس ئەدات ، بەهۆی پەتای کۆڤید نۆزدەوە بەرەو ٥٥٠ ملیۆن هەڵکشاوە.

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی

سندوقی نەختینەی نێو دەوڵەتی لە ساڵی ١٩٤٤ بە ئامانجی دووبارە بوژاندنەوەی سیستمی بازرگانی جیهانیی کە لە قەیرانەکانی ١٩٣٠ و جەنگی جیهانیدا زیانیان پێگەیشتبوو لەلایەن ئەمریکاوە دامەزرا. ماوەی دەیان ساڵە وەک ئامرازێکی چینی سەرمایەداری ئەمریکا خزمەت بە پلان و پرۆژە سیاسی و ئابورییەکانی لە وڵاتانی تری جیهان و بە ئامانجێکی دیاریکراو کە یەکخستنی ئابوری جیهانیی سەرمایەدارییە لە ژێر ڕکێفی ئەمریکا ئەکات. لە کۆبوونەوەی وڵاتان دامەزرێنەردا بریاردرا دۆلاریش وەک یەکەمین دراوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سەرتاسەری جیهان قبوڵ بکرێت.

ئەم دامەزراوە دارایی‌یە ئەگەرچی لە ژێر ناوی ” جێگیریی ئابوری” و ” بەگژداچوونەوەی هەژاریی” خۆی ناساندووە بڕیاردەری ئەوەیە چ وڵاتێک و بە کام مەرج و میکانیزم توانای قەرزکردن لە پێناو ڕێکخستنەوەی باری دارایی و ئابوری و کردنەوەی دەرگاو بازاڕ بە ڕووی سەرمایەگوزاری و بازرگانی جیهانی هەبێت. لە ڕێخکستنەوەی دارایی وڵاتێکی تێکشکاو و داکەتوودا دەیان مەرجی دیاریکراوی بۆ دیاریکردنی باری ئابوری وڵاتەکان بێ لەبەرچاوگرتنی تێکشکان و گەورەتربوونی قڵشتی چینایەتی نێو کۆمەڵگا و زیادبوونی هەژاری و برسیەتی هەیە. نوسینگەی توێژینەوەی (IMF) لە سڵی ٢٠٠٨دا ئەوەی خستە ڕوو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ تاکو ٢٠٠٤ دا  ١٣٠٦ مەرجی بەسەر ٤٣ وڵاتی تازە پێگەیشتوودا فەرز کردووە.

ئەگەرچی لە باری ناوەکەی نێونەتەوەیی‌یە و نوێنەرایەتی زیاد لە ١٨٠ وڵات لە خۆ ئەگرێت، بەڵام داهۆڵی ئەمریکایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی ئەمریکی و بە تەواوی لە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی ئەودا هەڵئەسورێ و بەرنامەو پلانداڕێژی بۆ ئەکرێت.

لەگەڵ پێدانی هەر قەرزێکدا، مەرجەکانی کردنەوەی سنوور بە ڕووی کەلوپەلی بیانی و ئازادکردنی بازاڕ، بە تایبەتکردنی خزمەتگوزارییەکانی ژێر خاوەندارێتی دەوڵەت، بازرگانیکردنی ئازاد، پێداچوونە بە نرخەکانی کاڵاو دووبارەو چەندبارە داڕشتنەوەی بە پێ‌ی پێداویستییەکانی سەرمایەی ناخۆیی و جیهانی، و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت لە ژێر ناوی چاکسازیی هاوپێچی پاکێجەکانی قەرز ئەبن. هەموو ئەزموونەکانی وڵاتان نیشانی ئەدەن سیاسەتەکانی ئەم دامەزراوە دارایی‌یە جگە لە زیادکردنی قەرزەکان و پشتبەستن  و وابەستەیی بە سەرمایەی ڕۆژئاوایی هیچ شتێکی تر نین.

