خەستەخانەی هیوا و گەڕانەوەی هیوا !

حکومەتی بۆرژواکانی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردووەوە وەک خەسڵەتی هەمیشەیی خەستەخانەی هیوای پشتگوێ خستووە و بەردەوامیش ناڕەزایەتی جۆراو جۆر لە لایەن کارمەندان و پزیشکان و کەسوکاری نەخۆشەکان لێرە و لەوێ سەری هەڵداوە، و کۆمەڵگەش بە ناچاری خەمسارد بوو بەرامبەر ئەو خەستەخانەیە و نەخۆش و کارمەندەکانی. هەفتەی ڕابردو هەموومان بینەری دەستپێکردنی ئەو هێرشە ڕێکخراو و پێشینە زەمینە بۆسازکراوەی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بووین کە چۆن دەستیان دایە دەستپێکردنی بە تایبەتیکردنی ئەو نەخۆشخانەیە و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی جۆراو جۆر بۆ لابردنی سەرەنج و تێڕامانی کۆمەڵگە و لە بەرامبەریشدا هەڵسڵەمینەوەی کۆمەڵگە و کرێکاران و کارمەندان و پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە و دەستدانە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەک کە سەرتاپای شاری سلێمانی گرتەوە، و بە ئامرازی جۆراوجۆر پیلانەکانی حکومەتی بۆرژوازییان خستە ڕو و پەردەیان لە ڕوو هەڵماڵی، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو ئامادەیی ڕوبەڕووبونەوەیەکی ئەوتۆ هاتە ئاراوە و هەر زۆر زوو بۆرژواکان و حکومەتە چەوسێنەرەکەیان دەستیانکرد بە ڕیاکاری و پاشگەزبوونەوەیەکی شەرمنۆکانە و هەندێکیان خۆیانکردە فریادڕەسی خەستەخانەی هیوا و نەخۆشە هیوادارەکانی .

 

ترس  و نیگەرانی بە پاشەکشەی حکومەتی هەرێم کۆتایی دێت !!!

 بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کە چەندەها ساڵە هەنێجار ژێر بەژێر و هەندێجاری تریش بە ئاشکرا لە کوردستاندا چووەتە ڕێوە، و یەکێکە لە سیاسەتە جیهانییەکانی بانکی دراوی نێو دەوڵەتی و بۆرژوازی و بەشێکی دانەبڕاوی نیولیبرالیزمە، و قەیرانی جیهانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرەش چەند ئەوەندەی تر پیادەکردنی بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییە خزمەتگوزارییەکانی کردووەتە کارە گرنگەکانی بۆرژوازی وڵاتانێک ( وەک کوردستان و عێراق ) بۆ خۆ گرێدانەوە بە نیولیبرالیزم و سیاسەتە ئابوری و سیاسییەکانی بۆرژوازی جیهانی.

هەر بەم پێیەش نەک بەتایبەتیکردنی کەرتێکی دیاریکراوی خزمەتگوزاری گشتی ئەکەوێتە ژێر سەرنجی بۆرژوازی و سەرمایەدارنی ووڵاتانی جۆراو جۆر، بەڵکوو هەموو کەرتەکانی وەبەرهێنان ئەکەون، یا وردتریش بڵێم کەوتونەتە بەر هێرشی دڕندانەی سرمایەداران و نیولیبرالیزم، و ئەم جۆرە پاشەکشانەشیان هەڵئەگرن بۆ فرسەت و دەرفەتێکی گونجاو، بە جۆرێک و شکڵێکی تر دەستی بۆ ئەبەنەوە.

بۆیە ئەگەر وردتر بڕوانینە ناوەڕۆکی بابەتیانەی هەلومەرجی ئابوری و ژێرخانی گشت کۆمەڵگە، ئەبینین کە هەندێک کەرتی خزمەتگوزاری زۆر کەم ماونەتەوە، و هەندێکیشیان بە ناوی جۆراو جۆرەوە، خشکەیی و لە بنەڕەتەوە هاندراون و زەمینەی بۆ خۆشکراوە کە ببنە هاوشان و هاوشێوەی کەرتی تایبەت و گیرفانی خەڵکیش بەتاڵکراونەتەوە، بۆ نمونە: کەرتی سوتەمەنی و کەرتی کارەبا و زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانییەکان، و هەر لە کەرتی تەندروستیدا زۆرێک لە بەشەکان بەجۆرێک داماڵراون لە خزمەتگوزاری مرۆڤ ناچار ئەکەن کە ڕوو لە خەستەخانە تایبەتەکان و نەشتەرگەری لە خەستەخانە و نەخۆشخانە تایبەتکاندا بکەن، یاخوود نەخۆشخانە و کەرتی تەندروستی گشتی بەجۆرێک بوونەتە شوێنی ڕیکلامکردن و پآڵپێوەنانی نەخۆش بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری لە کەرتی تایبەتدا و مرۆڤ ناچار ئەکەن کە هەرچی پارە و ڕەنجی چەندەها ساڵی خەرج بکات لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتدا و ئەوەش لای هەموان ڕونە کە لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتیدا بۆ هەندێک نەشتەرگەری بڕێکی زۆر پارە وەرئەگیرێت و بەتایبەتی لە دوانیوەروان و پاش کۆتایی کاتی کارکردنی فەرمی چەند قاتی پارەی بەیانیانە. ئەم پرۆسەیەش وردە وردە و لە ژێرەوە بەرەوسەریان برد و کەرتی تەندروستی گشتییان کردە سەرچاوەیەک بۆ کەڵەکەی سەروەت و سامانێکی بێشومار.

ڕزگاربوون لە ترس!!

مانەوەی گشتی سیستەمێک کە لەسەر بناغەی چەوساندنەوە، و سەرمایەگوزاری و دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەبوونی بەشێکی کەمی کۆمەڵگە و بەشێکی تری کە بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە دامەزراوە، خۆی سرچاوەی ترسە و لە شوێنێک پاشەکشە ئەکات و لە دەیان مەیدان و شوێنی تر هێرش ئەکاتە سەر ژیانی خەڵکی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژار و نەداری کۆمەڵگە.

کەوابێت تا ئەم چینە چەوسێنەرە بمێنێت، چەوساندنەوە و هێرش بۆ سەر مرۆڤایەتی و مرۆڤەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە و ماف و ژیانی بەردەوامە و چەوساندنەوە پەرە پێئەدەن، و بۆ ئێمەش تەنها ئامراز بە هەر ڕێگایەک بێت کۆبوونەوەمانە لە دەوری بەرژەوندییەکانمان و گشت سیستەمە کۆمەڵایەتییە چەوسێنەرەکە و بە ئاگابوونمانە لە سیاسەتەکانی بۆرژوازی و دەوڵەتە پارێزەرەکانیان و بەگژاچونەوەی گشت نەهامەتییەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە وهەوڵدانمانە بۆ گۆڕینی یەکجاری ژیان.

ئیبراهیم عمر

٢٠/٦/٢٠٢١

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*