ڕامسفێلد یەکێک لە ئەندازیارانی جەنگی ئیمپریالیزم دژ بە خەڵکی عێراق و ئەفغانستان مرد

کامەران ئەحمەد

چەند ڕۆژ لەمەوبەر (٢٩ی جونی ٢٠٢١) دۆناڵد ڕامسفێلد یەکێک لە ئەندازیارانی جەنگی دوژمنکارانە دژ بە خەڵکی عێراق و ئەفغانستان لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا و لە کێڵگەکەی خۆی لە نێو ئامادەیی خۆشبژێویی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لە نیو مەکسیکۆ مرد. ڕامسفێلد مرد و بێ ئەوەی ڕۆژێک وەک تاوانبارێکی جەنگ و کوشتنی هەزاران خەڵک بانگی دادگا بکرێ، لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و سزا بدرێ. قوربانی ئەم جەنگە ناڕەوایەی ئەمریکا بەسەر گەلانی بندەست لە ژێر ناوی دژی تیرۆر ٨٠٠ هەزار کوژراوی تێپەڕاندووە، جگە لە گیانلەدەستدانی ناڕاستەوخۆی زیاد لە سێ ملیۆن کەس، هەڵکەندن و ئاوارەبوونی زیاد لە ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق، ئەفغانستان، پاکستان، یەمەن و سوریا.

ڕامسفێڵد پێش پەیوەستبوونی بە ئیدارەی بووشەوە سامانێکی زەبەلاحی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری چەندین کۆمپانیا پێکەوە ناوە، ئەندامی پرۆژەی  سەدەی نوێ‌ی ئەمریکا(PNAC) بووە کە پێیان وابووە بەهۆی داڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە ئەمریکا ئەتوانێت بێ هیچ بەرهەڵستکارییەک پەلهاوێژی سەربازی لە چەندین وڵات ئەنجام بدات. لە پێناو دڵنیابوون لە سەرچاوەی وزەو تەئمینکردنی ڕژێمێکی جیهانیی هاوپەیمان کە گونجاوبێت لەگەڵ گەشەی ئابوری ئەمریکا خوازیاری دەستگرن بەسەر سەروەت و سامانی عێراق و گۆڕینی رژێمەکەی بوون. ئەو ڕژێمەی ساڵانێک وەک خزمەتکارو هاوکار و هاوپەیمان لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران دەستیان پێوە ئەگرت. بە پێ‌ی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تراوی هۆڵەندی: “ڕیگان ناوی عێراقی لە لیستی ئەو وڵاتانەی هاوکاری تیرۆریزم ئەکەن دەرهێنا و هاوکاری سوپای عێراقی کرد لە پێدانی  جێگاکانی سوپای ئێران لە ڕێگای سەتەلایتەوە و دۆناڵد ڕامسفێلد چەندین گەشتی بەرە بەغداد ئەنجام داوە”.

هەمان ئەو کاتانەی بەعسییەکان پەلاماروهێرشەکانیان بە چەکی قەدەغەکراو بۆ سەر خەڵکی کوردستان توندتر ئەکردەوە ئەم دیپلۆماتکارە سەرگەرمی گرێبەستی بازرگانی و دەستگرتن بە ڕژێمە خوێنڕێژەکەی بەعسییەکانەوە بوو.  بە پێ‌ی دۆکیومێنتێکی ڕێکخراوی بازرگانی دژ بە چەک لە هۆڵەندا “زۆربەی میدیاکانی ئاگاداری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوون لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە، هانس ڤان دەن برووک وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی هۆڵەندا نامەیەکی لە ٩ی سێپتەمبەری ١٩٨٣ ڕەوانەی عێراق و ئێران کرد دەربارەی بەکارهێنانی چەکی گازی ژەهراوی، پاش ئەوەی دەزگایەکی میدیایی فەرەنسی ڕاپۆرتێکی مانگێک پێشتر لەم بارەیەوە بڵاو کردبووەوە. واشنتۆن بە تەواوی ئاگاداری بەرنامەی گازی ژەهراوی بوو . لەو کاتانە دۆناڵد ڕامسفێلد نێردەی تایبەتی ڕیگان و هەروەها بۆلکستاین(وەزیری بازرگانی هۆڵەندا) لە کۆتایی ١٩٨٣دا هەردووکیان لە بەغداد بوون بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی بارزگانیی”.