سەرباری ئەوە وڵاتانی داکەتوو و هەژار ناتوانن لە دانەوەی قەرزەکانیان بە چەندین ساڵ ڕابگەن. و ئەبێتە ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و ناجێگیریی ئابوری سیاسی تیایاندا، لەگەڵ کارکردە زیانبەخشەکانی لە بواری چاودێریی تەندروستی، ژینگە و دڵنیایی خواردن. لە ساڵی ٢٠١٥دا لە کۆی ١٦ وڵاتی ئەفریکی ١٢ وڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەی (IMF) دەستیان کرد بە کەمکردنەوەی بودجەو خەرجییەکانی خوێندن و پەروەردە، لە ناوچەیەکدا کە نزیک بە ٥٠ ملیۆن توانای چوونە قوتابخانەیان نییە، بە هەمان شێوە لە بەرازیل، لە ئیندۆنیسیاش لانی کەم ٢٠ ملیۆن بە کەمتر لە دۆلارێک لە ڕۆژێکدا ژیان ئەکەن

ڕێکخراوی ActionAid دەرباری (IMF) ئەڵێت:” سیاسەتی ڕێکخراوەکە بووەتە هۆکاری کەم خەرجی لە بواری تەندروستی گشتی و کەمبوونەوەی مەناعەی گشتی بۆ ئایدز بە تایبەت لە وڵاتە هەژارنشینەکان”. هەروەها توێژینەوەکانی زانکۆی یەیڵ و کامبرج ئەوەیان دەرخستووە “هۆکاری هەڵکشانی درمی سیلە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات”. تەنانەت ئۆکسفام وای ئەبینێت “ناوەندەکە بەشێکە لە کێشە نەک چارەسەر!”

ڕاسپاردەکانی (IMF) بۆ عێراق

بۆ دەستگرتن بە حکومەتی عێراقی و نەکەوتنی لەبەرامبەر داعش لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم ناوەندە دارایی‌یە ڕەزامەندی بەرامبەر پێدانی ١٣ ملیار دۆلار بە ڕێژەی سووی ١،٥% بە عێراق دەربڕی و لە گوژمی یەکەمدا ٥٠٤ ملیۆن دۆلاری خرایە بەردەست.

لەبەرامبەر پێدانی ئەو قەرزەدا ئەبوایە عێراق چەند ڕێکارو ڕاسپاردەی ڕێکخراوەکە بۆ دانەوەی قەرزەکان لە ماوەی دیاریکراو(٥ساڵ)، و دەستپێکردنی لە دوای سێ ساڵی یەکەمی پێدانی قەرز، جێبەجێ بکات لەوانە:

  • کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە موازەنەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠١٦ بە بڕی ١٣ تریلیۆن دۆلار.
  • پێدانی دەستبەجێ‌ی شایستە دارایی‌یەکانی کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق، و ڕێگەنەدان بە کەڵەکەبوونیان.
  • موچەو دەرماڵەکانی بەرپرسە باڵاکان ملکەچی یاسای باج بکرێن، کە ئەگاتە 7 % تا 15 % ی سەرجەم مووچەو دەرماڵەکان.
  • ڕاگرتنی دامەزراندن لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت.
  • دانان و بەشداریپێکردنی هەیئەی نەزاهە وەک لایەنی بەشدار لە سەرجەم چالاکییە داراییەکانی دەوڵەت.
  • دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونە بە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بکات، دوو مووچەی ڕابگیرێت، تەواوی دارایی‌یە دەرەکییەکانی عێراق بە پێ‌ی یاسای نێو دەوڵەتی چاودێریی بکرێن، چەند داخوازی تر کە ژمارەیەک سیاسەتمەداری لە ئێستادا خۆیان بە پاڵەوانی چاکسازیی ئیداریی پێ‌ئەناسێنن.
  • چەند مەرجی تری وەک ڕێگریکردن لە شتنەوەی پارە، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، کەمکردنەوەی هاوکاری بۆ کۆمپانیاکانی موڵکی دەوڵەت، پێداچوونە بە نرخی کارەبا، زیادکردنی گومرک و باج، دیاریکردنی ئاستی مووچە و داڕشتنەوەی، …هتد

چینی بۆرژوازی

عێراق وڵاتێکی ژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەداری خٶشبووی گەندەڵی ئیداریی و دارایی‌یە، و بەرزترین پلەکانی لە سەر ئاستی جیهان هەیە (پلە هەشت لە کۆی ١٧٠ دەوڵەت)، جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و گەمارۆی ئابوری، نەبوونی شەفافیەت، نەبوونی یەکسانی و دادپەرەوەریی، و ..هتد ڕایەڵەی بە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تەنیوە، دابەزینی نرخی نەوت کە ٩٠%ی داهاتی عێراقەو دابەزینی بەهای دراوەکەی هێندەی تر بارودۆخەکەی توندتر کردووەتەوە.

