زیادبوونی دەیان ملیاردێری ترو هەڵکشانی سەرمایەکان بە سەدان ملیاری تر

کامەران ئەحمەد

لە کاتێکدا نوخبە تێرنەبووەکەی بۆرژوازی لە جەنگ و کاولکاری، لە جیاتی وەلامدانەوەیان بە قەیرانی ئابوری و چارەسەری ژیانی خەڵک، پاکێجێکی ٤٠ ملیاری دۆلاری تر لە پێناو ڕاگرتنی شکۆ و پایەی یەکجەمسەریی ئەمریکا بە قوڕگی شەڕی ئۆکراینا ئەکەن، بارودۆخی ئابوری جیهان وڵات دوای وڵات تا دێت ڕوو لە خراپی، گرانی و زیادبوونی قەڵشتی چیانیەتی ئەکات،  ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لەهەر جێیەک دژ بە هەلومەجی سەختی ژیان و نایەکسانی ئابوری،وەک بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران کە سەرتاپای جیهانی سەرمایەداری گرتووەتەوە تا دێن ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.

ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران کە تا ڕاددەیەک بۆ ماوەی چەند دەیە هەلومەرجێکی ئابوری و سەقامگیری و هێمنیان لە نێو کارگەکانیان بەسەر ئەبرد، ئەمڕۆ بەهۆی هەرەسهێنانی ئاستی ژیان، گرانی، هێرشی بەردەوامی بۆرژوازی بۆ سەر دەستکەوتەکانیان و هەرەشەی لێسەندنەوەیان پۆل پۆل ئەڕژێنە نێو ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان، هەر ڕۆژەی لە جێگایەک گوێبیستی دامەزراندنی خۆڕێکخستنە کرێکارییە سەربەخۆکان ئەبین.

کاریگەرییە کوشندەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تا ئیستا (بەفەرمی) بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی زیاد لە ٥ ملیۆن لەسەر ئاستی جیهان (نافەرمیش زیاد لە ٢٠ ملیۆن) و دواتریش کاریگەرییە کوشندەکانی جەنگی ئۆکراینا بارودۆخی ئابوری جیهانی بە ڕاددەیەکی مەترسیدار گەیاندووە.

چینی باڵادەست بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان چاویان لە سفرەو کیسەی کرێکارانەو ئەیانەوێ باجی شەڕو قەیرانی کۆتایی نەهاتووی سیستمەکەیان پێ ببژێرن. هیچ باکیان بە ژیانی مرۆڤەکان نییەو لە پیناو هێشتنەوەی جێگاو رێگای ئابوری خۆیان کرێکاران وەک سوتەمەنی شەڕو قەیرانەکان چاو لێئەکەن.

لە کاتێکدا گرانی و هەڵکشانی ڕێژەی هەڵئاوسان، مانەوەی هەقدەست و مووچەکان لە جێگای خۆیانن و بگرە کەمتر لە ئاستی خۆی لە هەر ولاتێک، بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و بە دیاریکراوی لە درێژەکیشانی جەنگی ئۆکراینا هێندەی تر ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی بەرەو لێواری هەژاری زیاتر پاڵپێوە ناوە. حکومەتەکان و نوێنەرانی چینی بۆرژوازی لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەیت ملیاردێرەکان و سامانی ملیاردێرەکان بەچەند هێندەی تر بەڵام داوای دان بە خۆداگرتن، زیاتر بەرگەگرتن، مانەوە لە یەک ڕیز بەرامبەر دوژمن و دەستی دەرەکی، ..هتد لە چینی کرێکار ئەکەن و ئەیانەوێت پرۆسەی بەرهەمهێنان پەکی نەکەوێ و ڕانەوەستێ.

 

ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام

بە پێ‌ی دواین بەداواداچوونی ئۆکسفام تەنها لە ماوەی دوو ساڵێ ڕابردوودا بڕی ٤٥٣ ملیار دۆلار زیاتر چووە سەر هەژماری کۆمپانیاکانی خواردەمەنی و وزە، هەر لەو ماوەیەدا ٦٢ ملیاردێری تر زیادیان کردووە، خێزانی کارگڵ (ئەمریکا)کە سەرگەرمی بازرگانی بە مەوادی کشتوکاڵیی و خواردەمەنییەکانن بە ڕێژەی ٦٥% سەرمایەیان زیاتر بووە. هاوشێوەی زیادبوونی سەرمایەی ملیاردێرەکانە لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە کاتێکدا گرانی مەوادی خۆراک ٢٦٣ ملیۆن مرۆڤی بەرەو ئەوپەڕی هەژاری و نەبوونی ماڵپێوەناوە، ٧٠%ی سامانی کشتوکاڵی جیهانیی لە ژێر چنگی تەنها چوار کۆمپانیای مۆنۆپۆڵدایە. بە پێ‌ی ئامارەکان کە هەر ئێستا ٤٠٠ ملیۆن مرۆڤ دڵنیا نین لەوەی خواردنی شایستەیان لە هەموو ژەمەکان چنگ بکەوێت، هەڵکشانێکی بێئەندازەی بەرەو (1,6 ) یەک ملیار و  ٦٠٠ ملیۆن مرۆڤ لە هەڵکشاندایە.