“لە فێبریوەری ١٩٨٤دا عێراق یەکەم وڵات بوو کە گازی ژەهراویی ئەعصابی تابوون بەکارهێنا، پاش ماوەیەکی کەم لە شەڕ دەستی کرد بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی سارین، دواتر لە ١٩٨٦ و سەرەتاکانی ١٩٨٨دا بە چڕی دیسانەوە بەکارهێنرانەوە”.

ڕۆژنامەکە بەردەوام ئەبێت:” واشنتۆن هاوکاری عێراقی کردووە بە قەرزی سوک تا دانەوێڵەی ئەمریکا بکرێت، هەروەها ئوتومبیلی بارهەڵگری بۆ دابین کردووە لەگەڵ ٧٠ هێلیکۆپتەر کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا عێراق زۆر پێویستی پێیان بووە .” “جگە لەمەش ٦٠ ئەفسەری ئەمریکی لە دەزگای هەواڵگری عێراقی وەک راوێژکار کاریان کردووە و ڕۆژانە زانیاری و ئامۆژگارییان بە سوپای عێراق داوە. هەر لە ساڵی ١٩٨٣ەوە ئەمریکا زانیویەتی کە عێراق چەکی قەدەغەکراوی گازی ژەهراوی تابون و سارین بەکارئەهێنێت، بەڵام هیچ کاریگەرییان لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا نەکردووە، تەنانەت دووجار سەرۆک ڕیگان بەرپەرچی کۆنگرێسی داوەتەوە  لە بەرامبەر لێکۆڵینەوەو سزادانی عێراق”.

ئەم پاڵەوانەی تاوانی جەنگ لە دوای بەعسیشەوە هەر لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هاوڕێ‌ی نزیکی ئەم سەکردە مافیایانەی ئێستای ڕژێمی عێراقی نوێ! بووە کە ساڵانێکە لمۆزی خۆیان لە بەتاڵان بردن و دزینی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی گیرکردووە. دامەزرێنەری بەندیخانەی بەدناوی گوانتانامۆ و پەروەردەکەری ئەفسەرانی ئەو سوپایە بوو کە وێنەی ڕووتیان لەگەڵ زیندانیانی عێراقی بڵاو ئەکردەوە.

بەردەوامبوونی جەنگی ناڕەوا، توندوتیژی، توندبوونەوەی ناکۆکی قەومی و دینی و تایفی، هێنانی مشتێک لە سیاسەتمەداران و سەرمایەداریی مافیایی هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ سەر کورسی دەسەڵات خەڵاتی جەنگی ئیمپریالیزم بوو  بۆ خەڵکی عێراق، بە پێ‌ی ڕاپۆرتی ئەسیۆشیەتد پرێس و وەزارەتی تەندروستی عێراق تەنها لە ماوەی شەش ساڵی یەکەمدا لە نێوان مارسی ٢٠٠٣ تاکو سەرەتای ٢٠٠٩ زیاد لە ١٠٠ هەزار کەس کوژراون، بە پێ‌ی ڕاپۆرتی گۆڤاری پزیشکی لانسێت تەنها لە نێوان مارسی ٢٠٠٣ تاکو مانگی جونی ٢٠٠٦ لانی کەم ٦٠٠ هەزار بریندار هەبوون لەکاتێکدا کوژراوانی سوپای ئەمریکاو هاپەیمانان پێکەوە پێنج هەزاریان تێنەپەڕاندووە. سەرباری قوربانیانی کوژراو و بریندار و ئاوارەبوونی ملیۆنەهای خەڵک، ئەم وڵاتەی تا سەرئێسک نوقمی قەرزی جەنگی بێکۆتا و ناکۆکی درێژخایەن و بازرگانیی چەک کردووە.

ڕامسفێلد مرد و تا تەمەنی ٨٨ ساڵی لە ژیانێکی  شاهانەدا لەگەڵ خێزانەکەیدا ژیا و دادگایی نەکرا، لەکاتێکدا بە ملیۆنەها لە خەڵکی عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان لە دەرئەنجامەکانی جەنگی ناڕەوای ئیمپریالیزم نوقمی هەژاری لە ڕادەبەدەر و برسیەتی و بێکاری، لێکترازان و ئاوارەبوون بوونەتەوە و لەوپەڕی نەبوونیدا لە سایەی دەسەڵاتێکی مافیایی تێرنەبوودا ژیان ئەکەن.

 

https://stopwapenhandel.org/node/1589

https://www.trouw.nl/nieuws/onze-vriend-saddam~babd9221/

https://nsarchive2.gwu.edu/NSAEBB/NSAEBB82/iraq25.pdf

http://www.onderzoekscommissie-irak.nl/slachtoffers-en-kosten-van-de-irakoorlog/

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*