ڕێژەی هەژاری و برسیەتی تا دێن ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن، بەرنامەکانی ڕاگرتنی دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان لەسەر ڕاسپاردەی (IMF)، ڕێژەی بێکاری گەیاندووەتە ٥٠% لە هەندێک شارو ناوچە، و گرانبوونی نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکان، دانانی باج لە گیرفانی خەڵک لە سەر پەیوەندیگرتن، ژیانی ملیۆنەهای هێناوەتە لێواری مەرگ و لەناوچوون. بەپێ‌ی راپۆرتی یونسێف لانی کەم چوار ملیۆن و نیو عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، نیوەی منداڵان توانای چوونە قوتابخانەو دابینکردنی خەرجییەکانیان نییە. بەپێ‌ی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیش زیاد لە ١٠%ی دانیشتوان خۆراکی تەواویان بەردەست نییە.

چینی بۆرژوازی هیچ باکی بە ژیانی خەڵک نییە، دەیان ساڵە هەموو شتێکیان لە پێناو مانەوەو درێژەدان بە تەمەنی ناڕەوای خۆیان گرتووەتە بەر، لە هەڵبژاردنە دیموکراسییەکەیانەوە بگرە تا ئەوپەڕی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و سەرکوتگەری سیاسی و تیرۆر، تەنانەت هیچ باکیان بەوەش نییە بۆ دەیان ساڵی تریش نەوەکانی داهاتوو بە قەرزاری لەدایک ببن. شەڕو ئاژاوە و خۆشکردنی ناکۆکی و ئاگری تایفی و دینییان بۆ جیاکردنەوەی چینی کرێکاری عێراق لە یەکتر گرووەتە بەر، دەیان ساڵە کۆمپانیاو بازرگانی خۆیان لەسەر ڕەنجی شانی خەڵک و سامانی ئەم وڵاتە بێ ڕاوەستان بە گەرمی ئەچەرخێت، سامانی خەیاڵییان کەڵەکە کردووە و لە ژیانێکی شاهانەدا لە هیچ پێداویستییەکی ژیان و خۆشگوزەرانی مۆدێرنانەیان کەم نییە لە کاتێکدا زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایە ناچارن بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی مەمرەو مەژی ڕۆژانە ڕەنج و ئازار بدەن و بچێژن.

ئەبێت ئەم نادادپەرەوەریی‌یە کۆتایی بێت! ئەزموونەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو نیشانمان ئەدەن ئەم سیستمە شکست خواردووە و بە دەردی ئێمە ناخوات. بەردەوامیدان لە سایەی دیموکراسیەتی بۆرژوازی و هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەکانیان ژیانی دەیان نەوەی ترمان نوقمی گێژاوی قەرزو برسیەتی و هەژاری لەڕادەبەدەرو کۆیلایەتی کۆتایی نەهاتوو ئەکاتەوە. تەنها ڕێگا چارەی ئێمە پێکەوەگرێدانی ڕیزی ڕێکخراوو سەربەخۆ،و یەکێتی شۆڕشگێرانەو سۆسیالستانەیە، ئێمە ئازارچەشتووی دەستی هەمان چینی سەرکوتگەرو سیستم و نادادپەرەوەرین، هیچ سنورێکی نەتەوە، ئاین، ڕەنگ و زمان لێکمان جیا ناکاتەوە. تەنها ڕێگا بەرەی یەکگرتووی سۆسیالیستی و پەرەدان بە خەباتی هۆشیاری چینایەتی‌، و ڕێکخستنی سۆسیالیستانەی چینی کرێکارە بۆ ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە نادادپەرەو مشەخۆرە.

سەرچاوەی داتاکان

https://www.trouw.nl/economie/ook-armere-landen-zijn-schulden-gaan-opkopen~bf27d500/

https://www.volkskrant.nl/economie/het-imf-is-nog-altijd-een-veeleisende-bemoeial~b035c6fa/

https://www.oneworld.nl/lezen/achtergrond/imf-helpt-de-armen-niet/

https://www.sasapost.com/imf-contribution-in-poverty-in-iraq-and-lebanon/

https://aynaliraqnews.com/index.php?aa=news&id22=130480

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*