ڕوسیا و ئۆکرانیا کە دابینکەری ١٢%ی بەرهەمی کشتوکاڵی دانەوێڵەن لە سەرتاسەری جیهان، هەر ئێستا پچڕانێکی مەزنی تێکەوتووە،بەریەکهەڵوەشانی زنجیرەی دابینکردەکان لەو دوو ولاتەوە و ئاوارەبوونی ٦ ملیۆن ئۆکرانیی، گرانییەکی بێئەندازەی لە مەوادە خۆراکییەکان لە سەرجەم جیهان بە دوای خۆیدا کێش کردووە. تەنها لە هیندوستان بە بەروارد لەگەڵ مانگی جەنیوەری  نرخی گەنم دوو هێندە زیادی کردووە، و لە دەرئەنجامی بێبارانی و گٶرانکاری کەشوهەوایەک کە خودی سەرمایەداری لێێ بەرپرسە، ڕێژەی بەرهەمهێنان رووی لە کزی کردووە.  ڕوسیا دەرگای بە ڕووی هەناردەکردنی هەر جۆرە کەلوپەلێک داخستووە و  زیلنسکی و دارودەستەکەی هەزاران دۆن زەویی کشتوکاڵییان مینڕێژ کردووە.

ژمارەکانی ئۆکسفام هەمان چیرۆکی زیادبوونی سامانی ملیاردێرەکان لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەزموون پێمان نیشان ئەدات هەر قەیرانێکی سیستمەکە نەهامەتی بۆ زۆرینەی خەڵک و گیرفان پڕکردنی کەمایەتییەکی لێکەوتووەتەوە.

ڕێگایەک کە ئۆکسفام بۆ جارەسەری خێرای قەیرانەکان ئەیخاتە ڕوو دانانی باجە بە ڕێژەی ٩٠% بۆ سەر سەرمایەی زیادبووی دەوڵەمەدەکان بە ناوی باجی قەیران، لەگەڵ زیادکردنی باجی خانووبەرەی ملیاردێرەکان، هەروەها پێدانی قەرزە بە وڵاتانی هەژارنشین لە لایەن (IMF) ەوە

ئەم ڕێگا چارانە بۆ چارەسەری نایەکدانی ئابوری هیچ لە باردودۆخەکان ناگۆڕن، تەنانەت گەر ئاهێک بە ژیانی خەڵکدا بهێنێنەوە ئەوا کورتماوەیە و جارێکی تر بە شێوەیەکی دڕندانەتر ملیاردێرەکان لەسەر هیلاکی و ماندووبوونی کرێکاران سەرمایەکانیان دەیان قاتی تر کەڵەکە ئەکەن. بیرمان نەچێت ملیاردێرەکان خاوەنی دەیان پسپۆڕو شارەزای بواری بانکی و دەستکاریکردنی ژمارەو حساباتەکانن، خۆدزینەوە لە باج بە دەیان فرت و فێڵی یاسایی ئەنجام ئەدەن. تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا (ئەوەی کە توانراوە بخرێتە ڕوو)لە ئەمریکا ٩ ملیاردێر لە کۆی ٢٥ ملیاردێر بەم یان بەو ڕێگا خۆی لە باج دزیەوەتەوە و فێڵی کردووە.

هەروەها چارەسەرەییەکانی ڕێکخراوی نەختینەی نێو دەوڵەتی کە بە دەیان ڕایەڵە بە سیاسەتی دارایی ولاتە ئیمپیالیستەکانەوە گرێ دراوە تەنها لە خزمەت دەوڵەمەندکردنی کەمایەتییەک وبێکاری و هەژاری زیاتری کۆمەڵگا بوو.

چارەسەری هەرئێستا خۆماڵیکردنی ئەو کۆمپانیا مەزنان کە سەرچاوە گرنگەکانی کۆمەڵگایان لە ژێر دەستدایەو پێویستە لە ژێر کۆنترۆڵی دیموکراتییانەی ڕێخکراوەکانی کرێکاران و خەڵکدا بەڕێوە ببرێن.

چارەسەری کۆتایی ئەم نایەکسانییەش تەنها ڕیشەکێشکردنی ئەو سیستمە ئابوری و سیاسییەدایە کە ڕەوایەتی بە خاوەندارێتی تایبەتی و کەمایەتییەک ئەدات سەرجەم سامانەکانی کۆمەڵگا کە موڵکی هەمووانە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*